په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک
 

شۆڕشی به‌رده‌وامی به‌لاڕێدابراو

 

به‌ بۆنه‌ی بیره‌وه‌ری67 ساڵه‌ی تیرۆری لیۆن ترۆتسکی 20-08-1940

                                                                               

                                                                                                           نووسینی: تۆنی کلیف         

                                                                                                              وه‌رگێرانی:د.پشتیوان‌عه‌بدوڵڵا

 

 1- سێ بۆچوون دەربارەی شۆڕش .

 

ترۆتسکی لەپشتی پەردەوە تیۆرەکەی خۆی دەربارەی شۆڕشی 1905 پەرە پێ دەدا. هەموو مارکسیستێکی ئەم سەردەمەش، هەر لە کاوتسکی و بلیخانۆفەوە بیگرە تا لینین دەرکیان بەوە کردووە کە تەنها ووڵاتە پیشەسازییە پێشکەوتووەکانن ئامادەن بۆ شۆڕشی سۆسیالیستی ، ڕاشکاوەنتریش بیڵێین .. ئەوان ڕایان گەیاندووە کە ئەو وڵاتانە بە ناچاری هێزی کرێکاران بەرەو پێشەوە دەبەن وەکو بەر ئەنجامێک بۆ گەشە و پێشکەوتنە تەکنۆلۆجییەکانیان. ووڵاتە دواکەوتووەکانیش دەتوانن لە ئاوێنەی ووڵاتە پێشکەوتووەکانەوە سبەینێی خۆیان ببینن. چینی کرێکار تەنها لە دوای پرۆسەیەک دوور و درێژی گەشەی پیشەسازی و تێ پەڕبوون بە ڕژێمی پەرلەمانتاری بۆرژوازیدا بەو ڕادەیە گەشە دەکات کەلەگەڵیدا بتوانێت پرسی شۆڕش سۆسیالیستی بهێنێتە ئاراوە.

 

سەرجەم سۆسیال دیموکراتەکانی ڕووسیا – بە مەنشەفیک و بەلشەفیکییەوە - ئەوەیان لا ئاشکرا بوو کە ڕووسیا لە شۆڕشی بۆرژوازی نزیک دەبێتەوە. ئەمەش لە ئەنجامی ئەو ململانێیەوە سەری هەڵدابوو کە لە نێوان هێزە بەرهەمهێنەرەکانی سەرمایەداری لەلایەکەوە و ئۆتۆکراسی و زەمینداری و پاشماوەی دەرەبەگایەتی لەلایەکی ترەوە لە ئارادابوو. مەنشەفیکەکان لەلای خۆیانەوە بەو ئەنجامگیرییە گەیشتن کە بە پێی پێویستی قۆناغەکە بۆرژوازی ڕابەرایەتی شۆڕش دەکات و دەسەڵات دەگرێتە دەست. وایان بیریان دەکردەوە کە دەبێ سۆسیال - دیموکراتەکان پشتگیری لە بۆرژوازی لیبرال بکەن لە شۆڕشەکەدا و لە هەمان کاتیشدا و لەهەناوی سەرمایەداریدا دەبێ بەرگری لە بەرژەوەند تایبەتی کرێکاران بکەن لە ڕێگا خەبات کردن بۆ بەدیهێنانی هەشت سەعات کار لەڕۆژێکدا و هەندێ چاکسازی کۆمەڵایەتی تر. بەلشەفیکەکانیش لایان وابوو کە شۆڕش لە شوناسەکەیدا بۆرژوازی دەبێت و ئامانجەکەشی سنوورە دیاریکراوەکانی شۆڕش بۆرژوازی نابەزێنێت. لینین لەسالێ 1905 دا ووتویەتی : " شۆڕشی دیموکراتی لە هیچ کاتێکدا لە سنووری پەیوەندییە کۆمەڵایەتی – ئابوورییەکانی بۆرژوازی دەرناچێت..". هەروەها ووتویەتی : " شۆڕشی دیموکراسی لە ڕوسیا هەرگیز نابێتە هۆی لاواز کردنی هەژموونی بۆرژوازی بەڵکو پتەوتری دەکات". بەردەوام لینین ئەم قسانەی دووپات کردۆتەوە.

 

تا ڕۆژانێک دوای شۆڕشی شوباتی 1917 ش لینین دەستبەرداری ئەو تێڕوانینانەی سەرەوە نەبووە. بۆ نموونە لە ئەیلولی 1914 بەردەوام بوو لەسەر ئەو بۆچوونەی کە دەبێ شۆڕشی ڕوسیا خۆی تەرخان بکات بۆ سێ ئەرک سەرەکی: یەکەم ، دامەزراندنی کۆمارێکی دیموکراتی کە تیایدا مافی یەکسان و ئەوپەڕی ئازادی تیا مسۆگەر بکرێت بۆ دیاری کردنی چارەنووسی میللەتان بەگشتی . دووەم ؛ دەست بەسەراگرتنی هەموو زەوی و زارێک کە موڵکی دەرەبەگەکان بێت. سێیەم ؛ جێبەجێکردنی خواستی هەشت سەعات کار لە ڕۆژێکدا.

 

ئەوەی لینینی بەشێوەیەکی ڕیشەیی لە مەنشەفیکەکان جیا دەکرەوە سووربوونی بوو لەسەر سەربەخۆی بزووتنەوەی کرێکاری لە بۆرژوازی لیبرال بەتایبەت لە بارەی بەسەرکەوتن گەیاندنی شۆڕشەکەی بۆرژوازی سەرەڕای هەر جۆرە ڕێگری کردنێک کە دەشێ لەلایەن خودی بۆرژوازییەوە بێتە ئاراوە.

 

ترۆتسکیش هەر وەکو لینین بڕوای بەوە بووە کە بۆرژوازی لیبڕال ناتوانێت هیچ ئەرکێکی شۆڕشگێڕانە تا سەر جێبەجێ بکات و بەسەرکەوتن بگەیەنێت، وە شۆڕش بۆ بەدەست هێنان زەوی کە بەندێکی سەرەکی پێکدەهێنا لە شۆڕشی بۆرژوازی دا تەنها لە ڕێگەی هاوپەیمانێتی نێوان کرێکاران و جووتیارانەوە دێتە دی. بەڵام ئەوەی ترۆتسکی لە لینین جیادەکردەوە بڕوا بوونی بەوەی هاتنەکایەوەی حزبێکی سەربەخۆی جووتیاری کارێکی مەحاڵە و جەختی لەسەر ئەوە دەکردەوە کە جوتیاران بەڕادەیەکی وا لەنێوان خۆیاندا بەسەر کەسانی هەژار و دەوڵەمەندا دابەشبوون کە ناتوانن یەکێتییەک و حزبێکی سەربەخۆی خۆیان پێک بهێنن.

 

لەم بارەیەوە ترۆتسکی دەنووسێت کە ( سەرجەم ئەزموونەکانی مێژوو ئەوە نیشان دەدەن کە جوتیاران توانایەکی ئەوتۆیان نییە ڕۆڵێکی سەربەخۆ بگێڕن). ئەگەر لە هەموو شۆڕشەکاندا - لە ڕیفۆرمەکانی ئەڵمانیا بەدواوە - جوتیاران لایەنگری ئەم بەشە یان ئەو بەشە بۆرژوازی بوون .. ئەوا لە ڕووسیا بەهۆ گەشەکردنی هێزی چینی کرێکار و خۆپارێزی بۆرژوازییەوە، جوتیاران ناچاردەبن کە پشتگیری لە پرۆلیتاریای شۆڕشگێڕ بکەن. خودی شۆڕشەکەش بە جێبەجیێ کردنی ئەرکەکانی بۆرژوازی دیموکراتیک ناوەستێتەوە بەڵکو هەنگاویش دەنێ بەرەو بابەتە سۆسیالیستییەکانی پڕۆلیتاریا. ئەوەتا ترۆتسکی دەنووسێت:

 

پڕۆلیتاریا لەگەڵ بەرەو پێشچوونی سەرمایەداری گەشە دەکات و بەهێز دەبێت. لەم بوارەشدا چوونە پێشەوەی سەرمایەداری برەو بە پێشکەوتنی پڕۆلیتاریا دەدات ڕووەو دیکتاتوریەتی پڕۆلیتاریا.

بەڵام ئەو ڕۆژ و ساتەی کە لەگەڵیدا دەسەڵات دەکەوێتە دەستی پڕۆلیتاریاوە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ پابەند نییە بەو هەلومەرجەی هێزە بەرهەمێنەرەکانی تیایە. بەڵکو بەو ئاستەی کە خەباتی چینایەتی و بارودۆخە نێونەتەوەییەکەی تیایە. هەروەها پابەندە بە زنجیرەیەک هۆکاری تایبەتی یەوە: خوونەریت، دەستپێشخەری و ئامادەبوون بۆ خەبات.

 

لە ووڵاتێکدا کە لە ڕووی ئابورییەوە دواکەوتووە، پڕۆلیتاریا دەتوانێ زووتر بگاتە دەسەڵات وەک لەوەی لە ووڵاتە پێشکەوتووەکاندا. لە ساڵی 1871 دا پڕۆلیتاریا لە پاریسی ووردە بۆرژوازیدا توانی بە شێوەیەکی ژیرانە کاروباری کۆمەڵایەتی بگرێتە دەست – ئەگەرچی تەنها بۆ دوو مانگیش بێ. بەڵام تەنانەت بۆ یەک سەعاتیش نەیتوانی لە مەڵبەندە گەشەسەندووەکانی سەرمایەداری لە بەریتانیا و ووڵاتەیەکگرتووەکان دا دەسەڵات بگرێتەدەست. ئەو بۆچوونەی کە لەبارەی هەندێ شێوەی پابەندبوونی ئۆتۆماتیکیانەی پڕۆلیتاریاوە هەیە بە هێزە تەکنیکی و سەرچاوەکانی ئابووری ووڵاتەوە.. تەنها پێشبینییەکە و لە سادەکردنەوەی ماتەریالیزمی ئابووری یەوە سەرچاوەی گرتووە و ئەم بیرکردنەوەیە هیچ پەیوەندی بە مارکسیزمەوە نی یە.

لە دیدی ئێمەوە، شۆرَشی ڕووسیا ئەو هەلومەرجە بابەتیانەی کە بۆ وەرگرتنی دەسەڵات لە لایەن پڕۆلیتاریاوە پێویستە خوڵقاند و وای کرد سەرکەوتنی شۆڕش لە توانادا بێت. تەنانەت پێش ئەوەی سیاسەتەکانی لیبرالیزمی بۆرژوازی ئەگەری بەرپاکردنی حکومەتی عەقلانی خۆی بێنێتە ئاراوە.

 

توخمێکی تری گرنگ لەو تیۆرەدا بریتییە لەو کەسایەتییە نێونەتەوەییەی کە شۆڕشی چاوەڕوانکراوی ڕووسیا هەیبووە. ئەو شۆڕشەی کە دەشێ لە چوارچێوەیەکی نیشتمانیدا هەڵگیرسێت، بەڵام تەنها ئەو کاتە دەگاتە ترۆپکی خۆی کە شۆڕشی وڵاتە پێشکەوتووەکانیش سەربکەوێت.

 

لە گەڵ ئەمەشدا، ئایا تا چ ڕادەیەک سیاسەتی سۆسیالیستی چینی کرێکار لەگەڵ هەلومەرجە ئابووریەکانی ڕووسیادا دێتەوە؟ تەنها شتێک کە لەم باریەوە دەتوانین بە دڵنیاییەوە بیڵێین ئەوەیە: کە ڕووبەڕووی چەندین ڕێگری سیاسی دەبێتەوە پێش ئەوەی بە هۆی دواکەوتووی تەکنیکی ووڵاتەکەوە هەنگاوەکانی ببەسترێت. وە بەبێ پشتگیری ڕاستەوخۆی پڕۆلیتاریای ئەوروپا، چینی کرێکاری ڕووسیا ناتوانێت بەردەوام لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە و ناتوانێت دەسەڵاتدارێتیەکەی خۆی بگۆرێت بە دیکتاتۆریەتێکی سۆسیالیستی بەردەوام.

توخمە سەرەکییەکانی تیۆرەکەی ترۆتسکی دەکرێ لە شەش خاڵدا کۆبکرێنەوە:

1- بۆرژوازییەک دوای شۆڕِش دێتە گۆڕەپانەکەوە کە بەشێوەیەکی ریشەیی جیاوازە لەگەڵ پێشووی خۆیدا و لە ڕووی پێشکەوتنەوە دوو سەدە لە پێشترە . بەڵام بێ توانایە لە خستنە ڕووی چارەسەرێکی ریشەدار و دیموکراتی و شۆڕشگێڕانە بۆ ئەو زۆر و ستەمەی دەرەبەگایەتی و ئیمپریالیزم ناویانەتەوە . بێ توانایە لە بارەی تێکشکاندنی سەرتاپای رژێمی دەرەبەگایەتی و بەدیهێنانی سەربەخۆییەکی نیشتمانی راستەقینە و بەرپاکردنی دیموکراتیەتێکی سیاسی. ئەوان لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا بن یاخود لە ووڵاتە دواکەوتووەکان دا بە شۆرشگێڕ لە قەڵەم دراون، بەڵام بە شێوەیەکی رەها هێزێکی خۆپارێزن.

2- ئەرکی سەرەکی بینینی رۆڵی شۆڕشگێرانە دەکەوێتە ئەستۆی پڕۆلیتاریاوە .. هەرچەندە ئەو پڕۆلیتاریایە لاو بێت یاخود ژمارەکەی کەم بێت.

- جووتیاران لەبەر ئەوەی ناتوانن کرداری سەربەخۆ بنوێنن بە ناچاری دوای ئەو بزووتنەوانە دەکەون کە لە شارەکان دا 3 سەرهەڵدەدەن و لە بەر ئەوە پێویستە پەیوەست بن بە رابەرایەتی پڕۆلیتاریای پیشەسازییەوە.

3- چارەسەرە بنەڕەتییەکانی مەسەلەی وەک: (چاکسازی زەوی ، نیشتمان و کۆتایهێنان بە ئەو کۆت و بەندە کۆمەڵایەتی و دەروونیانەی - کە رێگری لە پێشکەوتنی ئابووری دەکەن )، بەناچاری پێویستی تێپەڕاندنی سنوورەکانی خاوەندارێـی تایبەتی بۆرژوازی دێنێـە ئاراوە . شۆڕشی دیموکراتی بەرەبەرە گەشە دەکات بەرەو شۆڕشێکی سۆسیالیستی . بەمەش دەبێتە شۆڕشێکی بەردەوام.

4- تەواو کردنی شۆڕشی سۆسیالیستی (کە هەرگیز لە سنوورەکانی نیشتمانێکدا نایەتە دی و بەمەش شۆڕشی سۆسیالیستی لە ئاستێکی تازە و فراوانتری وشەکەدا دەبێتـە شۆڕێکی بەردەوام و تەنها بە سەرکەوتنی یەکجارەکی و بەدیهێنانی کۆمەڵگەیەکی نوێ لە سەرتاسەری زەمیندا بەکامڵبوونی خۆی دەگات). ئەوپەڕی دواکەووتویی و بیرتەسکییە هەوڵ بدرێت (سۆسیالیزم لەیەک وولاتدا) بهێنرێتە دی.

. 5-لە کۆتاییدا ، شۆڕشی ووڵاتە دواکەوتووەکان دەبێتە هۆی بەگوڕخستنی شۆڕش لە ووڵاتە پێشکەوتووەکاندا

 

2- گەیشتنی ماو بە دەسەڵات

 

چینی کرێکار رۆڵێکی ئەوتۆی نەگیڕاوە لە سەرکەوتنی ماودا . تەنانەت پێکهاتەی کۆمەلایەتی حزبی کۆمۆنیستیش بە تەواوی لە چینی کرێکار پێک نەهاتبوو . هەتاکو خودی ماویش ئەوکاتە لە حزب دا وەک رابەرێک دەرکەوت کە پێگەی حزب دوور لە چینی کرێکارەوە گوازرایەوە. هەتا ساڵی 1926 یش بەلای کەمەوە لە 66% ی ئەندامانی حزب لە کرێکاران پێکهاتبوو، 22% ی تری رۆشنبیران و جوتیارانیش لە 5% یان پێک دەهێنا. لە تشرینی دووەمی (1928)ەوە ژمارەی کرێکاران بە رێژەی 4/5 دابەزی و راپۆرتێک رەسمی رایگەیاند کە حزب ( لەنێو کرێکاران پیشەسازی دا تاکە ناوەندێک حزبی ساغ نییە) . حزبیش رایگەیاند کەوا رێژە کرێکاران لە ساڵی 1928 لە 10% ئەندامان پێک هێناوە و لە ساڵی 1929 لە 3% و لە ئاداری 1930 ی لە 2.5% و لە ئەیلولی هەمان ساڵدا گەیشتە 1.6% و بەم شێوەیەش هەتا ساڵ گەیشتە کۆتایی حزب هیچ ئەندامێکی کرێکاری نەما. لەوکاتەوە تا سەرکەوتنی یەکجارەک ماو کرێکارێکی پیشەسازی لە حزبدا نەبوون تا قسەیان لەبارەوە بکرێت.

 

جێگە ورێگای کرێکاران لە ستراتیجیەتی حزبی کۆمۆنیست دا لەماوەی هێز پەیداکردن ماودا ئەوەندە بێ بایەخ بوو بەڕادەیەک حزب هیچ بە پێویستی نەدەزانی لە ماوەی ئەو 19 ساڵەدا کە بە سەر دواین کۆنگرەدا - کە لە ساڵی 1929دا ئەنجامدرا- کۆنگرەیەکی نیشتمانی بۆ سەندیکاکان سازبکات ، یاخود باکی بە پشتگیری کرێکاران نەبوو لە حزب هەروەکو لەو بڕیارەی حزبدا دەردەکەوێت کە نیاز نییە هیچ رێکخراوێکی لەو ناوچانەدا بهێڵێتەوە کە کۆمینتانگ دەسەڵاتی هەبوو بەسەریاندا لە ساڵانی (1937-1945) شەڕی ناوخۆدا . کاتی حکومەتی کۆمینتانگ لە کانونی یەکەمی 1937 بڕیاری دا سزای مەرگ بەسەر ئەو کرێکارانەدا جێبەجێ بکات کە ماندەگرن یاخود بانگەشە بۆ مانگرتن دەکەن لە کاتی جەنگ دا .. وتەبێژێکی حزبی کۆمۆنسیت بە یەکی لە پەیامنێرەکانی راگەیاند بوو کەوا حزب " تەواو قەناعەتی " هەبوو بەو بەرخودەی حکومەت کە لە شەڕدا گرتویەتیە بەر. دوای ئەوە لەکاتی شەڕی ناوخۆی نێوان حزبی کۆمۆنیست و کۆمینتانگ بە دەگمەن لەناوچەکانی کۆمینتانگ دا - کە بەشی زۆربەی کرێکارانی پیشەسازی ووڵاتی لە خۆ گرتبوو - رێکخراوەیەکی حزبی کۆمۆنیست بەدی دەکرا.

 

دەست بەسەرداگرتنی شارەکان لەلایەن ماوەوە، زیاد لەهەر شێکی تر دابڕانی تەواوی حزبی کۆمۆنیستی دەرخستووە لە چینی کرێکارانی پیشەسازی . رابەرانی کۆمۆنیست تەواوی هەوڵیان داوە رێگری لەهەر جۆرە راپەڕینێکی کرێکاران لە شارەکاندا بکەن لەسەر و بەندی گرتنی شاری پەکین دا . بۆ نموونە بەرلە دەستبەسەراگرتن هەر دوو شاری (تین نین ) و (پکین) ، جەنەڕاڵ (لین پیاو) ی سەرکردەی بەرەی جەنگ ئەم جاڕنامەیەی بڵاوکردەوە:

 

(بۆ ئەوەی یاسا بپارێزن ، بەردەوام بن لە کارەکانیان دا) . هەموو کارمەندەکانی کۆمینتانگ یان بەرپرسانی پۆلیس ، بەرپرسی هەرێمەکان ، شارەکان و شارۆچکەکان و هەر کەسێکی تر کە لە دامەزراوەیەکی حکومەت دان لە شارۆچکە و لادێکان یاخود بەرپرسانی (پاو چیا...) pao chia) ، هەموویان سەرپشک کراون کە لە پۆستەکانیاندا بمێننەوە

لەو کاتەی کە هێزەکان لە رووباری ( یانگ تازە yang taze) پێش ئەوەی شارە گەورەکانی ناوەڕاست و باشووری چین شانگهای ، هانکور ، کانتۆن) بکەوێـتە دەستیان .. ماو و (چوو تی (بانگەوازێکی تریان بڵاوکردەوە).

(هیوادارین کرێکاران و خاوەن کارەکان لە هەموو پیشەکاندا بەردەوام بن لە سەر کاری خۆیان و کار بەشێوەیەکی ئاسایی بچێتە پێشەوە و بەرپرسانی حکومەتی کۆمینتانگ (پارێزگارەکان و بەڕێوەبەرانی شارەوانی و هەموو ئاستەکان تری بەڕێوەبردن یان پاڵێوراوانی {ئەنجومەنی نیشتمانی} و ئەندامانی ئەنجومەنی یاسادانان و کۆنترۆڵی یوان و ئەنجومەنی سیاسی خەڵک و بەرپرسانی پۆلیس و سەرکردەی ڕێکخراوەکانی پاو چیا pao chia دەتوانن لە پۆستەکانی خۆیان بمێننەوە و لە ژێر فەرمانی سوپا ڕزگاری بەخشی خەڵک و حکومەتی خەڵک دابن).

چینی کرێکار وادار بە جووڵەنەکردن کرا. ڕاپۆرتێک کە لە 22ی نیسانی 1949 دا – یانی دوو ڕۆژ پێش گیرانی شارەکە لەلایەن سوپای ڕزگاریخوازی خەڵکەوە - لە شاری نانکینگ Nanking ەوە بەرزکرابووەوە، بەم شێوەیە باس لە بارودۆخەکە دەکات:

(جەماوەری شاری نانکینگ هیچ جۆرە خۆشحاڵیەک نیشان نادەن. ئاپۆڕەیەک لە کەسانی خۆهەڵقورتێنەر ئەم بەیانییە لە قەراغی ئەوبەری رووبارەکەوە بینراون کە بەمەبەستی بینینی ئەو شەڕە چووبوون کە لەو بەرەوە لە ئارادا بوو.. کارەکان بەشێوەیەکی ئاسایی دەچوونە پێشەوە. چەند دووکانێک داخراون ئەمەش بە هۆی بی َبازاڕیەوە نەوەک شەڕ. سینەماکان وەکو جاران قەرەباڵغن).

 

مانگێک دوای ئەمە هەواڵنێرێکی ڕۆژنامەی ( نیویۆرک تایمز) لە شانگهایەوە ئەم ڕاپۆرتە دەنووسێ:

لە کانتۆن هێزەکانی سوپای سوور دەستیان کردووە بە هەڵواسینی پۆستەری چینی زمان کە جەماوەر ڕێنمایی دەکات بۆ ئەوەی هێمنی نیشان بدەن و دڵنیای دەکردنەوە کە هیچ جۆرە مەترسییەکیان لەسەرنییە.. ( دوای ئەوەی کۆمۆنیستەکان هاتنە ناو شارەوە چوونە ناو بنکەکانی پۆلیسەوە و ڕێنمایی ئەفسەرەکانیان دەکرد تا لە پۆستەکانیاندا بمێننەوە بۆ ئەوەی ئاسایش بپارێزن).

