٥\٦\٢٠٢٢
بە بۆنەی رۆژی
جیهانیی منداڵانەوە.
عەلی حەمەڕەشید
منداڵە خۆشەویستەکان، هاوڕێ
ئێسک سووک و گوڵڕووەکانم.
ئای
کە ئەم ژیانە بە ئێوەوە جوان و رەنگین و ڕازاوەیە، ئێوە پڕن لە هەموو
جوانییەکان، بناغە دانەری کۆمەڵگەن، رووناکییەکی خۆر ئاسای نەکوژاوەن
بۆ شانۆی ژیان. چەندە سەرنجڕاکێشە کە دەبینین بە پەنجە نەرم و ناسک و
وردیلەکانتان تابلۆی دڵگیری سروشتی کوردستان دەکێشن، بە کەمانچە و
پیانۆ و گیتار ئاوازی خۆش خۆش لێدەدەن، لەسەر پەڕاوەکانی بەردەستتان بە
وشەی گوڵ هەناری هیوا و حەز و خەون و ئەندێشەکانی ناختان وێنا دەکەن بە
راستیی و راستگۆیی. چەندە خۆشە لە رۆژی جیهانیی منداڵانیشدا ئێوەی
منداڵانی کوردیش وەکو منداڵانی جیهان خەونەکانتان باڵاتر و گوڵی
هیواکانتان گەشاوەتر و خۆشییەکانتان بێسنوورتر بێ. چونکە پتر هەست بە
بوونی خۆتان و رۆژی خۆتان و جیهانە رەنگاڵەییەکەی خۆتان دەکەن. خونچەی
لێوەکانتان بە نمەی زەردەخەنە و دڵە بچکۆلەکانیشتان بە شنەی شادیی پتر
دەگەشێتەوە.. پیرۆزە ئەو رۆژە لە ئێوە.
ئەم هۆنراوەیەش دەکەم بە دیاریی بۆ سەرجەم منداڵان:
رۆژی خەون و جوانی.
وا رۆژی منداڵانە
گشت دڵخۆشین بە جارێ
نم نم بارانی شادی
بە رووماندا دەبارێ.
*
* *
ئاهەنگ و فیستیڤاڵی
مۆزیک و گۆرانییە
چونکە جیهانی ئێمە
پڕ لە خەون و جوانییە.
*
* *
خۆشیی وەکو شنەی با
دڵی کردووین بە هەوار
گۆرانی بۆ ژین دەڵێین
ئێمەی ژیکەڵە و نازدار.
*
* *
بە دەنگی ناسک و خۆش
دەکەوینە گفتوگۆ
خۆزگەکانمان دەردەبڕین
بە هێمنیی و لەسەرخۆ.
ماڵپەڕی عەلی
حەمەڕەشید
|