په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٩\۴\٢٠١٠

بازرگانیی کارامه‌ (التجارة شطارة)؟!


ستار محەمەد قادر


لە مێژە گوێبیستی ئەو دەستەواژە میسرییە بووینە کە گوزارشت لەوە دەکات مەرجی سەرکەوتنی تاکی بازرگان بە زیرەکییەوە گرێ دراوە بە مەرجێک لە چوار چێوەیەکدا، لە کاتێکدا دەبێت زیرەکیی و لێهاتوویی ئەو کەسانە لە کوێدا بن، کە ئامادەیی ئەوەیان تێدا بێت بازرگانی بە سەر تاپای جەستەی وڵاتێکەوە بکەن؟! بۆیە ئێمە لێرەدا دەمانەوێت باس لە زیرەکیی و لێهاتوویی بازرگانێلێک بکەین، ئەگەر بە تەنها لە رووانگەی تاکە گیرفانێکەوە لێیان بنواڕین، ئەوە دەبێت هەمیشە لە شوێن ئاوەدانی، چاوەنواڕی ماڵ کاولی و کارەساتیان لێ ببین، ئەگەریش هەموو رووەکانی بخەینە ژێر پشکنینەوە، ئەو کاتە دەبێت باس لە زیرەکیی و لێهاتوویی بازرگانێلێ بکەین، بە بێ ماسک لە خزمەتی زیاتر لە گیرفانێکدا بن!


پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە، ئایا ئەو زیرەکییە لە نێو وڵاتی ئێمەدا بارگاوی کراوە بە کۆمەڵێک مەرج، یان تاکی بازرگان بە بێ فلتەر بە ئارەزووی خۆی ئەسپی بەرژەوەندییەکانی لەو بووارەدا تاو دەدات؟! شتێکی ئاشکرایە ئەگەر سرووشتی هەر کارێک پێویستی بە ئامرازو تایبەتمەندی خۆی هەبێت، ئەوە بە دڵنیاییەوە جگە لەوەی سەرمایە رۆڵی سەرەکیی و بەرچاو دەبینێت لە نێو دونیای بازرگانیدا، بێ گومان زیرەکیی و لێهاتوویی بازرگانیش لە گەڵ رەچاوکردنی لایەنی مۆراڵی و ئیش کردن بە پێودانگ و ستانداردە جیهانییەکان، ئەو خەسڵەتانەن گوزارشت لە زیرەکیی و شارەزایی تاکی بازرگان لە لایەک و خۆشەویستی ئەو بۆ پیشەکەی و خزمەتکردنی وڵاتەکەی دەکات!


بازرگان جگە لەوەی دەبێت خاوەنی سەرمایەیەکی فرە رەهەندی گونجاو بێت، بۆ ئەوەی بتوانێت لە نێو گەمەی بازرگانیدا بەرگری لە پێگەی خۆی بکات، بە دڵنیاییەوە دەبێت خاوەنی باکگراوندێکی رۆشنبیریی و ئەخلاقیش بێت، چونکە نابێت ئەوە لە یاد بکەین دونیای بازرگانییش وەکو هەر شتێکی دیکە پێویستی بە پڕنسیپ و رۆشنبیریی و لە بەر دید گرتنی لایەنی ئەخلاقی هەیە، بە بێ هەبوونی ئەو سێ توخمە لە هەر بازرگانێکدا کە لەو بووارەدا کار دەکاو بە بازرگان دێتە ناساندن، ئەوا دونیای بازرگانییش وەکو هەر شتێکی دیکە لە رێی نا حاڵی بوون و تێنەگەیشتنی بازرگانەوە تووشی ئیشکالییەتی جۆراو جۆر دەبێتەوەو روخساری لە فەزایەکەوە کە ئەقڵ و ئەخلاق و ویژدان تێیدا سەر مەشقن، دەبێت بەو شوێنەی کە فەوزا سەر تاپای جەستەی قۆرخ دەکاو دەبێت بە هۆکاری ناشیرینکردنی شێوەی ئەو کایە نایابەی نێو دونیای سەرمایەگوزاریی و گۆڕینی کاراکتەری بازرگان، لە مرۆڤێکی خاوەن مەعریفەوە، بۆ کەسێکی گەمژە، کە هەموو کاتێک زیان بە قازانج لە قەڵەم دەدات. گۆڕینی تێڕوانینی لە ئینسانەوە بۆ دڕندە. لە کەسێکی خاوەن ویژدانەوە، بۆ جەللادێک؛ ئامادەیە تەنها لە پێناو بەرژەوەندی شەخسی خۆیدا، سەر تاپای وڵاتێک هەراج بکات!


کواڵیت کۆنترۆڵ، ئەو فەرمانگەیەیە لە نێو وەزارەتی بازرگانیدا رۆڵی فیلتەرێک دەگێڕێت، فیلتەرێک پشکنین بۆ هەموو ئەو شمەکانە دەکات بە ترانزێت لە رێی بازرگانییەوە لە دەرەوەی وڵات هاوردە دەکرێن، ئەم فلتەرە بازرگان بەوە ناچار دەکات، ئەو شتانەی دەیانهێنێت، بە پێی ستانداردی جیهانی بن، نەک میزاجی گیرفان!


ئەمڕۆ ئەگەر بمانەوێت قسە لە بوواری بازرگانی بکەین لە سەر ئاستی عێراق بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی، دەبینین فەزای بازرگانی بریتیە لە فەوزایەک نە سەری هەیەو نە بن، چونکە بە هۆی ئەو پاشا گەردانییەی دونیای بازرگانی ئەم وڵاتەی ئێمە تێی کەوتووە، ئەوا نەک هاوردەکردنی شتی خەراپ لە لای بازرگانەکان بووە بە نۆرم ، بەڵکو کڕینی شتی خەراپیش لە لای کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بووە بە شتێکی نۆرماڵ!


بۆیە دەبینین ئەوان هێندەی نرخی شتەکان بە لایانەوە گرنگە، بایەخ بە جۆری شمەکەکە نادەن. ئەوەندەی گرنگی بە چەنایەتی دەدەن، چلۆنایەتی رەتدەکەنەوە. هێندەی گرنگی بە چوار چێوە دەدەن، هەمیشە ناوەڕۆک فەرامۆش دەکەن. بەم شێوەیە بازرگان و هاوڵاتیان، لە یەک کاتدا ئامادەیی ئەوەیان تێدایە هەم پووڵی گیرفانیان بە هەدەر بدەن و هەم تواناو هێزی ژێر خانی ئابووریی وڵاتیش تووشی داڕووخان دەکەن!


بێ گومان زیرەکیی بازرگان لەوێوە دەست پێدەکات بەرژەوەندی گشتی لە پاڵ بەرژەوەندییەکانی خۆیەوە رەچاو بکات، لە وێشەوە نەزانی لە بیرکردنەوەی ئەودا خۆی بەرجەستە دەکات، کاتێت تەنها لە بواری کارەکەیدا تەنها رەچاوی بەرژەوەندییەکانی خۆی دەکات؟! چونکە ئەو بەو شێوە بیر کردنەوەیە هەموو کاتێک پلانی ئەوە دا دەنێت چۆن و بە چ شێوەیەک خۆی زیاد لە پێویست دەوڵەمەند بکات، پیلانی ئەوەش دا دەنێت چۆن پووڵی هاولاتییان لە رێی کاڵا خەراپەکانییەوە بە هەدەر بدات! ئەوەی جێگەی نیگەرانییە ئەمڕۆ، بازرگانی سنووری شمەکی بەزاندووەو لە زۆر شوێن میللەتان کراون بە کاڵاو لە بازاڕی رەشی سیاسەتدا بە رۆژی رووناک بە نرخێکی زۆر هەرزان بە بێ ئەوەی بە خۆیان بزانن لە فەترەیەکی زەمەنیدا چەند جار دەکڕدرێن و چەند جارێکیش بە نرخێکی زۆر هەرزان دەفرۆشرێن!


بازرگانانی گەورە و لێهاتوو ئەمڕۆ ئیلهامی زیرەکییان لە دنیای سیاسەتەوە وەردەگرن و بە پێی پێوەری ستانداردەکانی بەرژەوەندییەکانیان تێکەڵ بە گەمەی بازرگانیکردن بە چارەنووسی گەلانەوە دەبن، چونکە ئەمڕۆ سەرمایەدارە جیهانییەکان، تەنها تاجیر و لبوندووقییە نین، بەڵکو ئەگەر هەر گەلێک سەرکردەی حەکیمی وەکو گاندی نەبێت، ئەوە بە بێ ئەوەی بە خۆیان بزانن، هەر جارەی بە کۆنتراکتێک لە لایەن سەرمایەدارێکەوە بۆ چەند ساڵێک بە ویستی سەرکردەکانیان وەکو خان و بە کرێ دەدرێن؟! بۆیە لە پێناو ئەوەی لە وڵاتی ئێمەدا هیچ لەو بازرگانانە نەتوانن بە ئارەزووی خۆیان پێکی سەعادەتی گیرفان و بەرژەوەندییەکانیان رابکێشن، دەبێت حەقیقەتی هەموو جۆرە بازرگانێک لە بەر دید بگرین، چونکە ئەگەر کڕینی شمەک بە ستانداردی جیهانی و بە نرخێکی گونجاو، زیرەکیی بێت، ئەوە بە دڵنیاییەوە بڕینی گیرفان و بە هەدەردانی ژێرخانی ئابووریی وڵاتێک لە ئەحمەقی زیاتر، هیچ شتێکی تر لە خۆی ناگرێت؟!
 


star_qadr@yahoo.com