٥\٢\٢٠١٣
بەهمەن
قوبادی: دەبێت وەک وڵاتانی دراوسێ سینەماکەمان بەهێزبکەین.
مەنسوور جیهانی
بەهمەن
قوبادی لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ قوتابیانی بەشی سینەمای زانکۆی
سەلاحەدین رایگەیاند: ئێستا سینەمای وڵاتانی تورکیا، ئێران و عەڕەبی
بەرەو بەهێزبوون دەچن و دەبێت شان بە شانی سینەمای ئەو وڵاتانە ئێمەش
بەرەو پێشەوە بڕۆین و سینەماکەمان بەهێز بکەین.
سینەماکاری کورد بەهمەن قوبادی لە کۆلێژی هونەرە جوانەکانی بەشی
سینەمای زانکۆی سەلاحەدین ئامادەبوو و بۆ قوتابیانی سینەما و هەروەها
ئەو کەسانەی کە هۆگری سینەمان چەند وتەیەکی پسپۆڕانەی لەسەر هونەری
سینەما پێشکەش کرد و لە درێژەدا بە وردی وڵامی پرسیاری ئامادەبووانی
دایەوە و بۆ هاوکاری کردنی قوتابیانی بەشی سینەمای زانکۆی سەلاحەدین
جیهازە تەکنییەکانی فیلمی سینەمایی "وەرزی کەرکەدەن" و هەروەها بەرهەمی
داهاتووی پێشکەش بە بەشی سینەمای کۆلێژی هونەرە جوانەکانی زانکۆی
سەلاحەدین کرد.
بەهمەن قوبادی لە سەرەتای قسەکانیدا سەبارەت بە خۆئامادەکردنی
قوتابییەکی بەشی سینەما بۆ دەرهێنانی بەرهەمێک هاتە ئاخاوتن و گوتی:
دەبێت بەردەوام کتێب بخوێننەوە و هەموو رۆژێک فیلم ببینن و ئاگاداری
بەشە تەکنیکییەکانی سینەما بن بۆ نموونە دەبێت شارەزایی تەواتان لە سێت
ئاپی کامێرا، کالەرکۆلێکشێن، ئێدیت، دانانی دەنگ، موزیک، شێوەکاری،
فۆتۆگرافی و بەشەکانی دیکەی سینەما هەبێت.
گوتیشی: دەبێت بەردەوام لەسەر پێی خۆتان راوەستن و چاوەڕێی حکوومەت
مەبن کە هاوکاریتان بکات. لە ناو پۆلەکەتاندا پێکەوە پێنج کەس گرووپێک
دابمەزرێنن و هاوکاری یەکتری بکەن و لە تەواوی قۆناغەکانی بەرهەمهێنانی
کورتە فیلمێکدا هاوکاری یەکتری بکەن و تەنیا پشت بە خۆتان ببەستن،
ئەوەندە بەهێزبن کە بۆخۆتان بە بەرهەمەکانتان حکوومەتێک بن.
ئەوەشی خستەڕوو: ئێستا سینەمای وڵاتانی تورکیا، ئێران و عەڕەبی بەرەو
بەهێزبوون دەڕوات و ئێمە وەکوو سینەماکار، ئەرکێکی گەورەمان لەسەر شانە
و دەبێت شان بە شانی سینەمای ئەو وڵاتانە ئێمەش بەرەو پێشەوە بڕۆین و
سینەماکەمان بەهێز بکەین.
دەرهێنەری فیلمی سینەما "کێسەڵەکانیش دەفڕن" لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا
گوتی: ئێستا سینەما مێدیۆمێکی زۆر زۆر بەهێزە کە حکووتەکان لە
سەرانسەری دنیا پێویستیان پێیەتی و هەر کامتان دەتوانن تریبۆنێکی گەورە
بن و بە بەرهەمەکانتان دەنگی کورد بە دنیا رابگەیەنن.
دەرهێنەری فیلمی سینەمایی "کاتێک بۆ مەستی ئەسپەکان" گوتیشی: من بۆ
سازکردنی یەکەمین فیلمم چوومە ناو ژیانی کەسایەتییەکانی فیلمەکەمەوە و
ئێوەش بۆ ئەوەی کە فیلمەکەتان لەسەر بینەر کاریگەری ئەوتۆی هەبێت دەبێت
بچنە ناو ژیانی کەسایەتییەکانی فیلمەکەتانەوە.
قوبادی ئەوەیشی ئاشکرا کرد: دەبێت فیلم بۆ فیستیڤاڵەکان سازنەکەن و
تەنیا بۆ دڵ و ناخی خۆتان فیلم سازبکەن، گرفتی ئێستای سینەمای کوردی
ئەوەیە کە هەموو کەس هەوڵدەدات کە بە خێرایی یەکەمین فیلمی بڵندی
سینەمایی خۆی سازبکات.
دەرهێنەری فیلمی سینەمایی "نیوە مانگ" لە درێژەی ئەم کۆبوونەوە
پسپۆڕانەیەدا بە وردی وڵامی پرسیاری ئامادەبووانی دایەوە و بۆ هاوکاری
کردنی قوتابیانی بەشی سینەمای زانکۆی سەلاحەدین، جیهازە تەکنییەکانی
فیلمی سینەمایی "وەرزی کەرکەدەن" Rhino Season
و هەروەها بەرهەمی داهاتووی پێشکەش بە بەشی سینەمای کۆلێژی هونەرە
جوانەکانی زانکۆی سەلاحەدین کرد و هەروەها ئامادەیی خۆی نیشاندا کە هەر
مانگ جارێک لە بەشی سینەمای زانکۆی سەلاحەدین ئامادەبێت و هەر جارێک
تەوەرێکی پسپۆڕانەی هونەری سینەما پێشکەش بە قوتابیانی کورد بکات.
لەم کۆبوونەوەیەدا کە بە ئامادەبوونی دکتۆر مێهدی قادری سەرۆکی کۆلێژی
هونەرە جوانەکانی زانکۆی سەلاحەدین و دکتۆر ئیبراهیم مەحموود بەرپرسی
گرووپی سینەمای ئەم کۆلێژە، مامۆستایانی بەشی سینەما و شانۆ و بەشەکانی
دیکە و هەروەها قوتابیانی سینەما و هۆگرانی هونەری سینەما لە بەشی
سینەمای کۆلێژی هونەرە جوانەکانی زانکۆی سەلاحەدین بەڕێوەچوو، سەرەتا
دکتۆر ئیبراهیم مەحموود سەبارەت بە بەهمەن قوبادی و رۆڵی ئەو لە
سینەمای کوردی و هەروەها هەوڵ و چالاکییە بێوچانەکانی ئەم سینەماکارە
کوردە هاتە ئاخاوتن.
ماڵپهڕی مهنسوور جیهانی
|