٩\١٢\٢٠١٦
بایکۆت
سیاسەتێکی شۆڕشگێرانەیە.

حەمە غەفور
ئەمڕۆ بایکۆتکردنی دەوام لە سەدان قوتابخانەو دەیان فەرمانگە و ناوەندی
دیکەی کارگێڕیی و حکومی لە هەرێمی کوردستان، سیاسەتێکی جەماوەرییە و
بۆتە جێگای ئومێد و پشتیوانی کۆمەڵێکی گەورەی چین و توێژە جیاجیاکانی
کوردستان، حیزبە کوردییەکان و دەسەڵاتەکەیانی بە تەواویی شەرمەزار
کردوە. نەک هەر لە دەڤەری سلێمانی و هەڵەبجە و بەڕێوەبەرایەتیی گەرمیان
و ڕاپەڕین، بگرە پارتی و مەسعود بارزانیشی نیگەرانکردووە، هەروەها
مامۆستایان و فەرمانبەران و خەڵکی دەڤەری هەولێر و دهۆکیش بە دڵ و
ویژدان چاویان بڕیوەتە هەنگاوەکانی ئەم ناڕەزایەتیانە و سەرکەوتنەکانی.
هێرش و پەلامارەکانی ئاساییشی سلێمانی بۆ سەر خۆپیشاندانی ڕۆژی
پێجشەممە ١ی کانوونی یەکەم ئاماژەی ڕوونە بۆ نیگەرانی دەسەڵات لە
ناڕەزایەتییەکان.
کەواتە بایکۆت سیاسەتێکی کاریگەر و شۆڕشگێڕانەیە و درێژەپێدانی
دەتوانێت زۆرترین هێزی جەماوەری ناڕازی لەوەی ئێستاش بهێنێتەمەیدان و
کۆیانبکاتەوە و زۆرترین یەکێتی و ڕێکخراوبوونیش لەنێو هاوڵاتیانی ڕشتە
جیاجیاکاندا بەرقەراربکات. بەمپێیە پشتیوانی و بەرگریکردنی کۆمەڵانی
خەڵکی کوردستان لە سیاسەتی بایکۆت، بەواتای ڕەتکردنەوەی هەموو سیاسەتە
دژە مرۆییەکانی حکومەت و دەسەڵات کەوتۆتەوە، وە لە هەمان کاتدا بەمانای
رەتکردنەوەی حوکمڕانیی ئەم حیزبانە دێت کە دەسەڵات و پۆستیان بۆ
بەرژەوەندی تایبەت بەکاربردوە و زۆرترین سەروەت و سامانی کۆمەڵگایان لە
ڕێگەی حوکمڕانییانەوە بۆ خۆیان و ژمارەیەک دەستڕۆییشتووی نێو حیزب و
بنەماڵەکان فەرهوودکردووە، بە کۆمەڵیش سیاسەتی پاشەکەوتی مووچەیان
سەپاندووە بەسەر سەدان هەزار مامۆستا و فەرمانبەر و کرێکاری ووڵاتدا.
کاتێکیش ئەو خەڵکە هاتوونەتەمەیدان بۆ بەرگری لە مافی خۆیان، بەشیوەی
بەعسییەکان سەرکوتیان دەکەن و دەیانترسێنن.
بۆیە بایکۆت نەک هەر جێگای ئەوپەڕی پشتیوانیی لێ کردنە لەلایەن سەرجەمی
چین و توێژە زەحمەتکێشەکانی سەرتاسەری کوردستانەوە، بگرە تاکە ڕێگایەکە
لە ئێستادا کە جەماوەری خەڵکی شکۆمەند بتوانن لەڕێیەوە داواکاری و
خواستەکانی خۆیان لە گێڕانەوەی مووچەی بڕاو و مافەکانی دیکەیان بسەپێنن
بەسەر دەسەڵات و حیزبەکانیدا.
کەوابێت با سبەینێ هەموو لایەک بە یەک دەنگ و بە یەک هەڵوێست پشتیوانی
بکەین لە بایکۆتی دەوامکردن لە قوتابخانەکان و فەرمانگەکاندا. ڕیزی
خۆپیشاندانی سبەینێ بە هەموو تواناوە ئاوەدان و ئاوەدانتر و پڕ خەباتتر
بکرێت! سەرکەوتن بۆ بەرەی خەڵکی ڕاپەڕیوە لە دژی دەسەڵاتی گەندەڵکاران
و تاڵانچییانی کوردی. ئاییندە بۆ ئەو جەماوەرە مسۆگەرە کە بێ دوودڵیی
بەرگری لە خۆی و لە مافەکانی دەکات.
٥\١٢\٢٠١٦
ماڵپهڕی
حهمه
غهفور
|