٩\٥\٢٠١٥
بێدەنگیی
ئێمە واتای رازییبوونی ئێمەیە!!
خۆکوژیی فەرینازی خوسرەوانی کێشەیەکی سیاسییە
نەک کۆمەڵایەتی!
ئەبێت
چ ترسێک پاڵنەر بێت و ئەو ھێزە بدات بە کیژوڵەیەک بۆ ئەنجامدانی خۆکوژی
بەم شێوازە؟! ئەبێت چ دە سەڵاتێک ئەو توانایە بدات بە کەسانێک کە ئاوا
ئازادانە مامڵە بە ڕۆح و جەستەی مرۆڤەکانەوە بکەن؟!
لە دوای دۆزینەوەی تەرمی" شەیدا حاتەمی" خوێندکاری بەشی کشتوکاڵ و
ھەروەھا دۆزینەوەی تەرمی "سەحەر چووینی"، خوێندکاری تێرمی دووی
پەرستاری لە زانکۆی ھەمەدان ئەمە سیھەمین حاڵەتە کە ئیتر بە ئاشکرا
چیروک لەو یاسا و ڕیسایانە دەکات کە لە ئەو کۆمەڵگایەداسەروەریان ھەیە.
کۆماری ئیسلامی ئێران بە درێژای تەمەنی ھەوڵی داوە کە کیژان و لاوانی
وڵاتی ئێران بە گشتی و کوردوستان بە تایبەتی بەرەو دیاردەی
مادەسڕکەرەکان و لەشفروشی و.... ببات و لە بە شانۆ کردنی دارەکانی
سێدارە لە سەر شەقامەکان ھەر لە سەرەتای منداڵیەوە ڕاھێنان دەکات بۆ
پەروەردە کردنی کۆمەڵگایەکی نامرۆڤانە! کە تا سەر ئێسقان کۆمەڵگای
ئێرانی تۆشی تاوان و قەیران کردووە و تەنانەت ھەر وا کە لە کەیسی
ڕێحانە جەباریدا بینیمان ئەگەر ژنێکیش پەیدا بێت و بیھەوێت لە ناموسی
خۆی دیفاع بکات لە سێدارەی ئەدەن!!
تاوانبار بەس خاوەنی ئەو ھوتیلە نیە، یان ئەو کەسەی کە ئامانجی
دەستدرێژی بووە یان ئەو کەسانەی کە تێزاب بە دەموچاوی ژناندا دەکەن،
تاوانبار ئەو سیستەمەیە کە ھەموو ھێڵیکی سوری بەزاندوە و کومەڵگایەکی
دروست کردووە کە ژن تەنھا وەک کەرەسەیەکی جنسی دەبینێت و ھەر بە و ھۆیە
ژنان لە ھیچ جێگەیەک ئەمنیەتیان نیە. زیاد کردنی ڕێژەی خۆکوژی و
خۆسوتاندن و کوشتن لە سەر شەرەف و ..... ڕوخساری ڕاستەقینەی ئەو
دەسەڵاتەمان پیشان ئەدات کە بێگومان لە پشتی تەواوی ئەم تاوانانە
خەوتوە، ئەو ھێزەی کە سناریو و دیزانی لە سێدارەدان لە سەرشەقامەکان
دروست دەکات، ئەو ھێزەی کە ئێستاش بۆ دەست بڕین و چاو کویر کردن و
بەردباران کردن بانگەشە دەکات وئیزن بە پیاوێکی ٦٠ ساڵە ئەدات کە
منداڵێکی ٩ ساڵە لە خۆی مارە بکات و سیکسی لە گەڵ بکات، ئەو دەسەڵات و
یاسا و ڕێسایانەی کە ژن و منداڵ بە موڵکی پیاو دائەنین.
دیاردەی توندوتیژی لە ئێران بە گشتی و لە کوردوستان بە تایبەتی ھەموو
سنورێکی تێپەڕاندوەوە و ئاسایی بوون و ئاسایی وەرگرتنی مەترسیەکی
گەورەیە و رێ خۆشکەر بووە بو دوبارە و سەد بارە بونەوەی ئەم تاوانانە!
ئێمە وەک سەنتەری ژنانی کورد لە شاری کوڵن ئیدانەی ئەو تاوانە قێزەونەی
ھەوڵ بۆ دەستدریژیکردن بۆ سەر فەریناز دەکەین و داواکارین کە ئەم دوسیە
بە ھەند وەر بگیردرێت و تەواوی خەڵکی کوردوستان خاوەنی ھەڵویستبن.
پێوستە کە چیتر بەرانبەر ڕوودانی ئەم کارەساتانە بێدەنگی نەکرێت،
بێدەنگی ئێمە واتای ڕەزایەتی ئێمەیە!!
سە نتەری ژنانی کورد لە شاری کولن
- ئالمانیا
٧\٥\٢٠١٥
centerijnan@ymail.com
|