به‌ژینۆسایدناسینی ئه‌نفال هه‌نگاوێکی گرنگه‌و چاوه‌ڕوانی داوای لێبوردنی ئێراق ده‌که‌ین.
یه‌کێ له ئه‌رکه سه‌ره‌کیه‌کانی ناوه‌ندی چاک ئه‌وه بووه که تاوانی ئه‌نفال وه‌کو ژینۆساید بناسرێت، له‌م روانگه‌یه‌وه گه‌لێ هه‌نگاوی له‌سه‌ر ئاستی جیهانی و ناوه‌وه ناوه، وه‌کو هه‌وڵه‌کان له دادگایی فرانس ڤان ئه‌نرات له دادگای های هۆڵاندی، هه‌وڵه‌کان له پارله‌مانی سویدی، هه‌وڵه‌کانی له نه‌رویژ، له دانیمارک، له سویسرا، له بریتانیا و ئه‌ڵمانیا. تائێستا به‌کرده‌وه کاری زۆر بۆ ئه‌م مه‌به‌سته کراوه. هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه له کاتێکدا پارله‌مانی کوردستان هه‌وڵێکی له‌م باره‌یه‌وه نه‌بوو، ناوه‌ندی چاک داوای به‌ژینۆسایدناسینی له حکومه‌ت و پارله‌مانی ئێراق کرد، هه‌روه‌ها داوای له پارله‌مانی کوردستان کرد که ئه‌نفال به‌ژینۆساید بناسن و هه‌نگاو بنێن. هه‌ولی لیستی هاوپه‌یمانی و لایه‌نی کوردی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته جێبه‌جێکردنی ئه‌و داوا ره‌وایه‌یه که ناوه‌ندی چاک زوو خستیه به‌رده‌م، هه‌روه‌کو چاک مه‌به‌ستیه‌تی کورد وه‌کو نه‌ته‌وه‌یه‌کی ژینۆسایدکراو هه‌ڵسوکه‌تی له‌گه‌ڵ بکرێت و به هه‌موو ئه‌م مافانه بگات که گه‌لانی ژینۆسایدکراوی دیکه پێی گه‌یشتوون. ناسینی تاوانی ئه‌نفال له لایه‌ن پارله‌مانی ئێراقه‌وه هه‌نگاوێکی گونجاوه له ئاراسته‌یه‌کی گونجاو‌دا، که واده‌کات ناساندنی ئه‌نفال وه‌کو ژینۆساید له ئاستی جیهانیدا ئاسانتر بێت.
ئه‌م هه‌نگاوانه‌ی ئه‌م دواییه‌ی لیستی هاوپه‌یمانی داواکردنی داوای لێبوردن له گه‌لی کورد له لایه‌ن ئێراقه‌وه هه‌نگاوێکی گونجاوی دیکه‌یه که ساڵانێکه ناوه‌ندی چاک داوای ده‌کات و سه‌ره‌تا گه‌لێ له‌به‌رپرسانی کورد به‌گونجاویان نه‌ده‌بینی. به‌دیهاتنی ئه‌و ئامانجانه سه‌رکه‌وتنه بۆ رێکخراوه سڤیله‌کان که کار بۆ ئه‌م ئامانجانه ده‌که‌ن، لێره‌دا ناوه‌ندی چاک وه‌کو گروپی گوشار بۆسه‌ر ده‌سه‌ڵاتداران شانازی به خه‌باتی خۆیه‌وه ده‌کات.
پێویسته هه‌موو لایه‌ک له‌سه‌ر مافه ره‌واکانی نه‌ته‌وه‌ی کورد یه‌ک بین. زۆر گرنگه پێ له‌سه‌ر داوای لێبوردنکردنی حکومه‌تی ئێراق یه‌کگرتووانه بگیرێت و گوشار بخرێته سه‌ر حکومه‌تی ئێراق، که له‌جیاتی ده‌وڵه‌تی ئێراق داوای لێبوردن له نه‌ته‌وه‌ی کورد بکات.
داوای لێبوردن له‌لایه‌ن حکومه‌تی ئێراقه‌وه، هه‌نگاوێکی زۆر گرنگ ده‌بێت بۆ داهاتوویه‌کی باشتر، که ڕێگه بۆ هه‌وڵه‌کان بۆ پێش‌گرتن له ژینۆسایدی دیکه خۆشده‌کات، هه‌روه‌ها ڕێگه له‌به‌رده‌م ئازادی و سه‌روه‌ری نه‌ته‌وه‌یی کورد خۆش ده‌کات، که مافێکی سروشتی گه‌لی کورده. هه‌لسانی حکومه‌تی ئێراق به داوای لێبوردن، ئازایه‌تی ئه‌و ده‌وڵه‌ته له داننان به تاوانه‌کانی رابردوو پیشان ده‌دات، که ئه‌گه‌ری بنیاتنانی ئێراق له‌سه‌ربنچینه‌یه‌کی مرۆڤدۆستانه به‌رزده‌کاته‌وه.
ناوه‌ندی چاک 16.4.2008
|