په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٠\١٢\٢٠١٠

بێ کەرامەتکردنی کوردستانیان بەسە!

 

 


بەبۆنەی یادی بڵاوکردنی جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ، روو لەسەرجەم کوردستانیان دەکەین و داوادەکەین هەموو شێوازێکی کارو چالاکی ئاشتیخوازانە بەکاربهێنن بۆ رسواکردنی سیاسەتی راسیستی حکومەتەکانی تورکیا، ئیران و سوریا دژ بە مافە سرووشتی و ئینسانییەکانمان.


ناکرێ چیتر قبووڵ بکەین رێ لە گەشەسەندنی هەمە لایەنی بە زمانی دایکمان لێ بگیرێت.


ئەم سێ حکومەتە نموونەیەکی دەگمەنن بۆ پێشێلکردنی زۆربەی مادەکانی جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ:


- بەپێچەوانەی(م1) بە گیانی برایانە رەفتارمان لەگەل ناکەن.
- بەپێچەوانەی(م2)بۆمان نییە سوود لە ماف و ئازادییەکانی جاڕنامەکە وەربگرین و گشت جۆرە جیاکارییمان لەگەل دەکەن.
- بە پێچەوانەی(م3)ئازادی و ئاسایشمان نییە.
- بە پێچەوانەی(م5)ئەشکەنجە و سزا دەدرێین.
- بە پێچەوانەی(م6)وەک مرۆڤێکی کوردستانی دان بە کەسایەتی یاساییمان نانرێت؟
- بە پێچەوانەی(م7 ،8 ،11)، لەبەردەم دادگا نە یەکسانین و نە مافمان هەیەو نە پارێزراوین، وگوێش لە داخوازییە بنەڕەتی و سرووشتییەکانمان ناگرێت.
- بە پێچەوانەی(م7 و8و 11بەهەردوو بڕگەکەی)، هەموو کەسێک مەترسی دەستگیرکردنی هەیە.
- بە پێچەوانەی(م9)، زۆرێک لە دادگاییەکان بەشێوەیەکی نهێنی و کوتوپڕ بەڕێوە دەچن.
- بە پێچەوانەی(م10)، تەواوی مافی یەکسانی لەگەل ئەوانی ترمان نییە.
- بە پێچەوانەی ماددەی12دەستتێوەردەدەن لە ژیانی تایبەتیمان
- بە پێچەوانەی(م13)سەدان هەزار کوردستانی رووبەڕووی گواستنەوەی زۆرەملی بوون.
- بە پێچەوانەی(م18) مافی ئازادی بیرکردنەوەمان نییەو ئەو ئازادییە بە زمانی دایکمان لێ زەوتکراوە.
- بە پێچەوانەی(م19) مافی ئازادی بیروڕا دەربڕینمان نییە.
- بەپێچەوانەی(م20 بە هەردوو بڕگەکە)، لە بەشداریبوونمان لە خۆپیشاندانە ئاشتیخوازەکان روو بە رووی ئەشکەنجەدان و زیندانکردن دەبین.
- بە پێچەوانەی(م21)هیچ رێزێک بۆ خواستی گەلەکەمان نانرێت.
- بە پێچەوانەی(م22)پێشێلی مافی فەرهەنگیمان دەکەن.
- بە پێچەوانەی(م25)باری تەندرووستی لە کوردستان لەبەراوردکردن لەگەل ناوچەکانی تری ئەو وەڵاتانە خراپتر و پەراوێزخراوە.
- بە پێچەوانەی(م26 بە هەر 3بڕگەکەی) مافی خوێندن بە زمانی دایکمان قەدەغەیە، ئامانجی پەروەردە شێواندنی کەسایەتی کوردستانییە و دۆستایەتی نێوان گەلانیش لاوازدەکەن، بێ رێزی لە مافی مرۆڤ و ئازادییەکانمان دەکەن و تێگەیشتن و دۆستایەتی لەنێو گەلی کوردستان و خۆیان دەڕوخێنن و رێگایش بە باوکان و دایکانیش نادرێت خاوەن مافی یەکەم بن لە هەڵبژاردنی شێوەی پەروەدەکردنی منداڵەکانمان.
- بەپێچەوانەی(م27) رێگری دەکەن لە مافی ئازادی هاوبەشیکردن لە ژیانی فەرهەنگی. رێگری لە کوردستانیان دەکەن چێژ لە هونەری خۆی وەربگرێت و ناهێڵن سوود لە بەرهەمەکانی وەربگرێت.
- بە پێچەوانەی(م28) رێگری دەکەن لە سوودوەرگرتن لە تەوای ئەو ماف و ئازادییەکانی ئینسان کە لە جاڕنامەکە هاتووە.
- بە پێچەوانەی(م29 بە هەر 3بڕگەکەی) رێگری دەکریمان لێدەکرێ بۆ تەواوی گەشەسەندنی تاکی کوردستانی. هیچ قیمەتێک بۆ سیستێم و بەرژەوەندی گشتی و رەوشت لە کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی و هەموو کردەوەکانیان لە هەمبەر کوردستانیان دژ بە ئامانج و پرەنسیپەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان.


ئێمە لەبەرامبەر حکومەتگەلێکین بوونی خۆیان لە شکاندنی کەرامەت و حورمەتی مرۆڤی کوردستانی دەبینن، بۆیە بەم بۆنەیەوە بانگەوازی یەک بە یەکی تاکی کۆمەڵگەکەمان دەکەین:


گشت شێوە رێگایەک بۆ گەڕاندنەوەی کەرامەتمان بگرنەبەر. ئێمە دوا گەلی دنیاین هێشتا لە سەرەتاییترین مافی سرووشتی و مرۆیی بێبەشکراوین. ئەوان رێ بە خوێندن بە زمانی دایکمان نادەن و یەکێک لە ئەرکی سەرەکی ئیمڕۆمان ئەوەیە دەرسێکی توندو هەمە لایەنە بەم سێ حکومەتە بدەین تا لە فکرو ئەقڵی دڕندایەتی رزگارببن. فێرکردنی ئەم 3حکومەتە بە مافەکانی مرۆڤ، چارەنووسی کوردستانیانە و دەبێ لە ئاستی ئەرکەکانمان بین.


هیوادارین بە ئەنجامدانی چالاکی جۆراوجۆر لەناو کوردستان و دەرەوەی وڵات، هۆش و ئەقڵی ئینسانی و برایانەیان پێشکەش بکەن: هیچ کەس و گەل و حکومەت و رەگەز و قەومێک لە هیچ کەس و گەل و رەگەز و قەومێکی تر گەورەتر نییە...


ئێمە برای یەکترین و لە ئەرک و مافەکانمان یەکسانین، ئەوەی بەشێوەیەکی تر بیرو رەفتار بکات، هێشتا لە ئاستی ئینسان نییە!

پشتیوانی ئەندام پەرلەمانی وەڵاتان و رێکخراو و حزب و کۆمەڵە مەدەنییەکانی جیهان وەربگرن!
بەر دەرگای ماڵەکان و شوێنە گشتییەکان قەڵەم بەرزڕابگرن!
بەر دەرگای قونسوڵگەری و سەفارەتەکانیان بگرن!

 


کەمپینی هه‌ر ئێستا قوتابخانە بە زمانی کوردی بێتە دامەزراندن
10\12\2010

 

 

--------------------------------------------------------------------------------------------------------------------------------

 

 

ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان قەڵەم بەرزڕادەگرن.

 

 


پاش ئەنجامدانی ناڕەزایەتی لەبەردەم قونسوڵگەری تەرکیا لە هەولێر، شاندێکی کەمپین سەردانی پەرلەمانی کوردستایان کردو لە نزیکەوە باسی ئامانجی کەمپینەکەیان روونکردەوەو چەندین ئەندام پەرلەمان پشتیوانی خۆیان راگەیاندو چەند دانەکەیەکیان بەبێ هیچ هۆیەکی سیاسی یان یاسایی ئامادە نەبوون پشتیوانی بکەن!


ئەمەش ناوی ئەندام پەرلەمانەکانی سەر بە فراکسیونی گۆڕان، یەکگرتوو، کوردستانی و(ئەنجومەنی میللی کەلدانی سریاتی ئاشوری)کە پشتیوانی خۆیان بۆ کەمپین و داخوازییەکەی، راگەیاند:


1- پەیام ئەحمەد
2- کاروان ساڵح
3- عەدنان عوسمان
4- بورهان رەشید
5- نەریمان عەبدوڵڵا
6- ناسک تەوفیق
7- هەوراز شێخ ئەحمەد
8- شیلان عەبدولجەبار
9- د. دانا سەعید سۆفی
10- عەزیمە
11- سه‌بیحە ئەحمەد بەرزانی
12- ئاواز عەبدولواحد خدر
13- د. سائر عەبدولئەحەد ئۆغستین
14- عیماد محەمەد حوسین
تاریق رەشید(راوێژکاری راگەیاندنی پەرلەمان)
 

 

--------------------------------------------------------------------------------------------------------------------------------

 

 

کوردستانیانی لە دانیمارک ناڕەزایەتی دەردەبڕن.


خانەقین - کۆپنهاگن


لەچوارچێوەی خەباتی جەماوەری کوردستانیان و جێبەجێکردنی درووشمی(گەلێک قەڵەم بەرزڕادەگرێ)، لە دەنیمارک هەفتەی داهاتوو رێکخراوی چاودێری کوردۆساید پێکەوە لەگەل چەندین رێکخراو و کۆمەڵەی کوردستانی لەبەردەم سەفارەتی تورکیا و ئێران ناڕەزایەتی دەردەبڕن.


لەم بارەیەوە گۆران هەڵەبجەیی(بەرپرسی چاودێری کوردۆساید)، وتی: ئەرکی هەموو حزب و لایەنەکانە ئەرکی خەبات دژ بە سیاسەتی رەگەزپەرەستی باڵادەستی حکومەتەکانی تورکیا، ئیران و سوریا لەئەستۆ بگرن. ئێمە لە هەفتەی داهاتوو پێکەوە لەگەل رێکخراو و کۆمەڵە کوردستانییەکان دانیمارک بە بەرزڕاگرتنی قەڵەم ناڕەزایەتی لەبەردەم سەفارەتی تورکیا و ئیران دەردەبڕین. سەبارەت بە رۆژی ئەنجامدانی چالاکییەکە، وتی: هێشتا دیاری نەکراوە.


هەروا وتیشی: نامە بۆ هەموو رێکخروەکانمان ناردووە تا لە وڵاتەکانیان چالاکی جۆراوجۆر ئەنجام بدەن.