١٥\٥\٢٠١٧
(بایۆمەتریی)، جاش
و جینۆساید.

شەماڵ عادل سەلیم
هەروەک هەموولایەک ئاگادارن لەمانگی ١٠ی ساڵی ڕابردو بەبڕیاری
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، پڕۆسەی بەئەلیكترۆنیكردنی موچەی
فەرمانبەرانی هەرێم لەڕێگەی سیستمی بایۆمەترییەوە كەوتە بواری
جێبەجێكردن، بەمەبەستی پاككردنەوەی لیستی موچەخۆرانو نەهێشتنی (چوارو
پێنج) موچەیی، هاوكات دهستپێكی كارتی نیشتمانیش ڕاگهیهندراو
هاوڵاتیان ئاگادارکرانەوە، هەركەسێك ئەو كارتەی نەبێت لەهەڵبژاردنەكانی
داهاتودا مافی دەنگدانی نابێت.
ئەوەی جێی خۆشحاڵییە هەتا ئێستا نەک تەنها بەهەزارەها (چەند موچەییو
هاووڵاتی مردو، موچە زیندو) ئاشکرا بووە ، بەڵکو چەندین تاوانباری
داواکاروایش لەکەیسی (کۆمەڵ کوژی ئەنفال)دا کە بۆ بایۆمەتریی لەدەرەوەی
وڵاتەوە هاتونەتەوە هەرێمی بەتەمای خودا، بەتایبەت ئەوانەی ناویان
لەلیستی (پێشمەرگەی خانەنشین) بەپلەی بەرز تۆمارکراوە ئاشکرا بوین.
ئەوەی من لێرەدا باسی دەکەم نەخەونەو نەخەیاڵە، بەڵکو ڕاستییەکی تاڵه،
نەک تەنها بۆ منی کورە شەهیدو پێشمەرگەی دێرین و زیندانی سیاسی ، بەڵکۆ
بۆ سەرجەم قوربانیانی ریژێمی سەددامی گۆربەگۆر.
پێش ماوەیەک ،(مەلا عوزێر) موستەشاری فەوجی (١٣٠) (سوکی) سەردەمی
ئەنفالو قەتڵو عامی کوردستانیان، کە یەکێکە لەداواکراوەکانی کەیسی
(کۆمەڵ کوژی ئەنفال) و لەلیستی داواکراوان
ژمارەی (٩٢٢)ی پێدراوە ،بەهۆی بەشداریکردنی لە(ئەنفالی چواری) قەڵا
سیوکەو، بناری خاڵخالانو دەشتی کۆیە، ناوبراو پێش ماوەیەک بۆ
بایۆمەتریی لەهۆڵەنداوە تەشریفی هێناوەتە هەرێمی بەتەمای خوداو ئێستا
لەشاری ( کۆیە) نیشتەجێیە، یان باشتر بڵێم نێشتەجێ کراوە، ئەوەی من
ئاگادارم هەتا ئێستا نەک تەنها ناوبراو، بەڵکو بەدەیان تاوانباری
داواکاراو بۆ هەمان مەبەست هاتوونەتەوە هەرێمی بەتەمای خودا، بۆ ئەوەی
معاشەکەیان نەفەوتێت و ناویان لە سیستەمی بایۆمەتریی نەسڕێتەوەو (ماندوبونو
تێکۆشانو ڕەنجی چەندین ساڵەیان) بەزایع نەڕوات، چونکە وەک ڕاگەێنراوە
هەر هاوڵاتییەك بایۆمەتریی بۆ نەكرابێت مووچەکەی ڕادەگیرێت و ناتوانێت
دەنگیش بۆ (ڕیفراندۆم وسەربەخۆیی کوردستان بدات)!
من لێرەدا نامەوێ ئاماژە بە تاوانەکانی ناوبراو بکەم ، نەک تەنها لەبەر
زۆری و کەمی کات ، بەڵکو لەبەر ئەوەی هێندەباس کراوە هەر نەبێتەوە ،ئاخر
خۆ بە هەوەنتە دادگای باڵای تاوانەکانی عیراق لەسەر کەیسی( کۆمەڵ کوژی
ئەنفال ) ناوی( مەلا عوزێر و قاسم ئاغا) و ئاغاکانی دیکەی ئەنفال،
لەلیستی داواکراون تۆمارنەکردووە!
دەبێ ئەوەیش بڵێم کە ( مەلا عوزێر ) لە لایەن چالاكوانان و
رۆژنامەنووسان و هەندێك لە سیاسەتمەدارانی هۆڵەندییەوە, لە ئایاری ساڵی
٢٠١٣ وەك تاوانباری جینۆساید لە بەرامبەر ئەو تاوانانەی ئەنجامی دابوون
ناسێنراوە.
ئەوەی مەبەستە لێرەدا بەکورتی بیڵێم ئەوەیە : من وەک پێشمەرگەیەکی
دێرین ، داوا لە وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی شەهیدان و ئەنفال
كراوەكان دەکەم ، کە ناوی ناوبراو و هەموو ئەوانەی تاوانبارن ، لە
لیستی مووچەی پێشمەرگەی خانەنشین و لیستی مووچەی کەسوکاری شەهیدان
بسڕدرێتەوە ، هەروەها هەوڵی جدی بدرێت بۆ بەدادگایی گەیاندنی ناوبراو و
هاوشێوەکانی ، ئەوانەی ناویان لەلیستی دادگای باڵای تاوانەکانی عیراق
لەسەر کەیسی( کۆمەڵ کوژی ئەنفال) تۆمارکراوە ، تاوەکو لەوە زیاتر
بەرامبەر شەهیدە سەربەرزەکانمان ، پێشمەرگە دێرینە خێرلەخۆنەدیوەکانمان
، دایکە ڕەش پۆشەکانمان، کەس و کاری شەهیدە بێ نازەکانمان ، شۆخە
ئەنفال کراوەکانمان و نەوەکانی داهاتوومان ریسواتر و شەرمەزارتر نەبن.
ماڵپەڕی شەماڵ عادل سەلیم
|