|
١\١١\٢٠٢٥
بایکۆت بۆچی؟

زاھیر باھیر
بایکۆتی هەڵبژاردن کارێکی ڕەوایە ، چالاکییەکی کەسی و دروستە شێوەیکەی
ناڕازایی گرنگە. ئەوانەی کە بایکۆت دەکەن دیارە هەر یەکەیان بۆچون و
بیانوی خۆیان هەیە. من دژ بە بەشداریکردنی هەڵبژاردانم ، واتە بایکۆتی
دەکەم لەبەر ئەم هۆیانەی خوارەوە:
یەك: هەڵبژارنی گشتی گەورەترین درۆی مێژوییە. یەکەم جار کە هەڵبژاردن
کراوە ساڵی ١٧٠٨ بووە لە بەریتانیا دواتر لە ساڵی ١٧٩٢ لە فەرەسا بووە.
هەر لەو کاتەوە تا ئێستا کۆت و زنجیری پێمان توندتر دەبێت لە سای
هەڵبژاردنیشدا گۆڕانێکی وا کە سیستەمەکە لەبەر بەرژەوندی خۆی و
تێکۆشانی خەڵکی نەبێت بەسەر ژیانماندا، بە بەراورد بە تێپەڕینی ئەم
هەموو ساڵانە نەهاتووە. هەڵبژاردن هەر درۆیەکی مێژوویی نییە، بەڵکو
لەوە خراپتر ئەو هەژموون و کاریگەرە خراپەیەتی کە بۆ ماوەی ٥١٧ ساڵە
خەڵکی پێ دەگەمژێرێنری بووەتە باشترین وەسیلە و دەزگە بۆ مانەوەی
سیستەمی کۆیلەیەتی و لێدانی بزوتنەوەی ڕاستەقینەی خەڵکیش.
دوو: گەر هەڵبژاردن شتێکی بگۆڕیایە ، بێ گومان هەر زوو یاساخ دەکرا. لە
ڕەدەڵ و بەدەڵی حیزبەکان و هاتنە سەرحوکمیان چەند گۆڕانکارییەکی بچوك
دەکرێت، بەڵام گۆڕانکاری بنەڕەتی نا، ئەو گۆڕانکاریانەی کە هەڵبژاردن
دەیانکات گۆڕانکاری سەرەکی نیین لە ئاستی داخوازییە سەرەکییەکانی خەڵک
و پێداویستییەکانیاندا نیین.
دەوڵەت و سامانداران و حوکمڕانان ئەوەندە گەلحۆ و گەمژە نیین گەر بزانن
ئەوەی کە هەیانە لە سامان و دەسەڵات و دەستڕۆیشتن لە دەستیان دەچێت
ئەوە هەر زوو ڕێگایان لە هەڵبژاردن دەگرت.
سێ: دەبێت ئەوەو بزانین کە هیچ وڵاتێك ، هیچ دەوڵەتێك سەربەخۆ نییە لە
هیچ ڕویەکەمەوە بە مەسەلەی ئابووریشەوە ، سیستەمەکە هەموویانی بە
یەکەوە واگرێ داوە و بەستوونیەتەوە، پێویستیان بە یەکدییە.
هەر لەبەر ئەمەش چەندێك دروشم و ئامانجی کاندیدەکان بریقەدار و قەشەنگ
بێت، ناتوانن گۆڕانکاری بنەڕەتی بکەن ، ناتوانن لە پاشکۆیی دەرودراوسێ
و ولاتانی دیکە دەرچن . پرسی بازرگانی و ئاڵووێڵ و قەرزو قۆڵە و
هاوکاری و یارمەتی یەکدی دەبێتە ئەو ڕێگرییە کە هەرگیز ناتوانن بە بێ
یەك بژین و بمێننەوە. پرسی ئابووری ئەو پرسەیە کە ئەمڕۆ هیچ وڵاتێك بە
ئەمەریکاشەوە ناتوانێت سەربەخۆیانە بژی، خودئیکتیفایی خۆیان مەحاڵە و
هەمیشە پێویستیان بە دەوڵەتان و دەزگە دراوییەکانی جیهان دەبێت.
چوار: دەنگدان هۆکارێکی (شەرعییە) و بایکۆتکردنی تاکە ڕێگایەکە کە
خەڵکی بتوانێت دەنگی ناڕەزایی خۆیان هەڵبڕن و سزای ستەمکارانی پێبدەن
ویژدانی خۆشیانی پێ ساف بکەن . ئەو حیزبانەی کە هەڵپەی گرتنەدەستی
دەسەڵاتیانە زۆر باش لە دەنگنەدانی خەڵکی تێدەگەن.
ئەمڕۆ لە بەریتانیا لیژنەی Think Tank، بیرکردنەوەی پۆڵایانە (گەر
وەرگێڕانەکە بگونجێ) دروست بووە تاکو لە هۆکاری سایکۆلۆجی و سیاسی و
کۆمەڵایەتی خەڵکی بکۆڵنەوە و لە دەنگنەدانیان لە هەڵبژاردنەکاندا. ئەم
پرسە دەوڵەتی بەریتانی و ئەوانەی کە لە پشتەوە بەڕێوەیدەبەن هەراسان
کردووە و هەستیان بەم شکستەی دەنگدان کردووە ، کە وردە وردە کەشفبوونی
درۆ گەورە مێژووییەکەیە ، بۆیە بە ملیۆن پاوەند تەرخان کراوە تاکو ئەم
کێشەیە چارەسەر بکرێت.
١\١١\٢٠٢٥
ماڵپەڕی زاهیر باهیر
|