 

3- شۆرشی کاسترۆ

 

شۆڕشێک کە نەچینی کرێکار و نە جووتیاران ڕۆڵێکی سەرەکیان هەبووە تیایدا و تەنها ڕۆشنبیرانی چینی ناوەراِست بەشی هەرە زۆری ململانێکەیان تیادا پێکهێنابوو گەیشتنی فیدل کاسترۆیە بە دەسەڵات. کتێبەکەی ڕایت میڵز wright mills – کە مۆنۆلۆگێکی راستەقینەی دەروونی سەرکردە کوبییەکانە – بە پلەی یەکەم باس لەو شتانە دەکات کە لە شۆڕشدا بوونیان نەبووە:

" شۆڕش خۆی لە خۆیدا جەنگێک نەبووە لە نێوان سەرمایەداران و ئەو کرێکارانەی بە ڕۆژانە کاردەکەن. شۆڕشەکەمان کاری سەندیکاکان و کرێکارانی شار یان حزبە کرێکاریەکان یاخود شتێکی لەو بابەتە، نەبووە. کرێکاران لە شاردا لە بارەی شۆڕشەوە هیچ جۆرە هۆشیارییەکیان نەبوو."

چینی جووتیاران ئامادبوونێکی ئەوتۆیان نەبووە لە شۆڕشەکەی کاسترۆدا. لە کۆتایی نیسانی 1958 دا کۆی ژمارەی ئەو چەکدارانەی لە گەڵ کاسترۆدا بوون گەیشتە 180 چەکدار و لە سەردەمی هەرەسی "باتیستا"دا ژمارەیان گەیشتە 805 چەکدار. بزوتنەوەکەی کاسترۆ بزوتنەوەی چینی ناوەڕاست بوو، ئەو 82 چەکدارەی لە ژێر فەرمانی کاسترۆدا بوون و لە مەکسیکەوە هاتبوون و لە کانونی یەکەمی 1956 (کوبا)یان داگیرکرد؛ هەروەها ئەو دوانزە چەکدارەی کە لە(سیێرا مایسترا) مانەوە و بەرەنگارییان دەکرد، هەرهەموویان سەر بە چینی ناوەڕاست بوون.

لەسەرەتادا بەرنامەکەی کاسترۆ لە چاکسازییەکی لیبڕالی بەرفراوان، کە بەلای چینی ناوەڕاستەوە پەسەندبێت، تێ پەڕی نەدەکرد. لەشوباتی 1958، کاسترۆ لەوتارێکدا بۆ گۆڤاری (کۆرۆنێت Coronet) ڕایگەیاند کە ئەو لەپلانیدا نیە وەبەرهێنانی بیانی هەڵوەشێنێتەوە یان خۆماڵیان بکات : من هەست دەکەم خۆماڵیی کردن، ئەگەر گەورەترین ئەنجامیش بخاتەوە، بارگرانییەک پێک دەهێنێت. لەوباوەڕەدانیم دەوڵەت بەهێزتر بکات، بەڵکو دامەزراوە تایبەتەکان لاواز دەکات و لەوەش گرنگتر، هەر هەوڵێک بۆ خۆماڵیی کردنی کۆفرۆشی گشتی دەبێتە هۆی کۆسپ دانان لەبەردەم ئامانجی سەرەکی پلاتفۆرمی نیشتمانیمان واتە (خۆماڵیکردن لە گونجاوترین هەلدا). بۆیە هەمیشە وەبەرهێنانی بیانی پێشوازی لێدەکرێ و پارێزراو دەبێت.

لەئایاری 1958 دا کاسترۆ دووپاتی کردەوە بۆ (دوبوا:، DUBOIS-) کە ژیاننامەی کاسترۆی دەنووسیەوە، کە

جووڵانەوەی 26ی تەمموز هەرگیز باسی لە بە سۆسیالیزم کردن یان خۆماڵیی کردنی پیشەسازییەکان نەکردووە. ئەمەش بەسادەیی ترسێکی دەبەنگانەی شۆڕشەکەمان پێک دەهێنێت. ئێمە هەر لە یەکەم ڕۆژەوە ڕامانگەیاندووە کە لەپێناو بەهێزکردنی ئەوتۆی (یاساکانی 1940) دەجەنگین، کە بنەماکانی دڵنیایی و ماف و ئەرکەکان دابین دەکات بۆ هەموو ئەو هێزانەی بەشداری لەبەرهەمهێناندا دەکەن. ئەو پێکهاتەیەی سەرەوە دامەزراوەیەکی ئازادە و زۆر لە مافەکانی سەرمایەی وەبەرهێنراو و هەروەها مافە سیاسی و شارستانی و ئابووریەکانی تریش.

لە2ی ئایاری 1959 کاسترۆ بەئەنجومەنی ئابووری ڕێکخراوی وڵاتانی ئەمریکا لە بۆینس ئایرس ڕاگەیاند

ئێمە دژی وەبەرهێنانی تایبەت نین ئێمە باوەڕمان بەکەڵک و ئەزموون و گەرموگوڕی وەبەرهێنەرە تایبەتەکان هەیە  کۆمپانیاکان و وەبەرهێنەرە تایبەتەکان هەمان دڵنیایی و مافەکانی دامەزراوە نیشتمانیەکانیان دەبێت... .

بێتوانایی چینە کۆمەڵایەتیە تێک هەڵچووەکان، کرێکاران و سەرمایەداران، جوتیاران و خاوەن زەوییەکان، لاوازی مێژوویی نەگۆڕی چینی ناوەڕاست و هێزی لەبن نەهاتووی دەستە نوێیەکەی کاسترۆ - کەپابەندنەبوون بەهیچ جۆرە بەرژەوەندییەکی ڕێکخراو و یەکگرتوو - ئەوە ڕوون دەکاتەوە چۆن پرۆگرامە میانڕەوییەکەی کاسترۆ لە ساڵانی 1953-1958دا، کەلەسەر بنەمای دامەزراوەی تایبەت دانرابوو، بەئاسانی وەلاوەدەنرێ و بەرنامەیەکی ڕادیکاڵانەی خاوەندارێتی و پلاندانانی دەوڵەتی جێیدەگرێتەوە. کاسترۆ تا 16ی نیسانی 1961 ئەوەی ڕانەگەیاندبوو کە شۆڕش سۆسیالیزمیی بوو. بەپێی قسەکانی سەرەک کۆمار، دوکتۆر ئۆسڤالدۆ دۆرتیکۆس تۆرادۆ (Dr Oswaldo Dorticos Torado )، "رۆژی لە رۆژان خەڵکی بۆیان دەردەکەوێت یان دڵنیا دەبن کە ئەوەی چەپڵەیان بۆ لێداوە و بەباشیان زانیووە شۆڕشێکی سۆسیالیزمی بووە" - گوزارشتێکی تەواوە بۆ چەوساندنەوەیەکی بۆناپارتیانەی خەڵک، بەو پێیەی کە خەڵک لە مێژوودا بابەتن نەوەک ئامرازی هوشیار.

4- هەڵەی تیۆرەکە لە کوێ دایە؟

لەکاتێکدا (هەروەک خاڵی یەکەمی ئەنجامگیریەکانی ترۆتسکییش ئاماژەی پێدەکات) وەکو یاسایەکی ڕەها بۆرژوازی تازە پێگەیشتوو خاوەنی سروشتێکی خۆپارێز و ترسنۆکانەیە، کەسایەتی شۆڕشگێڕانەی چینی تازە دەرکەوتووی کرێکاران (هەروەک لە خاڵی دووەمدا هاتووە) نەرەهایە و نە لەچارەنەهاتووشە . هەڵسانگاندنی هۆکارەکانیش کارێکی گران نییە . ئایدیۆلۆژیای بەربڵاو لە نێو کۆمەڵگەیەکدا کە چینی کرێکار بەشێکی پێک دێنی ئایدیۆلۆژیای چینی دەسەڵاتدارە ، لە زۆر باردا بوونی زۆرینەیەکی بی قەوارە لە کرێکارە نوییەکان کە لە دەرەوەی شارن و پێگەیەکیان لە دەست داوە گیروگرفتێکی زۆر بۆ رێکخراوە پڕۆلیتارییە سەربەخۆکان دەخوڵقێنێت، ئەمە سەرباری ناشارەزایی و نەخوێندەواری و لاوازییان . کە ئەمەش بەرەوڕووی لاوازییەکی ترمان دەکاتەوە : ئەویش پشتبەستنە بە خەڵکانێک لە دەرەوەی کرێکاران بۆ رابەرایەتی کردنیان . زۆربەی سەندیکاکان لە ووڵاتە دواکەوتووەکاندا لەلایەن کەسانی دەرەوەی خۆیان " outsider" بەڕێوەدەبرێن . راپۆرتەکان لە هیندستانەوە دەڵێن:

گشت یەکێتییەکان لە هیندستان بەکردەوە کەسانێک بەڕێوەی دەبەن کە هیچ پێشینەیەکی پیشەییان نییە واتە "بێگانە"ن  زۆربەی ئەم بێگانانەش تێکەڵاوییان لەگەڵ پتر لە یەکێتییەک هەیە . رابەرێکی نیشتمانی بە هەیبەت وتوویەتی کە... ئەو سەرۆکی نزیکەی 30 یەکێـی بووە ، بە ڕاشکاویش ڕایگەیاندووە کە ئەزموونێکی ئەوتۆی نەبووە بۆ بەرَێوەبردنی کارەکەی.

لاوازی و پشت بەستن بە بێگانە رێ بۆ پابەندبوون بە تاکە کەسەوە خۆش دەکات . زۆر لە یەکێتییەکان هێشتا خووی گەڕان بە دوای (کەسایەتی)یەکدا بەسەریاندا زاڵە . کەسایەتییەکی بەهێز دەتوانێت دەست بەسەر یەکێتییەکەدا بگرێت ، بەسەر هەموو سیاسەت و کردارەکانییەوە . یەکێتییەکەش وەک بەوە دەناسرێتەوە کە موڵکی ئەو کەسایەتیە بێت . کرێکارەکان بەدوایدا دەگەڕێن تا گیروگرفتەکانیان بۆ چارەسەر بکات و گشت داواکانیان زامن بکات . وەک بەرگریکەر و پاڵەوانێک پشتی پێ ئەستوور دەکەن و بۆ هەر شوێنێکیان بەرێت ئامادەن بەدوایدا بچن . توخمێکی فراوان لە پاڵەوان پەرستی بەم هەڵوێستەوە دیارە . ژمارەیەکی باش لەم پاڵەوانانە لە بزووتنەوەی کرێکاریدا هەن. ئەمان تەنها لە بە دەستهێنانی هەندێ داواکاریدا یارمەتی کرێکاران دەدەن نەوەک لە گەشەپێدانی ڕێکخراوە دیموکراتییە پشت بە خۆبەستووەکان دا. وە ئەم رێکخراوانە بەو ئاراستەیەدا گەشە ناکەن تا کرێکاران فێر ببن پشت بە خۆیان ببەستن نەک بە بەزەیی کەسایەتییە دیارەکان بۆ چارەسەرکردنیکێشەکانیان.

 

خاڵێکی تری لاوازیی بزووتنەوەی کرێکاران لە زۆربەی وڵاتە دواکەوتووەکاندا ، پشت بەستنە بە دەوڵەت . راپۆڕتەکان لە هیندستانەوە دەڵێن:

دەوڵەت زۆربەی ئەو ئەرکانەی گرتۆتە دەست ، کە لە کۆمەڵگا ئازادەکاندا ئەرکی یەکێتییە پیشەیییەکانە . هەروەک چۆن ئێستا دەوڵەت - نەوەکو سازشی دەستەیی نێوان خاوەن کار و کرێکاران - رۆڵی سەرەکی دەگێڕی لە دیاریکردنی کری و مەرجەکانی تری کارکردن . ئەمەش تا رادەیەک لە چارەنە هاتووبووە بەهۆی باری ئابووری و لاوازی کرێکاران و یەکێتـییە پیشەیییەکانیانەوە . لە ئەفریقیای رۆژئاوای سەر بە فەڕەنسا ڕاپۆرتەکان دەڵێن:

هەوڵە راستەوخۆکانی ئەم یەکێتییە دژ بە خاوەنکار بە دەگمەن زیادکردنی راستەقینەی کریی بۆ کرێکارە ئەفریقییەکان لێکەوتۆتەوە ؛ لەم ساڵانەی دوایییدا داب و نەریتە کۆمەڵایەتی و کاریگەرییە سیاسیەکانی بزووتنەوە کرێکاریەکان بەرپرسیار بوون لە زۆربەی زیادکردنەکانی کریی راستەقینە.

گرنگترین فاکتەر کە ئەوە دیاری دەکات ئایا چینی کرێکار لە ووڵاتە دواکەوتووەکاندا بە ڕاستی شۆڕشگێڕن یان نا، فاکتەرێکی خۆیییە. چالاکی حزبەکان و بە تایبەتی حزبە کۆمۆنیستەکان کاریگەرییان لەسەر ئەمە هەیە . باسکردنی رۆڵی دژە شۆڕشگێڕانەی ستالینیزم لە ووڵاتە دواکەوتووەکاندا - کە پێشتر ئاماژەی پێکراوە - لێرەدا پێویستیان بە دووبارەکردنەوەیە.

زنجیرەیەک لە بارودۆخە یەک بە دوای یەکە نیشتمانی و نێونەتەوەییەکان شکاندنی کۆت و بەندەکانی فیودالیزم و ئیمپریالیزم دەکاتە ناچاریییەک بۆ هێزەکانی بەرهەمهێنان . یاخی بوونەکانی چینی جووتیار ڕاماڵینێکی قوڵترو فراوانتری لەوانی پێشتر بە خۆیەوە بینی . هەر لەو یاخی بوونە نیشتمانیانەشدا ڕەگ و ڕیشەی ئەو یاخیبوونە نیشتمانیانە داکوترابوو لە دژی داتەپینی ئابوورییەک کە ئیمپریالیزم لە گەل خۆیدا هێنابووی هەروەها لە پێناوی باشترکردنی باری ژیان کە داواکارییەکی دەستبەجێ بوو.

پیداَویستی هێزە بەرهەمهێنەرەکان و هەستی یاخی بوون لەنێو چینی جووتیاران دا بەس نەبوون بۆ شکاندنی تەوقی موڵکایەتی دەرەبەگایەتی: landlordism و ئیمپریالیزم . سێ فاکتەری تریش یاریدەدەر بوون

  لاواز بوونی ئیمپریالیزمی جیهانی لە ئەنجامی گەشەی ناکۆکییەکانی نێوان هێزەکان ، و ئیفلیجییەک کە جومگەکانی دەستێوەردانە هەمەلایەنەکانی ئیمپریالیزم بە هۆی دروستکردنی بۆمبی هایدرۆجینییەوە.

 

  گرنگی روو لە گەشەی حکومەت لە وڵاتە دواکەوتووەکاندا . یەکێ لە داوە مێژووییەکان ئەوەیە کاتی ئەرکێکی کۆمەڵایەتی روو بەرووی کۆمەڵگە دەبێتەوە، ئەو چینەی کە بەناچاری لەسەریەتی بەئەنجامی بگەیەنێت ئامادە نەبێت ، چەند گروپێک لە خەڵک ، کە زۆر جار هێزێکی سەر بە دەوڵەتن جێبەجێی دەکەن لەم هەلو مەرجەدا هێزە دەوڵەتییەکە رۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت . ئەمەش تەنها لە ژێرخانی ئابووری نیشتمانیدا رەنگ ناداتەوە - کە بەپێی ئەو گەشە دەکات - بەڵکو لەسەر کارەکتەری سەرونیشتمانیی ئەمڕۆی ئابووری جیهانیش !

 

   رۆڵی گەشەکردووی چینی ئەندێشەمەندان وەک رابەر و یەکاڵاکەرەوەی نەتەوە و لە سەرو ئەمانەیشەوە بەگەڕخەری جەماوەر . ئەم خاڵەش پێویستی بە درێژەپێدانێکی تایبەتی هەیە.

شۆڕشى ڕۆشنبیرى

 

5- شۆڕشی ڕۆشنبیری

 

چینی ئەندێشەمەندانی شۆڕشگێڕ خۆی وەک فاکتەرێکی یەکگرتوو سەلماند لەو نەتەوانەی لەم دوایییەدا بەدەرکەوتن پتر لەوانەی روسیای تزاری. ئاشکرایە کە موڵکایەتی تایبەتی بۆرژوازی ڕوو لە ئیفلاس و لەرزۆک بوونی پایەکانی ئیمپریالیزم و سەرمایەداری دەوڵەتی – بە هۆی بی َهێز بوونی ئیمپریالیزم ، هەروەها گرنگی روو لە گەشەی پلاندانانی دەوڵەتی ، وە هەروەها ئەزموونەکەی رووسیا و کاری رێکخراوەیی حزبە کۆمۆنیستەکان – هەستێکی نوێی پێکەوەگرێدان بەو ئەندێشەمەندانە دەبەخشێ. وەک تاکە بەشێکی پەیوەست نەبوو بەهیچ بوارێکی تایبەتی نێو کۆمەڵگاوە، چینی ئەندێشەمەندان سەرچاوەیەکی روونی دەستەبژێرێکی شۆڕشگێڕی پسپۆڕن کە وادەردەکەوێ نوێنەری بەرژەوەندییەکانی نەتەوەکەیان بن دژ بە بەرژەوەندییە چینایەتی و دەستەیی یە تێک هەڵچووەکان . سەرەڕای ئەوەی تەنها بەشێکیشن لە کۆمەڵگا کە ئیلهام لە کولتووری نیشتمانییەوە وەردەگرن ، لەکاتێکدا چینی جووتیاران و کرێکاران نە ئەو کاتی پشوەیان هەیە و نەرۆشنبیرییەکی ئەوتۆش.

هەروەها چینی ئەندێشەمەندان بە ئاگان لە دواکەوتوویی ووڵاتەکەیان لە رووی تەکنەلۆژیاوە . کاتێک هاوبەشی دەکەن لە جیهانی تەکنەلۆژی و زانستی سەدەی بیست دا ، دواکەوتوویی نەتەوەکەیان دایان دەمرکێنێتەوە . ئەم هەستەش لەلای ئەو رۆشنبیرانە زەق ترە کە بە دەست بێکاری یەوە دەناڵێنن . ئەم دواکەوتووییە ئابوورییە گشتییە وا دەکات کە تاکە هیوای خوێندکاران ئەوە بێت کارێکی حکومییان دەست بکەوێت ، بەڵام ئەمەش بەشیان ناکات.

ئەوان زۆر باوەڕیان بە لێهاتوویی هەیە ، تەنانەت لە بواری ئەندازەیی کۆمەڵایەتیشدا . هیوایان وایە چاکسازی لە سەرەوە دەست پێ بکات و پێیان خۆشە ئەم دنیا نوێ یە بدرێتە دەست خەڵکانێک کە بەمە بزانن ، وەک لەوەی ئەوە ببینن کە خەباتی لیبراڵانەی تاکە هوشیارەکان و خەڵکانی ئازادیخواز لە ئەنجامدا جیهانێکی نوێ بۆ خۆیان وەدەست دێنن . ئەوان زۆر دەربەستی پێوانەکانیانن بۆ رزگارکردنی نەتەوەکەیان لە چەقبەستوویی ، بەڵام کەمتر دەربەستی دیموکراسین . گەشتێک بەرجەستە دەکەن بەرەو بە پیشەسازی کردن ، بەرەو کەڵەکەبوونی سەرمایە ، بەرەو ژیانەوەی نیشتمانی. دەسەڵات پەیوەندییەکی راستەوخۆی بە لاوازی چینەکانی تر و نابووت بوونی سیاسیانەوە هەیە.

ئەمانە هەموویان وا دەکەن سەرمایەداری دەوڵەتی تۆتالیتار ئامانجێکی سەرنج راکێش بێت بۆ رۆشنبیران . وە لەراستیشدا ئەوان ئاڵا هەڵگری سەرەکی کۆمۆنیزمن لە نەتەوە تازە پێگەیشتووەکاندا . هەروەک پسپۆِرێک لە ئەمریکای لاتین دەنووسێت : " کۆمۆنیزم رەزامەندییەکی زۆر گەورەی بەدەستهێنا لە ئەمریکای لاتین لە نێوان خوێندکاران و چینی ناوەڕاستدا ". لە هیندستان ، لە کۆنگرەی حزبی کۆمۆنیست لە ئەمریتسار (ئازار و نیسانی1958) نزیکەی لە 67% نوێنەرەکان سەر بە چینی پڕۆلیتاریا و جوتیاران نەبوون ، بەڵکو لە (چینی ناوەڕاست ، خاوەن زەوییەکان ، بازرگانانی بچووک ) ؛ لە 72% ی لە پلەی زانکۆدا بوون.

 

6-بەلاڕێدابردنى شۆڕشى بەردەوام

بەپێی تیۆری یەکەی ترۆتسکی ئەو هێزانەی پێویستە رابەرایەتی شۆڕشە کرێکارییە سۆسیالیستیەکان بکەن ، لە کاتی ئامادە نەبوونی خودی شۆڕشگێڕدا، دەشێ پڕۆلیتاریا بە پێچەوانەوە ئاراستە بکەن ، واتە بەرەو سەرمایەداری دەوڵەتی ببەن. بە بەکارهێنانی ئەوەی لە جیهاندا بەکارە لە تیۆرییەکە و ئەوەی جێی گومانە (سەبارەت بەچالاکی خودی پڕۆلیتاریا) ، دەگەینە دەستەواژەیەکی بگۆڕ، کە لەبەر نەبوونی ناوێکی گونجاو ، دەکرێ پێی بڵێین "شۆڕشێکی بەردەوامی سۆسالیستی دەوڵەتی بەلاڕێدابراو."

هەرەسهێنانی رژێمی ستالینیستی لە رووسیا و ئەوروپای رۆژهەڵات ، گوزەری (چین)ەکەی ماوی بەرەو کۆت و بەندەکانی سەرمایەداری بازاڕ کێش کرد، پەرتبوونی نێودەوڵەتی بزووتنەوە ماوی و ستالینستیەکان رێیان بۆ گەشەکردنی شۆڕشێکی بەردەوام و راستەقینە ، هەروەک ترۆتسکی وەسفی کردووە ، خۆش کرد

 

ئێمە لەنێو بەئاگاهاتنەوەیەکی لەسەرخۆ و دوورو درێژی بزووتنەوەی چینی کرێکارین لە جیهانی سێهەمدا . ئەوەمان بینیوە چۆن چینی کرێکاران لە ئێران سەرقاڵی مانگرتنێکی گشتی بوون کە شوراکان (ئەنجومەنەکانی کرێکاران) رێکیان خستبوو وە لەئەنجامدا لەسەر کار لابردنی شای لێ کەوتەوە . بینیومانە چۆن چینی کرێکارانی ئەفریقای باشوور رژێمی ئاپارتایدیان لەناو برد. هەروەها سەرهەڵدانی چینی کرێکارانی چەکدار لە کۆریای باشوورمان بینیوە . هەروەها بەفراوانترین و جەماوەریترین مانگرتنی گشتیمان لە بەرازیل بەخۆوە دیوە.

بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو ستەم کارییەی کە دەیەکانی کۆنەپەرستی و ستالینیزم و فاشیزم بەجێیان هێشتووە ، پێویستمان بە ماوەیەکی دوورو درێژە . بەڵام رێگا لەبەر دەم شۆڕشی بەردەوام و راستەقینە واڵایە تا ئامانجەکانی خۆی بێنێـتە دی.