په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٩\٤\٢٠٢١

بازاڕ و پارە.


عەبدوڕەحمان محەمەد  


بەیانی لە خەو ھەڵدەستیت، تەماشا دەکەیت ئەو بڕە پارەیەیی گیرفانت، ھەمان نرخی دوێنێی نیە، بە پێچەوانەوەش!؟ زۆر جار، بە ھەندێک کەس دەڵێن، نەوەی یا جیلی ئاڵتوونیە، کە لە کاتێکدا ژیاوە، ژیان ئاسانتر بووە، لە دابین کردنی کاری گونجا و و کرێی بەرز و لە کاتی خۆیدا!؟ یاخود ئاە و خۆزگە بۆ کاتێک دەخوازیت، کە دیکتاتۆرێک دەتیچەوسانەووە، بەڵام منداڵەکانت سفرەیان پڕ بوو!؟ لە بەیانیەووە تا ئێوارە، بە نانێکی جۆ درەوت دەکرد بەڵام شەو تا بەیانی یاری کڵاوێن و سینی و زەرف و قاقای پێکەنین بوو!؟ کۆمەڵێک منداڵت ھەبوو، ھەموویان دەیانتوانی خوێندن تەواو بکەن و بڕوانامەیان ھەبێت!؟ بیرت لای ژیانی ھەندەران نەبوو، کە ھەڵبێیت و بڵێیت: ڕزگارم بوو!

بازاڕ ھەمان بازاڕە، مارکێت و خاوەنی مارکێتەکان ھەمان کەسن، بەڵام نرخ و کوالیتی و جۆری شت ومەکەکان گۆڕانکاریان بە سەردا ھاتووە!؟ ڕۆژانە بەرزو نزمی نرخ! جاری واھەیە؛ دەبێت بە کێشە لە نێوان فرۆشیار و کڕیاردا، لە سەر نرخ!؟ جاری واھەیە؛ پەڕاوی قەرزەکە جێگەی نابێتەووە، ئەوەندە کڕیار بە قەرز شتی بردووە!؟ بەرزبوونەووەی ئاستی دزی و درۆ و فێڵ لە کۆمەڵگا و پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکاندا!؟ کوشتنی برا لە لایەن براووە، لە سەر میرات! بە مانایەکی تر ھاتنەکایەووەی جۆرێک لە پەیوەندی، کە مرۆڤی سادەیی کۆمەڵگا، یا ڕێگەی پێ نابات، یا کۆمەڵێک شیکاری وەھمی و خەیاڵی بۆ دەکات! کێشمەکێشەکان، بناغە و سەرچاوەکانیان، ڕوون نین، مرۆڤەکان دەکەونە شێوەیەک لە سەرلێشێوانەووە.

ئێمە، وەک خەڵکی عێراق، ماوەکی زۆرە ،لە جەنگداین، ئیتر جەنگی ناوخۆیی بێت، یا دەرەکی! گرنگ ئەوەیە کە بزانین جەنگ ھەبووە و بە کۆمەڵێک ئامانج و داواکاری و بەرنامەوە، خەڵکیان ھەڵدەخڕاند بۆ ئەم جەنگانە؛ لە شەڕی ناوخۆووە ، لە بزووتنەووەی کوردایەتیەووە بگرە تا جەنگە دەرەکیەکان کە دەکاتە جەنگی ئێران و عێراق و شەڕی کەنداوی داگیەرکردنی کوەیت! بۆ ئەوانەی زیندوون و ماونەتەووە لە پاش جەنگەکان، ئەگەر خۆیان نەخەڵەتێنن و بەرژەوەندیخواز نەبن و ڕاستگۆ بن، دەزانن و دەتوانن، جیاوازی ئامانج و بەرنامە بەڵێنپێدراوەکان و ئەوەی ئێستا لە زەمیندا پەیڕەو دەکرێت،جیاوازی نێوان زەوی و ئاسمانە! بەڵکوو بە تەواوی دژ بە یەکن!

دیکتاتۆر لە دەستەواژەکەیدا دیارە، کە ئازادی و مافی ڕەخنەگرتن و ئاڵوگۆڕی دەسەڵات وقسە لە قسەیدا قەدەغە بوو، مرۆڤەکان، دەبوایە لە سەر بەرنامەی دیکتاتۆر؛ ژیانیان بکردایە، قسەیان بکردایە، گەشتیان بکردایە، جەنگیان بکردایە، بەڵام ئەم دەسەڵاتە دیکتاتۆریە، خاوەنی سیستەمێکی ئابووری بوو، کە ناوی سەرمایەداری دەوڵەتی بوو، ئەم سەرمایەداری دەوڵەتیە، لە زۆرێک لە ووڵاتە ڕۆژھەڵاتی و سۆشیالیستی و کۆمۆنیستیەکاندا پەیڕەوو دەکرا. ھەموو ڕشتە ئابووری و دام و دەزگا سەرەکی و ستراتیجیەکان، بە دەست دەوڵەتەووە بوو، ھەر خودی ئەو دەوڵەتە بەرپرس بوو، لە کڕینی کاڵاو پێداویستیەکان و ھەروەھا ناردنە دەرەووەی شت و مەکەکانی ناوخۆ، تەنھا کۆمەڵێک پرۆژەی بچوووک نەبێت کە خاوەندارێتی تایبەتی ھەبوو لە لایەن ھاوڵاتیانەووە، ئەویش لە بواری بەڵێندرایەتی خانوو بەرە و کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل و بازرگانی لاوەکی لە بازاڕدا.

ئەم بازاڕەی سەردەمی دیکتاتۆریەت، بەو ھەموو جەنگ و کێشمەکێشانەووە، قەرزی جەنگ و لێدانی سەرچاوە ئابووریەکانی، لە پرۆژە نەوتیەکانەووە، تا کارگەکانی شەکر و پاڵاوتن و ژێرخانی کۆمەڵگا ، بەڵام ھاوڵاتی سادە، ھەستی زۆر بە ئەم ئاڵوگۆڕانە نەدەکرد لە ژیانی ڕۆژانەیدا، شتو مەکەکان زۆر گران نەدەبوون، چونکە ئەو سیستەمە، پاڵپشتی نرخی دەکرد، بۆ نموونە؛ ئەو شەکرەی لە کوباوە دەھات، زۆر گرانتر دەکەوت لە سەر دوڵەت، کەواتە، یاسا و ڕێسای بازاڕ لە لایەن دەوڵەتەووە ڕێنوێنی دەکرا، دەیان فرۆشیارو گەندەڵکار گیران و بگرە ، تووشی سزای مەرگ دەبوونەووە!؟ مووچە و ھەقدەست بە سێنت و فلس کەم نەدەبووەووە! بگرە لە گەرمەی جەنگدا موچە بەرزدەبووەووە، بە مانایەکی تر، ئەو کاتە سیستەمێکی ئابووری بوونی ھەبوو، کە جیاواز تر بوو لەووەی ئەمڕۆ ھەیە، بۆیە زۆربەی ئەو شەڕانە و کێشمەکێشانە، ئەگەر وورد تر تەماشایی بکەی، بۆ ھەڵوەشاندنەووەی ئەو سیستەمە ئابووریە پەیڕەووە کراووە بوو ،کە لە سیستەمی نیولیبراڵی یا بازاڕی ئازادا نەشاز و نەگونجاو و بوو.

بازاڕی ئەمڕۆ، کە کۆمەڵیک دەستی شاراوەی تێدایە وەک ئادەم سمیپ دەڵێت! بەڵام کۆمەڵگا مەزھەبیەکان دەڵێن: بازاڕ شەیتانی! ئەوو شەڕانەی کە باسمان کردن، ئامانج و بەرنامەی سەرەکیان، ھێنانی ئەم بازاڕە ئازادە بوو، کە فرۆشیار ئازادە لە بەرزکردنەووەی نرخ و گۆڕینی ئاستی خواست و خستنەڕووی کاڵاکان یا شت و مەکەکان بۆ قازانجی زیاتر!؟ ڕۆڵی دەزگا دەوڵەتیەکان لە دیاری کردنی ڕەوتی بازاڕدا لە بەرژەووەندی چینی نەدار و ھەژار بزرە! بۆیە ئەمڕۆ دەبینین؛ قڵیشتە یا جیاوازیە چینایەتیەکە، بە ئاستێک گەورە بووە، خەریکە کۆمەڵێک دیاردەی نامۆ لە کۆمەڵگادا دێنە کایەووە، وەک نەبوونی جێگەی نیشتەجێبوون و دیاردەی لەشفرۆشی و مردن لە بەر گرانی پێداویستی پزیشکی و دزی و کوشتنی ئازیزان لە لایەن یەکترەووە لە سەر بەرژەووەندی ئابووری.

تا ئێستا، بەرچاو ڕۆشنکردنەووەیەک بوو، بۆ ئەو خەباتی بە ناو ڕزگاری میللی و سەربەخۆیی و باڵادەستی میللەت و نەتەووە، پاراستنی کەلتووری نەتەووە، لە خوارووی عێراق، بۆ باڵادەستی مەزھەبی شیعە و ئازادی چالاکی و پیرۆزیەکانیان و دەرھێنانی لە ژێر دەسەڵاتی سوونە مەزھەب ، کە چەندین ساڵە باڵا دەست بوو لە عێراقدا، بۆیە، ھەوڵدەدەم لە نووسینێکی تردا، کە مەبەست و ئامانجی ئەم بزووتنەەوە میللی و مەزھەبیانە چی بوو، وە چیان کرد، ئایا نرخی دراو و گرانی بازاڕ، مەبەستی شاراووەی ئەم بزوتنەوانە نەبوون!؟ دەزانم خوێنەری ئەمڕۆ کات و ھەوەسی نووسینی درێژی نەماووە، بۆ بەشێکی تر لە درێژەی ئەم بابەتە.


١٤\٤\٢٠٢١

ماڵپه‌ڕی عه‌بدوڕه‌حمان محه‌مه‌د
 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک