په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٦\٤\٢٠١٥

بە بۆنەی رۆژی جیهانیی

ھۆشیاکردنەوە لە مین و پشتگیرییکردنی کاروباری مین.

 


لە رۆژی ٨ی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٠٥دا، کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بریاڕیدا رۆژی ٤/٤ بکاتە رۆژێکی جیهانیی بۆ “ھۆشیارکردنەوە لە مین و پشتگیرییکردنی کاروباری مین” بۆ یەکەمین جار لە ٤/٤/٢٠٠٦دا، لەلایەن رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و زۆربەی ئەو وڵاتانەی کە گیرۆدەی کێشەی مین و تەقەمەنی بوون، یادی ئەو رۆژە کرایەوە.

لەو کاتەوە ھەموو ساڵێک لەم رۆژەدا لە ئاستی حکومەت و رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە ناحکومییەکان بە ئەنجامدانی چەند چالاکییەک یادی ئەو رۆژە دەکەنەوە.

لەم رۆژەدا دەزگای گشتی کاروباری مین، پیرۆزبایی لە سەرجەم پیشەگەرانی کاروباری مین لە سەرتاسەری جیھان بە گشتی و لە ھەرێمی کوردستان بەتایبەتی دەکات.

ئەمساڵ لە کاتێکدا ئەم یادە دەکەینەوە کە رووبەرووی شەڕێکی نەخوازراو لەگەڵ تیرۆریستان بووینەتەوە. لەو شەڕەدا ھەر لە سەرەتای پەلاماری تیرۆریستیی دوژمنانی کوردستان بۆ سەر ئارامی و سەقامگیری ھەرێمەکەمان، دەزگای گشتی کاروباری مین شانبەشانی ھێزەکانی پێشمەرگە لە بەرەکانی شەڕەوە بە پوچەڵکردنەوەی تەقەمەنی و بۆمبی چێنراو، بەشداری راستەوخۆی لە ھەڵمەتی پاراستنی ھەرێمی کوردستان کردووە و لەم پێناوەشدا چەندین شەھیدی داوە.

دەزگای گشتی کاروباری مین لە سەرەتای دامەزراندنیەوە تا ئێستا، بە بەردەوامی لە پێناو رزگارکردنی کوردستان لە مەترسی مین و تەقەمەنی و پاراستنی ژیانی ھاووڵاتیان کاری کردووە. سەرەڕای ھەوڵی کارمەندە ماندوونەناسەکانمان، لە تێکڕای ٧٧٦کم٢ ڕووبەری مینرێژکراوی خاکی کوردستان، نزیکەی ٢٥٠کم٢ ماوە کە پاکبکرێتەوە.

وەکو دەزگای گشتی کاروباری مین بەڵێن بۆ جەماوەری گەلەکەمان دووپات دەکەینەوە کە بەردەوام دەبین لەسەر خەباتکردن و قوربانیدان تا ئەو کاتەی دوامەتر چوارگۆشەی خاکی کوردستان لە پاشماوەی مین و تەقەمەنی دوژمنانی کوردستان پاک دەکەینەوە.

دیارە چالاکیەکانی دەزگاکەمان ھۆکارێکی سەرەکین نەک تەنیا بۆ ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکەمان و پاراستنی ژیانی ھاووڵاتیان، بەڵکو بەشێکی کاریگەرن لە ھەڵمەتی بوژراندنەوەی ژێرخانی ئابووریی کوردستان و بەرەوپێشبردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی ئاوەدانکردنەوە، نیشتەجێبوون، کەرتەکانی کارەبا، ئاو و نەوت…ھتد.

سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاراستەی حکوومەت و پەرلەمانی کوردستان دەکەین کە وێڕای ھەلومەرجی ئابووریی کوردستان بەردەوامن لە پشتگیرکردنی بەرنامەی کاروباری مین لە ھەرێمی کوردستاندا. داواکارین حکوومەتی عێراقی فیدراڵ ئەرکی سەرشانی خۆی جێبەجێ بکات و پشتگیریی مادیی و مەعنەویی بەرنامەی مین لە کوردستان بکات بەو پێیەی کێشەی مین و تەقەمەنی دروستکراوی سیاسەتی شۆڤێنیانە و کاولکارییانەی حکوومەتەکانی ناوەندی عێراق بووە لەلایەک و لەلایەکی دیکەشەوە بڕگەکانی رێککەوتنامەی نێودەوڵەتیی ئوتاوا بۆ قەدەغەکردنی مینی دژە کەسیی، حکوومەتی ناوەندی عێراقی فیدراڵی پابەند کردووە بەلەناوبردنی سەرجەم مینە دژە کەسییەکان لەلایەن سوپای پێشووی عێراقەوە.

لە کۆتاییدا، درود و سڵاو بۆ شەھیدانی رێگای رزگاری و سەرفرازی کوردستان بەتایبەت شەھیدانی کاروباری مین دەنێرین و ھیوای چاکبوونەوە بۆ سەرجەم بریندارەکان دەخوازین.
 


راگەیاندنی دەزگای گشتیی کاروباری مین
٤\٤\٢٠١٥

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک