په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٧\١١\٢٠١٢

بە ‌بۆنەی (رۆژی جیهانیی منداڵان)ەوە.


رەزا ساڵح         


کوردیلە چاوگەش و روحسووکەکانی ئەمڕۆمان، نەوەی داھاتووی کوردستانن.. ئەمانن کە دەبنە رابەر و سەرکردە و کاربەدەستانی داھاتووی کوردستان.. ئەگەر بە راستی و بە دروستی گۆش و پەروەردەیان بکەین.. رەنج بێوەر نابین و دەتوانن ھیوا و ئاوات و خەونەکانمان بھێننەدی و، داھاتوویەکی گەشتر و، ژیانێکی شیاوتر بۆ کورد و کوردستان دابین بکەن.

قۆناخی منداڵی، خۆشترین و گرنگترین و ناسکترین قۆناخەکانی ژیانی مرۆڤە.. قۆناخی دەروون پاکی و خۆشی و شادییە.. لە رادەی لە بەرچاوگرتن و بایەخدان بەم قۆناخە ھەستیارە، دەتوانین پێشبینی لە داھاتووی ھەر گەل و نیشتمانێک بکەین.. پسپۆرانیش ‌لە بەرچاوگرتنی قۆناخی منداڵی زۆر بە گرنگ دەزانن.

منداڵان سێیەکی دانیشتوانی جیھان پێک دەھێنن.. جیھانیش بەبێ منداڵان، جیھانێکی بێ تام و بێ ژیانە.. چونکە ئەم منداڵانەی ئەمڕۆن، دەبنە مرۆڤی داھاتوو و، درێژە بە ژیان و مان و داھێنان دەدەن.

لەم روانگەیەوە، لەسەر ئاستی جیھانیدا ، بایەخدان بە گەشەکردنی منداڵان بە پێویستییەکی گرنگ و بە ستراتیژییەکی باڵا ھەژماردەکرێ بۆ بەرنگاربوونەوەی ھەژاری و جیاوازییە کۆمەڵایەتییەکان.. تا لە سەرەتاوە ھۆکارەکانی ئەم دیاردانە چارەسەر و بنبڕبکرێن و.. نەوەیەکی تەندروستی کارا و ئەکتیڤ و داھێنەر و بەرھەمھێنەر بێننە کایەوە.

لە پێناوی چاوە گەشەکانی منداڵاندا، لە پێشەکییەکەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، دەربارەی منداڵ ئاماژە بەوە کراوە کە:"بۆ ھێنانەدیی خۆشی بۆ منداڵەکانمان، ئارەزووەکانمان بەش دەکەین، کە زیاتر لە ھەموو ھیوایەکی تر، ھیوای سەرجەم مرۆڤی پێوە بەندە".

ئەوەبوو کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ساڵی (١٩٥٤)دا، لە بڕیاری ژمارە (٨٣٦) لە بەندی (٩ ـ د)دا، ئەوەی راسپارد، دەبێ ھەموو وڵاتانی جیھان ، رۆژێکی جیھانی بۆ منداڵان سازبکەن.. لەم رۆژەدا ئاھەنگ بگێڕن.. بەوەی کە رۆژێکە بۆ برایەتی و لەیەکگەیشتن لە نێوان منداڵاندا لەسەر ئاستی جیھاندا.. بۆ کارکردنیش بۆ خۆشکردنی خۆشی و شادی منداڵان لە جیھاندا. لە پێش و لە دوای ئەم بڕیارەشدا، چەند بڕیار و پرۆتۆکۆلێکی نێودەوڵەتی تر دەربارەی مافەکانی منداڵان و چاودێری کردن و پاراستنیان دەرکران.

رێکەوتننامەی مافەکانی منداڵیش کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بە بڕیاری ژمارە (٤٤/٢٥) لە بەرواری (٢٠ی/ نۆڤەمبەر/ ی ١٩٨٩)دا دەرچووە..


جەختی لەسەر رۆژی جیھانی منداڵان کردووە و.. رۆژی (٢٠ی/ نۆڤەمبەری) ھەموو ساڵێکی بە (رۆژی جیھانی منداڵان ) دیاری کردووە.. چەسپاندنی ئەم رۆژەش بەشێک بوو لە ھەوڵ و کارنامەی رێکخراوی یۆنیسیڤ.


بەڵام لە ھەندێ لە وڵاتانی جیھان(١ی/ یونیۆ)ی ھەموو ساڵێکیان کردووە بە رۆژی جیھانی منداڵان، بە تایبتیش لە کۆمارەکانی یەکێتی سۆڤیەتی ھەڵوەشاوە.

رۆژی جیھانی منداڵان، ئەو رۆژەیە کە ھەموو منداڵانی جیھان ئاھەنگی تێدا دەگێڕن بەوەی کە رۆژی برایەتی و یەکترناسینە.. یادی بڕیاردانە لە مافەکانیان. لەم بۆنەیەدا منداڵان جلوبەرگی جوان لەبەردەکەن و، بە بۆیەی رەنگاوڕەنگیش دەموچاویان جوان دەنەخشێنن.. لە قوتابخانەکانیشدا ئاھەنگ و بەزم سازدەکەن.

رۆژی سێ شەممە (٢٠/١١/٢٠١٢) کە ( رۆژی جیھانی منداڵان )ـە، یادی (بیست و سێیەمین) ساڵڕۆژی راگەیاندنی رێکەوتننامەی مافەکانی منداڵە.

رۆژی جیھانی منداڵان، بۆنەیەکی لەبارە بۆ دووبارە چەخت کردنەوە لەسەر جێبەجێکردنی مافەکانی منداڵان .. گرنگترین ئەو مافانەش ، مافی ژیان و، دابین کردنی خۆراک و جێی حەوانەوە و حەسانەوە و، مافی خوێندن و، چارەسەری پزیشکی و، یاری کردن و، پاراستنی و، رێزگرتن لە بیروڕا و بۆچوونەکانی و، دابین کردنی پێداویستییەکانی و، زەمینە رەخساندن بۆ گەشەکردنی بەھرە و ئارەزووەکانی.. جیاوازی نەکردنیش لە نێوانیاندا بە ھۆی رەگەز و رەچەڵەک و رەنگی پێستەوە.. بەر لە ھەموو شتێکیش بەخشینی خۆشەویستی و سۆز و دڵنیایی و ئاسوودەیی و تەبایی، لە نێو خێزان و کومەڵگا و نیشتمانەکەیدا.. ھەروەھا (رۆژی جیھانی منداڵان) بۆنەیەکە بۆ وەبیرھێنانەوەی حکوومەتەکان و، پێبەندبوونیان ‌بە بەڵێنەکانیان دەربارەی جێبەجێکردنی مافەکانی منداڵ.

منداڵان لە ھەر شوێنێکی جیھاندا بن، بەبێ جیاوازی، بەبێ ئەوەی داوای کەمترین ئەرکیان لێ بکرێ، مافیان ھەیە.. ئەگەر مافەکانیان بۆ دابین بکرێن.. بە دڵنیاییەوە لە داھاتوودا، گەل و نیشتمانەکانیان لە سایەیاندا دەحەسێنەوە و لە بەری رەنجیان دەخۆن.. دەبنە مایەی رێز و شانازی بۆیان .. ھەمووشمان ھیوادار و خوازیاری ئەم ئاکامە باشەین لە منداڵەکانمان .. کە دەبنە نەوەی دھاتوومان .. دەبێ لە ئەمڕۆدا کار بۆ ئەو ئاکام و داھاتووە خوازراوە بکەین.

ئەگەرچی ( ٢٣ ) ساڵ بەسەر راگەیاندنی جاڕنامەی مافەکانی منداڵدا تێ دەپەڕێ و چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە .. بەڵام بەداخەوە تا ئەمڕۆش لە گەلێ شوێنی جیھاندا ، بارودۆخی منداڵان تا دێت خراپتر دەبێت .. ژمارەی ئەو منداڵانەی کە بە ھۆی شەڕ و ئاژاوەوە دەکوژرێن ، لە زیادبووندایە .. منداڵانێکی زۆریش کە تەمەنیان لە ھەژدە ساڵ کەمترە ، چەکیان پێ ھەڵگرتوون و بۆ شەڕ و کوشتار دەیان نێرن .. تا ئەمڕۆش بە ھۆی ھەژاری و نەبوونییەوە ، بە ملیۆنان منداڵ بە ناچاری ئیش دەکەن و زۆربەیان لە خوێندن دابڕاون .. ئەم منداڵانە تامی خۆشی و شادی نازانن و.. بە کوێرەوەری و ھەناسەساردی دەژین.. تا دێش جیاوازی لە نێوان منداڵانی ھەبوو و نەبوودا فراوانتر دەبێت .. لەم جیھانە پڕ لە شەڕ و ھەراوھوریا و کارەسات و ئاژاوە و ململانێ و جیاوازی رەگەزی و رەچەڵەکییدا.. منداڵان لە ترس و خەم و دڵەڕاوکێدا دەژین.. خەون و ھیواکانیان دەپلیقێننەوە.

لەسەر ئاستی کوردستانیش، زۆربەی منداڵانی کوردمان دەچەوسێنرێنەوە و لە سادەترین مافەکانی منداڵ بێ بەشن و، بەشیان ھەر کوێرەوەری و مەینەتی و ترس و تۆقاندن و ڕاونان و گرتن و دەربەدەری بووە.. لە سایەی دەوڵەتە رەگەزپەرستە داگیرکەرەکانی کوردستاندا.. پرۆفایلی مافەکانی منداڵانی کوردمان رەشە.. ئەمەش پەڵەیەکی قێزەوەن و شەرمەزارییە بە نێوچەوانی رژێمە خوێنرێژەکانی تورکیا و ئێران و سوریا، زۆر بە زەقی و رەقی پێشێلی مافەکانی منداڵانی کوردمان دەکەن و.. سنووری مرۆڤایەتی و رەوشت و یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەکانیان بەزاندووە.. گرتن و ئەشکەنجەدان و کوشتن و لەسێدارەدان بوونە بە بەزم و رابواردنی رۆژانەی ئەم دەوڵەتە خۆێنڕێژانە.. تا ئەمڕۆ بە سەدان منداڵێ بێ تاوانی کوردمان کە تەمەنیان لە نێوان (١٢ ــ ١٨) ساڵانە لە بەندیخانە ترسناکەکانی تورکیا و ئێران و سوریادا.. لە لایەن چەقاوە سووە دڕندە و بێ رەوشتەکانی ئەم وڵاتانەوە، رۆژانە پیسترین ئازار و ئەشکەنجەی گیانی و دەروونیان دەدەن.. ھەموو تاوانێکیان ئەوەیە کە کوردن و.. دەیانەوێ بە ئازادی و ئاشتی بژین و .. وەکو منداڵانی تری گەلانی جیھان مافیان ھەبێ.

منداڵانی کوردمان، شەو و رۆژ لە دڵەڕاوکێدان و، لە ترسی نەڕەی زریپۆش و زرمەی تۆپ و، بۆردوومانی فرۆکەی جەنگی و ھێڕشەکانی لەشکری دڕندە و خوێنڕێژی تورکیا و ئێران ئۆقرەیان نییە و، تامی خۆشی و شادی نازانن و، ئۆخەیان لە تەمەنی منداڵییان نەکردووە.. بێگومان ئەم بارودۆخە ترسناکە و، ئەم ترس و تۆقاندن و بێ ئارامییە.. ئەم گرتن و ئەشکەنجەدان وکوشتن و بڕینە.. رۆژانە بینینی تۆندوتیژی و خوێن و دووکەڵ.. ھەموو ئەم دیمەنە ترسناکانە.. کاریگەری و رەنگدانەوەیەکی زۆر خراپیان لەسەر ژیانی ئەمڕۆ و داھاتووی منداڵانی کوردمان ھەیە و دەبێت.

قێزەوەنترین و تاوانترین تاوانی دوژمنانی کورد، ئەوەیە کە میت و پۆلیسی نھێنی تورکی و پاسدارانی ئێرانی، بە خۆڕایی مادە ھۆشبەرەکان دەدەن بە منداڵانی ھەرزەکاری کوردمان.. تا تووشیان بکەن و، بیر وھۆش و لەشیان سڕبکەن و، لە رێ دەریان بکەن و، لە خەبات و لە کوردایەتی دایان ببڕن و، وایان لێبکەن کە خوو بەم مادە ھۆشبەرانەوە بگرن و مفتەلاببن و، بیر لە ھیچی تر نەکەنەوە .. دوژمنانی گەلەکەمان ئەوەی کە بە ھێز و بە سیاسەت بەرانبەر بە کورد بۆیان نەکرا و شکستیان تیا ھێنا.. دەیانەوێ لە رێی بڵاوکردنەوەی ئەم مادە ھۆشبەرانەوە، نەوەیەکی سەقەتی کورد دروست بکەن.. بۆیە پێویستە بە توندی بەرەنگاری ئەم پیلان و نیازە گڵاوەشیان ببینەوە و .. نەھێڵین تەشنە بکات و پووچەڵی بکەینەوە.. ئەم پیلان و کارە نامەردانەشیان تاوانێکی نێودەوڵەتییە و ، پێشێلکردنێکی زەقی مافەکانی منداڵانە.

لە رۆژی جیھانی منداڵاندا، نەھامەتییەکانی منداڵانی کوردمان وەبیر منداڵانی جیھان دەھێنینەوە.. وڵاتانی تر لە رۆژی جیھانی منداڵاندا نوقڵ و شیرینی و دیاری بەسەر منداڵەکانیاندا دابەش دەکەن و ئاھەنگی خۆشیان بۆ سازدەکەن.. بەڵام دەوڵەتە شۆڤێنییە داگیرکەرەکانی کوردستان.. لە جیاتی شیرینی، ژەھری کیمیاوی و دووکەڵی باروود و تاڵاو بە قوڕگی منداڵانی کوردماندا دەکەن ؟! داگیرکەرەکانی کوردستان نەک تەنھا رۆژێک ، بەڵکو رۆژانە ئاھەنگی گرتن و کوشتنی منداڵانی کورد دەگێڕن.. لە سەردەمی دیکتاتۆری گۆڕ بە گۆڕی عێراق سەدام حوسێندا ، شۆڤێنی عەرەبی ، ھەڵگرانی (ذات رسالة خالدة).. بە سەدان منداڵ و کۆرپەی شیرخۆری کوردیان، لەگەڵ خێزانەکانیاندا، لەگەڵ شووشە شیرەکانیان و مەمەمژەکانیان و بووکەڵە و تۆپە قنجەکانیان، زیندە بەچاڵیان کردن.. ئەمە لەکوێی جیھان و لە چ کاتێکدا تاوانی وا دەرھەق بە منداڵانی بێ تاوان کراوە ؟؟ مەگەر ھەر لە نەوەکانی قەحتان و عەدنان و ئەتاتورک و خومێنی و عەفلەق ئەم تاوان و نامەردییانە بوەشێنەوە.. ئەمەیە ویژدان و رەوشت و کولتوور و داب و نەریتی بۆگەنیان ، ئەمەیە پەیامی ھەڵگرانی ( رسالة خالدة ) و (حریە و عدالة) و ھەڵگرانی ئاڵای (اللە اکبر).. ئەمەیە راستیی رەفتار و رەوشتی بێ رەوشتی و نامەردیی داگیرکەرانی کوردستان.

ھەر لە (رۆژی جیھانی منداڵان) دا.. بارودۆخی ناھەموار و پڕ لە مەینەتی و کوێرەوەریی و ناسۆری، منداڵانی خێزانە کوردە ئاوارە بێدەرەتانەکانی باکوور و رۆژئاوای کوردستانمان وەبیر جیھان دەھێنینەوە.. کە ئەوانەش خوشک و برای ئێمەن و لە ترسی کوشتن و گرتن، ماڵ و حاڵیان خۆیان بەجێھێشتووە و.. زۆر بە سەختی لە خێوەتگاکانی (خابوور) و (مەخموور) لە باشووری کوردستاندا دەژین .. کە زۆربەیان لەبەر ھەژاری و نەبوونی و دەربەدەری.. لە خوێندن دابڕاون و، رەشورووتن و بە سکێ تێر و بە دە برسین.. بە داخەوە تا ئێستا رێکخراوە خێرخواز و مرۆڤایەتییە نێودەوڵەتییەکان ئاوڕیان لێ نەداونەتەوە و، دەستی یارمەتییان بۆ درێژنەکردون..؟! ئەی ئەمە ستەمە بە تاوان نازانن کە لەترسی رژێمی سەرکوتکەری تورکیا و سوریا ھەڵھاتوون و.. ئەم ژیانە سەختە و مردنیان‏ پێ باشترە لە کڕنۆش بردن؟! تا ئێستا ئاوڕێکی ئەوتۆ لە منداڵانی ئەم خێوەتگایانە نەدراوەتەوە .. ئەی کوان ئەو کەس و رێکخراو و لایەنانەی کە خۆیان بە رەواناس و بە داکۆکیکەری ستەملێکراو و ماف پێشێلکراو دەزانن؟!

ئەی منداڵە دڵخۆش و شاد و بەختەوەرەکانی جیھان.. ئێمەی منداڵانی کوردستان بە بۆنەی ( رۆژی جیھانی منداڵان) ەوە.. جوانترین پیرۆزباییتان لێ دەکەین.. ھەموو رۆژ و ھەموو ساڵێکتان ھەر لە خۆشی و شادی بن.. بەڵام لێمان ببورن کە بەشداری لە خۆشی و لە ئاھەنگی یادی (رۆژی جیھانی منداڵان)دا ناکەین.. ئێمەیەک کە لە سادەترین مافەکانی منداڵان بێبەش کرابین .. ئێمەیەک کە ئازادی و ئاشتیمان نەبێ .. ئێمەیەک کە ئەمڕۆ بە سەدان برا و خوشک و ھاوڕێمان لە گرتووخانەکانی تورکیا و ئێران و سوریادا.. رۆژانە ئاھەنگی ئەشکەنجەدان و تێھەڵدانیان بۆ دەگێڕن و، تێروپڕ جوێن بارانیان دەکەن.. ھیچ کەس و رێکخراو و لایەنێکیش نییە کە وێژدانیان راچەنێ و.. بە دەنگی ھاواریانەوە بێن؟! مەخابین کە وێژدانی جیھانی و، رێکخراوی مافەکانی منداڵ و، رێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ و، (ھیومان رایتش ۆچ)و، ھەموو ئەو رێکخراوانەی کە ئامانجیان پاراستن و داکۆکیکردنە لە منداڵان و لە مافەکانیان.. ھەموویان لە ئاستی ئەو تاوانانەی کە لە گەلی کوردمان بە گشتی و، لە منداڵانی کورد بە تایبەتی دەکرێن .. کەمترین شت تا ئێستا پرۆتستۆی تاوانەکانی ئەو رژێمە سەرکوتکەرانەیان نەکردووە، کە بە رۆژی رووناک دەرھەق بە منداڵانی کورد کردوویانە و دەیکەن.. بۆ لە ئاستی ئەم تاونانەدا خۆیان کوێر و کەڕ و لاڵ کردووە؟! کەواتە ئەوە راستە کە بەرژەوەندیی ئابووری و سیاسی و بازرگانی و دەمچەورکردنی وڵاتەکانیان.. لە سەرووی ویژدان و مرۆڤایەتی و دادپەروەری و رەواناسیی و یەکسانی و مافەوەن .. بێ دەنگی و بێ ھەڵوێستی و ناڕەزایی دەرنەبڕین .. ھەموو ئەم لایەن و رێکخراوانە، دەخەنە ژێر گومان و لادان و بێ متمانەییەوە.

ئەی منداڵانی جیھان، کەی ئێمەی منداڵانی کورد، وەکو ئێوە ئازاد بین و کوردستانمان لە داگیرکەران رزگاربکەین، بە ئازادی و بە ئاشتی و دڵنیایی لە نیشتمانی خۆماندا بژین.. مافەکانمان جێبەجێبکرێن .. وەکو ئێوەش سەرفراز و بێ خەم و دڵشاد و دڵخۆش بین.. ئەوسا لە ئێوە زیاتر حەز بە جەژن و خۆشی و شایی و بەزم و ئاھەنگ دەکەین.. بە دڵنییایەوە بەشداری لە یادی رۆژی جیھانی منداڵان و لە ھەموو جەژن و بۆنەیەکی خۆشی دەکەین و.. سەرچۆپی دەگرین.

شایانی باسیشە خۆش بەختانە ئێمەی کورد گەلێکی دلێر و تێکۆشەر و خۆڕاگر و کوڵنەدەر‌ین .. باوەڕبەخۆ و گەشبینین.. بڕوامان بە خۆمان ھەیە، کە لە سایەی خەباتی بێ وچان و قوربانیدانمان.. زوو بێ یا درەنگ ، دەبێت ھیوا ئاواتەکانمان بھێنیینەدی و.. لە کوردستانی شیرینماندا بە ئازادی و بە ئاشتی بژین.
______________________________
* رەزا ساڵح، سەرۆکی کۆمەڵەی منداڵانی کورد / نەرویج.

 

ماڵپه‌ڕی ره‌زا ساڵح

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک