٢٨\١٠\٢٠١٤
بە ئامادەبوونی
سینەماکارانی کورد
فیستیڤاڵی
نێودەوڵەتیی فیلمی ئەبووزەبی دەستی پێکرد.
مەنسوور جیهانی
بە
ئامادەبوونی سینەماکارانی کورد "شەوکەت ئەمین کورکی"، "مەمەد ئەکتاش"،
"ھیشام زەمان" و بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و ھونەری پارێزگای دھۆک
"ئەیووب ڕەمەزان"، ھەشتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی
ئەبووزەبی لە وڵاتی ئیماڕات دەستی پێکرد.
بە ئامادەبوونی سینەماکارانی کورد "شەوکەت ئەمین کورکی"، بەرھەمھێنەر و
سیناریۆنووسی کورد "مەمەد ئەکتاش"، دەرھێنەری کورد "ھیشام زەمان" و
بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و ھونەری پارێزگای دھۆک "ئەیووب ڕەمەزان"،
کەسایەتییەکانی بەرچاوەکانی کەلتووری و ھونەری وڵاتی ئیماڕات، "عەلی
ئەلجابری" بەڕێوەبەری ھەشتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی
ئەبووزەبی، ئەکتەرە ناودارەکانی سینەما و تەلەڤیزیۆنی ئیماڕات و
وڵاتانی عەڕەبی و ھەروەھا بە نمایشی فیلمی سینەمایی "لە ئەلفەوە تا
بێی" لە دەرھێنانی سینەماکاری ئیماڕاتی "عەلی مستەفا" و بەرھەمی وڵاتی
ئیماڕات، ھەشتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئەبووزەبی کاتژمێر
٩ی شەوی ھەینی ٢٣ی تەشرینی یەکەم / ئۆکتۆبەری ٢٠١٤ لە ھۆڵی گەورە و
بەشکۆی کۆشکی ئیماڕات لە شاری ئەبووزەبی لە وڵاتی ئیماڕات دەستی پێکرد.
لە دەستپێکی ئەم ڕێوڕەسمەدا سەرەتا کاتژمێر ٦ی ئێوارێ لێژنەی
بەڕێوەبەرایەتیی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئەبووزەبی لەبەر چاوی
کەناڵە جۆراوجۆرەکانی دەزگاکانی ڕاگەیاندنیی جیھانەوە چوونە سەر
مافووری سووری ئەم فیستیڤاڵە و لە درێژەدا دەستەی دادوەرانی بەشە
جۆراوجۆرەکانی فیستیڤاڵ لەوانە: سینەماکاری کورد "ھیشام زەمان" وەکوو
دەستەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی فیلمە ئیماڕاتییەکان و پاشان دەرھێنەر،
ئەکتەر و ھونەرمەندانی وڵاتانی جۆراوجۆر، لەوانە: سینەماکاری کورد
"شەوکەت ئەمین کورکی" دەرھێنەری فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر
بەرد"، بەرھەمھێنەری کورد "مەمەد ئەکتاش" و سیناریۆنووسی فیلمی
سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" و ھەروەھا "ئەیووب ڕەمەزان"
بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و ھونەری پارێزگای دھۆک و یەکێک لە
بەرھەمھێنەرانی ئەم فیلمە بە نوێنەرایەتیی لە ھەرێمی کوردستان چوونە
سەر مافووری سووری ئەم فیستیڤاڵە.
لە درێژەی ئەم ڕێوڕەسمەدا، سەرەتا "عەلی ئەلجابری" بەڕێوەبەری ھەشتەمین
خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئەبووزەبی، بەخێرھاتنی ئامادەبووانی
ناو ھۆڵی کۆشکی ئیماڕاتی کرد و لە درێژەدا داوای لە ستافی ئامادەکردنی
فیلمی سینەمایی "لە ئەلفەوە تا بێی" بەرھەمی وڵاتی ئیماڕات و لە
دەرھێنانی "عەلی مستەفا"ی کرد تاکوو بێنە سەر تەختەی شانۆ و دوای
ناساندنی ئەوان، سەبارەت بە گرینگیی کردنەوەی ئەم فیستیڤاڵە بە فیلمێکی
ئیماڕاتی چەند وتەیەکی پێشکەش کرد و لە درێژەشدا ھەر کام لە ستافی
ئامادەکردنی ئەم فیلمە وتەیەکی کورتیان پێشکەش کرد و لە کۆتایی یەکەم
شەوی فیستیڤاڵدا، فیلمی سینەمایی "لە ئەلفەوە تا بێی" چووە سەر پەردەی
سینەما.
ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی سەرەکی ھەشتەمین خولی
فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئەبووزەبی، کە بریتین لە: ئەکتەری ناوداری
ھیندستانی "عیرفان خان" ـ سەرۆکی لێێژنەی دادوەران، "وکینی لریدج" ـ
نووسەر لە ئەلجەزایر، "ئێستیون شاینبێرگ" ـ بەرھەمھێنەر و دەرھێنەر لە
بەریتانیا، "کیت شۆرتلەند" ـ نووسەر و دەرھێنەر لە ئوستوڕاڵیا و "عەلی
سولەیمان" ـ ئەکتەر لە فەلەستین، ١٨ فیلمی سینەمایی ئەم بەشەی فیستیڤاڵ
لە سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان ھەڵدەسەنگێنن و خەڵاتی گەورە
و تەندیسی "مرواری ڕەش" بە براوەکانی بەشە جۆراوجۆرەکان پێشکەش دەکەن.
فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" لە دەرھێنانی سینەماکاری
کورد شەوکەت ئەمین کورکی لە دوو سانسی جیاوازدا لە بەشی پێشبڕکێی
سەرەکی ھەشتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئەبووزەبی لە سینەما
ڤۆکسی ھۆڵی مارینا ماڵی شاری ئەبووزەبی نمایش دەکرێت و بۆ بەدەستھێنانی
خەڵاتی ئەم بەشەی فیستیڤاڵ لەگەڵ ١٧ فیلم لە وڵاتانی فەڕەنسا، ئیتاڵیا،
بەریتانیا، ئێران، چین، مۆڕاکۆ، ڕووسیا، کۆریای باشوور، دانیماڕک، ھۆنگ
کۆنگ، قەتەر، ئیماڕات، مۆریتانی، لوبنان و ئەڵمانیا ڕکابەری دەکات.
ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی فیلمە ئیماڕاتییەکانی
ھەشتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئەبووزەبی، کە بریتین لە:
سینەماکاری کوردی دانیشتووی وڵاتی نەرویج "ھیشام زەمان"، "فەرید بێنل
یەزید" ـ سەرۆکی دەستەی دادوەران لە مۆراکۆ، "ئیبراھیم ئەلحەساوی" ـ
ئەکتەر و سیناریۆنووس لە سعوودییە، "فاتیمە ئەڵڕەماھی" ـ بەرھەمھێنەر و
دەرھێنەر لە قەتەر و "عەبدوڵڵا ساڵح" ـ ئەکتەر و دەرھێنەر لە ئیماڕات
فیلمەکانی ئەم بەشەی فیستیڤاڵ لە سینەماکارانی ئیماڕاتی ھەڵدەسەنگێنن و
خەڵاتی گەورە و تەندیسی "مرواری ڕەش" بە براوەکانی بەشە جۆراوجۆرەکان
پێشکەش دەکەن.
ھەشتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ئەبووزەبی بە نمایشی کۆمەڵێک
فیلم لە سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان لە چەندین بەشی پێشبڕکێی
و دەرەوەی پێشبڕکێی، لەوانە: بەشی "پێشبڕکێی سەرەکیی"، بەشی پێشبڕکێی
"ئاسۆی نوێی"، بەشی پێشبڕکێی "فیلمە بڵیندە دیکۆمێنتارییەکان"، بەشی
"نمایشی سینەمای جیھان"، بەشی پێشبڕکێی "کورتە فیلمە چیرۆکی و
دیکۆمێنتارییەکان"، بەشی پێشبڕکێی "فیلمە ئیماڕاتییەکان"، بەشی "نمایشی
تایبەتی کۆمەڵە فیلمەکانی سینەماکاری ناوداری سینەمای جیھان فڕانسوا
تڕۆفۆ"، بەشی "نماشی فیلمە کلاسیکییەکان"، "چەندین کۆبوونەوەی پسپۆڕانە
سەبارەت بە ھونەری سینەما" و ھەروەھا "کۆڕی ڕەخنە و ھەڵسەنگاندیی
فیلمەکان" لە ڕۆژانی ٢٣ی تەشرینی یەکەم / ئۆکتۆبەر تا ١ی نۆڤەمبەری
٢٠١٤ لە ھۆڵی گەورەی کۆشکی ئیماڕات و ھەروەھا ناوەندی سینەمایی "مارینا
ماڵ" لە شاری ئەبووزەبی لە وڵاتی ئیماڕات یەکگرتووی عەڕەبی
بەڕێوەدەچێت.
لەم خولەی فیستیڤاڵ فیلمی ئەبووزەبیدا ١٩٧ فیلم لە سینەماکارانی ٦١
وڵاتی جیھان، لەوانە: ئەمەریکا، ئێران، چین، ئیماڕات، فەڕەنسا، عێراق،
میسر، ئیتاڵیا، مۆڕاکۆ، کۆریای باشوور، ڕووسیا، ژاپۆن، بەریتانیا،
دانیماڕک، لوبنان، ئەڵمانیا، قەتەر، گورجستان، کۆماری چێک، ئیتیۆپی،
تایوان، ھۆنگ کۆنگ، کەنەدا، ھێندستان، ئیسپانیا، ئەلجەزایر، سێربستان،
تۆرکیا، ئەردەن، ئیرلەندا، ھەنگاریا، فینلەندا، کۆلۆمبیا، سووریا،
ئوستوڕاڵیا، کووبا، نەرویج، بەلژیکا، سوید، بڕازیل، یەمەن و ھەرێمی
کوردستان دەچنە سەر پەردەی سینەماکان.
لە لایەن بەرپرسانی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی ئەبووزەبییەوە خەڵاتی
١٠٠ ھەزار دولاری و تەندیسی "مرواریی ڕەش" بۆ باشترین فیلمی بەشی
"پێشبڕکێی سەرەکی"، خەڵاتی ٥٠ ھەزار دولاری و تەندیسی "مرواریی ڕەش" بۆ
فیلمی دووەمی ئەم بەشە، خەڵاتی ٢٠ ھەزار دولاری بۆ باشترین ئەکتەری
پیاو و ئەکتەری ئافرەتی ئەم بەشەی فیستیڤاڵ دیاری کراوە و ھەروەھا
کۆمەڵێک خەڵاتی گرینگی نەقدی دیکەش بۆ بەشە جۆراوجۆرەکانی ئەم
فیستیڤاڵە دەستنیشان کراوە.
ماڵپهڕی مهنسوور جیهانی
|