په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 


بۆ ئەو کوردانەى ئاگەداریان بەسەر ئەنفالکراوەکانەوە هەبووە
ئەرێ تاکەى بێدەنگ دەبن لەنەگێڕانەوەى کارەساتەکان؟


ئیسماعیل عبدولڕەحمان


زۆربەى خەڵکى کوردستان وادەزانن کوردە ناپاکەکان ئەوانەى پیاوى ڕژێمى بەعس بون تەنیا دەستیان لەدەستگیرکردنى خەڵکى هەبوەو خەڵکەکەیان گرتوەو پێشکەش بەدائیرەى ئەمن و سوپاى ڕژێمیان کردوەو لەوە بەدواوە کوردە ناپاکەکان ئاگەدارى هیچ شتێکى ترنەبونە سەبارەت بەچارەنوسى ئەنفالکراوەکان و زیندانییەکانى ترى گەلەکەمان، بەڵام لەڕاستیدا وانییە، زۆر کەس هەبوە کوردیش بوەو لەهەمو زیندانیە تایبەتیەکانى ڕژێمیش دەورى وەکو کەسێکى عەرەبى بەعسى هەبووە.


بەڵام جێگاى داخە دواى هەژدە ساڵ ڕاپەڕین و دواى شەش ساڵیش لە ڕوخانى ڕژێمى بەعس ، ئینجا هێشتا کوردێکى ناپاک نابینى ویژدانى بجولێ و باسى کارەساتێک بۆ ئەو گەلە مەزڵومە بگێڕتەوەو خۆى لەو ناپاکیە قەتیسکراوەى ناخیدا پاکبکاتەوە و بڵێ من لە کاتى دەستگیرکردنى هاوڵاتیانى کورد من لەفرانە شوێن بومەو لەفرانە ئەرکدابومە، خۆ گەر هەرکەسێک لەوانەى ئاگەداریان بەسەرکارەساتەکەوە هەبوبێ بگرە دەستیان لەگولە بارانکردنى ژن و منداڵى کوردیش هەبوبێ ئەوە دەسەڵاتى کوردى لەگوڵ گرانتریان پێناڵێت، بەڵام ئەى بۆچى کەسێک ئامادە نییە بەسەر هاتێک بگێڕتەوە

بە بۆ چونى من لەبەرسێ هۆکارە ئەوکەسانەى ئاگەدارى هەندێک بەسەرهاتەکانى کورد بونەو نایگێڕنەوە:
هۆکارى یەکەم: یان ئەو کەسانە ئێستاشى لەگەڵبێت بە گیانێکى ناپاکى دەژین و ناپاکن لەگەڵ میللەتى کورد.

هۆکارى دووەم : یان لەترسانە بەڵام بادڵنیابن ترسى ناوێ خۆ هەرچیەکیان کردبێ دژى گەلى کورد بەقەد (فڕۆکەوانەکەیان)نەکردوە کەدەسەڵاتى کوردى لێى خۆشبو لەوانەشە دەستخۆشیشیان لێکردبێ، کەواتە بائەم کەسانە نەترسێن و بێدەنگیان بەپاساوى ترس نەهێنەوە.


هۆکارى سێیەم: یان لەبەر گێلیانە گێلیش نەخۆشیەکى کوشندە زۆربەى تاکەکانى میللەت توشى ئەم نەخۆشیە بوە، بێئاگاى لەئێش و ئازارى میللەت و گوێنەدان بەکارەسات و نەهامەتیەکانى میللەت ئەوپەڕى دەبەنگى و گێلیە ، هۆکارى گێلبونى ئەم جۆرە کەسانە زۆریش لاوازە ، بەڵام دەشێت ئەم کەسانە لەبابەتە کارەسات بارەکانى میللەت خۆیان گێلکردبێ نەک ئەم کەسانە لەبنەڕدا گێلبوبن، چونکە ئەو کەسەى بگاتە ئاستێکى وا لەناو ڕژێمى بەعس جێگا بۆخۆى بکاتەوە گەربەناپاکیش بێت ئەمە ماناى وایە هەرگیز ئەم کەسانە گێل نین، بەڵکو لەوپەڕى زۆر زانى و خۆپەرستیدان.

لەوانەیە خوێنەرە بەڕێزەکانیش بڵێن ئاخر بەڵگەت چیە کە کەسانێک هەبوبن لەکورد ئاگەدارى چارەنوسى ئەنفالکراوەکان بوبن و نەیگێڕنەوە ؟

جالێرەدا بەکورتى باسى چەند کەسێک دەکەم کەبەچاوى خۆم بینیمەو بەزارى خۆم بەکوردى قسەم لەگەڵ کردون کەپاسەوانى تایبەتى زیندانەکان بونەو کوردیش بونە ، یەکەم کەس کەزۆربەى کاتەکان لەنیوەڕۆوە دەبوە پاسەوانى بەردەرگاى ژورەکەى ئێمە لەدائیرەى ئەمن لە هەولێر کوردێکى خانەقینى بو، چۆن زانیم کوردەو ئەو چۆن بەکوردى قسەى کرد.


چوارەم ڕۆژمان بو لەدائیرەى ئەمن وابزانم ڕۆژى 15/5/1988بو مانگى ڕەمەزان بو کات کاتژمێر یەکى پاش نیوەڕۆبو من لەبەر دەرگاى ژورەکە وەستابوم سەیرى ئەو بنە دارە توەم دەکرد کەتەنیا سێ مەتر لەدەرگاى ژورەکەمانەوە دووربو ئەودارە توە چەند گەڵاى هەبو ئەوەندە توى گرتبو توەکى ڕەش دەدوت دنکە خورمایە پاسەوانەکە لەسەر کورسى دانیشت بو ڕوى لەدەرگاو من بو چەکەکەى لەسەر کۆشى بو ئەوپاسەوانە ماوەى ئەو چوار ڕۆژە هەربەعەرەبى قسەى دەکرد هیچ کەسێکمان شکى ئەوەمان نەدەکرد ئەو پاسەوانە کورد بێ چونکە ڕەنگى زۆر بەعەرەب دەچو.


کاتێک من تەمەشاى ئەو هەموە تویە ڕەشەم دەکرد کەهەڵوەریبوە سەرزەویە سەبەکراوەکە کەزۆریش خاوێن بو ئەو هەمو توەش بەدارەکەوەیە پاسەوانەکە ڕوى لەمن بو لەکاتێک وتى حەزدەکەى توى بخۆى وتم ئەى تۆ بۆ نایخۆى وتى بەڕۆژوم وتم منیش وتم تۆ کوردى وتى بەڵێ من کوردم وتى ئێوە خەڵکە کوێن ناوچەو گوندى خۆمانم پێوت وتم ئەى تۆ وتى من ئەسلەن خەڵکى خانەقینم بەس ئێستا لەهەولێرم لەوکاتەى قسەم لەگەڵ دەکرد بەکوردى زۆربەى ئەوانەى لەژورەوە بون هاتنەلاى دەرگاو پێیان سەیربو ئەو پاسەوانە بەکوردى قسە دەکات ، جاهەموکات کەئەو پاسەوانە لامانبوایە قسەمان لەگەڵى دەکرد ، ئەو پاسەوانە کوردە تایبەتە بە ئارازوى خۆى من و کوڕێکى ترى دەبرد بۆ پاککردنەوەى ناو حەوشەو ژورەکانى دائیرەى ئەمن.


من دەپرسم ئایا ئەو پاسەوانە گەنجە کوردە چۆن لەهەمو شتێک لەدائیرەى ئەمن زانیارى تەواوى نەبوەو چۆن ئاگەدارى وردو درشتى ڕوداوو کارەساتەکانى گیراوەکانى ئەنفال نبوە؟ باشا گریمان ئەو پاسەوانە لەکاتى ڕاپەڕین کوژراوە ، ئەى ئەو جاشەى بەجلى کوردى بەچەک و تاقمى مەخزەنەوە بەردەوام لەناو دائیرەى ئەمن دەهات و دەچو لەهەمو لێکۆڵینەوەک ئەو وەرگێڕى کوردى وعەرەبى بو لەنێوان بەڕێوە بەرى ئەمن و بەندکراوەکانى ئەنفال ئەى ئەوجاشە چۆن ئاگەدارى دەیان کارەساتى لەوچەشنە نەبوە ؟ ئەى ئەو کوردە هەولێریەى ناوەکەشى دەزانم و ئێستا لەهەولێر مامۆستایەو لەڕێکخستنى یەکێک لە دوحزبە دەسەڵاتدارەکەیەو لەناو دائیرەى ئەمن جل و بەرگى پاسەوانى تایبەتى لەبەربو چەکەکەى کلانکیکۆف مزلى سیخۆبو ، لەبارکردن و داگرتنى بەند کراوەکان بۆ ناو مەنشائە ئەو خەڵکى ڕیزدەکرد ماقولنییە ئەوکەسە زۆر بەسەرهاتى خەڵکى لانەبێت لەدائیرەى ئەمن کەنایگێڕتەوە.


جگە لەوانەش لەساڵى1990 بەهۆى سەربازیەوە لەبنکەى مەشقى موسڵەوە براینە بنکەى مەشقى ئەساسى زریپۆش لەنێوان قەزاى بیجى و شارى تکریت بەلاى دەستە چەپ کەلەبیجیەوە بچیت بۆ تکریت، ئەو بنکە مەشقکردنە زۆر گەورەو فراوان بو بەلاى دەستە ڕاستى بنکەکەمان دیلە ئێرانیەکانى لێ بو کە چواردەوریان بەتەلى سیمى توند و کارەبایى و پاسەوانى زۆر دەورە درابو دیلە ئێرانیەکان شوێنەکەیان ئاشکرابو چونکە ئەوان لەدەرەوە وەرزشیان دەکرد، بەڵام لەلاى دەستە چەپى بنکەکە سێ هۆڵى درێژ هەبو لەشێوەى هۆڵى دەواجین دەچون بەتەلى سیمى چڕوپڕ دەورە درابون بەڵام ئەوەندەى چاودێریم دەکرد هەرگیز کەسم نەدەبینى بێتە دەرەوە.


ڕۆژێک لەگەڵ برادەرێکم کە خەڵکى سلێمانى بو ناوى (قادر حمەئەمین ماڵیان لەگەڕەکى چوارباغ )بو ئەویش هەمان خەسڵەتى منى هەبو بەرانبەر ڕژێم ، پاش عەسرانێک لەبنکەکە دورکەوتینەوە وتم ئەوانە چین لەناو ئەم تەلە سیمە وتى ئەوە دیلە ئێرانییەکانن وتم باشە بابچینە ئەولا لاى دەستەچەپ وتم ناو ئەو تەلەسیمانە ئەوهۆڵانە چین و کێى تیایە وتى بەخوا نازانم وتم بەڕاى تۆ دیلى کورد نین وتى بڵێم چى وتم باهەوڵدەین بابزانین چ جۆرە خەڵکێکى تیایە ئەو زۆر ئامۆژگارى منى کرد وتى بۆخۆت قەیناکات هەوڵبدەى بزانى کێیى تیایە بەڵام پرسیارلەکەس نەکەى پرسیاربکەى دوایى دەفەوتێى وتم باشە.


ڕۆژێک چوارشەمە پاش نیوەڕۆبو بەتانى و جانتاو کەل و پەلەکانم کردە ناو گونیەکى سپى وەک ئەم گونیە سپیانەى ئێستا ئاردو شەکرى تیایە ، خۆم زۆر بە غەریب و نەزان کرد بەرەو ڕوى هۆڵەکان ڕۆیشتم هەرچەندە لەنێوان بنکەى مەشقى ئێمەو هۆڵەکان تەلەسیم هەبون بەڵام لەهەندێک شوێن مرۆڤ دەیتوانى بەژێریدا بڕوات ، من زۆریش نەدەترسام لەبەر ئەوەى ماوەیەکى کەم بو بوبمە سەرباز واخۆم نیشاندەدا کەگوایە لەوپڕى خەشیمیم و هیچ نازانم ، بۆیە ڕێگاى هەڵەم گرتۆتە بەر بۆ چونەوە ماڵ.


بەخۆى لەسەربازى لەکاتى مەشقکردن هەمو پێنج شەمو هەینیەک گەڕانەوە هەبو بۆ ماڵ بەڵام من بۆیە چوارشەم بەڕێکەوتم وتم بابزانن من دەمەوێ بەنهێنیەوە بگەڕێمەوە ماڵ بۆیە گەرچوارشەم نەبوایە ئەوە ڕۆژانى پێنج شەم دەرگاى بنەکەى مەشق کراوەبو پێویستى نەدەکرد بەنهێنى و بەڕێگاى لاچەپ بڕۆم ، جاکاتێک ملمناو لەژێر سیمەکەوە ئاودیوبوم بینیم چوارسەربازى ترى عەرەب کەلەسریەکەى ئێمەبون بەدواى من دادێن وایان دەزانى من ڕێگاى نهێنى شارەزام منیش زۆرم پێخۆشبو ئەو سەربازانەش لەگەڵ من بێن ڕۆیشتین تاکو بەقەد بیست مەتر مابو بگەینە تەلەسیمە چڕوپڕەکان کەهۆڵەکانیش بەقەد سەد مەترێک لە شورەى تەلەسیمەکانەوە دوربو کەئەم هۆڵانە پەنجەرەى نەبو بەڵکو تەنها کونى هەواکێشەکان دیاربو بۆیە زۆرشکم لێهەبو کەناو ئەو هۆڵانە زیندانى تیابێت.


کاتێک کەنزیک بوینەوە پاسەوانێک لەدیوى لاى ئێمەوە پەیدابو چەکى لێمان ڕاکێشاو بەقایم قیڕاندى وبەعەرەبى قسەى کرد من تێنەگەیشتم چى وت، بەڵام چوار سەربازە عارەبەکە هەرقاچێکیان کردە هەزارقاچ نەمزانى چیان لێهات منیش لەبەر ئەوەى فەردەیەکم پێبو کەبەتانى و کەل و پەلەکانمى تیابو نەمتوانى وەک سەربازەکانى تر هەڵبێم هەرچەندە هەڵدەهاتم بەڵام لەسەرخۆ هەرئەوەندەم زانى سەربازە پاسەوانەکە وتى کورە فەردەسپى فەردەسپى منیش ئاوڕملێدایەوە وتى تۆ وەرە من لەگەڵ تۆم نییە، منیش گەڕامەوەلاى و چاک و چۆنیم لەگەڵکردو وتم بەخوا زۆرترسام تۆمان نەدیبو وتى من ئێوەم دیبو زانیم تۆکوردى بەڵام من لەبەر ئەو خوێڕیانە وامکرد نایەلم ئەو عارەبە خوێڕیان بێرە دابڕۆن من وتم ئەى چۆن زانیت من کوردم وتى لەکورد زیاتر کێ فەردە بەتانى دەێنێ و ئەیباتەوە وتم وڵا چبکەم هەموجار لەگەڵ خۆم دەیبەمەوە ماڵ نەوەک لێم بدزن تالەماڵ دێمەوە.


وتم بەکێدا بڕۆم بۆسەر جادە وتى جادە دورە بەس ڕاست بڕۆ بەڕۆخى سیمەکە وتم ئەى پاسەوانى ترى لێنیە لەوسەر وتى بالێیەتى مادام لەلاى منەوە ڕۆیشتى کەس یەقەت ناگرى وتم زۆر سوپاس وتى بەقوربانت بم خەڵکى کوێى وتم هەولێر وتى بەقوربانى هەمو کوردى هەولێربم وتى من ڕوح وگیانم کوردە وتى من خەڵکى سلیمانیم ، خوا حافیزیم لێکرد وتى ڕاست بڕۆ سەیرى ئەولاوئەولاى خۆت مەکە وتم باشە منیش لەترسان تەنیا سەیرى بەرپێى خۆم دەکرد نەموێرا سەیرى هۆڵەکان بکەم ، ئەو پاسەوانە بەرگێکى وەک بەرگى مغاویرى لەبەربو لەتەنیش شانى نوسرابو (القوات الخاێە) بێریەکەى سەرى ڕەنگى جەرگى بو.


لەلاى ئەوپاسەوانە بەڕێکەوتم تاگەیشتمە کۆتایى تەلەسیمەکە بێ ئەوەى بوێرم سەیرى لاى دەستە چەپم بکەم کەهۆڵەکانى لێبو، کەگەیشتمە کۆتایى سیمەکە دەرگاى سیمەکە خانوبو وەک پرسگەبو بەڵام زۆر لەهۆڵەکان دوربو ئەوناوەش زۆر بەدارو باربو بۆیە کەمێک بڕۆشتایەى شوێنەکانت لێبزردەبو، جاکاتێک نزیک خانوەکە کەوتمەوە کەسێکى چوارشانەى باڵابەرز بەرگى ئینجیباتى لەبەربو وتى ئەوە کوردە گەربەئاسماندا بچێتەوە هەردەچێتەوە ماڵ کەگوێم لەقسەى ئەوئینجیباتە بو بەکوردى قسەى کرد منیش بەدەمیەوە پێکەنیم و گەشتمەلاى و چاک و چۆنیم لەگەڵکرد وتم چبکەم هێشتا ڕانەهاتوم لەسەربازى دایم حەزم لەماڵە وتى ڕادێى ماوەیەکى تر.


وتم ئێستا بەکوێدا بچمە سەرجادەى نێوان تکریت و بیجى وتى عەرەبیت چۆنە وتم وەڵا عەرەبى نازانم وتى مادام دەبێت لەگەڵت بێم تاکو لەبابە نیزامەکە ڕەتتکەم ئەوان هەمو عارەبن دەبى حاڵیان کەى مادام عەرەبیش نەزانى نایەڵن بڕۆى ، قەینا خۆم لەگەڵت دێم لەلاى ئەو پاسەوانی ترى لێبو کەعەرەببون ئەوسەربازە کوردە لەگەڵم هات بۆئەوەى لەهەمو نوختە سەربازیەکان ڕەتم بکات تادەرەوەى دەرگاى بابەنیزامەکەى خۆیان لەگەڵم هات ، منیش لەڕێگا کەنزیکەى نیوکیلۆ مەترێک پێکەوە ڕۆیشتین هەردەم دەم وت خواخێرت بنوسێ بەڕاستى پیاوەتیەکى وات لەگەڵم کرد هەرگیز پێم نادرێتەوە وتى براى منى چاوى منى بەس ئێرە زۆر خەتەرە جارێکى تر بێرە دامێ ، وتم باشە وتى خەڵکى کوێى وتم هەولێر وتى ناو هەولێر وتم دارەتو وتى دارەتو چیە وتم لەنزیک هەولێرە وتى وڵا دارەتوم قەد نەبیستیە.


منیش وتم ئەى جەنابت خەڵکى کوێى وتى کەرکوک گەڕەکى حوڕیە من دراوسێى مامۆستا وابزانم (ستار)ى وت وتى بەرنامەى وەرزش ولاوان لەتەلەفزیۆنى کرکوک پێشکەش دەکات هەمو خەڵکى حوڕیە دەیناسن ، لەوکاتى کە تەوقەم لەگەڵى کردو خوا حافیزیم لێکرد هەرگیز نەبینیەوە ، لێرەدا پرسیارى من ئەوەیە بەماوەى مانگێک لەسەربازى دوو کوردم لە گرنگترین شوێن بینى لەمەودایەکى کورتى ڕوبەرى ناو هێزەکانى ڕژێمى بەعس ئایا لەسەرتاپاى ڕوبەرى سەربازگەکان و دامودەزگاکانى ڕژێم لەعێراقدا دەبێت چەندە کوردى تیابوبێ.


ئەى بۆ ئەو کوردانە ئامادەنین هەرکارەساتێک و ڕوداوێکیان بینیوە بۆ نایگێڕنەوە ئەى گێڕانەوەى هەر کارەساتێک و ڕوداوێک ماناى خزمەتکردن نییە بەگەل و نیشتیمان من بۆیە ئەو باسەى خۆم گێڕایەوە لەو نوسینەمدا بۆئەوەى هەمو تاکێکى کورد وەک من بیربکاتەوە تەنیا بەچاوى خۆى و بۆ بەبیرى خۆى لەهەرشوێنێکى دنیا بێت نەڕوانێتە دەوروبەرەکەى بەڵکو بەچاوى گەل و بۆ بەرژەوندى گەل ونیشتیمان بڕوانێتە دەورو بەرەکەى و هەرچیەکى بینى بەئامانەتەوە بۆ میللەتى خۆى باسى بکات و بەوپەڕى هەستکردن بەمەسئولیەتەوە ڕوداو بەسەر هاتەکان بکێڕتەوە.

جا لە کۆتاییدا داواکارم لەهەمو ئەو کوردانەى کە پلەى بەرزى ئەفسەریان لەناو سوپاى عێراقى سەردەمى سەدام هەبوە لەشاردنەوەى تەنیا وشەیەکیش لەمیللەت نیشانەى ناپاکیە بەرانبەر بەمیللەتى کورد بەتایبەتى ئەو کەسانەى کە ئامر وەحدەو سریەو فەوجى تایبەت بونە ، داواکارم ئەو چوار یەزیدیەى کەلە زیندانى تۆبزاوەى کەرکوک پاسەوانبون ئاگەدارى زۆریان بەسەر کارەساتەکانى ئەنفالکراوەکانەوە هەبوە دەبوایە لەدواى ڕوخانى ڕژێم ئەو بەسەرهاتانەیان بۆ میللەتى کورد باسبکردایە
.
هەروەها داواکارم عقید شاکرو عقید سەرتیب و نقیب جەلال و ملازم ئومێد و چەندانى ترکەلە بەشى یەکە تایبەتەکانى زریپۆشى تیپى حەڤدە بون هەمویان کورد بون بەڵام بەداخەوە تەنیا بەناچارى جارێک نەقیب جەلال بەکوردى قسەى کرد دەنا ئەوانى تر هەرگیز خۆیان بەکورد دانەدەنا ، دیارە ئێستاش ئەو جۆرەکەسانە خۆیان بەکورد دانانێن دەنا دەبوایە ئەوبەسەرهاتانەى بینیویانە بیانگێڕایەوە کەدڵنیام بەسەرهاتى زۆری میللەتى کوردیان بینیوە.

ئەوەى من باسم کرد یەک قەترەیە لەدەریایەک ، ئەوە مستەشارو مەفرەزە خاسەکان و ئەو مستەشارو مەفرەزە خاسانەى کەچەندین جار سەدامیان بەنهێنى بینى وە هەقە و پێویستە هۆکارو بەسەرهاتەکان بگێڕنەوە بۆ میللەت ، شاردنەوەى ڕوداوەکان زۆر ناپکترە لەکاتى ئەنجامدانى ڕوداوەکان ، بێگومان شاردنەوەو باسنەکردنى ناپاکیکردن نیشانەى ویژدان مردویى ناپاکانە دەنا گەر خاوەن ویژدانبوایەن دەبوایە بەوپەڕى پەشیمانیەوە بەداواى لێبوردنەوە لەمیللەتى کورد هەرکەسەو ناپاکى خۆى بکاتە کتێبێک و بۆ میللەتى بگێڕتەوە بۆ ئەوەى دەرەنجامى شەرمەزارى ناپاکان بخەنەڕو، وەک چۆن زۆر خەڵک هەیە لەگەلانى ترى جیهان لەپاش ماوەیەکى زۆریش لەناپاکیکردن لەگەل و نیشتیمانى دوایى سەرەنجام پەشیمان دەبێتەوەو هەمو تەمەنى ناپاکى خۆى بۆ گەلى خۆى دەگێڕتەوە ، هیوادارم کوردە ناپاکەکان بەوپەڕى بوێریەوە دەست بکەن بەگێڕانەوەى تاوانى خۆیان و ئەوبەسەرهات و چیڕۆکانەى بەچاوى خۆیان بینیویانە یان زانیویانە لەسەردەمى ڕژێمى بەعسى لەناوچودا.

 


ary_esmail@yahoo.com