٢٥\٦\٢٠٢٤
بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی پەنابەرانەوە
فیدراسیۆن ئاماری شەش مانگی ڕابردوو بڵاودەکاتەوە.
بەپێی ئاماری فەرمی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران
کۆی گشتی ئەوکەسانەی بەهۆی نائارامی و پشێوی سیاسی و جەنگ و کێشەی
ئاینیەوە بەناچاری ئاوارەو پەنابەربوون تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣ گەیشتە
١١٧ملیۆن و ٣٠٠ هەزار کەس هەروەها بەپێی ئاماری هەمان ڕێکخراو دەڵێت
بەپێی چاودێریمان لە ماوەی ٤ مانگی سەرەتایی ئەم ساڵدا بەهۆی
ئاوارەبونی پەنابەربوونی خەڵکانێکی زۆر ژمارەکە ١٢٠ ملیۆنی تێپەڕاندووە
لە کاتێکدا تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢ ژمارەکە ١١٠ ملیۆن کەس بوە واتا
لەماوەی ساڵێکدا لە ١٠% زیادی کردووە ، هەروەها بەپێی ئاماری فەرمی
هەمان ڕێکخراو لە ١،٥% لە کۆی دانیشتوانی سەر زەوی ئاوارەو پەنابەرن وە
لە کۆی ٦٩ کەس لە دانیشتوانی سەر زەوی یەک کەس پەنابەرو ئاوارەیە لە
کاتێکدا لە ساڵی پار لە هەمانکاتدا لە کۆی ٧٤ کەسدا یەک کەس ئاوارەو
پەنابەر بوو وە لەماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا لە کۆی ١٢٥ کەس یەک کەس
ئاوارەو پەنابەربوون واتا ڕێژەکە نزیکی نیواو نیو زیادی کردووە.
ژمارەی ئەو کەسانەی لەناوخۆی ووڵاتەکانیان ئاوارەبوون تا کۆتایی ساڵی
٢٠٢٣:
بریتیە لە ٦٨ملیۆن و ٣٠٠ هەزار کەس کە ٩ملیۆن و ١٠٠ هەزار کەسیان
سۆدانین بەپلەی یەکەم دواتر سوری بەپلەی دووەم بە ٧ملیۆن و ٢٠٠ هەزار
دواتر کۆماری کۆنگۆی دیموکراتی بەپلەی سێیەم بەژمارە ٦ ملیۆن و ٧٠٠
هەزار کەس ، ئەمە لەکاتێکدا لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢دا ژمارەی ئەو کەسانەی
بەناچاری لە ناو خۆی ووڵاتەکانیان ئاوارەببون بریتیبوو لە ٦٢ملیۆن و
٥٠٠ هەزار کەس وە لە کۆی ١١٧ملیۆن و ٣٠٠ هەزار ئاوارەو پەنابەر
لەسەراسەری جیهاندا ٥٨% ئاوارەی ناوخۆی ووڵاتەکانیانن.
ژمارەی ئەو ئاوارەو پەنابەرانەی گەڕاونەتەوە ووڵات و ناوچەکانیان بەم
شێوەیەیە:
ئاوارە: ٥ملیۆن و ١٠٠ هەزار ئاوارەی ناوخۆ گەڕاونەتەوە ناوچەکانیان کە
لەو ژمارەیە لە٦٢% پێک دێن لە کۆماری کۆنگۆی دیموکراتی بە یەک ملیۆن و
٨٠٠ هەزار ئاوارە ئۆکرانیا بە یەک ملیۆن و ٣٠٠ هەزار ئاوارە .
پەنابەر: یەك ملیۆن و ١٠٠ هەزار پەنابەری ٣٩ ووڵات لە ٩٣ ووڵاتەوە
گەڕاونەتەوە ووڵاتەکانیان ، بەڵام ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ
کاروباری پەنابەران سەبارەت بە گەڕانەوەی ئەو پەنابەرو ئاوارانە بۆ
ووڵات و ناوچەکانیان دڵگرانەو دەڵێن ناوچەو ووڵاتەکانیان هێشتا ئارام
نیەو گەڕانەوەیان مەترسی لەسەر ژیانیان دروست دەکات و مانەوەیان درێژە
ناکؽشێت.
بەپێی ئاماری هەمان ڕێکخراو زۆرترین ئەو کەسانەی ڕوو لە ژیانی
پەنابەرێتی دەکەن لەسەراسەری جیهاندا:
بریتین لە پەنابەرانی سوری و ئەفغانی لە پلەی یەکەمدا بەڗێژەی ٦ملیۆن
و٤٠٠ هەزار بۆ هەریەکەیان کە یەك لەسەر سێی پەنابەران پێک دەهێنن دواتر
پەنابەرانی فەنزویلا بەپلەی دووەم بەڕێژەی ٦ملیۆن و ١٠٠ هەزار وە لە
پلەی سێیەم پەنابەرانی ئۆکرانی بەڕێژەی ٦ ملیۆن پەنابەر.
ژمارەی ئەو پەنابەرانەی تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣ ڕەوانەی ووڵاتانی سێیەم
کراون :
بریتیە لە ١٥٨هەزارو ٧٠٠ پەنابەر کە ڕێژەکە لەئاست ساڵی ٢٠٢٢دا بە
ڕێژەی ٣٥% زیادی کردووە بەڵام ڕێکخراوەکە دەڵێت هێشتا دوو ملیۆن
پەنابەر پێویستیان بەوەیە ڕەوانەی ووڵاتانی سێیەم بکرێن ، هەروەها ئەو
پەنابەرانەی ڕەوانەی ووڵاتانی سێیەم دەکرێن لەڕێگای هەمان ڕێکخراوەوە
لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣ دا ٣٠ هەزارو ٨٠٠ پەنابەر بونەتە خاوەن ڕەگەزنامەی
ئەو ووڵاتانەی بۆی نێردراون و سەقامگیربوون .
ئاماری فەرمی ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی ئۆم لەماوەی شەش مانگی سەرەتایی
ئەم ساڵەوە:
دووهەزارو ٥٦ پەنابەر بۆ گەیشتن بە ووڵاتانی ئەوروپا ژیانیان
لەدەستداوە ئەم ژمارەیەش لەئاست ساڵی پاردا لە هەمانکاتدا نزیکی دوو
هێندە زیادی کردووە .
لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣دا ژمارەکە بەرزبۆتەوە بۆ ٦٥هەزارو ٤٠٠ پەنابەر کە
زۆرینەیان لەدەریایی سپی ناوەڕاست ژیانیان لەدەست دابوو کە بریتیە لە
٢٣هەزارو ٥٢٤ پەنابەر وە ئەو پەنابەرانەشی ژیانیان لەدەست داوەو
تەرمەکانیان نەدۆزراوەتەوە بریتیە لە ٢٧هەزارو ١١٧ پەنابەر.
بەپێی ئاماری هەمان ڕێکخراو خوێناویترین ساڵ بۆ پەنابەران لەساڵی
٢٠٢٣دابوو :
کە زیاتر لە هەشت هەزار پەنابەر ژیانیان لەدەست دابوو.
ئامارەکانی تورکیا:
بەپێی ئاماری فەرمی سەرۆکایەتی کۆچ و کۆچبەرانی تورکیا لەڕێکەوتی
١/١/٢٠٢٤ تا ڕێکەوتی ٦/٦/٢٠٢٤ ژمارەی ئەو پەنابەرانەی لەسنورە ووشکانی
ئاویەکانی تورکیا دەستگیرکراون بریتیە لە ٩٥هەزارو ٨٢٧ پەنابەر کە
ڕێژەکە لەئاست ساڵی پار لە هەمانکاتدا زۆر زیادی کردووە کە بریتی بوو
لە ٦٣ هەزارو ٤٥٨ پەنابەر هۆکارەکەش دەگەڕێتەوە بۆ توندوتوڵکردنی
سنورەکان لەلایەن تورکیاوە بە هاوبەشی لەگەڵ یۆنان .
ژمارەی دەستگیرکراوانی پەنابەرانی هەرێمی کوردستان و عێراق لەو ژمارەیە
بریتیە لە ٣هەزارو ٢٥٥ پەنابەر کە ژمارەکە زۆر زیادی کردووە لەئاست
ساڵی پاردا لە هەمانکاتدا کە بریتی بوو لە ٢هەزارو ٣١٠ پەنابەر کە پلەی
حەوتەمی پەنابەرە دەستگیرکراوەکاندان.
پەنابەرانی ئەفغانی لەپلەی یەکەمی دەستگیرکراوەکاندان بە ژمارە ٣٠
هەزارو ٢٤٧ پەنابەر .
پەنابەرانی سوری لە پلەی دووەمدان بەژمارە ١٩هەزارو ٨٠ پەنابەر .
پەنابەرانی تورکمانستان لەپلەی سێیەمدان بەژمارە ٦هەزارو ٤٩٠ پەنابەر .
سەبارەت بە ئاماری ئەو پەنابەرانەی لەسنورەکانی تورکیا ژیانیان
لەدەستداوە لەڕێکەوتی ١/١/٢٠٢٤:
تاڕێکەوتی ٦/٦/٢٠٢٤ بریتیە لە ٧٩ پەنابەر خۆش بەختانە ژمارەکە زۆر کەمی
کردووە لە ئاست ساڵی پاردا لە هەمان کاتدا کە بریتی بوو لە ژیان
لەدەستدانی ١١٧ پەنابەر .
سەبارەت بە ئاماری دەستگیرکردنی ئەو قاچاخچیانەی بازرگانی بەژیانی
پەنابەرانەوە دەکەن لە ڕێکەوتی ١/١/٢٠٢٤ تا ڕێکەوتی ٦/٦/٢٠٢٤ :
بریتیە لە ٥هەزارو ٤٥٨ قاچاخچی کە ژمارەکە زۆر زیادی کردووە لە ئاست
ساڵی پار لە هامانکاتدا کە بریتی بوو لە ٣هەزارو ١٧٨ قاچاخچی .
فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی
١٩\٦\٢٠٢٤
-----------------------------------------------------------------------------------------------------------
راگەیاندنی فیدراسیۆن بە بۆنەی رۆژی جیهانیی
پەنابەرانەوە.
ئێمە دەتوانین لە لووتکەی بزوتنەوەیەکی مرۆڤدۆستانەی گەورەدا
دژ بە شەڕو میلیتاریزم و تاوانکاری و ڕەگەزپەرستیڕاوەستین و پێکەو
ژیانێکی ئارام و ئاسودە مسۆگەر بکەین.
٢٠ی حوزەیزان ڕۆژی جیهانی پەنابەرانە که له لایەن ڕێکخراوی نه ته وه یه
کگرتووه کانەوە لەساڵی ١٩٥١ەوە به فه رمی دانی پێدانراوە ، بەلام هەر
ئەو دەوڵەتانەی لەریزبەندی ئیمزاکەرانی ئەم بەڵیننامەیەدا بوون نەك هەر
رۆژبەرۆژ پاشەکشە لە بەندەکانی ئەم بەلیننامەیە دەکەن، بەڵکو بەکردەوە
یاساکانی پەنابەرییان بەجۆرێك گۆڕیوە کە سەرتاپا ناکۆکە لەگەڵ ناوەرۆك
وبنەماکانی ئەو بڕیارنامەیە.
نوقومکردنی بەلەمی پەنابەران لەلایەن هێزی پاسەوانی دەریایی هەندێ
ووڵاتەوە، کۆنترۆڵکردن و تەلبەندکردنی سنورەکان و دورگەکان، سیاسەتی
هێشتنەوە لە کەمپ و زیندانیکردنی پەنابەران لە گرتووخانەدەستبەسەرەکان
وڕاگرتنیان لە ژێر خێمەو خانوە پلاستیەکیەکان، دەرکردنی یاسای
گواستنەوەی پەنابەران بۆ دورگە دورەدەستەکان، لێسەندنەوەی مافی کارو
بیمە کۆمەڵایەتی و تەندروستیەکان، دوورخستنەوەیان لە سەنتەری شارەکان و
جێگیرکردنیان لە شوێنە سەربازی و لە نێو کەشتیەکان و ته نانه ت وەك
تاوانبار مامه ڵه کردنیان، ڕێکەوتننامە لەگەل ئەو حکومەتە
سەرکوتگەرانەی پەنابەران لەدەستیان هەڵدین تا بەزۆرەملی دیپۆرتیان
بکەنەوە، تا دەگاتە پەرەدان بە ڕەگەزپەرستی و جیاکاری و سوکایەتیکردن
بە پەنابەران و ناوزەدکردنیان وەکو سەرچاوەی هەرچی کاری خراپە لەو
ووڵاتانەدا ئەنجام دەدرێن و تاد... ئەمانە هەموو سنورەکانی دوو ڕوویی و
تاوانکارییان تێپەڕاندووە کە دەوڵەتانی ڕۆژئاوا لەژێر سایەی دیموکراسی
و مافی مرۆڤدا بە دڕندانەترین شێوە دەستی بۆدەبەن.. ئەمڕۆ تەنانەت
ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و یاسا نیودەوڵەتیەکانی هیچ شەرعیەتێکیان
نەماوە کاتیك کە قازانج و بەرژەوەندیەکانی دەولەتانی بەشدار دەکەوێتە
مەترسیەوە.
ئەمساڵ ڕۆژی جیهانی پەنابەران لە دۆخێکدا بەرپادەکرێت کە بە پێش چاوی
جیهانەوە شەڕو کۆمەڵکوژی و کاولکاری و ئاوارەیی و دەربەدەری و
بێخانەولانەیی ژیانی سەدان ملیۆن لە ئینسانی کۆمەلگای بەشەری ڕووبەڕووی
کارەسات کردۆتەوە. ڕاسیزم،فاشیزم، نەتەوەپەرستی و سەرکوتی سیاسی بووەتە
سیمای دەوڵەت و بزوتنەوە بۆرژواییەکان لەسەراسەری دونیادا. بەهۆی
کێشمەکێش و شەڕی دەوڵەت و هێزە بۆرژوازیەکانەوە، دەیان ملیۆن ئینسان
ناچارکراون کە ماڵوحاڵیان بەجێ بهێڵن و لەناو خۆی ووڵاتەکانی خۆیاندا
ژیانی ئاوارەیی بەسەر بەرن یاخود سەری خۆیان هەڵگرن بەرەو ووڵاتانی
رۆژئاوا بەمەبەستی دەست ڕاگەیشتن بەئارامی و ئاسایش و ژیانێکی شایستەی
مرۆڤ.
بۆرژوازی رۆژئاوا و دەوڵەتەکانیان کە بانگەشەی مافی مرۆڤ و دیموکراسی
دەکەن، نەك هەر بەشێکن لە خوڵقێنەرانی ئەو دۆخە نائارام و کاولکارییەی
کە ڕووبەڕووی بەشێکی خەڵکی دونیا بۆەتەوە،ئەم دۆخەی کە بوەتە هۆی
ئاوارەیی و ناچاربوون بە هەڵبژاردنی ژیانی پەنابەری لەلایەن خەڵکی
ناوچە جەنگ زەدەکانەوە، بەڵکو لەناوخۆی وولاتەکانیشیاندا هەوڵی ئەوە
دەدەن کە ئەو قەیرانە ئابووریەی ڕووبەڕووی سیستەمەکەیان بۆتەوە و
خەریکن قورساییەکەی بەسەر خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشدا بشکێننەوە، لە
هەژاری و بێکاری و برسێتی و گرانی و نەهێشتنی خزمەتگوزاریە گشتی و
کۆمەڵایەتیەکان، بە پاساوی فشاری پەنابەران پینە بکەن، تا بەوجۆرە
جەماوەری بێبەشی ووڵاتەکانی خۆیان چەواشە بکەن و لەجیاتی ئەوەی ڕووی
ناڕەزایەتیەکانیان بکەنە بۆرژوازی و دەسەڵاتەکان، دژایەتی و نەفرەت لە
پەنابەران وەکو سەرچاوەی ئەو نەهامەتیانە لەناو خەڵکی بێبەشدا پەرە و
ڕەواجن پێبدەن،بۆرژوازی رۆژئاوا بە هوشیاریەوە پەرە بە ڕاسیزم و
رەگەزپەرستی و دژە پەنابەری دەدات.
بەمجۆرە ئەو خەڵکەی کە قوربانی چەندین ساڵەی شەڕو خوێنڕشتن و
میلیتاریزم وسەرکوتی دەوڵەتانی بۆرژوازین، کە لەسەروو هەموویانەوە
دەوڵەتانی ئیمپریالیستی ئەمریکاو ووڵاتانی ئەوروپاو روسیا وەستاون،
لەلایەن هەمان ئەو دەوڵەتانەوە وەکو سەرچاوەی بێکاری و تاوان و
نائارامکردنی کۆمەڵگاکان ناوزەد دەکرێن.
هەربۆیە خەبات و تێکۆشان بۆ بەدەستهێنانی مافی مانەوە و هەلبژاردنی
شۆێنی نیشتەجێبوون و ژیانکردن و بەهرەمەندبوون لە بارودۆخێکی ئارام بۆ
هەر ئینسانێك کە لەدەست سەرکوت و شەڕو و برسێتی هەڵهاتووە، بووە بە
خەباتێکى ڕەوا و هەقخوازانە و ئەرکی سەرشانی هەر ئینسانێکی ئازادیخواز
و مرۆڤدۆستە لەسەراسەری جیهان کە بەرگری لێبکات.
فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی لە رۆژی جیهانی پەنابەراندا
ڕایدەگەیەنیت کە لەبەرەی خەڵکی موتەمەدین و ئازادیخوازی جیهان
ڕاوەستاوە بۆ کۆتایهینان بە شەڕو ملیتاریزم وکۆمەڵکوژی و سەرکوت و
تاوانکاری و کارەساتە مرۆییەکان، بەدژی جیاکاری و ئینسانکوژی، بۆ
برایەتی وئینسانیەت، پێکەوە ژیان و هاوپشتی مرۆیی، بەدەر لەجیاوازی
جوگرافی، ڕەگەزی وئاینی..هاوکات لە ڕیزی پێشەوەی هەموو ئەو هەوڵانەوە
جێگا دەگرێ کە مافی نیشتەجێبوون وەکو مافێکی ئاسایی و سەرەتایی مرۆڤ
دەناسێنێت و بۆ بەرگری لە مافی پەنابەری هەموو ئەو مرۆڤانەی کە لەدەست
ستەم و زوڵم و شەڕ و نائارامی بۆ ژیانێکی ئارام و شایستە ماڵوحاڵی
خۆیان جێدەهێڵن، لێبڕاوانە تێدەکۆشێت.
نا بۆ شەر..
نا بۆ ناردنەوەی پەنابەران..
نا بۆ رەگەزپەرستیی و کۆنەپەرستیی.
Dashty Jamal
Secretary
International Federation of Iraqi Refugees-IFIR
Tel:07856032991 Fax:08712664391
www.federationifir.com
www.csdiraq.com
فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی
١٨\٦\٢٠٢٤
|