په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٢\٩\٢٠١٣

بایکۆتی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و مێسۆدی لینین.

نادر عەبدولحەمید  

دوو خاڵ: ئابووری و سیاسەت.


دەکرێت لە زۆر لایەنەوە باس لە جێگەوڕێگەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەم خولەی چوارەمی پەرلەمانی ھەرێمی کوردستانی عێراق بکرێت. ئەو دوو خاڵەی کە من لێرەدا ئاماژەیان پێدەکەم، لە ڕاستای ئاکام گیری و لێکدانەوەیەکی دیاریکراو دایە، کە ئەم وتارە بەشوێنیەوەیەتی.


١. ئەمڕۆ کوردستان لە قەیرانی ئابوریدا ناژی تا ئەم ھەڵبژاردنە پەرلەمانیە لەو پەیوەندەدا مانا پەیدا بکات بۆ نمونە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی وڵاتێکی قەیراناوی وەک یۆنان کە لەچەند مانگی ڕابردوودا بەڕێوەچووە. بەپێچەوانەوە چونەسەری ساڕوخیانەی داھاتێکی ھەرێم لە دە (١٠) ساڵی ڕابردوودا لەڕێگەی ھەڵڕژانی ڕەیعی نەوت [پیترۆ-دۆلار، چ لەشکڵی پشکی ھەرێم لە داھاتی عێراق، وەچ ڕاستەوخۆ لە کێڵگە نەوتیەکان و گومرگی کوردستان]، ئەم ھەرێمە گەشەیەکی بەرفراوانی بەخۆیەوە بینیەوە، وە کردویەتیە جێگەی چاوتێبڕینی کۆمپانیا جیھانیەکانیش. ئەمەش بەدەوری خۆی جێگەوڕێگەی ناسیونالیزمی کوردی چ لەسەر ئاستی ناوچەکە و چ جیھانی بردۆتە پێشەوە.


ا. بورژوازی کورد لەسەردەمێکدا ئەم داھاتە زەبەلاحە بەسەریا ھەڵدەڕژێت کە ئەلگۆی دەخالەتی دەوڵەت لە کاروباری ئابوریدا لەسەر ئاستی جیھان وەلانراوە، وە ئەمە بۆتە نیعمەتێکی گەورە تا لەبری وەبەرھێنانی دەوڵەتی و ھەڵسانی دەوڵەت بە پیشەسازی کردنی وڵات، دەسەڵاتداران بکەونە فەرھود و دزینی سامانی گشتی لەژێر پەردەی گەشەپێدانی کەرتی تایبەت و بازاڕی ئازاددا. بۆ ئەو مەبەستەش چەندین کۆمپانیای سەر بە ھەردوو حیزبی دەسەڵات سەرقاڵی کێشەوەن بەناوی وەبەرھێنان و بازرگانیەوە.


ب. ئەگەر چاو بخشێنین بە ناکۆکیەکانی ئەو پڕۆسەیەدا، دەبینین کە ئەم پڕۆسەیە و ئەم قۆناغە کە نزیک بە دوو دەیە لەژێر دەسەڵاتدارەتی بزوتنەوەی کوردایەتیدا دەڕواتەڕێوە، یەک دەست و یەکپارچە نیە، بەو مانایەی کە لەژێڕ دەسەڵاتێکی دووفاقەیی ففتی ففتی دوو حیزبی زلھێزی "پارتی" و "یەکیەتی"دا بەڕێوەچوە. واتا بەپێچەوانەی وڵاتێکی وەک ئەفریقای باشور کە حیزبی "کۆنگرەی نیشتمانی" دوای کۆتاییھاتن بە سیستمی ئاپاڕتاید، تاکە حیزبی زاڵ و یەک دەست بوو لەدەسەڵاتدا. بەشێک لەوەی کە شکڵی داوە بەمێژووی کوردستان و تائێستاش ھەرلەشکڵپێدانی نەکەوتوە، ئەو پڕۆسەیەیە کە تیایدا بزوتنەوەی کوردایەتی ھەوڵیداوە ئەم دووفاقەیی و دولایەنیە لەدەسەڵات بگەێنێتە ئاکامێک، جا چ بەشەڕی ناوخۆ و لەمیانەی ململانێیەکی خوێناویەوە بووبێت بۆ یەکدەستکردنەوەی دەسەڵات لەدەستی تاکە حیزبێکدا یان بە ھاوپەیمانیەتی و ئیدارەی ھاوبەشی حکومەتی ھەرێمی ھەردوولایان، واتا ململانێیەک لەژێر پەردەی ھاوپەیمانیەتی و ھاوکاریدا بوبێت. ھەڵبژاردنی ئەم جارەش لەلایەنێکیدا ئەو ڕەوەندە دەباتە پێشەوە، ئەڵبەتە لەبارودۆخێکدا کە تەرازوی ھێز لە بەرژەوەندی "پارتی" و بەزیانی "یەکیەتی" شکاوەتەوە.


ج. بەڵام ئەوە تەنھا بەشێک و لایەنێکی واقعیاتەکەیە، بەشێکی تری پەیوەیستە بە فاکتۆری دووەمەوە کە ئەویش پەرەسەندن، و بەربڵاوی گەشەی سەرمایەداریە لە کوردستاندا لە بیست ساڵی ڕابردوودا، کە بوەتە بەرفراوانبون و پتەوبونی بنکەی کۆمەڵایەتی چینی سەرمایەدار و بورژوازی کوردستان کە بزوتنەوەی کوردایەتی ھەرچی زیاتر ناچار دەکات بە خۆگونجاندن و ئینتیگرە بوون بەم بنکە کۆمەڵایەتیەوە و ھەوڵبدات فۆنکسیۆن و ئەرکەکانی وەک دەسەڵاتێکی سەرکوتگەر کە نوێنەرایەتی بەرژەوەندیەکانی توێژێکی کەم لە سەرمایەداران دەکات، لەپڕۆسەیەکدا بگۆرێت بۆ فۆنکسیۆن و ئەرکێک کە ڕەنگدانەوەی بەرژەوەندیەکانی سەرمایەداران بێت بە بنکەیەکی فراوانەوە. تا توێژەکانی تری سەرمایەدارانیش لەم سفرەی نازونیعمەتە بێبەش نەبن. لێرەوە ڕەخنەی ڕۆشنبیرە لیبراڵەکانی کوردستان بۆ ھێنانەدی دەوڵەتێکی خاوەن دامەزراوەیی و سەروەری یاسا، ھەروەھا فشاری ئۆپۆزیسیۆن بەتایبەت "بزوتنەوەی گۆڕان" ڕۆڵی خۆی دەبینێت.


د. بە مانایەک ئەم ھەڵبژاردنە گەرچی لەسەرەوە و لەباری شکڵیەوە کێشمەکێش و تێنوسانی ڕەوت و حیزبە سیاسیەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی و ئیسلامی سیاسیە، بەڵام لەناوەڕۆکدا ئەمە ئەو ڕێچکە و پڕۆسەیە کە بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد، ئاسۆ و ئامانجە داسەپێنراوەکانی خۆی بەسەر کۆمەڵگە و خەڵکی کوردستاندا ھەرچی زیاتر قایمتر و بەھێزتر دەکات، وە ڕیزەکانی خۆی ھاوئاھەنگتر دەکات، وەھەم ھەوڵیش ئەدات کە ئیسلامی سیاسیش وەک بزوتنەوەیەک دەستەمۆ بکات بە ڕازی بوون بە پەراوێزێک لە مانۆڕی سیاسی، وەیا بە بەشداری لەدەسەڵاتدا. بەم پێیە ئەم ھەڵبژاردنە جگەلەوەی کە ئەگەری ھەرە چاوەڕوانکراوی شەرعیەتدانەوەیە بەو دەسەڵاتە گەندەڵەی کە بیست ساڵە وەک مۆتەکە بەسەر سنگی کۆمەڵگەی کوردستانەوەیە، خۆشی ئەڵقەیەکە لە پڕۆسەی کامڵکردن و ھاوئاھەنگکردنی دەسەڵاتی بورژوا-ناسیوناڵ لە کوردستان و خۆ ئینتگرەکردنی بە بنکە کۆمەڵایەتیەکەیەوە.


٢. ھەڵبژاردنی پەرلەمانی لە کۆمەڵگەیەکی ئارام و جێگیری سیاسیدا، کە خاوەن دامەزراوەی دەوڵەتیە، ڕۆڵ و جێگەوڕێگەکەی جیاوازە لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کۆمەڵگەیەکی وەک ھەرێمی کوردستانی عێراق، کە نە جێگیری و ئارامی سیاسی، وەنە دامەزراوەی دەوڵەتی بەشێکە لە پێناسەکەی.


ا. بەڵاچونی سەرقاپی ئیستبدادی ڕژێمی بەعس لە ساڵی ١٩٩١ وە ئەم ھەرێمە لە بۆشاییەکی سیاسی یان فەزایەکی نیمچە ئاوەڵای سیاسیدا ژیان بەسەردەبات. بەو مانایەی کە دەسەڵاتێکی یەکانەی مەرکەزی (لە ئاستی سەراسەی کوردستاندا) لەئارادا نەماوە کە ئازادیە فەردیەکانی ھاوڵاتیان لەقاڵب و لە مەنگەنە بدات.
ب. ئەڵبەتە بەو ئەندازەیەی کە "پارتی" لە بادینان و تاڕاددەیەکیش لە ھەولێر دەسەڵاتی جێگیر بوبێت، ئەم فەزا نیمچە ئاوەڵا سیاسیەی گۆڕیوە بە سەرکوت و دەم کوتکردن. وەلە نێوەشدا درێغی نەکردوە لە ترۆری سیاسی ھەر لە ھاوڕێ "نەزیر عومەر" و "ڕێناس" و ..... بیگرە لە سەرەتای نەوەتەکانی سەدەی بیستەوە تا "سۆرانی مامە حەمە" و "سەردەشت عوسمان" لەم ساڵانەی دواییدا. ھەرچی "یەکیەتی"ە گەرچی ئەویش وەک "پارتی"، درێغی نەکردوە و دەستی سورە بە خوێنی کۆمۆنیستەکان و ئازادیخوازان بەڵام بەئەندازەی "پارتی" سەرکەوتوو نەبوە لەو ئەرکە "پیرۆز"ەی بزوتنەوەی کوردایەتیدا.


ج. ڕوخانی ڕژێمی بەعس لە ٢٠٠٣ دا، کە بوە ھۆی داڕمانی دەوڵەتی عێراق، لەگرێژنەچونی شیرازەی کۆمەڵ، غیابی دەسەڵاتی مەرکەزی و ھاتنەئارای بۆشایی سیاسی، تاوسەندنی کێشمەکێشی ڕەوتە ئیسلامی و قەومیەکانی عەرەبی و کوردی، ... گشت ئەمانە بوونە سەرھەڵدانی بارودۆخێکی تازە بۆ ناسیونالیزمی کورد، کە تیایدا ھێز وتواناکانی پەرەدار و بەرفراوان بوون، ڕیزەکانی ھاوئاھەنگ بوو بۆ پچڕینی بەش و پشکێکی گەورەتر لە ئابوری و سیاسەت (دەسەڵات و سەروەت و سامان)ی عێراق. ھاوپەیمانیەتی "یەکیەتی" و "پارتی" بەرھەمی ئەو بارودۆخە تازەیە بوو. لێرەوە ھەمان پڕۆسەیەکی ئیستیبدادی سیاسی کە ساڵانی پێشووتر بە ھۆکار و ئامڕازی زەبروزەنگ و چاوترساندن،..... دەڕۆیشتەڕێوە ئێستا بڕیارە، وێڕای ئامڕازە کۆنەکان، ھۆکار و ئامڕازی تریش کارا (ئەکتیڤ) بکرێن تا ئەو پرۆسەیە بەرەو کامڵ بوون بەرێت. بۆیە ئەم ھەڵبژاردنە شکڵێکی تر و دیوێکی تری تەواوکەرە بۆ بردنە پێشەوەی ھەمان پڕۆسەی شکڵگیری ئیستیبدادی سیاسی لەو فەزا ئاوەڵا سیاسیەدا. گەرچی بەڕواڵەت ھەڵبژاردن و ئیستیبداد دوو شتی دژ بەیەک دێنە بەرچاو.


د. ئەزمونێک کە لینین و بەلشەفیەکانی سەدساڵ لێرەوەپێش بۆیان بەجێ ھێشتوین ئەوەیە کە چۆن توانیان فەزای ئاوەڵای سیاسی ڕوسیای ١٩١٧ لە ماوەی ھەشت مانگدا [لە شوباتەوە بۆ ئۆکتۆبەر] بقۆزنەوە و بەھرەبەرداری لێبکەن بۆ ئاڵوگۆڕێکی مەزن لە مێژووی بەشەریەتدا. بەڵام ڕەوتی چەپ و ڕادیکاڵ و کۆمۆنیست لە عێراق و کوردستانەکەیدا نەک ھەر نەیتوانی ئەو فەزا ئاواڵە سیاسیەی کە ماوەی بیست ساڵە درێژەی کێشاوە بقۆزێتەوە و بەھرەبەرداری لێبکات بۆ ئاڵوگۆڕێکی مێژوویی بەڵکو ھێزی حیزبی و تەشکیلاتی خۆشی تیا لەدەستداوە. ئەوەی کە پرسیاری ئەسڵیە ئەوەیە کە ئایە لە ڕوانگەی مارکسیزم و مێسۆدی لینیەوە دەکرێ کۆمۆنیستەکانی عێراق و کوردستان بەھرەبەرداری لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی بکەن لە فەزایەکی نیمچە ئاوەڵای سیاسیدا؟


پەرلەمان: تاکتیک یان پرێنسیپ.


ئانارکیستەکان بەشێوەیەکی پرێنسیپی و ستراتیژیانە، ھەرلە بناغەوە دژی پەرلەمان و بەشداری ھەڵبژاردنی پەرلەمانن. ھەروەھا خوازیاری ھەڵوەشانەوەی دەستبەجێی دەوڵەت و جێگرتنەوەین بە سیستمێکی شۆرایی بۆ ئیدارەکردنی کۆمەڵگە. ھەربۆیە ئەنارکیستەکان وەلەوانە ئانارکیستانی کوردستانیش ھەر لە بنچینەدا ھەڵبژاردنی پەرلەمانی و بەشداری تیایدا ڕەت دەکەنەوە، جیا لەوەی کە ھەڵبژاردن فرتوفێڵ و تەڵەکەبازی تیا بێت یان پرۆسەیەکی خاوێن و بێ ساختەکاری بێت. بەڵام لە فکری مارکسیزم و بەتایبەت لە مێسۆدی لینیندا، ئەم بابەتە مەسەلەیەکی تاکتیکیە پەیوەستە بە بارودۆخی سیاسی دیاریکراوەوە، ئامڕازێک و شێوازێکی خەباتە لە بارودۆخێکدا بەکار دەھێنرێت و لە بارودۆخێکی تردا بەکار نابرێت و دژایەتیشی دەکرێت. وەک ھەڵوێستی کۆمۆنیستەکان لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی جمھوری ئیسلامی ئێڕاندا.


مێسۆدی لینین: معیاری بەشداری یان بایکۆت.


دووخاڵ لە مێسۆدی لینیندا بەرجەستەیە لە مامەڵەی لەگەڵ پەرلەمان و ھەڵبژاردنی پەرلەمانیدا، کەئایە بەشداری بکرێت یان بایکۆت ئەویش:


١. ئازادی (یان نیمچە ئازادیەک) کە بتوانرێت ھەڵسوڕانی سیاسی ئازادانە لە پڕۆسەی ھەڵبژادنەکەدا ئەنجام بدرێت، واتا ئازادی پڕوپاگەندە و ڕاگەیاندنی بەرنامە و سیاسەتەکانی خۆت بۆ کۆمەڵگە.


٢. ئایە بارودۆخێکی شۆڕشگێرانە لە ئارادایە کە ڕوحیەتی جەماوەر ھاتبێتە سەر لێواری کارێکی شۆڕشگێرانە بەدژی دەسەڵات و نیزامی کۆن یان نا؟ کە لەو حاڵەتەدا ڕۆڵی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی خاوکردنەوەی جەماوەرە لەکاری شۆڕشگێڕانە و لە باربردنی شۆڕش و ڕزگار کردنی نیزامی کۆنە. لە مێژووی ڕوسیایدا و ئەوەی کە لینین لە کتێبی [باڵی چەپی کۆمۆنیزم، نەخۆشی مناڵانە، ناونیشانی ئەم کتێبە بە عەرەبی: نەخۆشی چەپڕەوی منداڵانە لە کۆمۆنیزمدا] باس لە حاڵەتێکی ئاوا دەکات لە کاتی خرۆشانی جەماوەری و شەپۆلی شۆڕشدا لە ھاوینی ساڵی ١٩٠٥ دا کە نیزامی قەیسەر بۆ خاوکردنەوە و لەباربردنی شۆڕشەکە لە مانگی ئۆگۆستی ئەو ساڵەدا پڕۆژەیەک ئامادە دەکات کە بەڵێن دەدات لە مانگی دێسەمبەری ئەو ساڵەدا ھەڵبژاردنی پەرلەمانی بەڕێوە بەرێت. لینین تاکتیکی بایکۆت دەگرێتەبەر. ڕەوتی ڕوداوەکانیش ڕاستی تاکتیکە دەسەلمێنین ئەویش بە بەرزبوونەوەی شەپۆلی شۆڕشگێرانە لە مانگی ئۆکتۆبەر و لە مانگی دێسەمبەردا، کە پڕۆژەکەی پوچەڵ کردەوە. بەڵام دواتر لە بەھاری ١٩٠٦ دا، کە شەپۆلی شۆرشگێڕانە خاوبونەوەیەکی تێدەکەوێت، باس لە بەشداری دەکات.

مێسۆدی لینین: مەبەست لە بەشداری پەرلەمان.


مەبەست لە بەشداری ھەڵبژاردنی پەرلەمانی لە مێسۆدی لینین دا، ھەوڵدانە بۆ قۆزستنەوەی (ئستیغلالی) ئەو فرسەتە کە سەراپا فکر و زھنی کۆمەڵگەی بەخۆیەوە مەشغوڵ دەکات لە کاتێکی دیاریکراودا، ئەویش بۆ پەرەپێدان و پتەوکردنی ئاسۆی سۆشیالیستی وەک ئاڵتەرناتیڤێکی سیاسی بۆ کۆمەڵگە و لەو ڕێگەیەشەوە بە ھێزکردنی بزوتنەوەی سۆشیالیستی کرێکارانی ڕادیکاڵ و کۆمۆنیست و ھێزگرتنی ئەو بزوتنەوە و حیزبە سیاسیەکەی. لە مێسۆدی لینیندا ھیچ مەبەستێکی تر لە ئارادانیە وەک ئەو پاساوانەی کە دواتر لە خوارەوە ئاماژەیان پێدەکەم.


چەند پاساوێک.


١. ئەوەی کە ئایە ئەم دەسەڵاتە و پەرلەمانەکەی کۆنەپەرستانەیە، لە مێسۆدی لینین دا ھیچ بایەخێک لە بایکۆتکردندا نابینێت (بڕوانە ھەمان نامێلکە)، کە تیایدا لینین نوسیویەتی لە پەرلەمانی ڕوسیای ١٩١٢ -١٩١٧ دا کە (تا بینەقاقای لە کۆنەپەرستیدا نقوم ببوو) بەشداریان تیا کردوە. ئەڵبەتە ئەمە جگە لەبەشداری لە پەرلەمانی ١٩٠٨ -١٩١٢ کە حکومەتی ستۆڵپین پاش ئەوەی شۆڕشی دووساڵەی ١٩٠٥-١٩٠٧ ی تێکشکاند و حکومەتێکی سەرکوتگەری وای دامەزراند کە نەک ھەر کەوتە گرتن و ڕاوەدوونانی کەسان و ڕێخراوە چەپ و ڕادیکاڵ و کۆمۆنیستەکان بەڵکو ھەتا گرتن و ڕاوەدوونانی ڕیفۆڕمخوازان و لیبرالەکانیش.


٢. ئەوەی مەرج و شروتەکانی بەشداری لە بەرژەوەندی چینی سەرمایەدار، عەشایەر و دەرەبەگ، کۆنەپەرستان و حیزبەکانی دەسەڵاتە، ڕۆڵی ئەوتۆ نابینێت لە مێسۆدی لینین دا بۆ بایکۆت. ئەوەتا لە ڕوسیای ئەو کاتەی لینین دا کە بەشداری ھەڵبژاردنەکانی کردوە؛ دەنگی دەرەبەگێک و عەشایەرێک لەبەرامبەر دەنگی ٤٥ چلوپێنج جوتیار و ١٥ کرێکاردا بووە. ئەڵبەتە بەو مانایە نا کە بێدەبگ بوو بێت لە ئاستیا بەڵکو نەیکردۆتە مەرجی بەشدری یا بایکۆت.


٣. پاساوی پەرلەمان ڕێگەیەک نیە بۆ باشکردنی باری گوزەران و ژیانی کرێکاران و زەحمەتکێشان، وەیا گۆڕینی دەستور و قانونەکانی دژی ئازادی و دژی بەرژەوەندیەکانی جەماوەری زەحمەتکێش. لە کۆی ٤٧٥ چوارسەد و حەفتاوپێنج کورسی پەرلەمانی ڕوسیای ١٩١٢ ، حیزبی سۆشیال-دیموکراتی ڕوسیای ئەوکاتە تەنھا ١٣ سێزدە ئەندام پەرلەمانی ھەبووە ئەویش تەنھا ٧ حەوت ئەندامیان سەر بە باڵی بەلشەفی بوون و ٦ شەش ئەندامەکەی تریان سەر بە باڵی مەنشەفی بوون کە لەواقعی عەمەلیدا دوو حیزبی جیاواز بوون و بەیەک ناوەوە کاریان دەکرد، وە تەنھا پاشگری بەلشەفی و مەنشەفی لێکی جیادەکردنەوە. جا ئایە لینین ئەوەندە عەقڵی نەبووە کە نەزانێت، بە حەوت ٧ ئەندام یان بە مەنشەفیەکانیشەوە بە ١٣ ئەندامەوە لە ناو پەرلەمانێکی ٤٧٥ چوارسەد و حەفتاو پێنج کورسیدا کە زوربەیان کۆنەپەرست و شاپەرست و دژی ئازادیخوازی بوون، واتا ئایە لینین نەیزانیوە لەناو پەرلەمانێکی ئاوادا ناتوانێت ھیچ یاسایەک پێشنیار بکات کە دەنگی لەسەر بدرێت و بکرێتە بڕیارێک لەبەرژەوەندی کرێکاران و زەحمەتکێشان؟! لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت کە لینین نەک بەو مەبەستە بەڵکو بەمەبەستێکی تر بەشداری پەرلەمانی کردوە کە لەسەرەوە ئاماژەم پێداوە.


٤. بەشداری ھەڵبژاردنی پەرلەمان شەرعیەتدانە بەو دەسەڵاتە گەندەڵەی کوردستان. ئەمە پاساوێکی سەیرە بەتایبەت بۆ حیزبێک کە خۆی داوای مۆڵەتی ڕەسمی کردبێت لەو دەسەڵاتە گەندەڵە و ساڵانێک لە چاوەڕوانی ئەو مۆڵەت وەرگرتنەدا بووبێت. پێویستە لێرەدا جیاوازی بکەین لەنێوان "بەڕەسمی ناسین" و "شەعیەت پێدان" واتا بەڕەوا و بەحەق لەقەڵەمدان. بەدڵنیایەوە ھەوڵدان بۆ وەرگرتنی مۆڵەت بۆ فەعالیەتی عەلەنی لەلایەن حیزبێکەوە، بەڕەسمی ناسینی ئەو دەسەڵاتەیە کەداوای مۆڵەتەکەی لێدەکات، بەڵام شەرعیەت پێدانی (بەڕەوا لە قەڵەمدانی) دەسەڵاتەکە نیە. ھەرچی بەشداریکردنە لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانیدا، بەشێوەیەکی گشتی بەڕەسمی ناسینی دیاردەی پەرلەمانە وەک ئامڕاز و شێوازێکی خەباتی سیاسی، بەڵام لە ئاستێکی کۆنکرێتتردا، شەڕە لەسەر شەرعیەت پێدان و لێسەندنەوەی شەرعیەت لە دەسەڵات. ناکرێت بەشداری لینین لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی ڕوسیای ڕژێمی پاشایەتی قەیسەری ئیستیبدادا کە لینین دەڵێ (تا بینەقاقای لە کۆنەپەرستیدا نقوم ببوو) بە شەرعیەتدانی ئەو ڕژێمە و پەرلەمانەکەی لەقەڵەم بدرێت. ئەگەر ئەمە بەشەرعیەتدان دابنرێت ئەوا بەھەمان لۆژیک، ئەبێ ئەو ئیجازە وەرگرتنە لەو دەسەڵاتە گەندەڵە بە شەرعیەتدانی دەسەڵاتەکە دابنرێت.


ئەمانەی سەرەوە مشتێک بوون لە خەروارێک لە پاساو بۆ بایکۆتتی پەرلەمانی، کە دیارە ئەم وتارە تایبەت نیە بەوەی کە ھەموو پاساوەکان ڕیز باکات و سەرنجیان لەسەر بدات. یان پاساوەکانی "کۆمۆنیزمی چەپ" کە لینین لە نامێلکەکەیدا ڕەخنەیان لێدەگرێت، دووبارە ڕونکردنەوەیان لەسەر بدەین. ئەوەی کە جێگە مەبەستی ئێمە بوو دەرخستنی مێسۆدی لینین بوو لە مامەڵەی لەگەڵ دیاردەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی و مەسەلەی بایکۆت و بەشداری تیایدا، لە لایەک و دەرخستنی لۆژیکی نامۆ بە لینینی ئەو سیاسەتەی کە بایکۆتی گرتۆتەبەر لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی ھەرێمی کوردستانی عێراقدا.


ڕێگری عەمەلی و واقعی بەردەم بەشداری و ناکۆکیەک.


ئەوە واقعیەتێکە کە ئەو مەرجانەی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردن دایناون، لەزۆر لایەنەوە ڕێگری واقعین بۆ بەشداری و خۆکاندید کردن لەبەردەم چ کرێکاران و زەحمەتکێشان و بەگشتی ھاوڵاتیانی کۆمەڵگەی کوردستان وە چ لەبەردەم ھەر حیزب و ھێزێکی کەم نفوز و بچوکیشدا. بە پێچەوانەوە مەرجەکان گۆڕەپان خۆش دەکات بۆ تەراتێنی حیزبە گەورەکان و کەسانی خاوەن توانای ئابووری لە سەرمایەداران و ... ھتد. وە ئەمە نابێت جێگەی ڕەزامەندی و قبوڵکردن، وەیا بێدەنگە لێکردن بێت. بڵکو جیا لەبەشداری یان بایکۆت دەبێ ئەو مەرج و یاسا و ڕێسایانەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی ڕیسوا بکرێن، ئەڵبەتە وێڕای پڕوپاگەندەیەکی ڕیسواکارانە دژی تەواوی سیستمی ئیدارەی سەرمایەدارانەی کۆمەڵگە ولایەنە جۆراوجۆرەکانی لەوانە پەرلەمان و ڕۆڵی لە چاوبەستەگی جەماوەر و کڵاو لەسەرنانیان،... ھتد.


ناکۆکیەک کە لێرەدا بەدی دەکرێت ئەوەیە، حیزبێک (کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان) نامەی ڕەخنەگرانەی ئاڕاستەی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کردوە، دژی مەرجەکان و یاساوڕێساکانی ھەڵبژاردن و داوای ھەموارکردنەوەی کردووە، تا کرێکاران و زەحمەتکێشان، ئازادیخوازان و ھاووڵاتیان بەگشتی (وە ئەو حیزبە خۆشی) بتوانن بەشداری بکەن لەم پڕۆسەی ھەڵبژاردنەدا. ئەمە دەستەپێشکەریەک بوو لەجێی خۆیدا بوو وە جێگەی دەستخۆشانەبوو.


ئەگەر وادابنێین ئەو مەرج و یاساوڕێسایانە ھەموار بکرایانەوە، وە ئەو ڕێگرانە وەلابنران و ھاوڵاتیان و ئەو حیزبەش بەشداری ھەڵبژاردنیان بکردایە، ئایە وەڵامی ئەو حیزبە بۆ بانگەوازی کەسێکی ئانارکیست چی دەبوو کە ھەمان ئەو پاساوانانەن کە ئەمڕۆ ئەو حیزبە دژی بەشداری دەیانڵێەوە ولەسەرەوە من بەنمونە چەند دانەیەکیانم باسکردوون؟


ئەمە لە نمونەی مەلایەکی مزگەوت دەچێت کە داوای قەرز دەکات لە بانق، بەڵام مەرج و یاساوڕێساکانی بانق بۆ قەرزپێدان قورسن و بانقەکە ڕەتی دەکاتەوە قەرز بدات بە مەلا. پاشان مەلا لە وتاری ڕۆژی ھەینیدا ڕوو بە جەماوەری نوێژکەر دەڵێت ئەی خەڵکینە قەرز لەبانق مەکەن چونکە سود و ڕیبا و فایدەی تێدایە و ئەوە حەرامە و دەکەونە بەر نەعلەتی خوا. ئەگە کەسێک لەمەلای مزگەوتەکە بپرسێت: مەلا بۆچی خۆت چویت داوای قەرزت کرد، ئەی خۆت لەوە نەترسای کەبەر نەعلەتی خوا بکەویت؟ مەلا دەکەوێتە بەردەم دوو حاڵەت یان دەبێ بڵێ نەمزانیوە کە سود و فایدە و ڕیبا لەگەڵ قەرزی بانقدایە، کە کەس باوەڕناکات مەلا ئەوە نەزانێت، یان دەبێ ڕەخنە لەخۆی بگرێت و بڵێ دەپاڕێمەوە لەخوا کە لەگوناھانم خۆش بێت. ئەو شێوازە لە تەبلیغ و پڕوپاگەندەی مەلا دژی بانق، ھی کەسێکە کە ھەر لە سەرەتاوە ئاگاھانە ڕەتی ئەوەی کردبێتەوە کە قەرز لەبانق وەرگرێت، نەک ئەوەی کە ھەوڵی بۆ بدات و سەرنەگرێت و پاشان ئەو تەبلیغە بکات.


بەڕای من ئەو شێوازە لە تەبلیغ بۆ بایکۆت کە حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان گرتویەتیەبەر [گەرچی ناوەڕۆکی تەبلیغەکە دژی دەسەڵاتی گەندەڵ و سەکوتگەر و دامەزراوە کارتۆنیەکانیشی لەوانە پەرلەمان، دروستن]، بەڵام ئەوە شێوازی بزوتنەوەی ئانارکیستیە کە بایکۆت پرێنسیپیەتی و ھەر لەسەرەتاوە و بەبێ دوودڵی وە ڕاستگۆ لەگەڵ پرێنسیپەکانی خۆیدا ڕەتی بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانیدا دەکات. نەک ھەڵوێستی حیزبێک بێت کە ویستبێت بەشداری بکات و ڕێگری واقعی و عەمەلی لەبەردەمدا بووبێت. کە لەو حاڵەتەدا شێوازی تەبلیغەکەی نەک ناوەڕۆکەی جیاواز دەبێت. ئەم شێوازی تەبلیغە لە حاڵەتێکدا ھاوئاھەنگ (مونسەجیم) دەبوو کە ھەڵوێستی حیزب ھەر لەسەرەتاوە، بایکۆت بوایە، وەک ئانارکیستەکان. لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت کە ئەو سیاسەتەی گیرابوەبەر بۆ ڕەخنە لە کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردن، تەنھا بۆ دەفعی گلەیی بووە، دوای ئەوە حیزب چۆتەوە سەر دەقی ئەسڵی خۆی لە تەبلیغ و تەرویجەکەیدا.


بە دڵنیایەوە بایکۆت کردن لەم بارودۆخە سیاسیەی کوردستاندا ھەلوێستێکی ڕادیکاڵە بەڵام ڕادیکاڵێکی ناکۆمەڵایەتیە و سەر بە ڕادیکالیزمەی کرێکارانی پێشرەو و سۆشیالیست نیە. واتا لێرەدا لەبەرامبەر کۆمۆنیزمێکی نەک کرێکاری بەڵکو کۆمۆنیزمێکی ئەنارشیست داین، کە ھەڵوێستی ئەنارکیزم وەک ھەڵوێستی کۆمۆنیزم و وێنەیەکی شێواو لە کۆمۆنیزم نیشان دەدات. مەبەستی ئەم وتارەش لێرەدا جیاکردنەوە و سنور کێشانە لە نێوان دوو ھەڵوێستی ڕادیکاڵدا، تابتوانێت کۆمەگ بە بەرچاو ڕونی کادر و ھەڵسوڕاوانی کۆمۆنیست بکات و دیالۆگێک لەو نێوەدا بێتە ئاراوە و فکری مارکسیزم گەشە پێبدات لەمڕۆی واقعی کوردستاندا.


ناوەڕۆکی چینایەتی ئەو ھەڵوێستە.


لەھەر ڕوداوێکی کۆمەڵایەتی سیاسی گەورەدا کە کۆمەڵگە دەرگیری دەبێت، بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان لەھەوڵی قۆستنەوەیدا دەبن بەئاقارێکدا کە لە دوا ئاکامدا خزمەت بە بەرژەوەندیەکانی بزوتنەوەکە بکات. لێڕەوە ئەم پڕۆسەیە، حیزب و ڕەوت و ھێز و ھەڵسوڕاوانی سەر بەو بزوتنەوانە چستوچالاک دەکات. وەیەکێک لەو ڕەوتانەی کە ئاوھەوا و کەشی ھەڵبژاردن چستوچالاک و ئەکتیڤی دەکات، وە دەیکاتە بەشێک و جەمسەرێکی تر لە پرۆسەی ھەڵبژاردنەکە کە جەمسەری بایکۆتە، ئەویش ڕەوتی ڕۆشنبیرانی ناڕازیە لە وەزعی مەوجود، وە ئەو شکڵە لە چالاکی پێ دەنوێنێت کە چالاکیەکی کۆمەڵایەتی نیە، بەڵکو چالاکی ئاکیسیۆنیە (ئاکسیۆنەکانی بایکۆت) کە بەھەڵسوڕاوانی سیاسی وەکو ئیشێکی پڕۆفیشناڵ (حرەفی) ئەنجام دەدرێت. ڕادیکالیزمەی ڕۆشنبیران نایەوێت دەستی پیس بێت بەسندوقەکانی دەنگدان.


چینە و توێژە کۆمەڵایەتیە ئەسڵیەکانی کۆمەڵگە، لەجیھانی واقعدا بەئەندازەی ئاگاھی سیاسی و پلەی ڕێکخراوبونیان دەتوانن کارێکی کۆمەڵایەتی سیاسی ئەنجام بدەن. وە ئەو واقعە کۆمەڵایەتیەی کەھەیانە ، حیزب و چالاکوانانی سیاسی ناچار دەکات کە کارێکی کۆمەڵایەتی بخەنە دەستوری کاریانەوە. حیزب و ڕەوتە سیاسیەکان و ھەڵسوڕاوانی سیاسی ئەو بزوتنەوانە ناتوانن نابەرپرسانە لەخۆیانەوە ھەنگاوێک بھاوێژن. بەھەمان شێوە ئەو توێژە کۆمەڵایەتیانەی کە پادەرھەوان و قاچیان بەزەوەیەوە نەبەستراوەتەوە، وەک ڕۆشنبیرانی ناڕازی، زەمینەی مادی سەرھەڵدان و گەشەی ئەو ئاکسیۆنیزمەن کە ڕەوت و ھەڵسوراوانی سیاسیەکەی دەیگرنەبەر و بەڕۆشنی لەم ھەڵبژاردنەدا خۆی دەردەخات. غیابی چالاکیەکی کۆمەڵایەتی سۆشیالیستی لە عەسەبی مەرکەزی ڕێکخراوێکدا، جێگەکەی بەو ئاکسیۆنیزمە پردەبێتەوە.

 

٢٠\٩\٢٠١٣
nadr١506@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک