٢٧\٩\٢٠١١
بێ ههڵوێستیی
چالاکڤان و رێکخراوەکانی ژنان لە کەیسی ''بەناز جەواد''دا.

قادر نادر
لە کوردستانی باشوور دەیان گرووپ و رێکخراوی چەپ و داکۆکیی لە ژن و
مافی مرۆڤ هەیە. بەلام لە کەیسی بەناز بە قودرەتی قادر بە ئاستی یەک
پەنجەی دەست نەبێ، یەک کەس و رێکخراوێکت نەدەبینی نەک کار و چالاکی
بەڵکو بابەتێکیشی لەسەر بنووسی. ئەمەش نیشانی دایەوە، ئەو ناوەند و
کەسایەتیانە تا ئەو سنوورە داکۆکیی لەو کەیسە دەکەن، نەگاتە ئاگرە
سوورەکە. ئەگەرنا کەیسی بەناز دەکرا بکرێتە کەیسێکی زۆر چالاکتر، لەوەی
دەرکەوت. بە تایبەتی لە قۆناغێک دەژین کەیسەکانی وەک بەناز (خۆسوتاندن
دژ بە نادادپەروەریی کۆمەلایەتی) سیستەمێکی سیاسی پێ دەگٶڕدرێ
بەلام لای ئێمە نەیتوانێ کەمێک بوێریی بدات بە دەیان ژنە چالاکڤانیش!؟
زۆرینەی ئەو ڕێکخراو کەسانەی لە کەیسی داکۆکی لە مافی ژنان کاردەکەن
تاوانێکی دەسەڵاتی کوردی یان روونتر بلێم بەرپرسێکی پارتی و یەکێتی
تێدا بێ، بوێرجنین خاڵ لەسەر وشە دابنێن و بەجشێوەی گشتگیریی قسە دەکەن
بۆئەوەی روبەروی مۆڕەیەک یان لەدەستنەدانی دەستکەوتێک نەبنەوە؟ بەلام
هەر ئەوانە لەسەر ئەو کەیسانەی گشتگیرییە وەک دابونەریتی کۆمەلایەتی و
ژن کوشتن لەجلایەن باوک براکانەوە، بە دەیان ڕیکخراو سەدان چالاکڤانی
بواری ژنان لە میدیاکان شەڕیانە بۆ خۆدەرخستن. چونکە هیچ باجێکی سیاسی
و کەسێتی لەدەست نادەن؟ ئەگەر لێم تووڕە نەبن تەنانەت لە نووسینیش زۆر
بە دەگمەن ژنێک دەبینی بوێرانە رەخنە لە بەرپرسانی سیاسی پارتی و
یەکێتی بگرێ. کاتێک پێی دەلێی بۆ وای، دەلێ من جوێن نادەم. لە کاتێکدا
رەخنەگرتن بە شێوەیەکی گشتگیریی چەندین ساڵە ستۆوک و بێکاریگەریی بووە،
ئەمرۆ خەلک تێنووی ئەوەیە ئازارەکانی لەدەست بەرپرسەکان دەربڕی بە وشە
دادگاییان بکەن و بەرپرسانیش تەنیا لە ناوهێنانیان ترسیان هەیە و
گۆرانکاریی دەکەن.
بۆیە لێرەدا دەپرسم ئەوانەی خۆیان پێ داکۆکیکەری مەسەلەی مافی
ئافرەتانە چیتان کرد بۆکەیسی بەناز؟ چەند کار و چالاکی و نارەزایەتی
دەربڕنیتان بۆ ئەنجام دا؟ تاکە چالاکی مەیدانیی لە ستۆکهۆلم و لە لهندەن
ئەنجامدرا بە هەردوو چالاکی پێج ژن ئامادەنەبوون. پرسیار ئەوەیە ئەگەر
ئێوە لەگەل سەرپەرشتیارانی ئەو دوو چالاکیەش، هەر سەرنجێکتان هەبوو!
ئەی خۆتان چیتان کرد و چ رێگایەکی ترتان گرتەبەر؟ ئاخر بەناز لوتکەی
کێشەی ئێوە بوو ئەگەر بوێربوونایە دەتانتوانی کەیسی خۆتان و گەلەکەتان
(کێشەی ژنان و نەبوونی نادادپەروەریی کۆمەلایەتی) تەکانێکی باشتان پێ
بدایە. لە کاتێکدا بەپێی ئەو میدیایانەی هەواڵی خۆسوتاندنی خەلکیان لە
ولاتی میسر و تونس بلاوکردەوە هیچیان ژن نەبوون، بەلام بەناز یەکەم ژنە
ئەو کارەی کردوە (لێرەدا دەبێت بڵیم سەرباری دەنگدانەوە یان کاریگەریی
نارەزایەتی بە هۆی خۆسوتاندنەوە بەڵام کاری باش نییە).
کەیسی بەناز یەکەم بێهەلویستی و لاوازیی ئەو سوپایە گەورەی خۆ
بەداکۆکیکەری ژنان نییه. بەڵکو لە دەرکردنی یاسای فرەژنیی
لەپەرلەمانیش، دەیان ڕێکخراو سەدان کەسی خۆ بە چالاکڤانی بواری ژنان (
پیاو وژن) مان بینی خۆیان وا سوور دەکردەوە کە شەڕی مان و نەمان
لەبەرامبەر جێبەجێکردنی ئەو یاسایە دەکەن. بەلام کە بارزانی کۆبۆنەوەی
لەگەڵ کۆمەڵیک" ڕیکخراو کەسایەتی " کرد و گوتی بمبوورن ناتوانم ئیمزای
ئەو یاسایە نەکەم. هەموو ئەو "شێرە" ژنانەی سەردانیان کردبوو یان
ئەوانەی خۆیان پێ " سەرکردەی جولانەوەی ژنانە" دروشمی یان هەڵوەشانەوەی
ئەو یاسایە یان شەری سەرتاسەریان بەرزکردبۆوە. بە قودرەتی قادر بوونە
ڕێوی یان هاوشیوەی چیرۆکە تەمسیلیە کوردیەکەی لێهات ''فیلەکەت ئەی
خاوەن شکۆ؟''.
هاوکات لە گەرمەی خۆپیشاندانی خەلکی کوردستان بەتایبەتی لە ١٧ شوبات بە
دواوە هەمومان بە روونی وێنەکەمان لەبەرچاوە، ڕۆلی لاواز و بێهەلویستی
ئەو ژنانەی، ئاخافتنی نووسین و قسەکردنیان لە میدیاکان ،تاچەند لە ناو
رووداو و سەرکردایەتی کردنی نارەزایەتیەکان هەبوو ؟ ئایا ئەو هەموو "چالاکڤانە
ژنانە" لەکوێ بوون؟ لە ئەورپا، بەشێکیان سەرەتا بە گەرمیی هاتنەپشتی.
بەلام کە زانیان دەسەڵات ناڕووخێت، شەڕەکە درێژخایەن و قوربانی و
رووبەڕووی مٶرەبوونی بەرپرسان دەبنەوە، بەشی زۆریان بە هۆکاری جودا
جودا دەستیان بە پاساو بە بۆلەبٶل کرد کە لایەنێک سوودی لێدەبینێ و
هەڵاتن. ناسک قادر کە گوتەبێژی سەرای ئازادی سلێمانی و لەناو
رووداوەکان بوو، لە یەکێک لە دیدارەکانیدا گوتی یەکێک لە کەموکورتییە
گەورەکانمان لاوازیی رۆلی ژنە لەو نارەزایەتیانەی کە هەیە.
بۆیە ئەوه سێیەم کەیسە ( ئیمزای بارزانی بۆ فرەژنیی، رۆلی ژن لە
نارەزایەتییەکانی خەلکی کوردستان، کەیسی بەناز...) جگە لە چەند ژنە
چالاکڤانێک کە پەنجەی یەک دەستیش نین. ئەگەر نا نموونەی بێهەلویستی و
لەرزۆکییان دەرخستووه. دەبێ ئەو پرسیارەیان لێ بکەین ئەگەر خۆتان پێ "چالاکڤانی
مەسەلەی ژنانە "مەسەلەی ژنان هەر رەخنەگرتن لەسەر دابونەریت و کۆمەلگا
لە میدیاکان نییە یان کۆمەکی پێ وەربگرن. بەلکو دەسەلاتێک و پۆلێک
بەرپرس بەشدارن لەو هەزاران تاوانانەی کە بەرامبەر ژنان دەکرێ. بە
هیوای ئەوەی لەمەودوا لە میدیاکان کۆتایی بە رەخنەی گشتگیریی بهێنن،
خاڵ لەسەر ووشە دژ بە زولمی چینایەتی و نیشتمانی بەرپرسانی پارتی و
یەکێتی دابنێن و لە کەیسەکانی هاوشێوەی بەناز دەنگی بوێرانەتان هەبێت
ئەگەرنا نووسینی دهستهواژه و ناسناوی ''چالاکڤانی ژن'' درۆیەکی زلە.
ماڵپهڕی قادر نادر
|