په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٥\٩\٢٠١٠

     بێدەنگیی بۆ من ئاوەدانیی بوو.

رۆژ هه‌ڵه‌بجه‌یی

من هێزێک جادووی لێ کردووم،
بۆیە پڕم لەپرسیاری پێچاوپێچ
ئەما گەرەکمە بەقەدی وەڵامێکا هەڵکشێم
کەچی ناگەمە ترۆپکی هیچاو هیچ
ئەم نادیارییە دەگاتە کوێ و
بەپلیکانەی چ تیشکێکا سەرکەوم،
تا بگەمە ناخی ژوورە تاریکەکەی خۆم
لەکۆڵانی چ بایەکدا پێیەکانی ویقارێک هەڵدەقوڵێ،
هەتا بڵێم بوەستە هاوڕێ
بەچ شەوێکی شین بگەم،
دڵ چاوەڕوان نەبێ لەتونێلی بەردێکا
لەچ پرسیارێکی مەلوول مەلولدا،
حەقیقەت دەگاتە وەسوەسەی وەڵامێک
خودایە من ماندووم.. ماندووبوون،
بەسەر شەپۆلی شعورمەوە نیشتۆتەوە،
من هێزێک جادووی لێکردوم
بۆیە تەسلیم بووم بەموناجات و تێفکرین
کتێبی ئەم هەموو گەڕان و چوونە بۆ نەگەشتە،
رەفەی ئارشیفێک..
تۆ سەیرکە بەفەرموودەی ئیمامێک
دالی ئەم هەموو عیشقە دائەگیرسێ،
کەچی من مەدلوولی شکستە،
بەدەستەکانمەوە خوڕەی دێ
قامچی ئەم هەموو هەورە،
ئێسکی چرپاکەم رووت دەکاتەوە
کەچی قیژەی بارانێک لەگریان ناگا..
پەڕۆی ئەم هەموو گومانە سەرم دەپێچێ،
کەچی بەپووچی یەقینەوە،
دەچمەوە سەر نایلۆنترین نزا
من ئەوەندە گومانم لێ رژا،
تا هەموو کراسەکەی بەرم خوساو
چڵ، چڵ دوگمەی سنگم بووە هێلانەو
دەزوویەک باڵ لەشەقژنەوە نەهاتەوە،
دەنووکی نەڕژا..!
ئێمە هەر وابووین لەئەزەلەوە هەروا بووین
سوهراب ئاسا چاومان نەشۆرد
چوون جریوەی نائومێدیەکمان بەدەستەوە نەگرت و
بڕۆینەوە ئەوبەری چۆلەکەیەک و بڵێین:
مەرحەبا فڕین
ژیان جریوەیەکە لەعیشق
بەناو لێوی جادەیەکدا پیاسەکمان چنیء
دەرفەت نەبوو برۆینەوە ئەوبەری ماچێکی پەژموردەو بڵێین:
خەمی خەونەکان مەشکێنە،
عیشق هەردەم کوێرای مەرگە
سادە دڵ خەیاڵ زەدەبووین و
نیگامان تێکەڵ بەخڵتەی گێڵێتی،
پردی پەڕینەوەیەک نەبوو بۆ،
پەرداخێک حیکمەت و
بڵێین زەمەن چرایەک ناکوژێنێتەوە،
گەر دڵۆپە تیشکەکانی لەعیشق بێ
من، تۆ، ئێمە هەروا بووین
لەئەزەلەوە هەروا بووین
من بەدڵێکی گەرم و سەرێکی سەر بەخەیاڵاتەوە هاتم،
خودایە چۆن ئەم تەنهاییە تەریوەم بهێنمەوە
هەتا بگەمە تۆو عیشق ئاشتبکەمەوە..
من رۆژانە ئەستێرە لەناو دڵما دەخەوێ،
بەتاریکی دایئەپۆشم کە بوومە تیشکدان
شەوانە شەوەزەنگ لەسەر بەرماڵی جەستەم
نوێژ دەکاو بەرووناکی دەیشێلم تاریکستان
کەچی من هەر ناگەمە تەریقەتی تەجەللایەک!!
رۆژانە من دەرۆم تا موتلەق، تا سێبەر، تا دوورییەکان
تا چوار گۆشەی چوار شەممەیەک،
لەئاستانەی مەزارێک
تا شەپۆلدانی هەینیەک،
لەبەر قاچی مزگەوتێک
تا دەست لەدیواری قریوەی مێروولەیەک،
بۆ لەتێک ژیان
تا باڵقبوونی باڵی چەترێک،
بەواژۆی باران
کەچی من هەر ناگەمە حەقیقەتی مەنسورێک..!!
    *     *     *
من لەم سەری تەنیایەوە دەگەمە ئەوسەری تەنهایی
ئیتر باسی چیبکەم؟!
ئا ئەوەتا لەناو جانتاکەمدا شتگەلێک هەن پوچ گەرا
گوڵ لەناویا پێئەکەنێ و سوپای نەسیم نایە
جۆگە سەما دەکاو فەرتەنەی ئاو قوڵپی نایە
تریفە نەزیفی دەرواو چڵی تاریکی لەرەی نایە
باران بەبەهانەیەو سڵاوی چەمێک نایە
باسی چی بکەم دەست بۆ هەر خەیاڵێک دەبەم،
* مردنی لێ دەچۆڕێ - وەک مناڵانی گوێ چەم بەگرەوی گەمەوە، بەرد دەگرنە بۆقەکان
کەچی لەولاترەوە مردن دەپژمێ..
بەدارلاستیکی گۆرانیەوە باڵی ریشۆڵەیەک دەکەنە بێژنگ،
کەچی لەولاترەوە مردن جگەرە دەکێشێ..
دەست لەبەرگی کتێبی ئاو ئەدەم، کەهەناسە ئەدا
کەچی لەولاترەوە پەڕە، پەڕە وشکاییە مردن
تۆ پێت وتم: لەگەڵ شتێکا تەبابە مردن بکوژێ
من وتم: هەرچەندە ئارایشتی تفەنگ بکەم،
لەفەنتازیا هەڵیکێشم
هەر مردن لەدەم و لێویەوە دەبارێ
هەرچەندە خۆم نزیک بکەمەوە،
لەخەمی چەقۆ
هەر سەبڕین دێتەگۆ
هەرچەندە تەبا بم لەگەڵ کەمەری خەنجەرێک
هەر بۆ مەنەلۆژی کوشتن دەگەڕێ..!
تۆ وتت ئەم هەموو مردنە چ واتایەک دەبەخشێ
من وتم: مردن شتێکە کۆن،
بەڵام هەمیشە تازە
مردن پێکە پەرۆشەکەی خەییامە،
کەکۆکردنەوەی بەهەدەرچوو
بۆیە لەقەهرا بۆ یاداشت،
رژانی شەرابی کردە کفر..!
مردن لەسوچی سێوێکی سوورە،
لەزەمبیلەی لەزەتا چۆن ئارام دەخەوێ،
کەشەڕی دەمودان چووەتە ئەوپەڕی هەناسەبڕکێ
مردن کامڵبوونی هەنارێکە،
بەخەتمی دواهەمین تشرین،
کەهەنارستان لەتاو زوڵمەتی دەست و پەنجەی بەربەری،
چووەتە ئەوپەڕی خەجاڵەتگیری..!!
من وتم تەبابوون لەگەڵ مردن،
چ مەخسەرەیەکە
تەبابوونیش لەگەڵ ژیاندا چەند درۆیەکە گەورە
تۆ سەریکە ئەزیزم تۆ سەیرکە
ژیان چ درۆیەکی گەورەمان پێدەفرۆشێ
هەڵۆ بەو هەموو چەنەبازییەی چاوەوە،
رۆژێک دێ پایتەختی لوتکە نەبینێ
پەپوولە بەو هەموو ئایەتە رەنگینانەوە،
کە باڵی ئەزبەری دەکا،
رۆژێک دێ لەمەحشەری گوڵ نەگا
کۆتر بەهەموو منارەکانی فڕینەوە،
کەدەچێتە ترۆپکی ئاسمان،
رۆژێک دێ فڕین ئیکمال بێ لەبورجی منارەدا
کەناری بەو هەموو پەلکە رەنگینەی دەنگی،
رۆژێک دێ نغرۆ لەبێدەنگی..!
چەند بێشەرمە ژیان
ئەم نوتفە پووچانەی من دەبێت چیبێ؟!
کەدەچێتەوە سەر ژوانگەی ژنێک،
تەزیو بەتەنهایی،
لەبەر قاقای سمێڵ و خێڵ
باوەڕ بەعاتیفەی ئاگر دەکا..!
کەدەچێتەوە سەر نەسلی باڵندەیەک،
تەزیو بەتراویلکە،؟
لەبەر قاقڕبوونی ئاسمان،
قەفەس بۆ خۆی چێدەکا..!
کە دەچێتەوە سەر زەینی درەختێک،
تەزیو بەتەم و مژ،
لەبەر دەمەوەری باخچە
قولانجێک رێگا رۆناکا..!!
چەندە بێشەرمە ژیان
دواجار هەموو چۆلەکەکان دەمرن و
دڵی پاسارێک حوزن هەڵناگرێ،
هێلانەیەک فێری فڕین ناکا..
دواجار هەموو ماسیەکان دەمرن و
شەبقەی رووبارێک نووچ نادا،
تیمساحانە چاوی پڕ لەگریان ناکا
دواجار هەموو گوڵەکان دەمرن و
دەمی ئینجانەیەک ئۆفێک ناکێشێ،
دەست ناکاتە واوەیلا
دواجار هەموو هەرمێیەکان دەمرن و
باخچە یەخەی دانادڕێ،
خۆی رەشپۆش ناکا
دواجار منیش و یادەوەریەکانیش دەمرین و
کرمێک لەخاکی دڵم ناپرسێ،
ئەرێ تۆی عاشق سەر بەنەتەوەی،
چ ریشی چڵە گیایەکی؟!
ئەفسوس لەم هەموو سەفەری ژیانە،
کەدوا سەفەر پێچی کۆڵانێکە مردن
لەوێ لەکۆڵانی مردن
نەپێیەکان پێڵاو دەناسن و
نەڕێگاکان ئاشنا بەپێڵاو
ئەفسوس من چیم داوە لەم سەفەری ژیان و مردنە
من ئەوەم لەبیرچوو، هێزی جادوویەک فێریکردم
بێدەنگی بۆ من ئاوەدانییە
بەبێدەنگیش دەڵێم: چەند گەمژەیە پرسیارکردنی کرمستان و
چەند کورتەباڵایە ژیان و
چەند مەخسەرەیە مردن و
چەند فڕینێکی رەها، رەهایە
هەر حیکایەتەکانی عیشق و عیشق

_________________________________
* ئاماژەیە بۆ دێڕە شیعرێکى شاعیرى ئەڵمانى ئەریش فریدریک.

ماڵپه‌ڕی رۆژ هه‌ڵه‌بجه‌یی