په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٧\٧\٢٠٢٢

"بێ هه‌موو شتێک"

بە رۆڵ بینینی "هەدیە تێهرانی" لە سینەما "سالم"ی سلێمانی نمایش دەکرێ.

 

مەنسوور جیهانی

 

فیلمی سینەمایی "بێ هه‌موو شتێک" لە دەرهێنانی "موحسین قەرایی" و بە رۆڵ بینینی "هەدیە تێهرانی" ئەستێرەی ناوداری سینەمای ئێران له ٩\٧\٢٠٢٢ لە سینەما "سالم" لە شاری سلێمانی دەست بە نمایش دەکا.

فیلمی سینەمایی "بێ هه‌موو شتێک" (بی همە چیز) لە دەرهێنانی "موحسین قەرایی"، لە بەرهەمهێنانی "جەواد نەورۆزبەیگی"، لە نووسینی هاوبەشی سیناریۆی "موحسین قەرایی" و "محەمەد داوودی" و بە رۆڵ بینینی هەندێک لە ئەکتەرە ناودارەکانی سینەمای ئێران، لەوانە: هەدیە تێهرانی، پەرویز پەرەستوویی، هادی حیجازی‌فەڕ، باران کەوسەری، مەهتاب نەسیرپوور، پێدڕام شەریفی، لاله مەرزبان، بابەک کەریمی، فەرید سەجادی حوسێنی، زوهەیر یاری و ... له ٩\٧\٢٠٢٢ لە سینەما "سالم" لە شاری سلێمانی لە هه‌رێمی کوردستان نمایش دەکرێ.

ئەم فیلمە کە بە گێڕانەوەیەکی سەربەست لە شانۆنامەی ناوداری "دیدار لەگەڵ خاتوونێکی بەساڵاچوو" بەرهەمی هەرمانی "فڕێدریش دۆرنمات" سازکراوە، یەکەمین جار لە سی و نۆیەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی فەجر نماشکرا و کاندیدی 15 سیمورغی بلوورین بوو کە لە کۆتاییدا توانی خەڵاتی سیمورغی بلوورینی باشترین سیناریۆی وەرگیراو، خەڵاتی سیمورغی بلوورینی باشترین مۆنتاژ، خەڵاتی سیمورغی بلوورینی باشترین مۆسیقا، خەڵاتی سیمورغی بلوورینی باشترین دیزاینی جلووبەرگ و هەروەها خەڵاتی سیمورغی بلوورینی ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەدەستهێنا.

لە پوختەی چیرۆکی ئەم فیلمەدا هاتووە: لە گوندێکی پێش شۆڕشی ئێران، کەسێکی بەگزادە بە ناوی "ئەمیر" وەکوو حاکمێکی خۆماڵی لە دێیەکەدا چالاکی دەکات و بە هۆی مێژوویەکی باش کە بوویەتی، خەڵکی متمانەی تەواویان پێیەتی. ئێستاش دوای تێپەڕبوونی چەندین ساڵ، یەکێک لە خەڵکانی ئاوایی بە ناوی "لی لی" کە بە هۆی تانەوتەشەری خەڵکی بە داوێنپیسی لە گوندەکە ڕۆیشتووە، بە سەروەت و سامانێکی زۆرەوە گەڕاوەتەوە بۆ نێو ئاوایی و بە خەڵکی پێشنیار دەدات کە ئەگەر ئەمیر بکووژن پارەیەکی زۆریان پێدەدات و ... .

هەندێک لە ستافی "بێ هه‌موو شتێک" بریتین لە: دەرهێنەر: موحسین قەرایی، نووسەرانی سیناریۆ: موحسین قەرایی و محەمەد داوودی، بەڕێوەبەری وێنەگرتن: موڕتەزا هودایی، مۆنتاژ: عیماد خودابەخش، مۆسیقا: حامید سابت، دیزاینی میکیاژ: مەحموود دێهقانی، دیزان و تێکەڵاوکردنی دەنگ: عەلیڕەزا عەلەویان، دەنگهەڵگر: ئەمین میرشکاری، دیزاینی سەحنه: ئەمیرحوسێن قودسی، دیزاینی جلووبەرگ: ماڕال جەیرانی، دیمەنە تایبەتە وێنەییەکان: جەواد مەتووری، بەرپرسی به‌رنامەدا‌رێژی: مانفڕێد ئیسماعیلی، مونشی سەحنه: موحسین بەهاری، فۆتۆگڕافەر: نووشین جەعفەری، دیمەنە تایبەتە مەیدانییەکان: ئاڕش ئاقابەیک، بەرپرسی بەرهەم: مێهدی بەدرلو و بەرهەمهێنەر: جەواد نەورۆزبەیگی.

بەستەری دابەزاندنی گرتەیەک لە فیلمی سینەمایی "بێ هه‌موو شتێک":
https://we.tl/t-pSdXuwc88m

 

ماڵپه‌ڕی مه‌نسوور جیهانی

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک