په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢١\١\٢٠١٧

بە بەشداریی سینەماکارانی کورد فیستیڤاڵی فیلمی فەجر لە تاران بەڕێوەدەچێ.

 

مەنسوور جیهانی


بە بەشداریی بەرھەمی سینەماکارانی کورد و ئێرانی سی و پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی فەجر لە سینەماکارانی شاری تاران بەڕێوەدەچێت.


سینەماکارانی کورد لە تەنیشت سینەماکارانی ئێرانی ھەموو ساڵێک لە خولە جۆراوجۆرەکانی فیستیڤاڵی فیلمی فەجر بەشدارییان کردووە و بە بەرھەمە ھونەرییەکانی خۆیان خەڵاتی تەندیسی سیمورغی بلوورینی ئەم فیستیڤاڵە گرینگەی سینەمای ئێرانیان بەدەستھێناوە کە گرینگترین خەڵاتی سینەمای ئێران دێتەئەژمار.


"محەمەد حەیدەری" بەڕێوەبەریی سی و پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی فەجر لە وتارێکدا سەبارەت بەم ڕووداوە گەورەیەی سینەمای ئێران نووسیوییەتی: سینەمای ئێران ھەڵوەدا بەرەوپێشەوە دەڕوات و لاوانی چالاک، بە دنیایەک وزە و ئەندێشەی نوێوە ھێواش ھێواش سەرھەڵدەدەن. لاوانێک کە دەست لە ناو دەستی خۆشەویستی و توانای مووسپییەکانی بواری ھونەر، گەورەکان و پێشەنگەکانی سینەما و ڕوانینیان بە سبەی و دڵەکانیان لە دوێنێ و مێژووی پڕ لە شانازی سینەمای ئێراندایە. ئەوەیە رەمز و ڕازیی ئەم ھەمووە سەرکەوتنانەی سینەمای ئێران، سینەمایەک کە پێی لە ناو دابوونەریتە کۆنەکان و دەستی لە نوێبوونەوە و مودڕێنیتەدایە.


ھەروەھا نووسیوییەتی: سی و پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی فەجر، جەژەنی رێزگرتن لە گەورەکانی سینەما و کارنەڤاڵی ھاتنەناوەوەی بەورەی لاوانی چالاک و بەشعووری ئەم نیشتمانەیە. ئەم حیماسە پڕشکۆیەی ئەمساڵی لە بەشە جۆراوجۆرەکانی "ڕوانینی سینەمای ئێران"، "پێشبڕکێی سینەمای ئێران" (سەودای سیمورغ)، "فیلمی ھەڵبژاردەی بینەران"، "سینەمای حەقیقەت" (پێشبڕکێی بەرھەمە دیکۆمێنتارییە بڵیندەکان) و "پێشبڕکێی راگەیاندن و ریکلام" بەڕێوەدەچێت.


ئەندامانی لێژنەی دادوەران پێکھاتوو لە سینەماکاران و بیرمەندانی فەرھەنگی و ھونەری لە بەشی "پێشبڕکێی سینەمای ئێران" واتە "سەودای سیمورغ" لە چەندین بەشی جۆراوجۆردا خەڵاتی تەندیسی سیمورغی بلوورین پێشکەش دەکەن، لەوانە: باشترین فیلم بە روانینی نەتەوەیی، باشترین فیلم، باشترین دەرھێنان، باشترین سیناریۆ، باشترین ئەکتەری رۆڵی یەکەمی پیاو، باشترین ئەکتەری رۆڵی یەکەمی ئافرەت، باشترین ئەکتەری رۆڵی تەواوکەری پیاو، باشترین ئەکتەری رۆڵی تەواوکەری ئافرەت، باشترین وپنەگرتن، باشترین مونتاژ، باشترین موزیک، باشترین دەنگ، باشترین دیزاینی سەحنە و جلووبەرگ، باشترین میکیاژ، باشترین دیمەنە تایبەتە مەیدانییەکان و دیمەنە وێنەییەکان، خەڵاتی تایبەتی لێژنەی دادوەران، خەڵاتی تایبەتی بەھرەمەندی درەوشاوە بۆ ئەو دەرھێنەرانەی کە فیلمی یەکەمیان سازکردووە و ھەروەھا خەڵاتی تەندیسی سیمورغی بلوورینی باشترین وێنەی فۆتۆگرافەری فیلم.


سی و پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی فەجر بە نمایشی کۆمەڵێک فیلمی بڵیندی سینەمایی، دیکۆمێنتاریی و ئەزموونی لە سینەماکارانی بوناوبانگ و لاوی ئێرانی و بە نمایشی ٢٨ فیلم لە بەشی "پێشبڕکێی سینەمای ئێران" (سەودای سیمورغ)، ١١ فیلم لئ بئشی "ڕوانینی سینەمای ئێران"، بەشی پێشبڕکێی "سینەمای حەقیقەت" (پێشبڕکێی بەرھەمە دیکۆمێنتارییە بڵیندەکان) و ھەروەھا "پێشبڕکێی راگەیاندن و ریکلام" لە رۆژانی ٣١ی ژانوییە تاکوو ١٠ی شوباتی ٢٠١٧ لە ھۆڵی کۆبوونەوەکانی تاوەری میلادی تاران و پەردیسە سینەماییەکانی ئەم شارە و شارە جۆراوجۆرەکانی ئێران بەڕێوەدەچێت.

 

ماڵپه‌ڕی مه‌نسوور جیهانی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک