په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣١\١٠\٢٠٢٥

بایکۆتکردنی هەڵبژاردن باشترین بژاردەی میللەتە!

 

رێکخراوی ''ئازادیی دەربڕین''


زۆرترین یان کەمترین رێژەی بەشدارییکردن لە دەنگدان ناتوانێ دەسەڵات بگوڕێ، چونکە هەڵبژاردنەکانی ئێراق لە بنچینەدا شانۆگەرییەکی بێ بەها و دوور لە خواستی خەڵکە.. هەر لە بنچینەدا ئەنجامدان و ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لە لایەن دەسەڵاتدارانی نێوخۆ و بەناو بەرهەلستکاران لە لایەک و وڵاتە کۆنەپەرست و ئیسلامییەکانی ناوچەکە و داگیرکەرانی کوردستان لە لایەکی دیکە و هاوکاتیش بە رەزامەندیی وڵاتە زلهێزەکانی رۆژئاوا رێکدەخرێن.


ئەگەر هەڵبژاردن بەرژەوەندییەکانی هەموو ئەو لایەنانەی تێدا نەبێ ئەوە یان لە ئەنجامدانی پەژێوان دەبنەوە یان پاش ئەنجامدانی بە ئاشکرا گاڵتە بە دەنگی دەنگدەرە خۆشباوەڕ و بەرژەوەندپارێزەکان دەکەن و حکومەت پێکناهێنن! بەڵام ئەگەر تەواو لەوە دڵنیا بن کە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لە قازانجیاندا دەبێ و دەتوانن حکومەتێکی دوور لە خەڵک و چەوسێنەرانەی لێ بەرهەمبهێنن ئەوە لە رێی هەڵخەڵەتاندن و کڕین و فرۆشتنی دەنگەکان و بەربژێرەکان هەروا چاو لێ سۆرکردنەوە و ترسی نانبڕین خەڵکێک ناچاردەکەن دەنگ بدەن.. پاشانیش حکومەتێکی گەندەڵکار و دز و سەرکوتگەر بۆ ماوەی چەندین ساڵ بەسەر میللەتدا دەسەپێنن!


جا ئەو کەسانەی بانگەشەی ئەوە دەکەن کە هەڵبژاردن پێڤاژۆیەکی دیموکراسییە و میللەت دەتوانێ نوێنەری خۆی هەڵبژێرێ بریتیین لەو سێ جۆرەی خوارەوە:


یەکەمیان لایەنەکانی نێو حکومەتن: ئەوانە ئەگەر بزانن بە هۆی هەڵبژاردن دەسەڵات لەدەستدەدەن یان دەسەڵاتیان زۆر کەم دەبێتەوە ئەوە ناهێڵن هەڵبژاردن ئەنجامبدرێ، بەڵام ئەگەر لە ژێر هەژموونی وڵاتەکانی ناوچەکە و وڵاتە زلهێزەکانی جیهان ناچار بکرێن هەڵبژاردن بکەن ئەوە پاش دەرچوونی ئەنجامەکان ئەگەر لە بەرژەوەندییاندا نەبێ ناهێڵن حکومەت دابمەزرێ!
دووەمیان لایەنە بەناو بەرهەڵستکارەکانن: ئەوانە هەمیشە زۆرینەیان لەگەڵ هەڵبژاردنن، بەڵام لەبەرئەوەی هێندە لە ژێر هەژموونی لایەنە دەسەڵاتدارەکانی نێو حکومەتن کار و بەرنامەکانیان وەک هی دەسەڵاتداران بێ بەها و پووچن بۆ میللەت.. ئەگەر لە دەرفەتێکیشدا بتوانن بە هەر فرتوفێڵێک هەیە دەنگە ناڕازییەکانی جەماوەر بقۆزنەوە و کورسیێکی زۆر بهێنن ئەوە ناچارن کورسییەکانیان وەک دەسەڵاتداران بەکاربهێنن چونکە تاکە ئامانجیان وەدەستهێنانی کێکە خۆشەکەی دەسەڵاتە!
سێیەمیشیان کۆمەڵە خەڵکێکی جۆراوجۆرن لەو کەسانەی کە بەرگەی زەبروزەنگی دەسەڵاتداران ناگرن و لە ترسی نانبڕین و سەرکوتکردن دەنگدەدەن.. یان خەڵکانێکی خۆشباوەڕن و هەر رۆژەو لایەنێک لەخشتەیان دەبەن.
هەڵبەتە هەمیشە لە دەرەوەی ئەو سێ جۆرەشدا هەندێک کەسی پاک و دڵسۆز هەن کە لە خۆسەپاندنی چەندبارەی لایەنە دەسەڵاتدارەکان بێزاربوونە و گوایە ئەگەر هەموو خەڵک بەشداریی لە هەڵبژاردن بکەن یاری بە دەنگەکانیان ناکرێ و دەتوانن لایەنێکی نوێ تاقیبکەنەوە.. بەڵام بێ ئاگان لەوەی ئەنجامەکان پێشتر نەخشەیان بۆ کێشراوە و تەنانەت ئەگەر گریمان هەندێک لایەنی نوێش دەنگ بهێنن هەر ناتوانن لەو چوارچێوەیە دەربچن کە سیستەمە چەوسێنەرەکە دەستنیشانی کردوە!


ئیدی ئێمە ئەوهای دەبینین کە بایکۆتکردنی ئەو جۆرە هەڵبژاردنەی ئێراق* باشترین بژاردەی میللەتە، چونکە کاتێک زۆربەی زۆری خەڵک بەشداریی ناکەن و دەسەڵاتداران بە دەنگی کەمینەیەکی کەمی جەماوەر حکومەت پێکدەهێن دەنگی میللەت بە جۆرێک زوڵاڵتر دەبێ لە بەرانبەریان کە نەتوانن بە ئارەزووی خۆیان ماف و ئازادییەکانی خەڵک پێشێل بکەن.. هاوکاتیش رای گشتیی دروستدەبێ و دەرفەتی تێکۆشانی گەل بەرفراوانتر دەبێ.
________________________________________
* سەرەڕای ئەوەی بەشدارییکردنی خەڵکی کوردستان لە هەر هەڵبژاردنێکی ئێراق درێژەپێدانی داسەپاندنی دەسەڵاتی رەگەزپەرستیی و ئیسلامیی و دەسەڵاتی داگیرکاریی ئێراق و دوورترخستنەوەی مافی چارەخۆنووسین و سەربەخۆیی کوردستانە بە دەستی خۆمان.


رێکخراوی ئازادیی دەربڕین
٢٨\١٠\٢٠٢٥

rojnamen@yahoo.com


 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک