دیمانە لەگەڵ ستیڤان شەمزینانی و بەهێز حسێن.
ستیڤان شەمزینانی : لەسەر بڕینی مینحەی رۆژنامە ئازادەکان دوورنییە گروپی راچەنین خۆپیشاندان سازبکات .بەهێز حسێن : کۆنگرەى ئەمجارەى سەندیکای رۆژنامەنووسان جگە لە پارە خەرجکردن و شەرعییەتدان بە ناشەرعییەکى گەورە هیچى تر نابێت .
دیمانە : ئاسۆ عوسمان
رەوشی رۆژنامەگەریی لەمڕۆی کوردستاندا لەهەمووکات زیاتر بەقۆناغێکی دژواردا تێدەپەڕێت ، رۆژنامەنووسانی کوردستان رۆژ لەدوای رۆژ تووشی کێشەو چەرمەسەریی زۆر دەبن لەکارەکانیدا دەتوانیین بڵێین مەحرومترین توێژی کۆمەڵایەتی توێژی رۆژنامەنووسانن ، بوونی سەندیکایەکی زەردی حیزبیی کەنەیتوانیوە خواست و مافەکانی رۆژنامەنووسان بهێنێتەدی ناڕەزایەتی زۆری لەنێوەندی رۆژنامەوانیی کوردیدا دروست کردووە ، گروپی راچەنینی رۆژنامەوانی وەک کاردانەوەیەک لەبەرامبەر ئەم سەندیکایەدا خۆی راگەیاندو لەماوەی چوارمانگی رابردووی تەمەنیدا چەندین کاری مەزنی بەئەنجام گەیاندووە ، نووسینەوەی میساقی شەرەفی کاری رۆژنامەنووسی یەکێک بووە لەکارەمەزنەکانی ئەم گروپە کەتائێستا سەندیکای رۆژنامەنووسان نەیتوانیوە دەستی بۆ ببات. ( ستیڤان شەمزینانی - بەهێز حسێن ) وەک دوو رۆژنامەنووسی کارای نێو گۆڕەپانی رۆژنامەنووسی کوردیی و دوو ئەندامی دەستەی باڵای گروپی راچەنین لەمەڕ کۆنگرەی سەندیکای رۆژنامەنووسان و بڕینی مینحەی میدیای ئازاد لەدیمانەیەکی کورتدا بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەکانیان داینەوەو بەمشێوەیە لەبارەی چالاکییەکانیان کەلەو راستایەدا پێی هەڵدەستن دوان.
ئاسۆ: ساڵی رابردوو شاهیدی دەیان پێشێلکاریی مافەکانی رۆژنامەوانان بووین ، سەندیکای رۆژنامەنووسانیش لەبەرامبەر پێشێلکارییەکاندا بێدەنگ بوو ، ئێستا ئەم سەندیکایە لەسەروبەندی کۆنگرەی خۆیدایە پێتوایە لەدوای کۆنگرە سەندیکا ئەدای کارەکانی بگۆڕێت بەقازانجی رۆژنامەوانان ؟
ستیڤان شەمزینانی : کارەساتەکە لەوەدانییە دەستەڵاتێکی دیکتاتۆریی وەک ئەوەی کوردستان رۆژنامەنووس دەگرێت و فشاری جەستەیی و رۆحیی دەخاتە سەر ، کارەساتە راستەقینەکە لەوێیە سەندیکایەکی زەردی وەک سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان لەسایەی ئەو حکومە دیکتاتۆرییەدا دەستکەوتە وەهمییەکانی ئازادیی دەژمێرێت و وەک مەکرەمە نیشانی تاکی رۆژنامەوانی کوردی دەدات.ئەگەر بێمە سەر ناوەڕۆکی پرسیارەکەت ، وەڵامەکە زۆر روون و ئاشکرایەو لە پوختترین دەربڕیندا پێموانییە ئەم کۆنگرەیە وزەی ئەوەی تیابێت شێوەی کارکردنی باو و میکانیزمی هەڵسوڕانی سەندیکای رۆژنامەنووسان بگۆڕێت ! بەڵام پێش ئەوەی گرنگی بدەین بە بواری گۆڕینی میکانیزم و جۆری کارکردنی سەندیکا هەقوایە بەبایەخەوە تەماشای ستراتیژی خودی سەندیکا بکەین ، ئاخۆ ئەم سەندیکایە هەڵگری کام پەیامە و جۆگەی ستراتیژی دەڕژێتە رووباری ئازادیی رادەربڕینەوە یان ئاوەڕۆی دەستەڵاتەوە ؟ سەرنجی هەرە گرنگ لەوێیە ئایا ستراتیژی کارکردنی داکۆکیکردنە لە مافە پیشەییەکانی تاکی رۆژنامەنووس یان پاساو هێنانەوەیە بۆ سەرکوتگەریی دامودەزگا داپڵۆسێنەرەکانی چەشنی ئاسایش و پۆلیس و سلکەکانی تری ئەمنی ؟ گرنگترین لایەن کەپێویستە ئێمە بیری لێبکەینەوە ئەوەیە ئایا ئیرادەیەکی بەهێز و راستگۆ هەیە بۆ گۆڕینی ئەم گردبوونەوەی نوێنەرانی حیزبەکانی کوردستان بۆ سەندیکایەکی پیشەیی و کارا؟ بێگومان نەخێر ، کەوابوو وەڵامی پرسیارەکەت هیچ ئاڵۆزییەکی تیانییە و کەمترین دەرککردن بەسە بۆ ئەوەی بزانین ئەم کۆنگرەیەش وەک هەموو ئەو کۆنگرە و کۆنفرانسە سەیرو سەرسوڕهێنەرانەی رۆژانە لە کوردستان ساز دەکرێن و هیچیش لەبارودۆخی راوەستاوی سیاسی و ئابووریی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیی ناگۆڕن تەنیابەشێک دەبێت لە دیکۆری ئەو دیموکراتییەتە لەنگەوقووچەی لە باشووری کوردستاندا بانگەشەی بۆ دەکرێت. واقیعەکە بەدەنگی بەرز پێماندەڵیت : پێویستە دەست لەوە بشۆین ئەم کۆنگرەیە بتوانێت بەعەسایەکی جادوویی هەموو ستراتیژ و تاکتیکی رابردووی سەندیکا کەلەخزمەتی حیزب و دەستەڵات و دژی رۆژنامەنووسان بووە بگۆڕێت بۆ پێچەوانەکەی ، ئەگەر ئەرکێک لەبەردەمی ئێمەی رۆژنامەنووسانی ناڕازیدا هەبێت بریتییە لە هەڵوێست وەرگرتن و بایکۆتی ئەو کۆنگرەیە ، بەڵام هێشتا ئەمە هەموو ئەرکەکە نییە ، بەشی هەرە گرنگی کاری ئێمە پێکهێنانی سەندیکایەکی راستەقینە و پیشەیی دەبێت نەک سەندیکایەکی حیزبیی. لەبەرئەوە باری سەرنجی من لەسەر ئەوەنییە ، سەندیکا لەکام لاو لایەنەوە گۆڕانکاریی لە پێکهاتەی خۆیدا دەکات یان چەند ریفۆرم دەکات لەهەندێ میکانیزمی کارکردن ! چونکە هەرچییەک بکات ناتوانێت لەژێر رکێفی حەزوخواستەکانی حیزبەکانی کوردستان دەربچێت ، دیارە هەمووشمان دەزانین هەریەک لەو حیزبانە دوژمنی باوەکوژی ئازادیی رۆژنامەنووسیی و رۆژنامەنووسیی ئازادن. من دەمەوێت رۆژی کۆنگرەی سەندیکا بکەین بەرۆژی مانگرتن و ناڕەزایەتی نیشاندانی توندو شێلگیر لەدژی ئەو سەندیکا زەردە ، ئەو سەندیکایەی نەیتوانیوە بچووکترین رووبەر و کەمترین دەرگای داخراو بکاتەوە بەڕووی ئازادیی رۆژنامەوانیی کوردیدا و نەیتوانیوە لاوەکیترین ئیمتیازات بەدەست بهێنێت بۆ رۆژنامەنووس، ئەو سەندیکایەی دەستەیەکی دیاریکراو لەهەڕەم و ئاستی باڵایدا کردوویانەتە کۆمپانیایەکی گەشتیاریی و هەر رۆژەی سەفەری وڵاتێکی ناوچەیی و جیهانیی پێدەکەن ، ئەو سەندیکایەی لەبەر سەرقاڵی بە زەوی وەرگرتنەوە نایپەرژێتە سەر داکۆکیکردن لەمافی رۆژنامەنووسی ماف خوراو و ستەملێکراو ، ئەو سەندیکایەی لەبری ئەوەی دەستێکی یارمەتی و پشتیوان بێت بۆ رۆژنامەنووس دەستی خستووتە ناو دەستی ملهوڕترین حکومەت و سەرکوتگەرترین حیزبەوە. وەڵامەکەم لەوەدا کورت دەکەمەوە : ئەم کۆنگرەیە سیناریۆیەکی تری گاڵتەجاڕانەیە و هیچ ئومێدێکی خێری لێناکرێت بۆ ئازادیی رۆژنامەنووسیی و سوودی رۆژنامەوانان ، تاکە ئەرکێک لەم دەرفەتەدا لەبەردەم تاکی رۆژنامەنووسدا بێت لە بایکۆتکردن بەولاوە هیچی ترنییە .
ئاسۆ: لەغیابی کارنەکردنی سەندیکادا بۆ رۆژنامەوانان چەندین گروپ و کۆمیتە بۆ بەرگریی لەرۆژنامەوانان پێکهاتووە ، ئێوەش وەک گروپی راچەنین کەلە رۆژی 352007 خۆتان راگەیاند تاکە گروپێک بوون بەکردەوە لەسەر مافەکانی رۆژنامەوانان هاتوونەتە دەنگ ، پرسیارەکەی من ئەوەیە ئێستا لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە مینحەی رۆژنامە ئەهلییەکان بڕاوە یان کەمکراونەتەوە ئەمجارەش وەک هەموو جارەکانی تر سەندیکا هەر بێدەنگە ، ئێوە وەک راچەنین لەسەر ئەم بڕیارە چ هەڵوێستێکتان هەیە ؟
ستیڤان شەمزینانی : هەوڵدەدەم لەوێوە دەست پێبکەم بۆچی حکومەت مینحەی مانگانەی رۆژنامە ئازادەکانی بڕیوە؟ بڕینی مینحەی مانگانەی رۆژنامە ناحیزبی و سەربەخۆکان دوور و نێزیک هیچ پەیوەندییەکی نییە بەو دەستگرتنەوەیەی حکومەت پەیڕەوی دەکات ، زێدەتر وابەستەیە بەسیاسەتی خەفەکردن دەنگی ئازاد و ناڕازی لەم دۆخە، وەختێک حکومەت دەگاتە ئەو ئەنجامەی ناتوانێت گەندەڵی بنەبڕ بکات چون لەرەگەوە هەڵکێشانی گەندەڵی بەدیوەکەی تریدا مەرگی خۆیەتی ، بۆیە رێگە ئاسانەکەی هەڵبژاردووە لە کپکردنەوەی دەنگ و رەنگی کەناڵ و دەروازە ئازادەکان تا رووخساری گەندەڵی بشارێتەوە نەک لەناوی بەرێت .ئەم هەڵوێست و هەنگاوەی حکومەت (بڕینی مینحەی مانگانەی رۆژنامەکان) نەک جێگەی قبوڵکردن و بێدەنگیی نییە بەڵکو پێویستی کارکردنی جددی دەهێنێتە پێشەوە بۆ دروستکردنی گوشار لەسەری تا چاوخشاندنەوەیەکی خێرا بکاتەوە بەو بڕیارەیدا ، سەیرمان کردەبەدەر لەو سەندیکایەی کەهەرگیز قسەو هەڵوێستی جەریئانەی نەبووە لەمەڕ پێشلکارییەکانی بواری رۆژنامەوانیی لەکوردستان بەداخێکی زۆرەوە خودی ئەو رۆژنامەو دەستەو رۆژنامەنووسانەی خۆیان بەئازاد و بەرگریکاری ئازادیی رۆژنامەنووسیی دەزانن بێدەنگیان هەڵبژاردووە !! بەجۆرێک بێدەنگی باڵی کێشاوە بەسەریاندا وەک ئەوەی هیچ لەگۆڕێدا نەبێت یان بڕینی مانگانەو دەمکوتکردنی رۆژنامەو بڵاوکراوە سەربەخۆکان هیچ دیو و رەهەندێکی نێگەتیڤی نەبێت لەسەر واقیعی سیاسی و کۆمەڵایەتی کۆمەڵی کوردەواریی . وەک وتم ئێمە لەم حکومەتە هەر ئەوە چاوەڕێ دەکەین مینحەی رۆژنامەکان ببڕێت وبیدات بە تەکیە و خانەقا و دیوەخانەکان ، هەرئەوە چاوەڕێ دەکەین رۆژنامەنووس بترنجێنێتە زیندانەوە و خیانەتکار و نیشتمانفرۆشیش بەئازادیی لەسایەیدا تەراتێن بکات .پاشان لەسەندیکای رۆژنامەنووسانیش چاوەڕوانییەکی ئەوتۆمان نەبووە و نابێت چون بەدرێژایی چەند ساڵی تەمەنی ئەو سەندیکایە لە نێزیکەوە ئەو راستییە تاڵەمان دەرککردووە سەندیکا تەنیا سەندیکای زەوی وەرگرتن و بارەگایەکی بچووکی بەرەی کوردستانییە و بڕایەوە ، ئەوانەی ئەرک دەخەنە سەرشانی جگە لەشەڕ فرۆشتن پێی هیچ مەبەستێکی تریان لەهەگبەدا نییە!!. ئەو بەپێویستی دەزانێت لەمەڕ پێشهاتێک کەپەیوەندیی بەوەوەنییە قسەی هەبێت ، یان بەکاری خۆی دەزانێت بەیاننامە لەدژی لاەیەنێکی سیاسی دەربکات لەبەرخاتری دڵڕاگرتنی دوو دیکتاتۆرترین حیزبەکەی کوردستان بەڵام گوێی خۆی دەخەوێنێ لەبەشداریی کردن لەهەڵوێست و قسەکردن لەبارەی بڕین و کەمکردنەوەی مینحەی مانگانەی رۆژنامە ناحیزبییەکان کەئەمەیان گەورەترین مەترسی هەیە لەسەر کرانەوە و دیموکراتیزەو پێشخستنی کۆمەڵگە روووەو کۆمەڵگەیەکی مۆدێرن و هاوچەرخ. ئەگەر بەبیرت بێتەوە رۆژی راگەیاندنی گروپی راچەنین رۆژێکی ناڕەزایەتی بوو ، ئێمە لەرێی نمایشێکی ناڕازییانەوە پێمان خستە سەرزەمینی واقیعی کار ، بۆیە داکۆکیکردن لەئازادیی و بەرفراوانکردنی ئەم ئازادییەمان لە ئەولەویەتی کاردا داناوەو درێغی ناکەین لەو بوارەدا ، لەم چوار مانگانەی تەمەنی گروپەکەشدا زێدەتر لەوەی لەم دەرفەتە کەمەدا دەتوانرێت ئەنجام بدرێت کارمان کردووە بەتایبەت لە بەدواداچوون و داکۆکیکردن لەکەیسی رۆژنامەنووسانی راکێشراو بۆ بەردەم دادگا بە بیانوو و پاساوی جۆراوجۆرەوە وەک دۆسێی رۆژنامەنووس ( رێبین). راچەنین لەگەڵ بڵاوبوونەوەی دەنگۆی بڕینی مینحەکان و سەرەتای کاردا بەیاننامەیەکی ناڕەزایەتی دەرکردووە بۆ پرۆتستۆکردنی ئەو بڕیارەی حکومەت ، لەگەڵ ئەوشدا داوایکردووە هەموو لایەک هەنگاو وهەڵوێستەکانمان یەکبخەین بۆ بەرگرتن بە پراکتیکی ئەم هەنگاوە مەترسیدارە لە بێدەنگکردنی نوزەیەکی ئازاد کەلەم وڵاتەدا هەیە. هەڵبەتە لە رۆژانی داهاتوودا بەشێوەی کرداریی دێینە مەیدانەوە هەر لەدروستکردنی هەڵمەتی راگەیاندنەوە تا بەڕێخستنی کەمپین و چالاکی رەنگاورەنگی تر. هەرلێرەوە رایدەگەیەنم ئەگەر حکومەت ملی بەخواستەکانمان نەداو سووربوونی خۆی راگەیاند لەسەر ئەو بڕیارە دوورنییە گروپی راچەنین خۆپیشاندان سازبکات ، بۆیە بەدڵنیاییەوە ناڵێم خۆپیشاندان دەکەین چونکە هێشتا روون نییە بەئەندازەی پێویست رۆژنامەنووسمان هەیە ئامادەبن خۆپیشادان بکەن ، بەڵام ئێمە هەنووکە سەرگەرمیی ئامادەکردنی رێوشوێنی پێویستین بۆ ئامادەکردنی کۆبوونەوەیەکی گشتیی بۆ هەمان مەبەست. پاشان بەشەخسی خۆم وەک نوێنەری راچەنین بەشداریی لەکۆبوونەوەی ناڕازییانەنەی رۆژی 292007 دەکەم ، لەوێ وترم دەبێت و لەو رووەوە بانگی رۆژنامەنووسانی ئازاد دەکەم بۆ پێویستیی کاری هاوبەش تا بەهەموو لایەکمان بتوانین ئەو بڕیارەی حکومەت پووچەڵ بکەینەوە. بەکورتی گروپی راچەنین بەهەموو کۆسپەکانی بەردەمییەوە ئەجیندەیەکی باشی هەیە بۆ کارکردن و بڕیاریداوە نەوەستێت ، بەڵام تاچەند هەنگاو وچالاکییەکانی کاریگەریی دەبێت لەسەر حکومەت و گۆڕین و هەڵوەشانەوەی ئەو بڕیارە ئەوە لەکاتی خۆیدا وەڵام دەدرێتەوە.
ئاسۆ: ئێستا بەشێکی زۆر لە ئەدای کاری سەندیکا و کۆنگرەی تازەی سەندیکا ناڕازین ئێوە وەک گروپی راچەنین هیچ چالاکییەکتان بەدەستەوە نییە بۆفشار خستنە سەر ئەم ئەم کۆنگرەیە تا ئەمیش بەدەردی کۆنگرەکانی پێشووی سەندیکای رۆژنانەنووسان نەچێت ؟.
ستیڤان شەمزینانی : پێشدەستی گوناه و کوفرێکی ئێجگار گەورەیە بەو بەرەی کوردستانییەی رۆژنامەنووسە حیزبییەکان بڵێین سەندیکا ! پرسیار لەتۆ دەکەم کام مەرج و تایبەتمەندیی سەندیکایەکی پیشەیی تێدایە ؟ سەندیکا بۆ سەرژمێریی کردن وناسنامەبەخشینەوە دروست نابێت بەڵکو کاری داکۆکیکردنی شێلگیر و بردنە پێشەوەی خواست و مافەکانی چین یان توێژە کۆمەڵایەتییەکەیەتی ، لەئەوروپا کاتێک دەوڵەت یان کۆمپانیایەک بڕیاری فائیزکردنی ژمارەیەکی کەم یان زۆر لەکرێکاران دەردەکات سەندیکاکانی کرێکاران پاساوی چەواشەکارانە و ناڕەوا بۆ ئەو بڕیارە ناهێننەوە بەڵکو هانی کرێکاران دەدەن بۆ مانگرتن و راوەستانی جوڵەی بەرهەمهێنان ودەربڕینی ناڕەزایەتی توند، سەندیکاکانی چین و توێژەکانی تریش هەربەهەمان شێوە. بەڵام ئەو (سەندیکا) یەی من وتۆ لەبارەیەوە دەدوێین زۆربەی جار رۆڵی هەیە لەخراپترکردنی رەوشی رۆژنامەوانی لەکوردستان ، بەپێی ئامارێک کەمن لە لەخاتوو ( رووناک فەرەج )سەرنووسەری رۆژنامەی (رێوان )م بیستووە 95% رۆژنامەنووسانی کوردستان کرێچین ! لەوەختێکدا ئەمە رەوشی ژیانی رۆژنامەوانی کوردە سەندیکا چی کردووە بۆ پەیداکردن و دابینکردنی شوێنی نیشتەجێ بوون بۆیان هەڵبەتە هیچ ؟. لێرەوە دەگەڕێمەوە سەر کاکڵەی پرسیارەکەت : ئێمە نەک هەر لەئەدای سەندیکا ناڕازین و رەخنەی زۆرمان هەیە لەسەری تا سنووری رەتکردنەوە بەڵکو خودی ستراتیژ و بەرنامەی بنەڕەتی ئەم (سەندیکا)یە بەدژ وپێچەوانەی خواستەکانی رۆژنامەوانانی کوردستان دەزانین ئەو کۆنگرەیەشی وابڕیارە لەمانگی ئەیلولی داهاتوودا بیبەستن هەرلەئێستاوە بەدیارکەوتووە کۆنگرەیەکی ناشەرعییەو هیچ خەسڵەت و پرەنسیپێکی دیموکراسیی تێدا پیادە ناکرێت ، هەر لەهەنووکەوە دیارە چۆن پۆستەکان و لەنێوان کێ وکێدا دابەش دەکرێن ! بەدەر لەهەموو ئەمانەش لیستی حیزبی یۆ هەڵبژاردنەوەی ئەنجوومەنی باڵاونەقیبی سەندیکا هێندەی تر پرۆسەکە بەرەو گاڵتەجاڕیی زێدەتر دەبات و دەیکاتە مەخسەرەی ئێمەی ئۆپۆزیسیۆن و ناڕازی. وەک گروپی راچەنین بەیاننامەیەکی دژمان دەرکردووە کەپتر لەشێوەی بانگەوازێکدا خۆی دەبینێتەوە لەژێر ناوی ( گروپی راچەنین بایکۆتی کۆنگرەی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان دەکات ).ئەم هەڵوێستە خاڵی سەرەتایەو بێگومان هەنگاوی پراکتیکی زۆرترو چڕوپڕترمان دەبێت ، لەرۆژانی داهاتوودا لەرێی هۆیەکانی راگەیاندنەوە بەبەربڵاویی هەڵمەتێکی ناڕەزایەتی دژی ئەو کۆنگرەیە دەست پێدەکەین ، پاشتر داوامان لە نووسەر و رۆژنامەوانان کردووە بەنووسین و هەڵوێست وەرگرتن وکاری جددی دژی ئەو کۆنگرەیە بوەستنەوە و بایکۆتی بکەن ، دیسان بۆ هەمان مەبەست و بەئامادەبوونی دەیان رۆژنامەنووس لەسەرەتای هەفتەی دادێ کۆبوونەوەیەکی کراوەو فراوان سازدەکەین بۆ یەکخستنی هەڵوێستەکان و شێوازی رووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ سەندیکاو کۆنگرە کۆمیدییەکەیان. رەنگبێ گرنگترین کار لەرۆژی بەستنی کۆنگرەکەدا ئەنجام بدەین ئەویش ئەوەیە لەدەرەوەی هۆڵی کۆنگرە مانگرتن و میتینگێکی دەیان کەسی سازدەکەین و داوادەکەین شەرعیەت نەدرێت بە دەرەنجامەکانی ئەو کۆنگرەیە تا ئەوکاتەی سەندیکایەکی پیشەیی کارا دێتەبوون کەلەخواست و داوای رۆژنامەنووسانەوە سەری دەرهێنابێت نەک بە ئیعازو ختووکەدانی حیزبە دیکتاتۆرەکانی کوردستان ، بێ هیچ دوودڵی و سڵەمینەوەیەکیش راچەنین بۆ ئەم کارانە دروست بووە و فەلسەفەی بوون و هاتنە مەیدانی بۆ بەرگرتن بووە لەچەواشەکردنی رۆژنامەنووس لەرێی سەندیکایەکی زەردی وەک سەندیکای رۆژنامەنووسانەوە. وەک خۆشم پێشنیارم کردووە بۆ راچەنین کەمپینێک رابگەیەنین لەژێر دروشمی (بەرەو پێکهێنانی سەندیکایەکی رۆژنامەنووسیی کارا )،ئەم کارەیان تاچەند سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت بەپلەی یەکەم پەیوەستە بەسووربوون وجددییەتی ئێمەو بەدەنگەوەهاتنی رۆژنامەنووسان ، زۆر بەکورتی دەڵێم ناهێڵین ئەو کۆنگرەیە بەئاسانی و لەنێو چەپڵەرێزانی ئامادەبووندا تێپەڕێت ، دەنگی ناڕەزایەتی دەجوڵێنین و هەراوهوریاو غەڵبەغەڵبێک دروست دەکەین کەجەستەی مردوو و بەبەردبوونەوەی ئەو سەندیکایە رابچڵەکێنێت.
ئاسۆ: سەندیکاى ڕۆژنامەنوسانى کوردستان بەردەوام ڕووبەڕویی دەیان ڕەخنەدەبێتەوە و بەشێکى زۆرى ڕۆژنامەنوسانى کوردستان ئەم سەندیکایە بەوە تاوانباردەکەن کە نەى توانییوە وەک پیویست داواکارییە کانى ڕۆژنامەوانان بەدیبێنێت پرسیارەکەىمن ئەوەیە ئێستا سەندیکاى ڕۆژنامە نوسان لەسەروبەندى بەستنى کۆنگرەدایە پێتان وایە کۆنگرە ئەتوانێت کەموکوڕییەکان چارەسەر بکات ؟
بەهێزحسێن : لە ڕاستیدا کۆنگرە ویستگەیەکى گرنگە بۆ پێداچوونەوە بە کار و بڕیار و ئەزموونەکانى پێشووى سەندیکا و باڵادەسترین نێوەندى دەسەڵات و بڕیاریش دەبێت ، ئەمە لە لایەنى تیۆرییەوە بەڵام بەداخەوە لە واقیعى کوردستان وەک بەشێک لە کلتورى ڕۆژهەڵاتى کۆنگرەکان ببەسترێن یان نا وەک یەک وان ، سەندیکاى ڕۆژنامەنووسانى کوردستان بەهۆى ئەوەى هەر لە سەرەتادا لە کەشێکى تەندروستدا دانەمەزرا و یەکگرتنەوەى سەندیکا و یەکێتى ڕۆژنامەنووسانیش بەهەمان چەشن، بۆیە تا ئێستا بە ڕێکخراوێکى پیشەیى تەندروستى نابینم ، تاعینات و تەوجیهات و ئەمرى حیزبى دەستى لە بینى ئەو سەندیکایە توندکردووە و ئومێدم نییە هەروا زوو ڕزگارى ببێت.کۆنگرەى ئەمجارەى سەندیکاش بەو حاڵەى ئاماژەم پێکرد سەرکەوتوو نابێت و جگە لە پارە خەرجکردن و شەرعییەتدان بە ناشەرعییەکى گەورە هیچى تر نابێت ، چونکە دیسانەوە وەک جارانى پێشوو پۆستەکان وەک بەشى حیزبەکان دابەشکراوە و ئەمەش گەورەترین زەڕبەى لە سەندیکا خۆیى و سەرجەم ڕۆژنامەوانان و ڕەوشى ڕۆژنامەگەریى کوردى داوە ، بۆیە پێموایە ئەوانەى دەشچنە کۆنگرە ئەم ڕاستییە دەزانن و زۆریشیان پێ ئاساییە بە چەپڵە دەنگ بە لیستى حیزبەکان بدەن و سەندیکایەکى تر بە ڕوویەکى ترو هەمان ناوەڕۆکەوە دروست بکەنەوە کە جگە لە بێدەنگى کارێکى ترى نابێت.
ئاسۆ: ئێستا بەشێکى زۆر لەڕۆژنامەوانان لە ئەداى کارى سەندیکاو کۆنگرەى تازەى سەندیکا ناڕازین ئیوە وەک گروپى ڕاچەنین هیچ چالاکیەکتان بەدەستەوە نیە بۆفشارخستنە سەر کۆنگرە تا ئەم کۆنگرەیە بەدەردى گۆنگرە کانى پێشوى سەندیکاى ڕۆژنامەنوسان نەچێت؟
بەهێزحسێن : هەرکەسە و بە توانا و هەوڵى خۆى کارى پێدەکرێت بۆ چاکسازى و گۆڕانکارى لە نێو سەندیکادا ، ئێمە وەک گروپى ڕاچەنیین پێشتریش ڕامانگەیاندووە کە دژى سەندیکا نین و بوونى سەندیکایەکى کارا و ئەکتیڤیش بۆ حاڵى ئەمڕۆى ڕۆژنامەگەریى زۆر بە پێویست دەزانیین ،بەڵام نەک ئەو سەندیکایەى کە هەبووە و نەیتوانیوە بە ئەرکەکانى خۆى هەستێت لە بەرگریکردن لە ڕۆژنامەنووسان و ئازادى ڕۆژنامە و .. هتد ئەوەى تا ئێستا ئێمە دیومانە سەندیکایەک بووە لەسەر موجامەلەکردنى دەسەڵات ژیاوە و بە درێژایى تەمەنى خۆى وێڕاى بوونى دەیان دەستدرێژى بۆسەر ڕۆژنامەنووس و ڕۆژنامە و ئازادى بیروڕا تەنها (10 م ) ڕێپێوانى نەکردووە، ڕاپۆرتى ساڵانەى دەربارەى ڕەوشى ڕۆژنامەگەریى لە کوردستان بڵاونەکردۆتەوە ، نەیتوانیوە پڕۆژەیاسایەکى کارى ڕۆژنامەنووسى کە ڕۆژنامەنووسان پێى ڕازى بن بە فشار بۆسەر حکومەت بکاتە یاسایەکى دانپێدانراوى فەرمى و پڕۆژەیەکى بۆ پەیمانى کارى ڕۆژنامەنووسى نەبووە ، باشە ئەگەر سەندیکایەک ئەمە نەکات ئەرکى چییە!؟ بۆیە حەقى خۆمانە کە لە جۆرە سەندیکایەکى ئاوا ناڕازى بین و کار بۆ ئەوە بکەین باشتر بهێنێتە ئاراوە ، ئێمە وەک گروپى ڕاچەنین چالاکیمان دەبێت و داواش لە سەرجەم ئەو ڕۆژنامەنووسانە دەکەین کە بەم فۆڕم و ناوەڕۆکەى سەندیکاى ئێًستا ناڕازین لە شارەکانى کوردستاندا پەیوەندى بە گروپەکەمانەوە بکەن و بێنە پاى چالاکییەکانمان ، ڕاستە ڕەنگە بە ئێمەش ئەم واقیعەش نەگۆڕین بەڵام هەر نەبێ ئەو سەندیکایە ڕادەچەنێنین و سەرکردایەتى پێشوو بە ئاگادێنینەوە لەوەى ئەوان کەمتەرخەم و سازشکاربوون لە ئاست ڕۆژنامەنووسان و ڕەوشى ڕۆژنامەگەریى ، کە لێرەدا دەمەوێت ئەوەش ئاشکرا بکەم کە ئێمە داواش لەو کۆنگرە دەکەین گەر بۆیان دەکرێت سەرکردایەتى پێشووى سەندیکا بێنە بەر لێپرسینەوە ، چالاکى تریشمان بەدەستەوە دەبێت کە ڕەنگە سەندیکاش پێشبینى نەکات ، بۆیە لەکاتى خۆیاندا ڕایان دەگەیەنین..
|