په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٦\٢\٢٠١٦

بەهاری عەرەبی کۆتایی هات و زستانی تورکی دەستپێدەکا!

هۆشیار ئەوڕەحمان   


عەرەب و وڵاتانی عەرەبی تا ئێستاش نەیانتوانی لە دەستەواژە وتێڕمی بەهاری عەرەبی تێبگەن وناوێکی گونجاو بەسەر ئەو ماجەرایەدا داببڕن... بۆیە لەهەر وڵاتێکی عەرەبی ئیسلامیدا ناوێکی لێنرا لە تونس پێیدەگوترا ( ئەلنەزهە) لە میسر بە ( ئەلسەورە) تا مێدیاکانی ئەمەریکایی ناوێکی گونجا وپڕبەپێستیان بۆ دانا بەناوی( بەهاری عەرەبی) چونکە بەهاری عەرەبی بەهاوێنێکی بێ ئامانج پڕوکێنەر کۆتایی هات ! جا خاڵی دەستپێکی بەهاری عەرەبی بەڕێکەوت لەخۆسوتاندنە بێچارەییەکەی (محەمەد بو عەزیز) وە دەستی پێکرد بۆ ڕوخاندنی ڕژێمە تۆتالیتێرو دیسپۆتە عەرەبیە دیکتاتۆر و عەسکەرتاریەکانی دونیای عەرەبی وئیسلامی، بەڵام هەر زو دەوڵەتە کۆنەپەرستەکانی ناوچە کەوتنە وێزەی خەڵکە ڕاپەڕیوەکەی ئەو وڵاتانە و بەلاڕێدابردنی ئاراستەی ڕاپەرینەکان.

 

بۆ جێبەجێکردنی ئەو مەبەستەش هەر یەک لە وڵاتانی عەرەبستانی سعودی و قەتەر وتورکیا کەوتنە هاوکاری مادی ولۆژیستیکی گروپە سەلەفی و جیهادیستەکانی خۆیان لەو وڵاتانە بەهاری عەرەبییان بەدەردێک برد ، کەهەر زوو بەسەربچێت ونەگەڕێتەوە وئەنجامدەرانیشیان توشی نائومێدیەکی بێوێنە کرد . لە نێوان عەرەبستانی سعودی وقەتەردا ، تورکیا لەهەردولایان شێلگیرانەتر دەستی خستە نێو روداوەکانەوە وەکو میراتگرێکی کۆنی سەردەمی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی وتواناکانی لە روخاندنی سوریای دراوسێی دا چڕکردەوە و بۆ هێنانەدی ئەو مەبەستەش ڕاستەوخۆ کەوتە کۆکردنەوەی هەمو گروپە تیرۆرستەکانی سوریا بەداعش و القاعیدەشەوە بۆ روخاندنی حکوموتەکەی بەشار ئەسەد وسەرکوتکردنی کوردەکانی رۆژئاوا... دۆخەکە گەیشتە سەر ئەوەی کات و رۆژ دیاری بکەن بۆ کەوتنی ئەسەد وسەرکەوتنی پلانەکەیان، وەلی خوێندنەوە و گریمانەکانیان بۆ بەشار وئەسەد ودۆست و هاوپەیمانەکانی هەڵەیەکی گەورە بوو، کە تورکیا و سعودیە وقەتەر لەو پەیوەندیە ستراتیژیەی نێوان دەسەڵاتی سوری وئێران وروسیا باش تینەگەیشتبون، کە تا ئەوان رەزامەند نەبن هیچ هێزێک لە دونیادا لە توانایدا نابێت سوریا بڕوخێنێت.

 

ئەم دۆخە چەند ساڵێکی خایاند تا دەستپێکردن و هاتنی شەپۆلەکانی گروپە جیهادیستەکانی دونیا لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٣ ، کە تورکیایان کردە کاروانسەرای خۆیان و لەناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٤ دا داعش بە شپۆنسەری تورکیا وپارەی سعودیە و قەتەر بەئەرکی خۆی هەڵسا وەکو پینەپەڕۆیەک بۆ درێژەدان بەکێشەکانی ناوچەکەو تەنگ هەڵچنین بەدۆستەکانی سوریا... داعش توانیتی سەردەمی دەسەلاتی زێڕینی خۆی بنوێنێت لە سوریا و عێراقیش بو بەهەڕەشە لەسەر شام و ىەغدا ، ئەمە جگە لەکۆمەڵکوژیەکانی دژی بە کورد لە رۆژئاوا و باشور (کۆبانێ)و ( شنگال).

 

لە ئێستاشدا داعش واتا نوکی شمشێرەتیژەکەی تورکیا وعەرەبستانی سعودی و قەتەرە لەناوچەکە ، بەڵام ستراتیژی داعش لە پەلاماردان ومانەوەشدا شکستی خواردوە ووەستاوەتە سەر بڕیار و ڕێکەوتنی زلهیزەکان لەسەر چارەنوسی ناوچەکە و ئەلتەرناتیڤی داعش ودیاریکردن یا دەرکەوتنی نوێنەرێکی تری عەرەبی سوننە لە عێرا ق و لە سوریا . لە دوای بەشداریکردنی کتوپڕی روسیاشەوە لە شەڕی دژ بەداعشدا هاوکێشەکان لە بەرژەوەندی میحوەری روسی – ئێرانی شکایەوە و لەو نێوانەشدا تورکیا هەڵسا بەکردەوەیەکی خۆ کوژی وبە خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی روسی لە نزیک خالەسنوریەکانی لەناو خاکی سوریادا و دەرئەنجام تورکیا هەمو خوریەکانی خۆی کردەوە بەڕێس وئەو هەوڵ وفشارانەی سەر رۆژئاواشی بۆ تێکدانی کانتۆنەکان ودامەزراندنی چەند ناوچەیەکی دەسەندەخۆری خۆی لەو دیو سنور بو بڵقی سەرئاو وهیزەکانی پەیەدا پێشڕەوی زیاتریان کرد و هێلەسورەکانی تورکیاشیان بەرەو رۆژئاوای روباری فورات تێپەڕاند و گەورەترین هاوسۆزی دونیای دەوەشیان لەهاوپەیمانان و ئەوروپاییەکان بەدەستهێنا وبونە تاکە هێزێکی شەرکەر لەسەر زەوی دژ بەداعش لەگەڵ هاوپەیمانان دا...

 

لەبەرانبەریشدا تورکیا پاشەکشەی کردوە و ناتوانێ بەهیچ جۆرێک نزیکی سنوری سوریا بکەوێتەوە نەلەسەر زەوی ونەلە ئاسمانیشەوە ... بەرادەیەک خۆی بچوک کردۆتەوە ، کە تەنها مافی(وڕک) گرتنی لە ولاتانی ئەوروپی وئەمەریکا بۆماوەتەوە، کەدەیەوێ پەیەدە بۆ بخەنە لیستی تیرۆرستانەوە ! لەولاشەوە وڕکی لە ئەڵمانیا و یەکێتی ئەوروپا گرتوە داوای پارەیان لێدەکات ، ئەگەرنا بەلێشاوی ئاوارەیان بۆ دەنێرێت بەکردنەوە دەرگاکانی بەڕوی پانەهەندە وئاوارەی رۆژهەڵاتی ناوەراست ودوردا بەرەو ئەوروپا. بۆیە لێرەدا هەمو ئەگەرەکان بەئاراستەی ئەوە دەڕۆن، کە تورکیا زەرەرمەندی یەکەم دەبێت لەناوچەکە و بەرەنجامی بەهاری عەرەبیش بە زستانێکی وشکی تورکیا کۆتایی دێت.

 

لە راستیدا دەبوایە تورکیا شکۆمەندی خۆی ڕادەستی ئیمارەتێکی وەکو قەتەر نەکردایا وعەقلانی تر هەڵسوکەوتی بکردایا لەگەڵ دۆستەکانیدا لەناوچەکە ولەناوخۆیدا.. تورکیا لە ئێستادا بۆتە (دەوڵەتێکی بەڕێزی تاکو تەرە) لەناوچەکەدا کاتێکی زۆری دەوێ تا پەیوەندیەکانی ئاسایی دەکاتەوە تورکیا دەوڵەتێکی گەورە وپاشماوەی ئیمپراتۆریەتێکی خاوەن دەسەڵات لە سێ کیشوەردا بوە، بەڵام ئێستا لە سایەی عەقڵیەت وزهنیەتی ناسیاسیانە و ناسەردەمیانەی حیزبێکی وەکو ئاکپارتیدا تازە لەنوێ خەریکی (وڕکگرتن)ە... ئەگەر پەیەدە بەشداری پێبکرێت لە کۆنفرەنسەکانی جنێف ، ئێمە بایکۆتی دەکەین و نایەین و ئەگەر پەیەدەمان وەکو پەکەکە بۆ نەخەنە لیستی ڕەشەوە ... ئەوا دەبێ هەڵیبژێرن و دۆستایەتی لایەکمان بکەن یان ئێمە یا ئەوان.

 

بۆیە بەکورتی تورکیا بەم رەفتارانەی ئێستایەوە تا دێت لە پەیوەندیەنێودەوڵەتیەکانیدا پاشەکشەدەکات و خۆی گرمۆڵەتر دەکات و تادێت زیاتر لە ئەوروپا و بونەئەندام لە یەکێتی ئەوروپادا دورتر دەکەوێتەوە و هیچ دەوڵەتێک بەدەنگیەوە نایات و وەکو کابرا درۆزنەکەی لێهاتوە ، کە ماڵەکەی خۆشی دەسوتێ کەس باوەڕی پێناکات ... بۆ نمونە لەم ڕۆژانەدا لە ژیرکارگەری بۆمبارانی فڕۆکەکانی روسیا لەدەوروبەری حەڵەب وناوچەسنوریەکانی (بایر بوجاق) کە قەڵای قایمی گروپەدەسەندەخۆرەکانی تورکیایە ژمارەیەکی زۆر لەخەڵکی ناوچەکە ئاوارەبون بەرەو سنورەکانی تورکیاو تورکیاش بۆ ئەو مەبەستە گۆمی مێدیاکانی خۆی ئاراستەی یەکێتی ئەوروپا و ئەڵمانیا بۆ ئەوەی ٣ ملیارد ئۆیرۆ گیرخواردوەکەیان بدەنێ، لە کاتێکدا ٢٠٠٠٠٠ دوو سەد هەزار کوردی ئامەد و جزرە و شڕناخ وسیلۆپی و نوسەیبین و وێرانشار و دێرک و دارگەچیت وچنار وهەکاری ئاوارە بونە لە زێدی باوباپیرانیان لە ژێرکاریگەری تۆپ و تانکی سوپای تورکدا. خاڵەلاوازەکانی تورکیا لەوەدایە، کە خۆی گەورەترین کارەساتی لەناوخۆی تورکیا ولە ناو چەقی شارەکاندا بە پلانەوە قەوماندوە و لەلاشەوە باسی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ دەکات لەدەرەوەی سنورەکەی خۆی. بەهەڕەشەی ناردنی ئاوارەش بەرەو ئەوروپا دەمی وڵاتێکی دیمۆکراتی وەکو ئەڵمانیای لە ئاست ئەو کارەساتە مرۆییەی باکوری کوردستاندا بەستۆتەوە.
 

ماڵپەڕی هۆشیار ئەوڕەحمان

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک