٧\٦\٢٠١٣
بە هەر جۆرێک بێ
دەستوور لە کوردستان حیزبییە.

هەندرێن حەمەدەمین
هەموو ئەو کێشە و دەنگە دەنگەی لەبارەی دەستوور هەیە چ بەوەی دەیەوێ
بخرێتە راپرسی و چ ئەوانەی داوا ئەکەن بگەڕێتەوە پەرلەمان
دەرئەنجامەکەی یان بڕیاری چەند حیزبێکە یان بڕیاری چەندین حیزبە،
لەکاتێکدا هەر هەموو حیزبەکانی کوردستان بە راست و بە چەپ بە ئیسلامی و
بە علمانی جگە لە قەبارە و پارە هیچ جیاوازیەکیان نییە، ئەگەر تا دوێنێ
ئەو راستیە داپۆشراو بوو ئەمڕۆ بە هۆی زۆری راگەیاندنەکان و بەرفرەوان
بوونی بواری بڵاوکردنەوە و دزەکردنی زانیاریەکان پەردە لەسەر ئەو
راستیە داماڵدراوە، ئەگەر بە وورتریش خوێندنەوە بۆ گووتاری هەر یەک لەو
حیزبانە بکەین ئەوە بە روونتر ئەبینین جگە لە جیاوازیە رووکەشیەکان هیچ
جیاوازیەک لەسەر بنەمای بیر و باوڕ و ئایدۆلۆجیا نابینین، هەر بۆیە بە
بەردەوام کێشە و دەنگە دەنگی نێوان حیزبەکان ئەگەر گەیشتبێتە شەڕ و
کوشتاریش ئەوە تواندراوە دوای ماوەیەک بە دانیشتن لەگەڵ یەکتر نەوەک
هەر کۆتایی بە شەڕ و کوشتار بێنن بەلکو ببن بە نزیکترین و بەهێزترین
هاوپەیمانی یەکتر، ئەوە هەر پارتی و یەکیەتی ناگرێتەوە بەلکو تەواوی
حیزبەکانی کوردستان مێژوویان لەکەدارە لە بەکوشتدان و ماڵوێران کردنی
خەلک، ئەوانەی لە ناو ئاگری ئەم شەڕانە ئەسوێن و ئەبنە قوربانی
ئەوانیتر دەست لەناو دەست ئەبن بە برا.
لە بارەی بەرنامە و دروشم و پاگەندەکان هەر هەموویان یەک شت ئەڵینەوە،
ئیسلامیەکان باس لە دیموکراتی و ئازادی ئەکەن تا ئەو ئاستەی لایەنە
عەلمانییەکان شەرمەزار ئەکەن و ئەبن بە
نمونەی دیموکراتی لەسەر ئاستی جیهان، لایەنە
عەلمانییەکان بە شێوەیەک باس لە ئیسلام بوونی خۆیان ئەکەن و
پابەند بوونی خۆیان وەها بۆ شەریعەتی ئیسلام دەرئەبڕن نەوەک هەر لە
ئسلامیەکانی کوردستان ئیسلامترن بەلکو باشترین ئیسلامی دونیان،
هەموویان بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن باس لە گەندەڵی و نارونی و کەمتەرخەمی
و پێشێلکاری و رۆیتن و خۆراکی بەسەرچوو خراپی دەرمان و هتد، ئەکەن و
هەر هەمووشیان داوای چاکسازی ئەکەن و هەر لایەنە و هۆکارەکان ئەخاتە
ئەستۆی ئەوەیترو راگەیاندنەکان لە بەرانبەر یەکتر ئەخەنە گڕ و لە هەر
لایەنە بە دەیان مامۆستای زانکۆ و نوسەر و رۆشەنبیر و رۆژناممەنووس و
سیاسی و ئەندام پەڕلەمان و مەلا و هونەرمەند بە گژ یەکتردا ئەبەن تا
بابەتەکە ئەبێتە چێشتی مجێور و ئەخرێتە بەر دەمی خەلکی هەژار و سادە و
ساویلکە، هەموو جارێکیش بڕیاری کەسە یەکەمەکان نەوەک هەر بەسەر خەلک و
پەڕلەمان تێپەڕ ئەکرێت بەلکو بەسەر ئەندامانی حیزبەکانیشیان تێپەڕ ئەبێ.
هیچ حیزبێکی کوردستان نییە ئەندامێکی لەسەر کەمترین ئاستی بەرپرسیەتی
هەبێ بەبێ موچە و بودجە و بەخششی تایبەت، هەر بۆیە ئەندامانی ئەو
حیزبانە بە ئاستی سەرکردایەتیش ئەگەر بزانن لە لایەنێکیتر باشتر و
زۆرتریان دەست ئەکەوێ ئەوە بەبێ یەک و دوو زۆر بێ شەرمانە بارەگاکانیان
ئەگوازنەوە، تا ئێستا حیزبێک نەبووە کەسێک لەم کەسانە رەتکاتەوە و لێی
بپرسێ لەسەر چ بنەمایەک لایەنەکەیترت بەجێهشت و هاتی بۆ لای ئێمە،
ئەگەر باسیش کرابێت ئەوە هەر لە چوارچێوەی کێشەی تایبەتی نێوان کەسەکان
بووە، تا ئێستا جیابوونەوەیەک نەبووە لەسەر بنەمای بیر و باوڕ بێت هەر
بۆیە کەسێک یان حیزبێک نییە رەخنە لە رابردووی خۆی بگرێ و سەرزەنشتی
خۆی بکات و بەرپرسیاریرتی هەڵەکانی حیزبەکەی پێشتری بخاتە ئەستۆی خۆی و
نهێنییە گرینگەکان بۆ خەلک ئاشکرا بکات.
تا ئێستا لەسەر پرسی نەتەوەیی و دوارۆژی کورد هیچ جیاوازیەک لە نێوان
حیزبەکان نییە هەر هەموویان باوڕیان بە عێراقی فیدڕاڵی هەیە و لە کاتی
موزایدەکردنیش هەموویان باس لە سەربەخۆیی ئەکەن، تا ئێستا هیچ یەک لە
حیزبەکان بە شێوەیەکی کاراما و پێداگرانە گرنگی نەداوەتە ئەو پرسە و
نەیخستۆتە پلەی یەکەمی کارەکانی چ لە چالاکیە جەماوەریەکان چ لەسەر
ئاستی راگەیاندنەکانی، کوا کاری جیاوازی هیچ یەکێک لەو حیزبانە بۆ
هۆشیارکردنەوە و بزواندنی خەلک بۆ ئەو پرسە.
پرسی نەتەوەیی نەوەک هەر لەسەر ئاستی حیزبەکان فەرامۆش کراوە بگرە
لەسەر ئاستی رۆشەنبیرانیش نەبۆتە پلەی یەکەم ، بە دەیان خۆپیشاندان و
ناڕەزایی و کەمپین و گفتوگۆی دوور و رێژ لەسەر دامەزراندن و موچە و
زەوی دابەشکردن و داواکاریە تایبەت و بەر تەسکەکان کراوە، بۆتە هۆی
لەبیر بردنەوەی دوارۆژ و چارەنووس و نەخشە و بناغەدارشتن بۆ سەربەخۆیی
بوون، شەرمەزاریە کە تا ئێستا مامۆستایانی زانکۆکان بە چەندین جار و
چەندین شێوازی جیاواز ناڕەزایەتی خۆیان بۆ کەمی مووچە و پارچە زەوی و
پێشەکی و پاشەکی پارە وەرگرتن دەربڕیوە، بەڵام بۆ تەنها جارێک لە پێناو
نادیاری چارەنووس و دواڕۆژی گەل و نیشتمان دەنگیان لێوە نەهاتووە، تا
ئێستا نەیانتوانیوە هاودەنگ و کۆک بن، پێداگر بن لەسەر دوورخستنەوەی
حیزبەکان و رێگا نەدەن چیتر رێکخراوەکانی حیزب دەست لە کار و باری
زانکۆکان وەربدەن، ئەگەر ئەمە هۆشیاری و ئاستی تێگەیشتنی مامۆستایانی
زانکۆ بێت ئەوە هەر هەموو حیزبەکانی کوردستان بۆ شەڕە ووشە ئەو
مامۆستایانە دێنە سەر کەناڵەکانی راگەیاندن و ئەیانکەن بە دەم راست و
دڵسۆز و نیشتمان پەروەر، بۆ نووسەر و هونەرمەند و مەلا و رۆشەنبیر و
رۆژناممەنووس و سیاسیەکانیش هەمان شتە، پرسیارەکە ئەوەیە کەسانێک تەنها
بەدوای ویست و داخوازیە تایبەتیەکانی خۆیان بن تەنها لە خەمی
خۆشگوزەرانی ژیانی خۆیان بن و تەنها پەرۆشی دەسکەوتە مادیەکانی خۆیان
بن، چۆن ئەتوانن ببن بە داڕێژەری دەستوورێکی نشتمانی؟؟
هەموو ئەوانەی باس لە خستنە راپرسی دەستوور ئەکەن و ئەوانەی داوای
گەڕاندنەوەی دەستوور بۆ پەرلەمان ئەکەن بریتین لە ئەندام و لایەنگرانی
ئەو حیزبانە، تا ئێستا مینبەرێکی ئازاد و کراوە نییە کە تاکی کورد و
خەلکی کوردستان بتوانێ بیر و بۆچوون و تێگەیشتنەکانی خۆی لە دەرەوەی
ئەو دوو ئاڕاستەیە بخاتە روو، ئەو شێوە کارکردنەی حیزبەکانی کوردستان
بەبەردەوام خەلک دابەش ئەکەن بەسەر دوو ئاڕاستە و گفتوگۆیەکان ئەوەندە
تەسک ئەکەنەوە کە خەلک ناچار بکەن لەگەڵ ئەوەیان بێت یان لەگەڵ
ئەوەیتریان، وا پیشان ئەدەن کە ئاڕاستەی سێیەم و بیرکردنەوەی چوارەم و
بۆچوونی پێنجەم و تێگەیشتنی شەشەم نییە، لەکاتێکدا ئەو دوو ئاڕاستەییەی
کە حیزبەکان خەلکی ئەخەنەسەر دەرئەنجامی گەیشتنەوەیە بە یەک خاڵی
هاوبەش ئەویش بەرژەوەندی حیزبەکان و بە حیزبی کردنی خەلکە لەسەر هەموو
ئاستە جیاوازەکان و بە حیزبی کردنی دامودەزگا و یاساکانە، دەستووریش
بەو ئاڕاستەیە بێت یان بە ئەوەیتریان دەرئەنجام دەستوورێکی حیزبی ئەبێت.
چۆن ئەکرێ لە کوردستان سەر تا پای ژیان بە حیزبی کرابێ تەنها دەستوور
حیزبی نەبێ؟؟؟؟؟
ئەمانە هەمووی مانای نەبوونی جیاوزییە لە ناوەڕۆکی حیزبەکان، هەر ئەوەش
وای لە خەلک کردوە کە جیاوزی بە حیزبەکان نەکات و لە کام حیزب
بەرژەوەندی تایبەتی خۆی دۆزیەوە روو لەو حیزبە بکات، گرینگ ئەوەیە
بتوانێ لە رێگای ئەو حیزبە لە شوێنێک دابمەزرێ و مووچەی مانگانەی هەبێ
و زەوی وەربگرێ و پارەیەکی بێتە دەست بۆ خانوو تاد. ئەوەیە هۆکاری
بوونی ئەندامێکی زۆر لەناو حیزبەکان هەر حیزبە و بە گوێرەی دەسەڵات و
دەوڵەمەندییەکەی کە لە بنەڕەتدا هی خەلکە
یاری بەو خەلکە ئەکەن.
لەسەر رۆشنایی ئەو رۆنکردنەوانەی سەرەوە بۆمان دەرئەکەوێت کە دەستوور چ
بە راپرسی بێ چ بە گەڕاندنەوەی بۆ پەرلەمان بێت جیاوازیەکی ئەو تۆی
نابێت، ئەوە نییە لە یەکێکیان دەستوورێکی نشتمانی و نەتەوەیی بەرهەم
بێت و لەوەیتریان تەواو پێچەوانە بێت، لە هەر کامەیان بێت دەستوورێکی
حیزبی شێواو و دوور لە خواستی نشتمانی و مافە سەرەکیەکانی خەلک و
ئامانجی نەتەوەیە.
سەرەڕای هەموو ئەوانەش چ گرێنتیەک هەیە بۆ جێبەجێ کردنی دەستوور بە
هەموو کەم و کورتیەکانی، چ دەسەڵاتێک هەیە لە سەروی حیزب کە بتوانێ لە
کاتی پێشێلکاریە دەستووریەکان لێپرسینەوە بکات و سزای پێشێلکارە پلە
بەرز و دەست رۆیشتووەکان بدات؟ کامە دادگا لە کوردستان ئەتوانێ
بانگهێشتی بەرپرسەکان بکات؟ لە کوردستان کە دادگا سەربەخۆ نەبێ! چ
سەنگێک بۆ یاسا و دەستوور ئەمێنێتەوە؟
زۆرن ئەو ووڵاتانەی خاوەنی دەستوورن و دیموکراتی نین، ووڵاتە
دکتاتۆرەکانیش دەستووریان هەیە، کەواتە بوونی دەستوور پێوەر نییە بۆ
دیموکراتی، زۆرن ئەو ووڵاتانەی دەستووریان هەیە و مافەکانی مرۆڤیان
تیادا پێشێل ئەکرێ، کەواتە دەستوور رێگا نییە بۆ دەستەبەرکردنی
مافەکانی مرۆڤ، زۆرن ئەو ووڵاتانەی دەستووریان هەیە و نغرۆن لە گەندەڵی،
کەواتە دەستوور ئامراز نییە بۆ رونی و ئاشکرایی و دەرخستنی سەروەت و
سامان و چۆنیەتی بەکارهێنانی، زۆرن ئەو ووڵاتانەی دەستووریان هەیە و
دادگا بە چاوی جیاواز مامەلە لەگەڵ هاوڵاتیان ئەکا، کەواتە دەستوور
مانای هێنانەدی دادپەروەریی یاسایی نییە، زۆرن ئەو ووڵاتانەی
دەستووریان هەیە و ئەوپەڕی دواکەوتوو و کۆنەپەرستن، کەواتە دەستوور
زەمینەی پێشکەوتووخوازی نییە.
دەستووری پێشکەوتووخواز و دادپەروەر و نشتمانی و شارستانی و دیموکراتی
لە کاتێک ئەبێ کە دانەرانی ئازادیخواز و نشتمانپەروەر و داکۆکیکار بن
لە مافەکانی مرۆڤ و لە کارە حیزبی و حکومیەکانیان گەندەڵ نەبن،
سەرچاوەی سەروەت و سامانیان دیار بێ، بەر لە هەموو کەس ملکەچی یاسا بن
و تەواو باوڕیان بە سەربەخۆیی دادگا هەبێ، ئەمانە کەمیترین پێناسەن بۆ
کەسانێک کە دانەر و داڕێژەری دەستوورێکی دیموکراتی بن.
٦\٦\٢٠١٣
ماڵپهڕی ههندرێن
حهمهدهمین
|