په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٥\٤\٢٠١٥

بێهوودەیی لە چیرۆکی گوناھی فریشتەیەکی (مەھاباد قەرەداغی)دا.

سەباح        

چەمکی بێھوودەیی.


بێھوودەیی، لە بنەرەتدا وشەیەکی لاتینیە بە مانای نەشاز، یان شتێ کە مانای نەبێت بەکاردەھێنرێت، باس لە ناماقووڵی و بێ مانایی ژیان دەکات. لە سەدەی بیستەم جۆرێ بیروباوەڕ لە دەرئەنجامی جەنگی گێتی دووەم بڵاوبوویەوە کە پێی وابوو مرۆڤ بوونەوەرێکە لە دونیایەکی نائەقڵانی و خاڵی لە مانادا دەژی، لەسەر ئەو بیروباوەرە، فەلسەفەی بێھوودەیی سەریھەڵدا. (لە دەرئەنجانی جەنگی گێتیی یەکەم و دووەم، کۆمەڵگەی ئەورووپی ڕووبەڕووی دۆخێکی سەختی نائومێدی و ڕەشبینیەکی زۆر بوویەوە. چەندین بیروباوەڕ و دیدی جیاواز سەریھەڵدا گوزارشتیان لەو دۆخە ناسروشتییە دەکرد. سەرجەم ئەو باوەڕە نوێیانە لەنێو بەرھەمی ئەدەبیدا ڕەنگیان دایەوە بە تایبەتی لە پەنجاکانی سەدەی بیستەمدا، دەتوانین بڵێین کە بەرھەمە ئەدەبییەکانی ئەو قۆناغە دەرفەتێکی ڕەخساو بوون بۆ سەرھەڵدانی چەندان تێروانینی نوێ بۆ خودی ژیان، ڕێبازەکانی دادائیزم، سووریالیزم، بوونخوازی، بێھوودەیی، پووچگەرایی و ھێماگەرایی ،.....تاد ئەو ڕێبازانە بوون کە دەرئەنجامی جەنگ و نائومێدییەکانی بوون) (١) بۆ زێتر ئاشنابوون بە بێھوودەیی و پووچگەرایی پێویستە ھەڵوەستە لای باوەڕەکانی ئەلبێر کامو، سەموئێل بیکیت، یوجین یونسکۆ، جان جینیە و ئارسەر ئادامۆف... بە بروای زۆر لە شارەزایان (ئەفسانەی سیزیف) بە گرنگترین بەرھەمی فەلسەفەی بێھوودەیی دەژمێردرێت (ھەر بە بڵاوبوونەوەی ئەم کتێبە ناوی فەیلەسووفی پووچی (بێھوودەیی) بەسەر کامو دابڕا) (٢) کامو لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا، مرۆڤ دەشوبھێنێ بە سیزیف و ژیانیش بە تاوێرە بەردەکە. لە ئەنجامی سەرپێچیکردنەوە، خواوەندەکان سزای سیزیف دەدەن بەوەی کە دەبێ بۆ ھەتاھەتایە تاوێرە بەردێک بۆ سەر لووتکە شاخێک بەرێت و کاتێ دەگاتە لووتکەکە تاوێرە بەردەکە بۆ خوارەوە خل دەبێتەوە و ئەویش ھەمدیسان و بۆ ھەمیشە دەبێ بچێتەوە و تاوێرە بەردەکە بخاتەوە سەرشانی و بەرەو ترۆپکی شاخەکە بیباتەوە.


ھۆکارەکانی سەرھەڵدانی ئەدەبی بێھوودەیی.


بیروباوەر و دیدگا نوێیەکان لە ھەر سەردەم و قۆناغێکدا، وابەستەی کۆمەڵێ ھۆکار، فاکتەری تایبەتی، دەرھاوێشتەی ڕەوش و قۆناغێکی دیاریکراون. ئەدەبی بێھوودەیی، مێژوویێکی دێرینی ھەیە، بەڵام زیاتر لە دوای جەنگی دووەمی گێتییەوە چوارچێوەیەکی فەلسەفی بۆ ڕەخسا، کامو، لە (ئەفسانەی سیزیف) دا، باس لە سەرچاوەکانی ھەستکردن بە بێھوودەیی لای مرۆڤ دەکات، پێی وایە لە یەکێ لەم ڕێگەیانەوە بە مرۆڤ دەگات.


یەکەم: سروشتی میکانیکی ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤ، ئەمەیش وایان لێ دەکات، پرسیار لە بارەی نرخ ، بەھا و ئامانجەکانیانەوە بکەن، ئەمەیش خۆی لە خۆیدا ئاماژەیەکە بۆ بێھوودەیی.


دووەم: ھەستکردن بە تیژ تیپەڕبوونی کات، یان ھەستکردن بەوەی زەمەن، ھێزێکی ڕووخێنەرە.


سێیەم: ھەستکردن بە دابڕان لەگەڵ دەوروبەر، بەوەی مرۆڤ تەنیایە و لە دنیایەکی نامۆدا بەجێھێڵراوە.)(٣)


چوارەم: ئەنجامی شەڕی یەکەمی جیھان و ئەو ئێش و ئازارە سەختەی کە مرۆڤ بەھۆی ئەو شەڕەوە تووشی بوو، ڕۆڵی ھەبوو لە دروست کردن و ڕێگەخۆشکردن، بۆ جۆرە ئەدەبێک لەبارەی بێ نرخی و ھیچ و پووچی ژیان بکۆڵێتەوە و، ئەو ئێش و ئازارە پیشان بدات. لە ئەنجامی شەڕی دووەمی جیھانیش برینی مرۆڤ دووبارە کولانەوە، لە زۆر کات و شوێندا دڕندەیی مرۆڤ دەرکەوت، مرۆڤ بێ بەزەییانە ئازاری مرۆڤی دەدا. ئەو کردارانە بەجارێک لە بیر و مێشکی مرۆڤدا ڕەنگیان دایەوە، خوا خوای ھەڵوێستێک بوون کە دژی ژیان بدوێ و ئەو کارەساتە ناھەموارانە پێشێل بکات.


پێنجەم: ئەو ئاستەبەرز و پێشکەوتووەی کە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لە بوارەکانی زانستە ڕووتەکان و تەکنەلۆجیای سەردەمدا بەدەستی ھێنا، دژ بە مرۆڤ و چارەنووسی مرۆڤایەتی بەکارھێنران، لە ئەنجامیشدا بووە مایەی ھەڵوەشاندنەوە و لیکترازانی کۆمەڵگەی ئەورووپی.

بێھوودەیی لە چیرۆکی گوناھی فریشتەیەکدا.


گوناھی فریشتەیەک، ناوونیشانی چیرۆکێکی مەھاباد قەردەداغییە، لە ژمارە (٧٤)ی گۆڤاری نەوشەفەق لە تشرینی دووەمی ٢٠٠٩ بڵاوبووەتەوە. ئەم چیرۆکە ڕووبەری ھەشت لاپەڕە (٨٣ - ٩٠)ی گۆڤارەکەی گرتووەتەوە. بە بڕوای ئەلبێرکامو، ئەوە نائاساییە، مرۆڤ ھەست بە نامۆیی بکات لە دنیایەکدا کە بە تەنیا لە وەھم و ژاوە ژاو پێک ھاتووە. (بێھوودەیە بپرسیت و بێھوودەیە بەرسڤدانەوەی پرسیار لە بارەی بەختیارییەوە) گوناھی فریشتەیەک.


بەلای کامووە (تراژیدیای ژیان لە ناماقووڵی ژیاندایە، ئەو ناماقووڵیە تەنیا ئەوە نییە کە مرۆڤ بەرانبەر ژیان وەستاوە، بەڵکو لەبەر ئەوەیشە لەنێو ئاژاوە، بێدادی و ناعەقڵانییەتدا دەژیت) (٤) (ئیتر قسەکانی من سوودی چییە و تا بەیانی داستانی ئازارەکانم بگێڕمەوە، کێ باوەڕ بە بێگوناھی فریشتەیەک دەکات!) گوناھی فریشتەیەک. زۆربەی بەرھەمەکانی کافکا (١٨٨٣ - ١٩٢٤) ڕەمزی ناعەقڵانین وشێوەیەکی تەمومژاوی بە خۆیانەوە دەگرن ( بەڕادەیەکی زۆر لە واقیعی ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤ دوور دەکەونەوە و، لە واقیع و لە ژیانی ڕاستەقینەی ڕۆژانەوە دابراو و دوورن. بێ ناوونیشان و ھەویەی تایبەتی دەژین (دە ساڵ تێپەریوە بەسەر خلیسکانی من و شۆڕبوونەوەم بەرەو دۆزەخی ئەو کارخانەیەی کە جەنابی یەکێک لە داھێنەرانی. لەو دە ساڵەدا بەختیاری شتێک نەبوو بە خەونیش بیبینم، نەک بوێرم بیری لێ بکەمەوە. ھەتا ئێستایش ترووسکاییەکی بەختیاری ڕێگەی دڵ و ڕێچکەی دەروونم نادۆزێتەوە) گوناھی فریشتەیەک. زۆر جار، پێشکەوتنی زانست و بەرزی ئاستی تەکنەلۆجیا، بەھا و پێوەندییە کۆمەڵایەتیەکان دەخاتە بەردەم مەترسییەکی ڕاستەقینەوە ( زانست، ھەمیشە بە دۆزینەوە سەرسوڕھێنەرەکانی دەمانتاسێنێ، دەشێ دوا جار، ڕەگەزی مرۆڤایەتی تێک بشکێنێ، چونکە تا ئێستا نەمانبینیوە، نەمانزانیوە و نەمانبیستوە، دەشێ ئەقڵی ئێمە بەرگەی نەگرێ)(٥) (ئۆتۆمبیلێکی سپی کە پیاوێکی بە تەمەن لێی دەخوڕی و ژنێکی تەمەن مامناوەندی لەپێشەوە دانیشتبوو، لەتەنیشتمەوە ستۆپی گرت. پرسیاری عیادەی دوکتۆرێکیان کرد چەند کۆڵانێک لە سەرووی قوتابخانەوە بوو. ڕێگەکەم پێ گوتن، بەڵام وایان پیشان دا ناوونیشانەکە سەختە و نایدۆزنەوە، داوایان کرد لەگەڵیان سواربم و ڕێگەکەیان پیشان بدەم. منیش سواربووم و لەپشتی ژنەکەوە دانیشتم و ئاماژەم کرد لەو کۆڵانەوە بڕۆن. تەنیا دەقەیەکی پێچوو کە ژنەکە سپرایەکی دەرھێنا و بە خێرایی بەرەو دەموچاوی من بۆنێکی بەردایەوە. کە بە ھۆشی خۆم ھاتمەوە بڕوام بە چاوەکانی خۆم نەدەکرد. لە ژوورێکی ئەوەندە ڕازاوەدا بووم کە پێشتر بە خەونیش نەمبینیبوو. ھێشتا چاوم بە شتومەکەکانی ناو ژوورەکەدا دەگێڕا و بە سەرسامییەوە سەرنجم دەدا. کە تەماشایەکی خۆم کرد ڕووت و قووتم، ئینجا پڕ بە گەرووم ھاوارم کرد و ژنەکە ھاتە ژوورەوە. ئینجا زانیم من فڕێندراوم و بە بێھۆشی ھێنراومەتە ئەو شوێنە) گوناھی فریشتەیەک. (ھەستم کرد ھەموو شتێکی نێو ئەو تەلارە گڵاوە و ھێز نییە بتوانێت پاکی بکاتەوە) گوناھی فریشتەیەک. ھەندێک جار چەرخی ڕۆژگار بە جۆرێک ھەڵدەسوورێ ( وا لە مرۆڤ دەکات لە کەسایەتی خۆی دابماڵرێت و وەک ئامێری لێ بێت، لەپێناو ئامانجێکدا بخولێتەوە کە ئامانجی ڕاستەقینەی وجود و ژیان و مرۆڤایەتی نییە)(٦) (دەمزانی تازە ھەڵخڵیسکێندراوم و ئەو فیلمانەی لە من گیراون بەشی کوشتن و ھەلاھەلاکردنم دەکات، بۆیە بڕیارمدا ئیتر نەچمەوە ماڵی خۆمان و لەوێ بمێنمەوە. ئەگەرچی زەڕەیەک خۆشیم لە دیداری نەدەبینی، چونکە ئەو ڕوحی منی بە زیندوویی لە چاڵ نا) گوناھی فریشتەیەک. چیرۆکنووس لە دێڕەکانی کۆتایی گوناھی فریشتەیەک دەنووسێت: " ئیتر قسەکردنی من سوودی چییە و تا بەیانی داستانی ئازارەکانم بگێڕمەوە، کێ باوەر بە بێگوناھی فریشتەیەک دەکات! بێھوودەیە گێڕانەوە و ھەڵدانەوەی قەتماغەی زامەکان، تازە ھەمووتان بە یەکدەنگ بڕیارتان داوە کێ قەحبەیە و کێ قارەمان." .

_________________________
سەرچاوە:
(١) کاریگەریی بێھوودەیی لە کورتە چیرۆکی کوردیی کرمانجی خواروودا(١٩٧٠ - ١٩٨٠)، ئیبراھیم لەتیف حوسێن، نامەی ماستەر، زانکۆی سلێمانی، کۆلێجی زمان، ٢٠١١، ل١٣.
(٢) چەند وێستگەیەکی ئەدەبی و فیکری، وەرگێڕان و نووسینی: ئازاد بەرزنجی، چاپی یەکەم، ٢٠٠٠،ل ١٠١.
(٣) کاریگەریی بێھوودەیی لە کورتە چیرۆکی کوردیی کرمانجی خواروودا (١٩٧٠ - ١٩٨٠)، ئیبراھیم لەتیف حوسێن، نامەی ماستەر، زانکۆی سلێمانی، کۆلێجی زمان، ٢٠١١،ل ٣٢.
(٤) فەلسەفەی جوانی و ھونەر، کەمال مەمەند میراودەلی، چاپی یەکەم، ١٩٧٩، ل ٣٥٤-٣٥٥.
(٥) (المعقول واللامعقول فی الادب الحدیث، کولن ولسن، ترجمة: انیس ذکی حسن، طبع ٤، بیروت، ١٩٧٨، ص ٢٧).
(٦) فردریک نیتشە، عوسمان یاسین، چاپی یەکەم، ھەولێر، ٢٠٠٠،ل ٤٦.

 

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک