١٢\٣\٢٠١٦
بێکاریی و
بەرەنجامە نەرێنییەکانی لە کوردستان.
پتربوونی رێژەی بێکاری لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بۆتە هۆیی پەرەسەندنی
کێشە کۆمەڵایەتیەکان و لە نوێترین روداو دا و تەنیا لە حەوتوی رابردو
دا دو کەسی خەڵکی پارێزگایی کرماشان بە هۆیی نەبوونی دەرفەتی کار و چێ
کردنی بژیوی ژیان کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.
یەکێک لەو کەسانە ناوی حەمید رەزا مەقسودنژاد خەڵکی کەنگاوەری سەر بە
کرماشانە، کە بە هۆیی بێکاری و گوشارەکانی ژیان کۆتایی بە ژیانی خۆیی
هێناوە.
پارێزگایی کرماشان یەکێک لە بەپیت ترین پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان
و ئێرانە، بە شێوازێک لە بواری کشت و کاڵ، کانگا ژێرزەویەکان، نەوت،
گاز، ئاسن و… گەر بخوازرێت و هەوڵ بدرێت دەتوانرێت بە هەزاران دەرفەتی
کار بۆ خەڵکی ئەو پارێزگایە بە کەڵک گرتن لەو دەرفەتانە بروخسێت. بەڵام
بە هۆیی نەبوونی پلان و بەرنامەی راستەقینە، هۆکاری ئەمنیەتی و
هەڵاواردن و نیگایی سیاسی، هیچ هەوڵێک بۆ ئاوەدان کردنەوەی ئەو
پارێزگایە لە لایەن حکومەتی ئێران نادرێت.
هەر لەو پێوەندیە دا و بە هۆیی نەبوونی کار و گوشارەکانی سەر ژیان،سێ
شەممە واتا ۱٨ مانگی دوانزەی ئەمساڵ ژنێکی گەنجی ۱٨ ساڵان بە ناوی “ف”
نیشتەجێی کۆڵانی بەهارانی شاری سەقز کۆتایی بە ژیانی خۆیی هێنا.
بە پێی ئامارە فەرمی و نافەرمیەکان، پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان
زۆرترین رێژەی بێکاران لەخۆ دەگرن و بێکاری و نەبوونی دەرفەتی کار بۆتە
هۆیی زۆر بوونی کێشە کۆمەڵایەتیەکان. خۆکوشتن، تەڵاق و کۆچ کردن
دیارترین دیاردەکانن کە راستەوخۆ پێوەندیان بە نەبوونی کارەوە هەیە.
ئەوە لە کاتێک دایە کە پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان باشترین و
پرکانگاترین شوێنەکانن کە پێکهاتەی ئێستایی ئێران پێکدێنن. کشت و کاڵ،
ئاو و روبارەکان، نەوت، گاز، کانگاکانی بەرد، ئاسن، زێر، تۆریسم و
ناوچەێکی گەش و جوان، دەرفەتگەلێکن کە کەم شوێن لە ئێران و رۆژهەڵاتی
ناوین ئەو بەهایەیان بەیێکەوە هەیە، بەڵام بەبێکەڵک لێ وەرگرتن ماونەوە.
بەرپرسانی حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بە هۆکارگەلی سیاسی و نیگایی
ئەمنیەتی هیچ چەشنە هەوڵێک بۆ ئاوەدان کردنەوە و پێش خستنی ئابوری و
ژیانی ئەو بەشەی کوردستان نادەن و بگرە زۆرجار خۆیان رێگرن لە
پێشکەوتنی بواری ئابوری و باشتر بوونی ژیانی خەڵک.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان
info@kmmk.info
|