بێدەنگى باشترە.

نەوزاد بەندى
ئەکرێ بێدەنگى
ببێتە دەوڵەمەندترین زمان
وەک بە بێدەنگ دانیشتنى چیایەک
بەرامبەر دەریایەک
بەبێدەنگ دانیشتنى شاعیرێک
بەرامبەر چرایەک
بە بێدەنگى دانیشتنى برایەک
بەرامبەر تەرمى بە ناحەق کوژراوى برایەک
ئەکرێ بێدەنگى گریان بێ و پێکەنینیش
ئەکرێ قاقاى یەک لە دواى یەک بێ و گەرمە شینیش
من بەرامبەر هەیکەلى بێدەنگى
گەلێ جار هەموو دونیا گەڕاوم و
بۆم دەرکەوتووە ئەم دونیایە
لە یاریەکى ترسناک شتێکى تر نییه
لە لات و مەنات زیاتر بتێکى تر نییه
چەکێکى چەند کوشندەیە، بێدەنگى
کاتێ جەلادێک ئەیەوێ دوو وشە لە شۆڕشگێڕێ دەربێنێ
گوڵێکى چەند گرانبەهایە، بێدەنگى
کاتێ پەپولەیەک بەرامبەر بەهار بەکارى دێنێ
کاتێ تەمەن بە بێدەنگى بەجێى هێشتم
هەستم کرد پێویستە قسەیەک بکەم و
نەمتوانى بیکەم
بە فرمێسکێ تەعبیرم لە خۆم کرد
لە بیابانێکى چۆڵدا،
کە تاریکى دایپۆشیم
بە شیعرێ تەعبیرم لە مۆم کرد
کە لە زانکۆ
مراویەکانى ناو دیجلە
بە بێدەنگى ڕۆژەکانیان تەسلیم دەکردەوە
گازندەم لە لاى خودا کرد :
(خودایە .. ئەو دونیایەت بۆچى لە خەم دروستکرد ؟
خودایە ..ئەو بێدەنگیە چى لێبکەین کە بەردەوام دامانئەپۆشێ
وەک لم ؟)
بەڵام پاشان بۆم دەرکەوت
خودا بێدەنگى پێ بەخشیوین بۆ ئەوەى
شیعر بنووسین
یان شیعر بدۆزینەوە
کە مامۆستاى سەقافەى قەومى
بە پێشمەرگەى ئەووت : ( عوسات )
ویستم قسەیەک بکەم
بێدەنگى نەیهێشت
هەروا
لە سیلەى ڕێگادا
بە پانتۆڵێکى خۆڵەمێشیەوە
بە کراسێکى سپى بێ ئوتوو
بەرامبەر دیجلەیەکى ماندوو
بەرامبەر شەقامێکى تۆز خواردوو
یەکە یەکە برادەرەکانم فایلەکانیان تەسلیم کردەوە و
مردن
ویستم بڕۆم لەگەڵیان
لە بوژانەوەى دڵ
پاڵیانخستم
لەو بێدەنگیەدا
کە ژیان و مردن بۆ ساتێک
پێکەوە قاوەیەکیان خواردەوە
من بە بێدەنگى خۆم نەشۆم پاک نابمەوە
من هەموو ڕۆژێ هەپروون بە هەپروون ئەبم
بە بێدەنگى خۆم هەڵنەشێلم
چاک نابمەوە .. نا
سبەینێیش دیسان کۆترەکان بێدەنگى فێرى منارەى مزگەوتەکان ئەکەن
سبەینێیش دیسان لە قوتابخانەکان
سروودى ( ئەى وەتەن )
قردێلەى بێدەنگى ئەدا لەسەرى مناڵەکان
ئەوەى عەبدوڵا پەشێو پێى ووتن :
(ئەى برسیە ژین تاڵەکان )
بۆ ئەوەى لە وەتەن شەرم بکەن
چیدى لە بەرامبەر وەزیرێکى دزدا
هاوار نەکەن
بەڵام تا کەى
تا کەى بێدەنگى ؟؟
ئەى وەتەن ..؟؟!!
نەورۆز
.
زۆربەى مناڵان
ناتوانن چاوەڕێى ئێوارە بکەن ،
نیوەڕۆ ئاگرى نەورۆز ئەکەنەوە..
هەندێ کەس ئاگر ناکەنەوە لەبەر ئەوەى نەوتیان نییه
هەیە ئاگر ئەکاتەوە لەبەرئەوەى خوویەکە و بۆى تەرک ناکرێ
هەیە ئاگر ناکاتەوە لەبەرئەوەى ئیسقات جنسیەى کردووە
هەیە ئاگر ئەکاتەوە چونکە سەرمایەتى
هەیە ئاگر ناکاتەوە چونکە گەرمایەتى
هەیە ئاگر ناکاتەوە لەبەر ئەوەى کڵپەى ئاگر ،
تیایا نییه هەندێ ڕەنگى کوردایەتى
هەیە ئاگر ئەکاتەوە چونکە نازانێ چى بکا
هەیە ئاگر ناکاتەوە لەبەر ئەوەى لە ئۆفێس خەفەرە
هەیە ئاگر ئەکاتەوە بۆ ئەوەى پێى بڵێن کوردە
هەیە ئاگر ناکاتەوە چونکە جێگایەک شک نابا ئاگرى تیا بکاتەوە
هەیە ئاگر ناکاتەوە بۆ ئەوەى ژینگە پیس نەبێ
هەیە ئاگر ئەکاتەوە تاکو چینى ئۆزۆن کون بێ
هەیە ئاگر ناکاتەوە چونە هەردوو دەستەکانى بە شمشێرى جەنگ بڕاون
هەیە ئاگر ئەکاتەوە تاکو لە بیرى خەڵک بباتەوە کە جاران جاش بووە و
ئێستایش بە پارەى ئەو خەڵکە گیرفانەکانى دڕاون
هەیە ئاگر ئەکاتەوە بۆ ئەوەى دڵدارەکەى پێ ڕاکێشێ
هەیە ئاگر ناکاتەوە چونکە ڕقى لە کوردە
هەیە ئاگر ناکاتەوە چونکە کۆنە بەعسیە
هەیە ئاگر ناکاتەوە چونکە مێژوونوسە و لەلاى وایە
ئەم ڕۆژە هى پاسدارە نەک پێشمەرگە
هەیە ئاگر ئەکاتەوە لەبەرئەوەى زەردەشتیە
هەیە ئاگر ناکاتەوە چونکە لە ئاگر ئەترسێ
هەیە ئاگر ناکاتەوە ، ئەترسێ نەکوژێتەوە
هەیە ئاگر ئەکاتەوە ، بازبازێنى لەسەر ئەکا
هەیە ئاگر ئەکاتەوە لەبەر بڕانى کارەبا
هەیە ئاگر ناکاتەوە لەبەرئەوەى شۆڕش تەواو ، بووین بە حوکمەت
هەیە ئاگر ئەکاتەوە، تا پلەیەک بەرز بێتەوە
هەیە ئاگر ئەکاتەوە ، وەک یادگارێکى مناڵى
هەیە ئاگر ناکاتەوە تاکو یادگارە تاڵەکان نەوروژێنێ
هەیە ئاگر ناکاتەوە و نایشزانێ بۆ ؟
هەیە ئاگر ناکاتەوە نەوەک مناڵێ بسووتێ
هەیە ئاگر ئەکاتەوە تاکو لە تەنیشتیا بنوێ
هەیە ئاگر ناکاتەوە لەبەر جلى تەنافەکان
هەیە ئاگر ناکاتەوە تاکو تەنگەنەفەس نەبێ
هەیە ئاگر ناکاتەوە لەبەرئەوەى دوژمندارە
هەیە ئاگر ناکاتەوە چونکە ئەقڵى پێ ناشکێ
هەیە ئاگر ئەکاتەوە لەبەر خاترى هەڵپەڕکێ
هەیە ئاگر ئەکاتەوە بۆ چاوبڕکێ
هەیە ئاگر ناکاتەوە لەبەئەوەى نەخۆشى خەمۆکى هەیە و
قەت لە ماڵ نایەتە دەرێ
هەیە ئاگر ناکاتەوە لەبەرئەوەى لە هەندەرانە و
دەزگاى پۆلیس ڕێى لێئەگرێ
هەیە ئاگر ئەکاتەوە بۆ ئەوەى بەردى تێبگرێ
هەیە ئاگر ئەکاتەوە لەبەرئەوەى چوار تایەى سواوى هەیە و
نازانێ لە کوێى فڕێ دا
بۆ کوێى بەرێ...
nawzadbandy@yahoo.com
|