په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٩\٨\٢٠١١

بە هیوام حکومەتى هەرێم بۆ فڕۆکەکانى تورکیا و ئێران نه‌بێته‌ پۆلیسى هاتوچۆ.


هیوا ره‌ش     


شەڕ دوو جۆرن ، ڕەوا و ناڕەوا ، ئەوەى پەلامار دەدات و دەچێتە سەر ماڵى بەرامبەر ، شەڕەکەى ناڕەوایە ، ئەوەشى بەرگریى لە خۆى و ماڵەکەى دەکات و ناچارى بەڕەنگاریى دەبێتەوە ، شەڕەکەى ڕەوایە ، ئەمە قسەى گیرفانى من نیە ، بەڵکو یاسا و شەریعەت و کلتور و نەریتى باو وامان پێدەڵێت .

پارتى کرێکارانى کوردستان ( پەکەکە ) و پارتى ژیانى ئازادى کوردستان ( پژاک ) ، دوو هێزى کوردستانین و لە پێناوى ماف و ئازادى خەڵکى کوردستاندا لە باکور و ڕۆژهەڵات تێدەکۆشن ، دوژمنان نکوڵیى لە بوونى نەتەوەیى و خواستەکانیان دەکەن و نایەنە ژێر بارى گوێگرتن و لێکتێگەییشتن ، لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوام شاڵاوى دڕندانەیان بۆ دەبەن ، بۆیە بە ناچاریى ئەو دوو هێزە خەباتگێڕە پەنایان وەبەر تێکۆشانى چەکدارى بردووە ، لە بەرامبەردا هێزى بێئەژمار و جبەخانەى زەبەلاحى دوژمن ڕۆژ لە دواى ڕۆژ لە هەوڵى لەناوبردنیان لەکاردایە و شەو و ڕۆژیان بەو نیازەوە ناوەتە سەر یەک .

لە سەروبەندى ئەم نووسینەمدا ، هەواڵە نپونوێکانى دوژمنان ، دواى شکستیى هێزى پیادەی سەربازیى جەندرمە و پاسدار ، پەنایان وەبەر شەڕى هەواڵگریى و سیخوڕى برد و دیارە ئەویشیان فت ، ئینجا شەڕى ئاویان ڕاگەیاند کە دەیانەوێت ، ژینگە و ڕووەک و گیانلەبەرانى وشکانى و ئاوى ، بە مرۆڤى کوردیشەوە لە کوردستاندا قەڵاچۆ بکەن ، بەڵام وا دیارە دڕندایەتییان بە هیچ کلۆجێک دانامرکێتەوە ، بۆیە هاوکات هەردوولا ، تورکیا و ئێران ، لە ڕێگەى شەڕى ئاسمانییەوە مەبەستیانە نیشتمان ، بە مرۆڤى چەکدار و بێچەکەوە ، خاک ، بە پێدەشت و چیاوە ، ژینگە ، بە باغ و ڕووتەنەوە ، گیاندار ، بە ماڵى و کێوییەوە ، دیوار ، بەندەن ، مزگەوت ، کەنیسە ، پیرۆزییە ئاسمانى و کۆمەڵایەتییەکان ، ژیان و ژیار ، هەموو بە جارێک بسووتێنن ، کەسێک ، وڵاتێک ، حکومەتێک ، ڕێکخراوێکى مرۆڤپەروەر و ژینگەپارێز و ئاژەڵدۆست ، دادگایەکى عەشایەرى و نێودەوڵەتى ، ویژدانیکى زیندوو یان مردوو نەماون لە ماناى ناڕەوایى ئەم شەڕە بپرسنەوە ، بۆیە ئەمە لە هەموو کوردێکى شەرەفمەند و شکۆمەند دەخوازێت ، دوور و نزیک ، کەم و زۆر ، هەڵوێست بنوێنن ، لە سەرووى هەمووانیشەوە حکومەتى هەرێمى کوردستان کە جێگەى ئومێدى گشت کوردانە ، جا ئەگەر حکومەتى هەرێم لە ژێر هەر پاساو و بیانوویەکدا بێت ، نەیەوێت بۆ دیفاع لە نیشتمان خوێنى پێشمەرگە و گەریلا پێکەوە لە سەنگەرێکدا بڕژێت ، ئەوا دەبێت بە لاى کەمەوە نەبێتە پۆلیسى ترافیکى دوژمنان و نەهێڵێت لە خاکى باشورى کوردستانەوە سەنگەرەکانى گەریلا بۆ فڕۆکە مەرگبارەکانى تورکیاى کەمالیى و ئێرانى خومەینى بخرێتە نێو سێرەى ڕۆکێتى ئاسمان زەمینیى فاشیستەکانەوە ، ئەمەش لە هیچ باشترە و ئێمە کۆڵێک منەتباریان دەبین .
 

ماڵپه‌ڕی هیوا ره‌ش

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک