٨\١٢\٢٠١٠ بایه‌خی چیڕۆک له په‌روه‌رده‌کردنی منداڵ.
خه‌یاڵ و خه‌یاڵکردنه‌وه بۆ منداڵ زۆر گرنگه ،به‌ڵکو قۆناغی منداڵی به قۆناغی خه‌یاڵبازی داده‌نرێت ،تا زیاتر خه‌یاڵی منداڵ گه‌شه و نه‌شونوما بکات ، ئاسۆی هۆش و تێگه‌یشتن و بیرکردنه‌وه‌شی فراوانتر ده‌بێت .چیڕۆکی منداڵان بایه‌خ و کاردانه‌وه‌یه‌کی زۆر گرنگی له سه‌ر بیر و هۆش و زه‌ین و زمانی منداڵ هه‌یه.. به تایبه‌تیش له قۆناغی خه‌یاڵبازیدا ،بۆیه بۆ په‌روه‌رده‌کردن و ڕێنمایی و گه‌شه‌کردنی خه‌یاڵ و بیروهۆش و گۆش و زه‌ین و زمانی منداڵ، ده‌توانین سوودێکی باش له چیڕۆک وه‌ربگرین به تایبه‌تیش له چیڕۆکی ئه‌ندێشه‌یی ، پێویسته ئه‌و چیڕۆکانه‌یان بۆ گوڵبژێر بکه‌ین ،که سووک و ئاسان و بێ گرێوگۆڵن ،ئه‌و چیڕۆکانه‌ی که په‌روه‌رده‌یین و سوودبه‌خشن ،فێری ڕه‌وشت به‌رزی و کاری باش و خوو و ڕه‌وشتی جوان و به‌ها مرۆییه‌کانیان ده‌کات ، له دڵ و ده‌روونی منداڵاندا خۆشه‌ویستی و جوانی ،خوشک و برایه‌تی و هاوڕێتی و،قبووڵکردنی یه‌کتری و، ته‌بایی و پێکه‌وه ژیان و، ڕووحی یارمه‌تی و هاوکاری و،سۆز و دڵسۆزی بۆ گه‌ل و نیشتمانه‌که‌یان و،خۆشه‌ویستی کار و خزمه‌تکرن و،جێبه‌جێکردنی ئه‌رک و،ڕێزگتنی گه‌وره و یاسا و،پاراستنی ژینگه و.. ئه‌م ئامانجه پیرۆزانه‌یان له دڵ و هۆشیاندا بڕوێنن..که له بنیاتنانی ژیانی داهاتوویاندا کاردانه‌وه و ڕه‌نگدانه‌وه‌یه‌کی پۆزه‌تیڤ و باشیان لێده‌که‌وێته‌وه.پێویسته دووریان بخه‌ینه‌وه له‌و چیڕۆک و فلیمه کارتۆنییانه‌ی که زیانیان پێده‌گه‌یه‌نن ،که لێیانه‌وه فێری خووی خراپ و له خۆبایی بوون و چه‌قاوه‌سوویی و شه‌ڕانگێزی و سه‌رکێشی و کاری به‌د و ناشیرن و یاخی بوون ده‌بن.که ڕه‌نگدانه‌وه‌یه‌کی نێگه‌تیڤیان له ژیانی داهاتوویاندا ده‌بێت ،بۆ نموونه زنجیره کارتۆنی :« سۆپرمان » و « گرین دایزه‌ر» و «ته‌ڕه‌زان»و«هاری پوته‌ر»که منداڵان لێیانه‌وه فێری سه‌رکێشی و کاری له توانا به‌ده‌ر و مه‌ترسیدار و....هتد.ده‌بن. نموونه‌یه‌کی کاردانه‌وه‌ی ئه‌و فلیمه زیانبه‌خشانه‌تان بۆ ده‌گێڕمه‌وه : له ساڵی «١٩٧١ »دا له شاری که‌رکوکدا ، منداڵێکی جوانی کوردمان که ته‌مه‌نی یانزه ساڵان بوو ، ویستبووی لاسایی«سۆپرمان»بکاته‌وه و وه‌کو ئه‌و هه‌وڵی فڕێن بدات. سه‌رچه‌فێکی ته‌نکی هه‌ڵگرتبوو، کردبوویه کۆڵی ..تا وه‌کو باڵ پێی بفڕێت ...له سه‌ربانی خانووه‌که‌یانه‌وه خۆی هه‌ڵدابووه خواره‌وه ،سمتی شکابوو مێشکیشی زه‌ده‌ی هێنا بوو، هۆشی تێکچوو، له‌دواییشدا شێت بوو، تا ئێستاش هه‌ر له شێتخانه‌دایه و به که‌ڵکی ده‌ره‌وه نایات .. باوک و دایکیشی هه‌ر له سوێی ئه‌و کوڕه‌یان سه‌ریان نایه‌وه.. بۆیه پێویسته سانسۆر بخرێته سه‌ر ماوه‌ی به‌رنامه‌کانی منداڵان له ته‌له‌فزیۆنه‌کاندا ،بۆ ئه‌وه‌ی فلیمی کارتۆنی زیانبه‌خش پێشان نه‌ده‌ن. پێویستیشه قه‌ده‌غه‌ی هاوردن و کۆپیکردن و فرۆشتنی فلیم و، فلیمی کارتۆنی منداڵانی زیانبه‌خش بکرێت و سزای ئه‌و که‌س و کۆگایانه‌ش بدرێن که سه‌رپێچی ده‌که‌ن .
له بواری په‌روه‌رده و فێرکردن و ڕێنماییدا ،مامۆستایانی باخچه‌ی ساوایان و قوتابخانه بنه‌ڕه‌تییه‌کان ،ده‌توانن سوودێکی زۆر باش له چیڕۆکی منداڵان وه‌ربگرن ،ڕاده‌ی ئه‌م سوود وه‌رگرتنه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ توانا و شاره‌زایی و لێهاتوویی خودی مامۆستاکان ، که چ جۆره چیڕۆکێکی گونجا و هه‌ڵده‌بژێرن یا خۆیان به پێی بابه‌ته‌کانی وانه‌کان چ چیڕۆکێ داده‌ڕێژن ..له ڕاستیدا چیڕۆک به هۆیه‌کی زۆر گرنگی په‌روه‌رده و فێرکردن داده‌نرێت. کام بابه‌ت و تیۆر گران و وشکه به لای منداڵه‌وه ،مامۆستای بلیمه‌ت ده‌توانێت ئه‌و بابه‌ته گرانه له چوارچێوه‌ی چیڕۆکێکدا به ساکاری و ئاسانی دابڕێژێت و گرێی بدات به ژینگه‌ی منداڵه‌وه ،ئه‌وا به ئاسانی منداڵان ئه‌و بابه‌ته گرانه فێرده‌بن ،بۆ درێژترین ماوش له بیریان ناچێته‌وه ،پێویسته مامۆستایان ئه‌وه‌ش بزانن که گێڕانه‌وه‌ی چیڕۆک به شێوه‌یه‌کی هونه‌ری مه‌رجی سه‌رکه‌وتنی گێڕانه‌وه‌ی چیڕۆکه ،ده‌بێ بزانێت له کوێی چیڕۆکه‌که‌دا خۆی گرژ ده‌کات و له‌کوێدا ڕووی خۆی خۆش ده‌کات و بزه ده‌خاته سه‌ر لێوی ،له کوێدا ده‌نگی به‌رز و نزم ده‌کات ، له گێڕانه‌وه‌ی چیڕۆکدا لاسایی کردنه‌وه شووره‌یی نییه.. بۆ نموونه به‌رخه‌که باڕاندی مامۆستا له گێڕانه‌وه‌ی ئه‌م ڕسته‌یه‌ی ناو چیڕۆکه‌که‌دا ، ئه‌ویش لاسایی به‌رخه‌که بکاته‌وه و بباڕێنێ « بباعێنێ ». به کورتی پێویسته مامۆستا یا چیڕۆکخوانێ چیڕۆکی منداڵان،ڕۆڵی ئه‌کته‌رێک ببینێ ،چونکه گێڕانه‌وه‌ی چیڕۆک به شێوازێکی سارد و سڕ و خاو ڕه‌مه‌کی ، سه‌رنجی منداڵان ڕاناکێشێ و چێژێکی ئه‌وتۆی لێوه‌رناگرن.
من بۆ ماوه‌ی«٢٩»ساڵ له شاری که‌رکوک و له نه‌رویجدا، مامۆستا بووم،هه‌موو وانه‌کانم وتۆته‌وه .سوودێکی زۆرم له چیڕۆکی منداڵان بینیوه ،چ وه‌کو هۆیه‌کی ئاسان و گرنگی ڕوونکردنه و ئاسانکردن و نزیکردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌کان له ئاستی بیر و هۆش و تێگه‌یشتنی مندالاندا ،یان وه‌کو هۆیه‌ک بۆ په‌روه‌رده‌کردن و ڕێنمای و چه‌سپاندنی به‌ها جوانه‌کانی مرۆڤایه‌تی..گۆشکردنیان به کوردایه‌تی و به سۆز و خۆشه‌ویستی بۆ کورد و کوردستان، به‌شی زۆری هێنانه‌دی ئه‌م ئامانجه پیرۆزانه به هۆی چیڕۆکه‌وه بوو،که به‌شێکی زۆری چیڕۆکه‌کان به‌پێی بابه‌ته‌کانی وانه‌کان خۆم دام ده‌ڕشتن ،ئێستا زۆر دڵخۆشم به‌وه‌وه‌ی که ماندووبوونه‌که‌م به فیڕۆ نه‌چوو ،چونکه هه‌ستده‌که‌م کاریگه‌ریی ئه‌و چیڕۆکانه‌ی که وه‌کو هۆیه‌کی په‌روه‌رده و فێرکردن بۆ قوتابییه‌کانم گێراومه‌ته‌وه ،به زه‌قی ڕه‌نگدانه‌وه‌یان له ژیان و کاری ئه‌مڕویاندا به‌دی ده‌کرێن و ئامانج و مه‌به‌ستی خۆیان پێکاوه ،که ئه‌مڕۆ به‌شێکی زۆری ئه‌وقوتابیانه‌م له پله و پایه‌یه‌کی به‌رز و شیاودان و ،خزمه‌تی کورد و کوردستان ده‌که‌ن ،که ده‌گه‌ین به یه‌کتری پێم ده‌ڵین: خۆشترین بیره‌وه‌رییه‌کانمان ،له یادنه‌کردنی ئه‌و چیڕۆکه خۆشانه‌ن که بۆت گیڕاوینه‌ته‌وه ،ئه‌و کوردایه‌تییه که فێرت کردین ،که بووه به هه‌وێنی کورد و کوردستانپه‌روه‌ریمان ،ئه‌مڕۆ ئێمه‌ش چیڕۆکه‌کانت بۆ منداڵه‌کانمان ده‌گێڕینه‌وه..
ده‌مه‌وێ ئه‌وه‌ش باس بکه‌م که له ئه‌نجامی ئه‌زموونی سوود وه‌رگرتنم له چیڕۆک ، توانیشم به هۆی چیڕۆکه‌وه چاره‌سه‌ری کێشه‌ی تووشبوونی چه‌ند قوتابییه‌کم به گرێی ده‌روونی و خه‌مۆکی یا شه‌رم کردن و بێده‌نگی و گۆشه‌گیری و تێکه‌ڵ نه‌بوونییان ،چاره‌سه‌ر بکه‌م..زیاتریش له ده ساڵ ئاماده‌که‌ری به‌رنامه‌ی «جیهانی منداڵان» بووم له ته‌له‌فزیۆنی که‌رکوک که به‌رنامه‌یه‌کی نیو کاتژمێریی هه‌فتانه بوو ،که قوتابییه‌کانم پێشکه‌شیان ده‌کرد ،هه‌ر هه‌فته‌ی بۆ ماوه‌ی سێ تا پێنج خوله‌ک به وێنه‌ی ڕه‌نگاوڕه‌نگه‌وه، چیڕۆکێکی خۆش و ئاسانمان پێشکه‌ش به منداڵانی کوردمان ده‌کرد..زۆر جار نامه‌ی پێخۆشی و ده‌ستخۆشیان بۆ ده‌ناردین..داواش له وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیریی کوردستان ـ خانه‌ی ڕۆشنبیریی منداڵان ـ ده‌که‌ین به پاره‌که یارمه‌تی چیڕۆکنووسی منداڵان بده‌ن بۆ چاپکردنی چیڕۆکه‌کانیان ،چونکه له ڕاستیدا کتێبخانه‌ی کوردیمان له بواری چیڕۆک و شانۆگه‌ری و ئۆپه‌ریت و بابه‌تی هه‌مه‌ڕه‌نگه‌ی منداڵاندا هه‌ژاره.
|