٤\١٢\٢٠١٢
بە بۆنەی
ناولێنانی سلێمانی بە پایتەختی رۆشنبیریی
لە لایەن بە ناو
پەرلەمانتارە کۆیلەکانی حیزب!

دارا ئەحمەد
چەند گوناهە.. چەند جێگەی شەرمەزارییە.. چەند بێ ویژدانییە بۆ
دەسەڵاتدارانی کوردستان؛ پارێزگایەک یان
شارێکی وەک
سلێمانی کە بەو تەمەنە کورتەیەوە هەر لە
سەرەتای دامەزرانیەوە تا کۆتاییەکانی سەدەی رابردوو - بە گوێرەی ئەو سەردەم
و هەرێمەکە - یەکێک بووە لە شارە گەشاوەکانی کوردستان، ئێستاش لە نێو
ئەو هەموو پێشکەوتنە تەکنەلۆژیی و زانستییەی ئێستای جیهان نەک هەر
خزمەتگوازرییەکی ئەوتۆی بۆ نەکراوە و (ئاو و کارەبا
و رێگەوبانێک)ی چاکی نییە تەنانەت پۆست و میترۆ ترافیکلایت و
دوو هۆڵی سینەما و شانۆ و مۆزەخانەیەکی چاک و شارستانییانەشی لێ نییە و
لە هیچ روویەکەوە بە شاران ناچێ و لە بورای
فەرهەنگیی و کۆمەڵایەتییشەوە - ئەگەر بەرەو
دواوە نەگەڕابێتەوە - هیچ داهێنان و
گەشەیەکی بەخۆوە نەدیتوە، کەچی بێی و لە نێو ئەو دابڕان و داوکەوتن و
هەژاریی و کۆلەوارییەیدا و بە بێ ئەوەی هیچ گرنگییەکی پێ بدەی و
دەرفەتێکی بۆ بڕەخسێنی و بە بێ دیارکردنی کاتیش ناوی لێ بنێی
پایتەختی
رۆشنبیریی*!!!!
هیچ ناوێک نەما سیاسەتبازان و دەسەڵاتدارانی
ئەو هەرێمە پێیەوە بە خەڵکی شارەکانی کوردستان رانەبوێرن: ئەوەتە هەر
رۆژە و بە ناوێک خەڵکی شارەکان بە تایبەتییش خەڵکە هەژار و
زەحمەتکێشەکان لە پێناو پتر سەپاندنی
دەسەڵاتە دژەمرۆییەکەیان لەخشتەدەبەن:
((هەولێر؛ لانکەی شارستانییەت و رێزگرتن و هەمەڕەنگیی.. شاری سەرڕاستیی
و خۆڕاگریی و هۆلاکۆبەزێن، شاری قەڵا و منارە و بەرخۆدان، شاری جوانیی
و پایتەختی گەشتیاریی، پایتەختی هەرێم!!!!! سلێمانی؛ شاری هەڵمەت و
قوربانی، شاری دەستپێشخەریی و خەبات، شاری شاعیران و ئەدەب و هونەر،
پایتەختی رۆشنبیریی!!!!! کەرکووک؛ شاری دێرین و مێژوویی، شاری گڕ و
بڵیسە و قوربانییدان،
قودس و دڵی کوردستان!!!!! دهۆک؛ شاری جوان و رەنگین، شاری دەلال
و خۆشتڤی، شاری قشت و قەشەنگ!!!!!))!
ئیدی کاتی ئەوەیە خەڵکی هەژار و رۆشنبیرە
مرۆڤپەروەرەکانی سەر بە بەرەی گەل و نیشتیمان ناوە راستییەکانی
هەموو شارەکانی کوردستان کە لە ژێر سایەی ئەو سیاسەتباز و
دەسەڵاتدارانە وایان بەسەر هاتووە بە ئاشکرا بۆ خەڵکی کوردستان و
تێکڕای جیهان رابگەیەنن کە ئەوانەن:
پایتەختی ترس و تۆقاندن و توندوتیژیی، شاری
بێ یاسا و بێ دادگە و دامەزراوە و دامودەزگەی
پێویست، شاری نەبوونی ئاسایش و سەرەوریی،
شاری تیرۆر و سەرکوتکردنی رۆژنامەنووسان و
بیرمەندان، شاری جوایەزیی رەگەزیی و ژنکوژیی، پایتەختی خۆپەرستیی و
شارچیێتی و ناوچەگەریی، شاری کۆلەواریی و هەژاریی، شاری ئاژاوە و
مەڵبەندی نەزانین و مندڵدانی بزووتنەوەی کۆنەپەرست و توندڕەوی ئیسلامیی،
پایتەختی سڕینەوەی هەستی سەربەخۆخوازیی نیشتمانیی و دامەزرانی دەوڵەت،
شاری چاولێسوورکردنەوە و ئەشکەنجەدان و نانبڕین و پەراوێزخستن و راونان
بەرەو هەندەران، پایتەختی دابونەریتی داڕزاو و دڕندەیی، شاری بنەماڵە و
خێڵ و تیرە و هۆز، شاری نەخوێندەواریی و بێ سینەما و مۆزەخانە و شانۆ و
سەرلەبەری فەرهەنگیی مرۆیی، شاری نێرینە و پیاوسالاریی، شاری رێزنەگرتن
لە منداڵ و پیر و گاڵتەکردن بە پەککەوتە و کەمئەندام و کەسانی نەخۆشیی
دەروونیی، شاری فەرامۆشکردنی ئەنفالکراوان و
کیمابارانکراوان و برینداران و تەواوی قوربانییان
و شۆرشگێڕە دێرن و راستەقینەکان و کەسوکارەکانیان، شاری سەرکوت و ستەم
و نەبوونی ئازادیی دەڕیڕن و تەواوی ئازادییەکانی دیکە و... هتد.
لە راستییدا پڕ بە پێستی خۆیەتی
بەو شێوەیەی خوارەوە ناو
لە سلێمانی و یەک بە یەکی شارەکانی دیکەی کوردستان
بنێین:
شاری بارزانی، شاری تاڵەبانی،
شاری نەوشێروان، شاری محەمەد فەرەج،
شاری عەلی باپیر، شاری حەمەی حاجی
مەحمود و شاری کۆنەپەرستە نێرسالار و ژنکوژ
و ستەمکار و دیکتاتۆرە چکۆڵەکانی دیکە،
ئەگەر شارەکانیش بەشی نەکرد ئەوە شارۆچکە و شارەدێیەکانیان بۆ بکەین بە
کۆمەڵە شارێکی دیکە، پاشانیش کە پیر دەبن و لەسەر قووتی میللەت
١٥ تا ٣٠ ساڵی دیکە بە
داودەرمانی گرانبەهای پێشکەوتووترین زانستی پزیشکیی جیهان درێژە بە
تەمەنی خۆیان دەدەن و دەمرن.. ئیدی وردە وردە ناوی ئەو نەوانەیان لێ
بنێین کە هەر لە منداڵییەوە وەک شازادەگەلێک پەروەردەیان دەکەن و
رایاندەهێنن بۆ ئەوەی لە پاش خۆیان دەسەڵاتی وڵات و شارەکان بگرنە
دەست.. ئیدی هەروا نەوە بە دوای نەوە ناوەکانیان بۆ بگۆڕین!
لە هەمووشی عەنتیکەتر و سەیروسەمەرەتر ئەوە بوو کە ''یەکێتیی نووسەران
/ لقی سلێمانی'' - کە پێویستە و دەبێ
یەکێتیی نووسەرانی هەر شار و وڵاتێک نەبنە هاوکار و جێبەجێکەری نەخشە و
پیلان و بەرنامە پووچ و دژەمرۆییەکانی دەسەڵات کە پێیانەوە بە خەڵک
رادەبوێرن - پیرۆزباییان لەو ناولێنانە
گاڵتەئامێز و بێ رێزییە کرد، کەچی وەک دەیبینین بە پێچەوانەوە
دەسەڵاتداران بەوپەڕی توندییەوە رێگەیان لە پێشکەوتن و گەشانەوەی
رۆشنبیریی و بوژانەوەی ژیان و گوزەرانی خەڵکی سلێمانی و هەموو شارەکانی
دیکەی کوردستان گرتووە و بە گوێرەی
هەبوونی ئەو هەموو
نەوت و سامانە
سروشتییانە و ئەو هەموو توانستە مرۆییەی
کە لە کوردستان هەیە خەڵکی کوردستانیان
لە نێو هەژاریی و دواکەوتن و کۆلەواریی راگرتووە..
ئەو ناولێنانانەشیان تەنیا و تەنیا گەندەلکاران و مشەخۆران تێیاندا
سوودەمەند دەبن!
ژێرەژوور بێ ئەو پەرلەمانەی کە پەرلەمانتارەکانی هەر رۆژە و بە فیتی
حیزبەکان بە شێوەیەک لە شێوەکان گاڵتە بە خەڵکی شارێک دەکەن و لە پێناو
لەدەستنەدانی (کاسبیی)ەکەیان
نقەیان لە خۆیان بڕیوە و هەر کاتێک سەرۆکی حیزبەکان پڕۆژەیەکی
بەرژەوندخوازانەیان بۆ خۆسەپاندنی خۆیان و
گەمژەکردنی میللەت دەخەنە بەردەستیان بێ سێ و دوو تەنیا کاریان دەست
بەرزکردنەوەیە بە (بەڵێ)! نەماندیت رۆژێک
لە رۆژان رووبەڕوویان ببنەوە و پێیان بڵێن: (نەخێر، با ئێمە پێش هەموو
شتێک یاساگەلێکی پێشکەوتوو و سەردەمییانە لە پێناو بەرژەوەندییەکانی
گەل دەربکەین و بە بێ دەستتێوەردانی سەرۆک و مەرۆکان حکومەت ناچار
بکەین جێبەجێیان بکەن تا ئازادییەکان
دەچەسپێن و ژیان و گوزەرانی میللەت دەبوژێتەوە و تێکڕای شارەکانی
کوردستان بە پێی ستانداردی جیهانیی لە رووە
فەرهەنگیی و کۆمەڵایەتییەکان دەگەشێنەوە، ئەنجا با میللەت
راپرسیی گشتیی ئەنجام بدەن و بە ئارەزووی خۆیان ناو لە شارەکانیان بنێن
نەک ئێمە بە بڕیارێکی سیاستبازانەی ئێوە و بە تەرخانکردنی بودجەیەک
- کە هەر خوێنی میللەتە - بۆ مشەخۆران و
گەندەڵکاران بڕیار لەسەر ناولێنانی شارەکان بدەین و گاڵتە بە
هاوڵاتیانی خۆمان بکەین.).
هیوادرین رۆشنبیرانی سلێمانی و هەموو شارەکانی دیکەی کوردستان ئەو
گاڵتەجاڕییەی پەرلەمانە بودەڵەکەی بارزانی و تاڵەبانی
ئەوانیدی پووچەڵ بکەنەوە و بە شێوەیەکی شارستانییانە
و سەردەمییانە ئەو گرفتە چارەسەر بکەن و نەهێڵن مشەخۆران و گەندەڵکاران
نان و رۆنی پێوە بخۆن.
___________________________________________
*
هەرچەندە هەڵبژاردنی پایتەختی رۆشنبیریی لە هەموو جیهان گەمەیەکی
سیاسەتبازانەی دەسەڵاتدارانە و بۆ لەخشتەبردنی میللەت ئەنجام دەدرێ،
بەڵام لە شوێنان جگە لەوەی پێش هەڵبژاردنی شارێک بە پایتەختی رۆشنبیریی
خزمەتێک بە بوژانەوەی شارەکە دەکەن بۆ ئەوەی کە هەڵیدەبژێرن رووی ئەوەی
هەبێ ناوی لێ بنێن پایتەختی رۆشنبیریی، هەروەها ئەو ''پایتەختی
رۆشنبیرییە'' کۆمەڵێک یاسا و رێسا و دامودەزگەی تایبەت بە خۆی هەیە و
ماوەی دیارکراویشی هەیە،
بۆ نموونە لەسەر ئاستی یەکێتیی ئەوروپا هەر ساڵە و شارێک یان چەند
شارێک لە وڵاتانی ئەوروپا دەبنە پایتەختی رۆشنبیریی ئەوروپا کە لە ساڵی
١٩٨٥ بە ئەسینای یۆنان دەستیپێکرد و لە ساڵی
٢٠١٢ەش (گیمارینگیس)ی (پرتوگاڵ) و (ماریبۆر)ی (سلۆڤینیا)،
هەروا لەسەر ئاستی وڵاتێکیش بۆ نموونە لە بەریتانیا شاری (دێری) لە
ساڵی ٢٠١٣ بۆ ماوەی چوار ساڵ دەبێتە پایتەختی
رۆشنبیریی و
بۆ ساڵی ٢٠١٧ش شارێکی دیکە
هەڵدەبژێرن، بەڵام
ئێمە لە سایەی ئەو دەسەڵاتە
کۆلەوار و پەرپووتەی خۆمان هێچ شتێکمان بە هیچ شتێکی جیهان ناچێ!
ماڵپهڕی دارا ئهحمهد
|