په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١\١١\٢٠٢٣

    بێدەنگیی.


تاڤگە سابیر

چ بێدەنگە ئەم کیشوەرە

چ نامۆیە ئەم ناوە.. ئەم گۆشەگیرییە
نە کۆڕاڵی خوشەویستی دەبیسترێ نە ئاوەدانیی ھاوڕێیەتی
من تاقانەترین عاشق بووم گەشتەکانم ونکرد
نەمزانی ھێوربوونەوە چیە؟
تووڕە بووم تووڕە.. تووڕەییەک تا ئەودیوی ئەندێشەکانی تۆ بردمی
تا ئەودیوی پانتاییە بێ واتایەکانی ئەم بوونە گوناھاوییە بردمی
من منداڵێك بووم فێری گوناھـ نەببووم
سپێدەی سبەینان پێدەکەنیم
بە بێ ھیچ یاسایەکی رەوشتیی لە ناوەوەمدا
دەستی منداڵانی کۆڵانم دەگرت و گۆرانیمان دەگوت
کەچی ئەفسوونێک گەورەی کردم
بەڵام ھەر عاشقانە پێدەکەنم.. عاشقانەش دەگریام
دەمویست ھەموو گەڵایەکان بگرمەباوەش

ماچی درەختە تەنیایەکانم دەکرد
خۆم دەدایە بەر رێژنەی باران.. بیرم لە خۆشەویستی دەکردەوە
خەوم بە باخچەکانەوە دەبینی
لە دەرگایەکانم دەپرسی
لە پەنجەرەوە سەیری یاری پەپوولەکانم دەکرد
شەوانە تا درەنگێ لەسەر جادە چۆڵەکان دەمامەوە
بە تەنیا ھاوارم دەکرد
ئەی گەورەی بە بەزەیی ئەم چۆڵەوانییە
ئەی ئەوەی ''یەقین''یت و منت بۆ نادۆزرێتەوە
من عەشق پاسەوانی ماڵەکەمە
ئەو ماڵەی لە تەنیشت دارستانەوە بە گەڵای پایز دروستمکردوە
ئەو ماڵەی پەنجەرەکانی شینایی دەریان
دەرگای سروەی سپێدانە
شەوانە زۆر دەگەڕام
بیرم لە ماڵە گەرموگوڕەکان دەکردەوە
لەوانەی گەمەی خۆشەویستی نازانن و لە ژێر پێخەفی
رەنگاوڕەنگدا خەوتوون
بیرم لەو پیاوە تەڵەکەچییانە دەکردەوە
لاشەی کچە تاقانەکان دەفرۆشن و
گاڵتە بە چارەنووسی ئەو عاشقانە دەکەن
تا دەرەنگێ بە تەنیا
لەسەر جادە و لەبەردەم پەنجەرە تەڵخەکاندا دەمێننەوە
من بیرم لە زۆر شت دەکردەوە
لە شینایی بێ نازی دەریا.. لە باخچە و پەرپووتیی مرۆڤ
لە مێژوو و خەجاڵەتی ئایندە
بیرم لە گەڵا دەکردەوە کاتێك با دەیبا و
جارێکیتر دارستان نابینێتەوە...
ئەی ئەو مرۆڤە بەدخووانەی سەروەریی ئەم ژیانەتان دۆڕاند
من لە ئاو پاکتر بووم.. دڵم لە پێستی گوڵ ناسکتر بوو
بەڵام کەس نەیزانی نهێنییەکانی من چین؟
کەس ماڵە پایزییەکەی منی نەدۆزیەوە
کەس خورافاتی ئەم عەشقەی منی نەزانی
کەسێک باسی سەروەریی نەکرد
کەچی جارجارە پەنجەرەکانی روانینم زۆر بوون
جیهانم بە رەنگاوڕەنگیی دەبینی
رێگای باخچەکانم دەزانی.. ناوی گوڵەکانم لەبەربوون
ھەموو سنەوبەرە باڵابەرزەکانی باخچەی گشتیی

منیان دەناسی
جارجار دڵم بە ژنی سەر جادەکان دەکرایەوە!
پێکەنینم بە زۆر رێبواری یاخیی دەفرۆشت
گوڵم دەبینی بە دووی ماچدا دەگەڕا
ھاوڕێی ھەموو درەختە پیر و کەنەفتەکان بووم
جارجارەش تفم لە ھەمووتان دەکرد
دەمگوت راستە من عاشقم.. بەڵام ئێوە شەڕ بە جوانیی و
پاکییەتی دەفرۆشن.
 

ماڵپەڕی تاڤگە سابیر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک