١٥\١\٢٠١٩
بە بۆنەی ساڵی
نوێی ئەمازیغی ٢٩٦٩
کورد و ئەمازیغ..
دوو نەتەوەی خاوەن یەک دۆز.

دلێر ئیبراهیم
سەرەتای
ساڵی نوێی ئەمازیغی ٢٩٦٩ لە رۆژی ١٢/١/٢٠١٩، دەستپێدەکات، بەم بۆنەیەوە
پیرۆزبایی لە گەلی ئەمازیغی دۆست و برا دەکەین، بەھیوای ئەوەی ھەردوو
گەلی کوردستان و ئامازیغ بە تەواوی مافە رەواکانیان بگەن لە سەربەخۆیی
و ئازادیدا.
ھەردوو گەلی کوردستان و ئامازیغ سەرەڕای دووری سنووری جوگرافی نێوانیان
بەڵام ھەمیشە لە قۆناغە جیاجیاکانی خەباتییاندا ھاوسۆزی یەکترن..
ھەمیشە گەلی کوردستان پاڵپشتی خۆی بۆ گەلی ئامازیغی دووپاتکردۆتەوە لە
وەدەستھێنانی سەربەخۆیی لە زەوییە داگیرکراوەکانی، لەلایەن وڵاتانی
مەغریبی عەرەبی، ئەمازیغ ھەمیشە لەلایەن دەسەڵاتەکانی ئەو وڵاتانە
دژایەتی کراون و سەدان شەھیدیان لەو پێناوەدا بەخشیووە.
پارساڵ کاتێ سەرۆکی جزائیری "عەبدولعەزیز بۆتەفلیقە" بڕیاریدا سەرەتای
ساڵی نوێی ئەمازیغی،بکرێتە پشووی فەرمی لە سەرتاسەری وڵات، ئەمە خۆی
لەخۆیدا دان پێدانان بوو بە مافە رەواکانی گەلی ئەمازیغ و ھەنگاوێکی
گرنگ بوو لە وەدیھێنانی مافەکانیانلە جەزائیر و تەواوی ناوچەکەداو،
بەمەش لاپەڕەیەکی نوێ لە خەبات و چالاکی مەدەنی ئەمازیغیەکان کرایەوەو
سەرکەوتنێکی تریان تۆمارکرد لە پێناوی پتەوکردنی کلتوور و ھونەر و
تەواوی لایەنەکانی تری گەلی ئەمازیغی..بڕیاری سەرۆکی جەزائیری بۆ
ئامادەکردنی پرۆژە بڕیاری دامەزراندنی "ئەکادیمیای جەزائیری بۆ زمانی
ئەمازیغی" دەستکەوتێکی تر بوو، لەگەڵ زیادکردنی زمانی ئەمازیغی بۆ
پرۆگرامەکانی خوێندن، کە ئەمانە دەستکەوتی گرنگن بۆ برا ئەمازیغییەکان..
پێشتریش لە ساڵی ٢٠١٤ زمانی ئەمازیغی کرایە زمانێکی نیشتمانی، لە
گۆڕانکارییە دەستووریەکانی ئەو ساڵەدا.
لەمیانی دیدارو چاوپێکەوتنە بەردەوامەکانم لەگەڵ ھاوڕێ ئەمازیغییەکان
لە رۆما، ھەمیشە ھاوسۆزی و پشتیوانی بەردەوامی خۆیان بۆ گەلی کوردستان
و مافە رەواکانی دووپات دەکەنەوە.. ھەر لێرەشەوە بەبۆنەی سەری ساڵی
نوێی ئامازیغی ٢٩٦٩ پیرۆزبایی لە گەلی ئەمازیغی دەکەین بەھیوای
ھێنانەدی تەواوی مافەکانیان لە وڵاتی "تامازیغا".
دۆزی رەوای گەلی کوردستان ھەمیشە ئامادەبووە لە وتوێژ و بەیاننامەو
چالاکییەکانی بزاڤی ئەمازیغی لە وڵاتەکانیان و لە چالاکییە
مەدەنییەکانیان لە ئەوروپا چونکە نزیکترین دۆز لە گەلی ئەمازیغی، دۆزی
رەوای گەلی کوردستانە، ھەردووکیان ھەمان رەھەند و ناڵەو ئازاریان ھەیە،
سەرەڕای سنوورداری پەیوەندی نێوان ھەردوولا بەھۆی دووری جوگرافی لە
نێوانیان.
ئەمازیغیەکان ھەمیشە دروشمی "کورد و ئەمازیغ .. دوو گەل و یەک دۆز" و "یەک
دۆز و چارەنووسێکی ھاوبەش" بەرزدەکەنەوەو ھەردوولا بەھیوای پتەوکردنی
پەیوەندی نێوانیانن.
ئەمازیغییەکان بەھیوای ھێنانەدی مافەکانیانن بە درێژایی پانتایی
وڵاتانی مەغریبی عەرەبی لە سنووری لیبیا و میسڕەوە تا دەگاتە
کەنارەوەکانی وڵاتی مەغریب و لە باشووریشەوە بە ئاراستەی بیابانی مەزن.
ئاڵای ئەمازیغی لە سێ ھێڵی ئاسۆیی و بە سێ رەنگی جیاواز شین و سەوز و
زەرد پێکھاتووە، لە ناوەراستیش ھێمای "ئازا" بە ڕەنگی سوور نەخشێندراوە.
رەنگی شین: ھێمایە بۆ دەریای سپی ناوەڕاست و ئۆقیانووسی ئەتڵەسی.
رەنگی سەوز: ھێمایە بۆ سروشت و چیا سەوزەکانی باکوور.
رەنگی زەرد: ھێمایە بۆ لمی بیابانی مەزن.
رەنگی سوور: ھێمایە بۆ ڕەنگی شەھیدانی ئەمازیغ لە قۆناغە جیاجیاکانی
خەباتیاندا.
ھەولێر
dler20022@gmail.com
|