په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٧\١١\٢٠١١

بەھەرێمکردنی پارێزگاکان،

دواین ھەوڵێک بۆ جێخستنی دابەشبوونە تائیفی و قەومییەکان لە عێراقدا!


عەبدوڵا مەحمود  


کۆتایی مانگی رابردوو، ئەنجومەنی پارێزگای سەلاحەدین بڕیاری سەربەخۆیی ئیداری و ئابوری! سەلاحەدینی بەوێنەی ھەرێمێکی سەربەخۆ ڕاگەیاند. بەدوای ئەمەدا پرسی بەھەرێم بوونی پاریزگای ئەنبارو موسڵیش ھێنرایە ئاراوە. بێگومان ئەوەی لەپشت پرۆسیسی بەھەرێمکردنی پارێزگاکانە بەتایبەتیش پارێزگاکانی "سەلاحەدین، ئەنبار وموسڵ ودیالە..." تاد، ناسیونالیزمی عەرەبی وەسەرپێ کەوتووە کە لەباری ڕێکخراوەیەوە لەلیستی عێراقیەدا کۆبونەتەوە ولەکێشمەکێشێکی تونددان لەگەڵ لیستی دەوڵەتی یاسا وحکومەتی ئەم لیستەدا کەمالیکی سەرەک وەزیرانیەتی ونوێنەرایەتی باڵی ناسیونال ئیسلامی دەکات ولەپشتیوانی ھەمەلایەنەی ئێران بەھرەمەندە. پرۆسیسی بەھەرێم بوونی پارێزگاکان، کاردانەوەی جۆراوجۆری بەدوای خۆیدا ھێناوە. لەم نێوەدا زۆرێک لەلایەنە ناسیونال ئیسلامیەکان دژایەتی دەکەن ومالیکی ولیستەکەی دەوڵەتی یاسا وزۆر بەتوندی لەدژی وەستاونەتەوە، تا ئەو ڕادەیەی لەکاردانەوەیەکدا مالیکی دەڵیت "ئەمە فیدڕاڵییەت نییە، ئەمە گاڵتەجاڕیی و دۆزینەوەی پەناگەی ئارامە بۆ پاشماوەکانی بەعسی عێراق و سووریا و میسر".


ھاوکات ناسیونالیزمی کورد بەگشتی بەئۆپۆزیسیۆنیشەوە پشتیوانی لەبەھەرێمبوونی پارێزگاکان دەکەن و بەھەنگاوێکی یاسایی ودەستوری! وھەروەھا بەپشتیوانەیەکی دەزانن بۆ ھەرێمی فیدرالی کوردستان!.


دەستبردنی پاریزگای سەلاحەدین بۆ بوونی بەھەرێمێکی سەربەخۆ و ئامادەکاری ئەنبار و موسڵ..تاد، بۆ بەھەرێمکردنی پارێزگاکانیان، نیشانەی دەورەیەکی تازەیە بۆ سیستەمی ئەزمەگرتوو پێک نەھاتوەوەی عێراق و سەرەتای دەورەیەکی تازەی ململانێ و کێشمەکێشی سیاسییە لەنیوان دابەشبوونە تائیفی وقەومیەکان کەلەچوارچێوەی ھاوکێشەی تازەی سیاسی عیراق و ململانێێ ناوچەیدا، چالاکبوونەتەوە.


پاشەکشەی زوربەی ‌ھێزە سەربازیەکانی ئەمریکا لەعێراقدا، ڕوداوێکی گەورەیە. ھاوسەنگی ھێزی لایەنە سیاسییەکانی عێراق ودەستێوەردانی ناوچەیی وپێگەی سیاسیان دەگۆڕێت. ھەرکام لەھێزە سەرەکیە بۆرژوازیەکانی عێڕاق کەململانێیان لەسەر چۆنیەتی سازدانەوەی دەوڵەتی عێراق وسیستەم وستراکتۆری سیاسی جەنگێکی نەبڕاوەی ھەمەلایەنەیە، دەچێتە فازێکی تازەوە.


لەگەڵ کەوتنی بەعس لە ٢٠٠٣ دا، ئەو باڵەی شکستی سیاسی گەورەی خواردو و ھێزو ئیعتباری ناوچەیی لەدەست دا، ناسیونالیزمی عەرەب بوو. لەبەرامبەردا ناسیونالیزمی ئیسلامی سەر بەئێران، بەپشتیوانی ئێران شانسی باڵادەستی و مەیدانداری پێبڕا. ئێستا ئەم ھاوکێشەیە لەئاکامی کارکردی دەسەڵاتدارێتی ڕەوتگەل و مەلای مشەخۆری سەر بەئێراندا ئاڵوگۆڕی بەسەردا ھاتووە، ناسیونالیزمی عەرەب بەھاوکاری وڵاتانی دژی ئێران وخولیای پانعەرەبیزمەوە توانیویەتی ڕیزەکانی تاڕادەیەکی زۆر ڕێک بخاتەوە وببێتەوە بەیاریزانێکی سەرەکی گۆڕەپانی سیاسی عێراق ولەگەمەی ھەڵبژاردنەکانیشدا، توانی لوت بەرزی ناسیونالیزمی ئیسلامی سەر بە ئێران لەزەوی بدات.


ئێستا کەسوپای ئەمریکا لەئاکامی ناکامی سیاسەتەکانی ودرێژەی ناڕەزایەتیەکی فراوان بەدژی مانەوەی لەعێراقدا، ناچارە زوربەی ھەرەزۆری سوپاکەی پاشەکشە پێبکات، ئەمەش دەستی وڵاتانی ناوچەکە بەتایبەتی ئێران ئاوەڵا دەکات تازیاتر دەست وەربداتە کاروباری عێراق ولەھەمیشە زیاتریش ھاوکاری وپشتیوانی ھەمەلایەنە لەلیست وقەوارە سیاسیەکانی سەربەخۆی بکات. ئەم دۆخە گوشاری زیاتر دەخاتە سەر ھێزو لایەنەکانی ناسیونالیزمی عەرەب کەئێستا پێگە بەھێزەو ھاوکات توانیویەتی تاڕادەیەک ڕیزەکانی ڕێک بخاتەوە. لەو چوارچێوە تازەیەدا ھەرکام لەھێزو لایەنە سیاسیەکان لەئامادەکاریدان بۆ ململانێ و کێشمەکێشەکانی دەورەی داھاتوو.


پرۆسیسی بەھەرێمکردنی پاریزگاکان!، بەجیا لەوەی سەرئەنجام بەکوێ دەگات و چەند پارێزگا چ وەک تاک پارێزگا یان چەند پاریزگایەک بەیەکەوە، ھەرێمی فیدرالی! خۆیان ڕادەگەیەنن یان دەتوانن دایبسەپێنن وچەند پاڕیزگایەک بکەنە مەیدان وژینگەی دەسەڵاتدارێتی ڕەسمی خۆیان، ڕەوەندێکە ناتوانرێت بەری پێبگیرێت. ئەمە کاردانەوەی پێشوەختی ناسیونالیزمی عەرەبە بەدژی ناسیونالیزمی ئیسلامی وھەوڵ ودەستێوەردانی داھاتووی ئێراندا. ھەوڵێکە بۆ بەرەسمی بەدەستھێنانی قەڵەمرەوی دەسەڵاتدارێتی لەچەند جغرافیایەکی دانپیانراودا، تا لەوێوە بتوانن ململانێی خۆیان لەگەڵ ھێزو لایەنەکانی تردا ببەنە پێشەوە.


کاردانەوەی توندی مالیکی وزوربەی ڕەوتگەڵی ناسیونال ئیسلامی ولایەنەکانی سەر بەئێران بەدژی ھەوڵی بەھەرێمکردنی پارێزگاکان، لەکاتێکدا کەخۆیان پێشتر بانگەشەی بەھەرێم بوونی پارێزگای بەسرەیان دەکرد، بەجیا لەوەی بەیانی ترسێکی واقعییە، ھاوکات نیشانەی ئامادەیی ناسیونالیزمی عەرەبە بۆ ململانێ و دەورەی داھاتوو. وە لێسەندنەوەی پانتایەکی زۆری قەڵەمرەوی سیاسییە لەمالیکی وحکومەتەکەی لەئاستێکی بەریندا. کەھاوکات دەبێتە پشتی بەرەیەکی بەھێز بۆ ھێزو لایەنە سیاسیە نەیارەکانی مالیکی و حکومەتەکەی و دەستێوەردانی ئێران.


بەھەرێمکردنی پارێزگاکان لەژێر ناوی سەربەخۆی ئیداری ودارایی" ئابوری" تەنھا حیلەیەکی دەستوری وفیڵێکی بەناو یاساییە، کەلە دەستورێکی مەتاتیدا دەرکێشراوە. لەبنەرەتدا دەست بردنی ھەر ھێزو لایەنێک بۆ ھەر ھەنگاوێکی دیاریکراو و ھەر شێوازێکی دەسەڵاتدارێتی و لەوانەش فیدرالیزەبوونی پارێزگایەک یان چەند پاریزگایەک، ھەنگاوێکی تەواو سیاسییە وبنەماکەشی بەھەمان لۆجیکی داڕشتنی دەستورو تەوافوقی سیاسی، تایفی ومەزھەبی وقەومیی وکۆنەپەرستانەیە.


فیدرالیزمی ئیداری و دارایی...لەعێراقدا جگەلە درۆیەک ھیچی تر نییە. لەعێراقدا تا ئێستا پرۆسەی سیاسی دەرگیری گەورەترین ئەزمە و گرفتی دەوڵەتسازی وحکومەت سازکردنەوەیە. دەسەڵات تائیستا، دەسەڵاتی میلیشیای وعێراقیش بەکردەوە چەند بەشیکە کەھەرکام لەو بەشانە ڕەوتگەلی سیاسی بەپشتیوانی ھێزی میلیشیایی و پشتیوانەی دەرەکی جغرافیایەکیان بۆ خۆیان پاوان کردووە. ھاتنە ئارای پرۆسیسی ھەرێم سازی درێژەی جەنگی نێوان باڵ ولقەکانی بۆرژوازی وئەو دابەشبوونە تائیفی وقەومیەیە کەلە یەکەم ھەنگاودا بەیاسایی کراو لەدەستوردا ڕەسمیەتی وەرگرت وئێستاش لەدرێژەی ھەمان جەنگ و ململانێکانی پێشوە لەبەرگێکی ترو لە دۆخێکی تازەترو لە ھاوسەنگی ھێزی تازەدا.


تائێستا دەسەڵاتی سیاسی لەناوەندا پێک نەھاتۆتەوە، وە ڕیکەوتنی نێوان ھێزو لایەنە سیاسیەکانی ناو خانەوادەی بۆرژوازی بەدینی و قەومی و تایفی و کوردو عەرەب و ھیشتا ناسەقامگیرو شلۆقە، دەستور سەنەدێکی مەتاتی و بنەماکەی قەوم و دین و تایفییە، ھێشتا زۆر لایەن بەبەشی خۆی ڕازی نیین و خوازیاری ھەموارکردنەوەی دەستورن، لەھەموو ئەمانەش واوەتر ئەوەی عێراق دەبزوێنێ وسیاسەت وھەنگاوەکانی دەجوڵێنێ ئیرادەی ناوچەیی و دەوڵەتەکانیانە، نەک حکومەت ودەوڵەتێکی سەربەخۆی خاوەن بنەما وپێکھاتە یاساییە باوەکانی حکومەتسازی و دەوڵەتسازی و یەکە دامەزراوەکانی.


لەھەلومەرجی لەم چەشنەدا باسی فیدرالیزمی ئیداری وئابوری، لەڕاسیتدا دوایین ھەوڵە بۆ جێگیر کردنی ئەم دابەشبوونە قەومی وتایەفگەرییە کەھیچ لایەکیان ناتوانن کۆنترۆڵی دەوڵەتێکی یەکپارچە بەدەستەوە بگرن. ھەربۆیە ئەو ھەوڵانەی بەئاقاری فیدرالیزەکردنی پاریزگاکاندا دەنرێن، فدرالیزمی تایفی و قەومین و ھەڵگری ھیچ جۆرە پێشڕەویەکی کۆمەڵایەتی و دەستکەوتێکی بۆ ھاوڵاتیانی تێدا نییە وناوەڕۆکێکی کۆنەپەرستانەی ھەیە، بگرە مەترسی بەیەکدادانی تایفی و قەومی و مەزھەبی بۆ سەر خەڵکی عێراق زیاتر دەکات.


جیاکردنەوەو پارچەپارچەکرنی جغرافیای سیاسی لەسەر بنەمای تایفی و قەومی، یانی جغرافیا بەتایفیکردن و قەومیکردن، وە بەمانای راگرتنی تایفەو قەومە جیاجیاکانە لە بەرامبەر بەیەکتری و بەرەسمیکردنی ئەگەری جەنگی نێوان دانیشتوانی جغرافیاکانە ھەرکاتێک بچوکترین پاڵنەر ھەبێت یان بۆی بجوڵێنریت و بھێنرێتە ئاراوە.


بۆ ناسیونالیزمی عەرەب بەگشتی ولیستی عێراقیە وەکو بەشێکی بەرینی ڕێکخراویی لەپرۆسیسی سیاسی ئێستای عێراقدا، فیدرالیزم بەھەر نیازێک وبەھەر شێوازێک ولەھەر چواچێوەیەکدا بێت، قابیلی قبوڵ نییە وئەمە بەتێکشکاندی سەروەری وڵاتی وھەوڵیک بەئاراستەی پارچەپارچەکردنی نیشتمانی عەرەب وعێراق دەزانن. ھەوڵەکانیان ودەست بردنیان بۆ پرۆسەی ھەرێم سازی نەخشەو گوشارێکی بەبەرنامە داڕێژراوە تا پاشەکشە بەناسیونال ئیسلامی وحکومەتی مالیکی بکەن وغروری سیاسی و تەماحکاری سیاسیان لە ئاستێکی فراوندا لەزەوی بدەن.


ناسیونالیزمی کورد بەدەسەڵات وئۆپۆزیسیۆنەوە، پشتیوانی لەپرسی فیدرالیزەکردنی ھەرێمەکان دەکەن وپاساوی ئەم بەرگریکردنەشیان ئەوەیە کەئەمە بەپرسێکی دەستوری و یاسایی! دەزانن وھاوکات بونی ھەرێمی فیدرالیتر بەپشتیوانە بۆ فیدرالیزمی ھەرێمی کوردستان تەماشا دەکەن. دیارە ناسیونالیزمی کورد دەمێکە لەچاوەڕوانیدایە تاھەوڵی تر بۆ فیدرالیزەکردن بنرێت تاتاقانەیی فیدارلیزمی کوردستان تێپەڕێت وئەمجارە بەدەنگێکی بەرزتر ولەپێگەی بەناو عێراقی فیدرالیدا، شانازی بەفیدرالیزمەوە بکەن کەجگە لەخۆیان تائێستا کەسی تر ولایەنی تر بەحکومەتیشەوە باسی فیدرالیزم وحکومەتی فیدرالی ناکەن.


بێگومان ناسیونالیزمی کورد لەگەمەی ململانێی لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندی و بە تایبەت مالیکی ھاوپەیمانیان لەسەر ناوچە کێشەلەسەرەکان، لەسەر بودجە وپێشمەرگە ومادەی ١٤٠...تاد، ئەم پشتیوانییە لەھەوڵی بەھەرێمکردنی پارێزگاکان دەکەنە دەستمایەی گوشارھێنان بۆ مالیکی تا داخوازییەکانیان دابسەپێنن.


ناسیونالیزمی کورد بەتایبەت یەکێتی وپارتی وگۆڕان...ئەو ڕاستیە نابینن کەئەگەر پرۆسیسی بەھەرێمکردنی پارێزگاکان بەسەمەر بگات وە ئەمە فدرالی بێت یان جیاکردنەوەی جغرافیا لەڕێگای ملھوری نواندنی سیاسیەوە بێت(کەھی دووەمیانە)... چ مەترسییەکی بەیەکدادنی قەومی و تایفی وەکو بۆمبی ھەمیشە ئامادەی تەقینەوە، سایە دەخاتە سەر خەڵکی ئەم ناوچانە لەگەڵ یەکتری لەسەر شوێنێک یان کێشەیەکی بچوک و لاوەکی. ھەروەھا کورتبینییان تا ئەو ڕادەیەیە کە ناتوانن ئەو ڕاستیە درک بکەن کەلەداھاتوودا چارەسەری ھەر پرسێکی ھەرێم لەگەڵ مالیکی وحکومەت دەبێ بەفیلتەری بەناو پاریزگا بەھەرێم کراوەکانیشدا تێپەرێت. واتا ئەگەر کێشەی ناسیونالیزمی کورد لەگەڵ ناوەند بۆ دەسەڵات و داھات، ململانیی لەسەرە ھاوکات بێدەردی سەری ھیچ کام لەم پرسانە لەگەڵ ھەرێمە بەناو پاریزگا بووەکاندا ناتوانرێت تێبپەڕێنریت.


پروسیسی بەھەرێمکرن و بەفیدرالی کرنی عێراق، بەمانای دابەشکردنی رەسمی عێراقە بەسەر ناسیونالیزمی عەرەبی سونە، ناسیونال ئیسلامی شیعە، ناسیونالیزمی کورد و وە بەواتای ناسنامە بەخشینی جغرافییە لەسەر بنەمای قەوم و تایفە مەزھەب. ئەمە یانی ڕاگرتنی دانیشتوانی عێراق بەدیار ھەرەشەی دوبارە بوونەوەی یوگسلافیا و خوێن ڕیژییەکانی.


پرۆسیسی فیدالیزەکردنی عێراق، ھەرگیز بەمانای کەم کردنەوەی دەسەڵاتی ناوەندو بەخشینی دەسەڵات بە دەسەڵاتی خودمختارو فدرالیی نییە. لە عێراقدا دەسەڵات و حکومەت تەنھا رویەکی جادوئامێزە بۆ شێواندنی رای گشتی و دەسەڵاتێکی مەرکەزی بوونی نییە، ئەوەی ھەیە دەسەڵاتی زۆری ‌ھێزە کە ھەر جغرافیایەکی سیاسی ھیزێکی سیاسی لەسەر بنەمای تایفە و مەزھەبی و قەومی بە پشتیوانی میلیشیاو ھاوکاری وڵاتانی ناوچەکە، دابەشیان کردووە، فدرالیزمی قەومی و تایفی و مەزھەبی بەرەسمیکردنی ئەم دابەشکاریەو بەیاسایی کردنیەتی. کە پرۆژەیەکی ئاوا پرۆژەیەکی کۆنەپەرستانە، تەفرەقە ئامێزەو خوێنڕیژی سیناریۆیەکی نەخوازراوی ئەم پرۆژەیەیە.


دیارە ئەم پڕۆژەیە ‌کە بەناوی فیدرالیزەکردنی پارێزگاکان ‌ھێنراوتە ئاراوە، لە بنەڕەتدا دژی فدالیزمە و جەنگێکە لە دژی دەسەڵاتی مەرکەزی ئێستای مالیکی.
ھەر ‌ھێزو لایەنێکی سیاسی و ھەر گروپ و دەنگێکی ئازادیخوازنە، پێویستە لەسەریان دژی ئەم دابەش کارییە جغرافیایی و قەومی و تایفییە، بوەستنەوەو نوێنەرایەتی مافی ھاوڵاتی بوون و دەسەڵاتی پشتبوستوو بە ئیرادەی ئازادانە جەماوەر بکەن. وە ڕیگە بگرن لەوەی خەڵکی عێراق بکرێنە دەستمایەی سیاسی ململانێی نێوان باڵەکانی بۆرژوای و خۆشخزمەتیان بە وڵاتانی ناوچەکە لەسەر دەسەڵاتی سەرکوتکەرانەو تاڵانچێتی.


ناوەڕاستی نۆڤەمبەری ٢٠١١
ماڵپه‌ڕی عه‌بدوڵا مه‌حمود

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک