٥\٣\٢٠١٠
به‌عس و هه‌ڵبژاردن
و هه‌ڵوێستی کورد.

هاوژین
عه‌لی
به‌عس.
به‌عس وه‌ک پارتێکی عه‌ره‌بی شۆڤێنی فاشیست، له نیوه‌ی ده‌یه‌ی سیه‌کانی
سه‌ده‌ی ڕابردووه‌وه هه‌تاکو ئه‌م ڕۆژگاره‌مان، له‌ناو ڕووداوه سیاسی
و ستراتیجی و مێژووییه‌کانی عێڕاق و ناوچه‌که‌دا ڕۆڵێکی وێرانگه‌رو
خوێناوی گه‌وره‌ی گێڕاوه. هه‌ر له‌ده‌سپێکدا ئه‌م ئایدیۆلۆژیه ڕه‌گه‌زپه‌رسته
ڕێکخراوه بۆ به‌دیهێنانی ئامانجه‌کانی و سه‌رکه‌وتنی بۆ لوتکه‌ی ده‌سه‌ڵات،
باوه‌ڕی چه‌سپاوو قوڵی به کاری کوده‌تاو پیلانگێڕان و ده‌ستێکه‌ڵکردن
له‌گه‌ڵ ناوه‌نده جاسوسی و موخابه‌راتیه‌کانی ناوچه‌که‌و جیهان هه‌بووه.
ئه‌م باوه‌ڕبوونه‌ش زۆر به ڕوونی له‌ناو سیاسه‌ت و ستراکتوری
ڕێکخراوه‌ییه‌دا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه‌و له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانیدا داموده‌زگای
هه‌واڵگری و سه‌ربازی و تیرۆریستی دروست کردووه‌و به‌کاریهێناوه. له‌ڕاستیدا
به‌عس ڕێکخراوێکی جه‌نگی فاشی بووه و هیچ کات له‌گه‌ڵ پرۆسه‌ی سیاسی
دیموکراسیدا نه‌بووه‌و ویستوویه‌تی له‌ڕێگای زه‌بروزه‌نگه‌وه ده‌سه‌ڵاتی
تاقانه‌ی خۆی به‌سه‌ر کۆی ده‌وڵه‌ت و کۆمه‌ڵگادا بسه‌پێنێت.
شتێکی سه‌یر نیه بۆ ئه‌م حیزبه به‌قه‌واره‌یه‌کی بچوک و لاوازه‌وه
به‌دوای ڕوخانی ڕژێمی پاشایه‌تی له عێڕاق، هه‌وڵدات له ڕێگای
تیرۆرکردنی قاسمه‌وه ده‌سه‌ڵات بگرێته ده‌ست و به‌شدارێکی ناو گروپه
تیرۆریسته‌که‌ش سه‌دام حسێن بێت، ئه‌و که‌سه‌ی له‌کوده‌تای 68دا ده‌بێته
که‌سی یه‌که‌می ده‌سه‌ڵات و هه‌تاکو ڕوخاندنی له 2003دا، تاکڕه‌وانه
حوکم ده‌کات.
حوکمکردن له ڕێگای ئاگرو ئاسنه‌وه‌و بونیادنانی شمولیترین جۆری سیسته‌می
تۆلیتاری و دیکتاتۆریی و به‌گه‌ڕخستنی گه‌وره‌ترین ده‌زگای ناوه‌ندی سه‌رکوتکردنی
فکری و سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری و نه‌ته‌وایه‌تی و فه‌رهه‌نگی به‌درێژایی
ده‌یان ساڵ، هه‌ڵگیرسانی زنجیره‌یه‌ک شه‌ڕی یه‌ک له‌دوای یه‌ک و
درێژخایه‌ن له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌رو کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی و کاولکردنی
وڵات و کۆیله‌کردنی گه‌لانی عێڕاق له‌ژێر باری گه‌مارۆی ئابوری و
سزاکانی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان، شه‌ڕی به‌رده‌وام
له‌دژی کوردستان و ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی جینۆساید‌و به‌کارهێنانی چه‌کی
کیمیاوی و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگای کوردی له هه‌موو بواره‌کانی
ژیارییه‌وه، کردنی عێڕاق به زیندانیکی گه‌وره‌و وڵاتی گۆڕه‌به‌کۆمه‌ڵه‌کان،
سیما‌و ناسنامه‌ی سه‌ره‌کی ده‌سه‌ڵاتی به‌عس بوون له ماوه‌ی رابردوودا.
دوای داماڵینی به‌عس له ده‌سه‌ڵات، له ڕێگای شه‌ڕو و هێزه‌کانی هاوپه‌یمانه‌وه،
به‌عس له‌به‌رگی ئۆپۆزسیۆنێکی چه‌کداری نهێنی و نیمچه‌ئاشکرادا خۆی
ڕێکخسته‌وه‌و به که‌ڵک وه‌رگرتن له ئه‌زمون و شاره‌زایی ده‌یان ساڵه‌ی
ده‌سه‌ڵاتیان و به هاوبه‌شی و هاوکاریی له‌گه‌ڵ ئه‌لقاعیده‌دا، له‌ژێر
ناوی مقاوه‌مه‌دا جه‌نگێکی تیرۆریستی و به‌ربه‌ری و فراوانی ده‌ستپیکرده‌وه.
له‌و جه‌نگه‌دا به‌عس هه‌موو ئامراز‌و میتۆدێکی کوشتن و ته‌قینه‌وه‌و
وێرانکردنی تاقیکرده‌وه‌و هه‌موو شوێن و ناوه‌ندێکی ژیانی کرده
ئامانجی هێرشه‌کانی. هه‌ر له‌درێژه‌ی ئه‌م سیاسه‌ته‌دا به‌عس توانی بۆ
ماوه‌ی چه‌ند ساڵێک ئاگری شه‌ڕێکی مه‌زهه‌بی و ناوخۆیی له عێڕاقدا
خۆشبکات، ئه‌و شه‌ڕه‌ی گه‌وره‌ترین زه‌ره‌روزیانی مادی و به‌شه‌ری و ده‌ربه‌ده‌رکردنی
دانیشتووانی لێکه‌وته‌وه.
له‌ڕاستیدا به‌عسی ئۆپۆزسیۆن هه‌مان ئه‌و په‌یامه‌ی سه‌دام حسێنی به‌رزکرده‌وه‌و
به‌ڕێوه‌یبرد، که له ترۆپکی ده‌سه‌ڵاتیدا ده‌یگوت "پاش خۆم ئه‌رزێکی
سوتاو له عێڕاق به‌جێده‌هێڵم"!
له‌به‌ر ئه‌و مێژووه خوێناویه‌ی به‌عس و له‌به‌ر ئاکار و تاوانه له‌ڕاده‌به‌ده‌ره‌کانی،
وه له‌به‌ر مه‌ترسیه‌کانی ئه‌م پارته‌و ئایدیۆلۆژیه‌که‌ی بۆ سه‌رتێکڕای
ئاسایشی سیاسی و مه‌ده‌نی و کۆمه‌ڵایه‌تی له عێڕاق، ماده‌ی حه‌وتی ده‌ستوری
عێڕاق گه‌ڵاڵه‌کرا. ئه‌م به‌نده‌ی ده‌ستور ڕێگا له به‌عس و شوێنکه‌وتووه‌کانی
ده‌گرێت به‌شداری له پرۆسه‌ی سیاسی عێراقدا بکه‌ن.
به‌عس و هه‌ڵبژاردن.
پاش کارپێکردنی سیاسه‌تی ئاشته‌وانی نیشتیمانی له‌لایه‌ن حکومه‌تی
عێڕاق و هه‌وڵدان بۆ گێڕانه‌وه‌ی عه‌ره‌بی سونه بۆ ناو پرۆسه‌ی سیاسی،
ده‌سته‌ی ڕیشه‌کێشکردنی به‌عسی سه‌رده‌می برێمه‌ر گۆڕا بۆ ده‌سته‌ی
داد و لێپرسینه‌وه‌و ماوه‌یه‌کی به‌رچاویش کاره‌کانی ئه‌م ده‌سته‌یه
ڕاگیرا. هه‌ر ئه‌مه‌ش بووه مایه‌ی ئه‌وه‌ی ژماره‌یه‌کی زۆر له‌به‌عسیه
مه‌ده‌نی و عه‌سکه‌ریه‌کان بگه‌ڕێنه‌وه ناو داموده‌زگاکانی حکومه‌ت.
له‌بارودۆخێکی وادا که‌م نه‌بوون ئه‌و په‌له‌مانتاره عه‌ره‌به سونانه‌ی
له‌هه‌موو لێدوان و بۆچوون و هه‌ڵوێستێکیاندا فکرو سیاسه‌تی به‌عسیان
به‌رجه‌سته ده‌کرده‌وه‌و هیچ کاتیش نه‌یانده‌شارده‌وه که ئه‌وان
نوێنه‌رایه‌تی و داکۆکی له به‌عس و سیسته‌مه‌که‌ی ده‌که‌ن. که‌میش نه‌بوون
ئه‌وانه‌ی له‌ناو پرۆسه‌ی سیاسی‌دا له‌گه‌ڵ تیرۆریسته‌کان هاوکاربوون و
ده‌ستیان له جێبه‌جێکردنی نه‌خشه‌و پلانه تیرۆریسته‌کاندا هه‌بوو.
له‌سه‌روه‌ختی هه‌موارکردنی یاسای هه‌ڵبژارنه‌کانی ئه‌نجومه‌نی
نیشتیمانی عێڕاقدا، به‌عسیه یاخیه‌کان توانیان زنجیره‌یه‌ک ته‌قینه‌وه‌ی
زۆر گه‌وره دژ به وه‌زاره‌ت و داموده‌زگا گرنگه‌کانی به‌غداد ئه‌نجام
بده‌ن و هێزی خۆیان نیشان بده‌ن وکاریگه‌ری بخه‌نه سه‌ر پرۆسه سیاسیه‌که.
له‌هه‌مان کاتدا به پشتیوانی و یارمه‌تی مادی و سیاسی و لۆجستی
وڵاتانی عه‌ره‌بی سونه، به‌عسیه‌کان ده‌یانه‌وێت خۆیان بۆ قۆناغی دوای
پاشه‌کشه‌ی هێزه سه‌ربازیه‌کانی ئه‌مه‌ریکا له عێڕاق ئاماده‌بکه‌ن و
چاوببڕنه‌وه ده‌سه‌ڵات. دیاره که‌ڵکوه‌رگرتن له پرۆسه‌ی سیاسی و هه‌ڵبژاردنه‌کان
و نفوزکردنه ناو په‌رله‌مان و داموده‌زگاکانی جێبه‌جێکردنه‌وه، ده‌توانێت
بۆ به‌عسیه‌کان که‌ناڵێکی گرنگبێت بۆ نزیکبونه‌وه له‌ئامانجه‌کانیان.
ئه‌م به‌خۆکه‌وتنه‌ی به‌عسیش تاڕاده‌یه‌کی زۆر کۆک دێته‌وه له‌گه‌ڵ
سیاسه‌تی ئێستای ئه‌مه‌ریکا له عێڕاقدا، که ده‌یه‌وێت ڕۆڵ و پێگه‌ی
سیاسی و ستراتیجی بۆ سونه‌کان بگێڕێته‌وه، که له‌دوالیکدانه‌وه‌دا ده‌کاته
گه‌ڕانه‌وه‌ی حیزبی به‌عس بۆناو پرۆسه‌ی سیاسی، چونکه سونه‌کان به‌هێچ
شێوه‌یه‌ک له ڕوی مێژوویی و ئایدیولۆژی و مه‌زهه‌بی و سیاسی و فه‌رهه‌نگیه‌وه
له به‌عسیه‌کان جیاناکرێنه‌وه.
بۆ ڕێگه‌گرتن له مه‌ترسی و سیناریۆی به‌عسیه‌کان و پوچه‌ڵکردنه‌وه‌ی
نه‌خشه‌که‌یان، حکومه‌تی مالکی و بزاڤی شیعه‌کان به گشتی، به‌ندی حه‌وتی
ده‌ستوری عێڕاقیان له ڕێگای ده‌سته‌ی داد‌و لیپرسینه‌وه زیندووکرده‌وه
هه‌تاکو نه‌هێڵن شوێنکه‌وتووانی به‌عس له‌ڕیگه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه بگه‌ڕێنه‌وه
ناو په‌رله‌مانی داهاتوو. له ڕێگای ئه‌م فلته‌ره‌شه‌وه توانیان ژماره‌یه‌کی
زۆری پاڵێوراوانی لیسته‌کان له هه‌ڵبژاردنه‌کان دووربخه‌نه‌وه. ئه‌گه‌رچی
دوورخراوه‌کان سه‌ر به ڕه‌وت و قه‌واره‌ی سیاسی و تایه‌فه‌گه‌ری
جیاجیابوون و زۆربه‌شیان شیعه‌مه‌زهه‌ب بوون و ته‌نانه‌ت له‌ناویاندا
هه‌ندێ له‌کاندیده‌کانی سه‌ر به لیستی هاوپه‌یمانی کوردستانیش ده‌بینران،
به‌ڵام هیچکامیان ئه‌وه‌نده‌ی دوورخستنه‌وه‌ی به‌عسیه‌کانی ناو لیستی
ئه‌لعێراقیه و به‌تایبه‌تی دوو که‌سایه‌تی موتله‌گ و ئه‌لعانی، کاریگه‌ریان
له‌سه‌ر بارودۆخه‌که دانه‌نا و نه‌بوونه مایه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی
بارگرژی سیاسی و خستنه‌وه‌ی قه‌یران و به‌گه‌ڕکه‌وتنی جۆره‌ها هه‌وڵ و
ته‌قه‌للای ئاشکراو نائاشکرای ناوخۆیی وعه‌ره‌بی و نێوده‌وڵه‌تی بۆ
پووچه‌ڵکردنه‌وه‌ی بڕیاره‌که. به‌ڵام سه‌رئه‌نجام شیعه‌کان توانیان له
پرۆسه‌یه‌کی ململانێدا، سیاسه‌ت و بڕیاڕه‌که‌ی خۆیان به‌سه‌ر به‌عسیه‌کاندا
جێبه‌جێبکه‌ن.
پێویسته بگوترێت دوای گرفتی هه‌موارکردنی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌کان،
گرفتی دوورخستنه‌وه‌ی به‌عسیه‌کان، به قه‌یران و ئاسته‌نگی دووه‌می
به‌رده‌م پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کان داده‌نرێت. پێشبینیش ده‌کرێت له‌ئاینده‌دا
هه‌ردوو گرفته‌که، به‌ئاست و شێوه‌ی جیاواز، ڕه‌نگدانه‌وه‌یان بۆسه‌ر
ده‌رئه‌نجامه‌کانی هه‌ڵبژاردن و سیاسه‌تی ئاشته‌وایی نیشتیمانی به‌گشتی
هه‌بێت.
کورد و دوورخستنه‌وه‌ی به‌عسیه‌کان.
لۆژیک بوو کوردیش وه‌ک زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌که‌می گورزه تۆلیتاری و ڕه‌گه‌زپه‌رستانه‌کانی
به‌عس، له‌م پرسه‌دا هاوده‌نگ بوایه له‌گه‌ڵ شیعه‌کان و پێداگریان
بکردایه له‌سه‌ر جێبه‌جێکردنی بڕیاڕه‌که و هه‌وڵیش بدرایه یاسایه‌کی
تایبه‌ت ده‌رچوویایه بۆ سزادانی هه‌موو ئه‌وانه‌ی، که به‌دیاریکراوی
نکۆڵی ده‌که‌ن له تاوانی گۆڕه‌به‌کۆمه‌ڵه‌کان وئه‌نفال و
کیمیابارانکردنی کوردستان. به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌وه لایه‌نی کوردی و له
پێشیانه‌وه مام جه‌لال هه‌وڵی ناکامکردنه‌وه‌ی ئه‌م بڕیاڕه‌یاندا.
تاڵه‌بانی له‌م کێشه‌و پرسه‌دا وه‌ک داکۆکیکه‌رو پارێزه‌ری دوورخراوه
به‌عسیه‌کان ده‌رکه‌وت و ته‌نانه‌ت له‌مه‌ش تێپه‌ڕیکردو به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی
بچووکترین ڕێز بۆ قوربانیه‌کانی ڕژێمی سه‌دامی ڕووخاوو خوازیاری به‌شداری
و گه‌ڕانه‌وه‌ی حیزبی به‌عس بوو بۆ ناو ژیانی سیاسی! بۆ ئه‌مه‌ش به‌عسیه‌کانی
به‌سه‌ر سه‌دامی و ناسه‌دامی پۆلێن کرد‌و به‌م کاره‌ی ڕوی ڕه‌شی به‌عسی
سپی کرده‌وه.
مایه‌ی سه‌رسوڕمانه کاتێک له‌میانه‌ی خۆپیشاندانه جه‌ماوه‌ریه‌کانی
شاره‌کانی خواروو ناوه‌ڕاستی عێڕاق به‌دژی گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌عسیه‌کان،
دروشمی "نا بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌عسی گۆڕه به‌کۆمه‌ڵه‌کان و ئه‌نفال و
کیمیاباران!" به‌رزده‌کرێته‌وه، که هه‌ر هه‌موویان هێماو ئاماژه‌ن
بۆ تاوانه‌کانی به‌عس له کوردستان، به‌ڵام سه‌رکرده کورده‌کان به‌هه‌ڵویستی
ئابرووبه‌رانه‌یان شه‌قامی کوردیان خامۆش و بێده‌نگ کرد!
له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م هه‌ڵوێسته ناکۆکه له‌گه‌ڵ دۆزی گه‌له‌که‌مان
پرسیارگه‌لێک ڕوو له‌سه‌رکرده‌کانی کورد ده‌وروژێت:
ئاخۆ به پێی چ لۆژیک و لێکدانه‌وه‌یه‌کی ستراتیجی هه‌ڵوێستی
داکۆکیکردن له به‌عس وه‌رده‌گیرێت؟ ئایا بیر له‌ده‌رئه‌نجام و ڕه‌هه‌نده‌کانی
پیاده‌کردنی ئه‌و سیاسه‌ته کراوه‌ته‌وه، تاچه‌ند به‌زیان ده‌گه‌ڕێته‌وه
بۆسه‌ر پرۆسه‌ی دیموکراسی عێڕاق به‌گشتی و ده‌ستکه‌وت و مافه‌کانی کورد
به تایبه‌تی؟ ئایا ده‌تانه‌وێت به‌م سیاسه‌ته سۆز‌و سه‌ر‌نجی کێ
ڕابکێشن و کام لایه‌ن و کام ده‌وڵه‌ت ڕازی بکه‌ن و کام ئامانجانه به‌دیبهێنن؟
ئاخۆ ده‌تانه‌وێت که‌مهێنانی کورسی کورد له په‌رله‌مانی ئاینده‌دا به
زیادکرنی کورسی به‌عسیه‌کان قه‌ره‌بووبکه‌نه‌وه؟ یان ده‌تانه‌وێت شه‌ڕی
ده‌ستور و پرسه چاره‌نووسسازه‌کانی کورد‌و هه‌رێم له‌گه‌ڵ به‌غداد به‌گرتنه‌به‌ری
ئه‌م سیاسه‌ت و ڕه‌وشه به‌رنه پێشه‌وه؟
ئایا بیرتان له‌وه کردووه‌ته‌وه زیادکردنی نوجه‌یڤی و موتله‌گ و
ئه‌لعانیه‌کان له په‌رله‌مانی ئاینده‌دا چه‌نده نه‌عره‌ته‌ی
شۆڤێنیستی دژ به دۆزی گه‌له‌که‌مان به‌هێزده‌کات؟ ئایا پێوه‌رو
پرێنسیپه‌کانی پشت ئه‌م هه‌ڵویسته ئه‌بێت چی بێت، دیموکراسی،
لێبورده‌یی، ئاشته‌وایی نیشتیمانی یان له‌بیرچوونه‌وه‌ی دوێنێ؟
مه‌گه‌ر کورسی و عه‌بایه‌کی عێڕاقی ئه‌وه ده‌هێنێت
هه‌مووده‌ستکه‌وته‌کانی ئێستا‌و ئامانج و ئاواته‌کانی کوردی پێبخرێته
ناو ئه‌گه‌رو ڕیسکێکی گران ومه‌ترسیداره‌وه؟
ئایا ژیرانه‌یه ئه‌زمونی مامه‌ڵه‌ی به‌عسیه‌کان له‌کوردستان و عێڕاق
تێکه‌ڵ به‌یه‌کتربکرێ و داوا بکرێت عێڕاقیش وه‌ک کوردستان بکرێته
وڵاتی بێ لێپرسینه‌وه بۆ تاوانباران و به‌عسیه‌کان؟ ئایا به‌ڕاست
سیاسه‌تی لێبوردنی سه‌رکرده‌کانی کورد بۆ تاوانبارانی به‌عس
له‌کوردستان سه‌رکه‌تووبووه‌و توانیویه‌تی زه‌مینه و ڕیشه‌ی خیانه‌تی
له‌کوردستان بسڕێته‌وه؟ ئه‌ی ئه‌گه‌ر وایه بۆچی به‌دوای لێبوردنی
1991 دا لێبوردنی 2003 دووباره‌و تازه‌کرایه‌وه؟ ئه‌ی بۆچی ئه‌وانه‌ی
داوای لێبوردنیان نه‌کردو به‌خشران، هه‌رزوو په‌یوه‌ندی خۆیان به
ڕژێمه‌وه گرێدایه‌وه‌و بوونه‌وه مۆره‌و ئامڕازی ده‌ستی به‌عس له
کوردستان؟ ئه‌ی بۆچی به‌دوای ئه‌و سیاسه‌ته‌دا خیانه‌ت داوێنی
سه‌رکرده‌ی پارته‌کانیشی گرته‌وه‌و که‌م نه‌بوون ئه‌وانه‌ی به‌ره‌و
زه‌لکاو هه‌ڵخزان و فایلی ڕه‌شیان پڕکرده‌وه؟
ئایا ناکۆکیه‌کی گه‌وره نیه له کوردستان خه‌ڵکی به گه‌ڕانه‌وه‌ی
به‌عس و کوده‌تای سه‌ربازی ده‌ترسێنن و به‌عس ده‌خه‌نه شوێن هه‌ر
لایه‌ن و بزووتنه‌وه‌یه‌کی ناڕازی له کوردستان، به‌ڵام له به‌غداد
ده‌بنه پردی هێنانه‌وه‌ی به‌عس بۆ ناو ژیانی سیاسی عێڕاق؟ ئایا ڕاسته
له‌به‌رامبه‌ر ناوهێنانی هێزی دژه تیرۆری یه‌کێتی و پاسه‌وانانی
به‌رپرسه یاساشکێنه‌کان به میلیشیا، هه‌موو به‌رپرسه‌کان به خودی
سه‌رۆکی هه‌رێمیشه‌وه دێنه سه‌رخه‌ت و لێدوانی ئاگراویی ده‌ده‌ن و
له‌گه‌رمه‌ی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردندا شه‌قامی کوردی به‌قین ودوژمنایه‌تی
بارگاویی ده‌که‌ن، به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ر هاتنه‌وه‌ی به‌عس باڵی خامۆشی
ده‌کێشن به‌سه‌ر شه‌قامی کوردی‌دا، وه‌ک ئه‌وه‌ی پرسی به‌عس و
به‌عسیه‌کان به‌خه‌ڵکی کوردستان په‌یوه‌ندیدار نه‌بێت!؟ .....
مه‌گه‌ر مێژوو ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ش به‌هه‌ڵه‌یه‌کی کوشنده‌ی تری سیاسی بۆ
سه‌رانی کورد نانوسێت، که له دروستکردنه‌وه‌ی عێڕاقی نوێوه بۆ
دروستکردنه‌وه‌ی به‌عس ده‌چن؟
|