په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٩\٧\٢٠١٠

    بە چەند سەعات هەتا ئاوابوونی دەقەیەک دەچم؟

تەیب قادر

پێشکەشە بە (سەباح رەنجدەر)ی شاعیر.

 

بە تەنیشت سەعاتەکاندا دەڕۆم
بە پێش خولەکدا ڕەت دەبم
دەست لە پشت ئاسمانەوە دەگرم
بە جۆرێک دونیا نەمناسێتەوە
بە پیاسە سەعاتێک لە ڕۆژ وەردەگرم
کەپوم لەتەمەن دەخشێنم
هەندێک ئاو بە ئاخێک دەسوتێنم
نزیک دەبمەوە لەهەرای مەقرییەک
نزیک دەبمەوە لە دوورکەوتنەوەی کەوچکێک
وورد گوێ بگرە
لە هەموو شوێنێک هەم
لە هەموو ڕەنگەکان قاپێکم هەیە
لە هەر قاپێک خۆمم چەنگاڵ لە دووکەڵی شەقام دەدەم
پیاسە باشە بۆ هێوربونەوەی خەون
پیاسە باشە بۆ ناسینی تەنیایی ڕەسیف
ئەوهایە دەبێ شتێک هەبێ
بیکەیتە نیشانە
تا میوان بە پێشەنگای ڕۆحمان بکەون
دارلاستیق باشە بۆ بەرگرتنە دڵە کرێچیەکان
خۆ هەموو جار نابێ بەسەری تەڕو دڵی تەڕو دەستی تەڕو لێوی تەڕ
بێینە بەردەرگاى ماڵەکان
گوڵەبەڕۆژە بە تاکسی لە شەودا
لە مەنجەڵێک بە دراوسێی پیاوە غەریبەکان دەفرۆشین
خۆ هەموو جار نازانین کە ئەمڕۆ دەبێتە دوێنێ
بە تەشتێک خەمی ووردکراو
ئەوهایش نازانم دونیا هی من بێ
ڕەنگە سەفەرێکم بۆخۆم پێ نەکڕێ
ڕەنگە قورگی بیرچونەوەم بهێشێ و
دەستەسڕی تەنهایم پێ نەبێ
خەون قورسایی ژیان کەم دەکاتەوە
هەواڵێکم پێیە بۆ هەندێک لەوانەی بەلەمیان نیە
بۆ پەڕینەوە لە تۆزی گەرما
ڕیزکردنی چرا لە نێو تانکی ڕابردوو
دەبدەبەی بەدبەختیت دەتەقێ
ئارامی دەبەخشێتە بلوزی ژێرەوەی رۆح
بازێک هات شەقامەکانی ئاوڕشێن کرد
تەیرێکی بچووک لە پەنجەی مناڵی دراوسێکەمان دەچوو
لە ناوەندی عومری من دایبەستایە دەف ژەنیین لە سەر ئاوازی نوێژێکی درێژ
سێبەری دیوارێکی کۆن چاو لە دەزی بە دەرزی پێوەکردنی پیرێژنێکی بە ساڵە چوو سوور دەکاتەوە
دەڵێ : چیبوو نوقرچەی گەسکی دەستی سەبوریەک نەگەیشتە جێ ؟
باشترین وەخت کاتی پێگەیشتنی قینچکەیە
هەر لەوێ سلوف لە ماچ بدە و
بلوزێکی تازە بخە ئامێزت
تازە لە تایی بێئاگایی هاتومەوە
دەنا باشتر پاڵم بە خێراییەوە دەنا
زورتر کولێرەی شەوم دروست دەکرد
ڕۆژەکانم خڕدەکردەوە و دەمخستە نێو زەرفێک
دەمهێنان لای دەبدەبەی منداڵێک سەرفم دەکرد
چەند ئێوەرەیەکی تر ماوە بۆ چاوەڕێ کردن
تا جگارەی تەمەن دەکوژێتەوە
کەپرێکی شین لە ڕەنگی کراوەنەوە
بەسە بۆ داگیرسانی سێبەر
پەنجەکانم دەتەقێنم و نامەیەک بۆ باران دەنێرم
دەنوسم ئەوجارە هاتی لە کن گۆشەی دڵی من دابەزە
تەواوی مووی جەستەم لە هاتنی تۆدا دانیشتوە
خڕ و خرپن بە سەر میوانیم دا بگەڕێ
کلۆ دابەش بکە بەسەر گەنمی خەمم
چەقۆ بخە دەمی بێ قەراریم
چەند جوان دەلەرێتەوە مەدالیای سینگی ڕۆیشتن
هەرچیت پێیە داینێ ئەی سەبەتەی شادومانی
یەک پەردەی بچوکی لێ هەڵدەگرم
بە سەر سێبەری خۆم دا دەدەم و
خۆم لە بێ تاقەتی بزر دەکەم
بەخێرایی خۆم بە کۆڵانەکانی منداڵیم دادەکەم و
هەتا قوەتم هەیە بیرکردنەوەم
فڕێدەدەمە نێو پەقرەجی چرا
بە پێ هەتا سەر مانگ دەچم
لەو ڕۆیشتنەمدا
بێ ئاگایی سێ شار دەخەوێنم
خۆم لە دڵەڕاوکێ گڤ دەکەمەوە
پێم لە هەموو شەقامەکان دەسڕمەوە
فلچەی هەتاو و
دەرزی تەمەن درێژی و
ئەرشیفی داهاتووی لانەی پیری و
کیسەیەک کلێنسی بەکار هاتووی ساڵ و
هێڵنجی پەتاتەیەکی هەرزەکار
لەگەڵ خۆم دەبەم
بە سەتڵێک لە سەبوری چاوەڕانی دێمەوە
دونیا چاوەڕانی تێدا نەبا زۆر تاریک دەبوو
چاوەڕوانی هێلکەی مراویەکی نائۆقرەیە ، پشیی درێژی دەوێ
تا دەتوروکێ
لە بن کەپڵی ئاسمان کەپڵێک لە ڕەنگی گیا درووست دەکەم
دوو سێ کۆترو
چوار پێنج مریشک
بۆ دڵدانەوەی ڕژانی دونیا ڕادەگرم
سەعات دەگرمەوە
هەتا ئێوارە چەند ڕۆژ و چەند مانگم پێ دەچێ ؟
ئەو بارەی لە سکی ئاوێنەدایە ، کە چەند منداڵێکی لە پیتی خۆمە
کەی دەگاتە جێ ؟
کەی کەسێک دەرگای جەستەم کە دڵمە
لە ژێرەوە هەڵدەتەکێنێ و دەستی دەریا دەگرێ و
نێو چەوانی نزام بۆ ئاو دەدا ؟
بە چەند سەعات هەتا ئاوا بوونی دەقەیەک دەچم ؟
خۆم لە کن کیلۆیەک غلۆر بونەوە دادەنێم
توند ڕۆیشتن بە دانیشتنەوە گرێدەدەم
توند سەرم بە نەرمی دەکێشم.


taibeqadir@gmail.com