١٦\١٠\٢٠١٢
بەکتریای کولێرا
لە دەسەڵاتەکەی خۆتاندایە نەک لە جەستەی کریکاراندا.
- کورتە وەڵامێک بە
وەزیری تەندروستی -

موزەفەر عەبدوڵا
ئەمرۆ دکتۆر ریکەوت حەمەرەشید وەزیری تەندروستی حکومەتی هەریمی
کوردستان لە وتەیەکیدا رایگەیاند سەبارەت بە هۆکاری بڵاوبوونەوەی
نەخۆشیی کولێرا لە کوردستان کە لەم ماوەیەدا بۆتە هۆی تووش بوونی سەدان
کەس و مردنی چەند کەس لە شارەکانی کوردستان کە بریاریان داوە لەمەودوا
پشکنین بکەن بۆ پیسایی هەموو ئەو کریکارانەی کە لە دەرەوە دین، چونکە
بە ووتەی ئەو هۆکاری بلاو بوونەوەی کولێرا لە هەریم دەگەریتەوە بۆ
ئەوەی کە ئەو کریکارانە هەڵگری ئەو بەکتریایەن ،خۆ ئەگەر دەرکەوت کە
هەر کریکاریک هەڵگری ئەو بەکتریایە بوو ئەوە یەکسەر دەیگیرنەوە بۆ
وڵاتەکەی خۆیان.
راستییەکەی بۆ هەر کەسیک گەر وەک جەنابی وەزیر پارە و دەسەڵاتی گەندەڵ
و ستەمکار لە راستییەکان چاوی نەنوقینێ و دان بە واقعی گەندەڵی ئەم
دەسەڵاتەدا بنی ئەوەی بۆ دەردەکەوێ کە هۆکاری، نەک هەر بڵاوبونەوەی ئەم
نەخۆشییە، بەڵکو زۆربەی نەخۆشییەکانی تر سەرچاوەکەی بەکتریای ئەم
دەسەڵاتەیە نەک بوونی بەکتریا لە جەستەی چەند کریکاریک کە رەنگە رۆژانە
بینە کوردستانەوە.
ئاخر نەخۆشیی کولێرا لە جهانی هاوچەرخی ئەمرۆدا کەی ئەوەندە سامناکەو
سەختە تا بەم شیوەیە بڵاو ببیتەوە چارەسەرنەکری و بەری پێ نەگیری؟؟!!
هەڵبەت هەموومان ئەوە دەزانین تەنهای لە سایەی ئەو دەسەڵاتانەدا ئەو
نەخۆشییە ئەمرۆ زوو بڵاو دەبیتەوەو سامناکە کە دەسەڵاتەکەی وەک هەمان
دەسەڵاتی پارتی و یەکیتی یەکەی جەنابی وەزیری تەندورستی بیت.
بیگومانە نەک ئەم نەخۆشییە بەڵکو زۆر نەخۆشیی سادەی تر بە ئاسانی
سەرهەڵدەداوبڵاو دەبیتەو دەبیتە مەترسی یەکی سامناک بۆ خەڵکی کوردستان
تا ئەو جیگەیەی دەسەڵاتو وەزارەتکی وەک ئەمەی وەزیر هەبیت کە دزی و
گەندەڵی و دەیان دیاردەی تر سەرتاپای وەزارەتو دەسەلاتەکەی داپۆشیوە.
مەگەر خۆیان نازانن چۆن و چەند لە سایەی ئەم دەسەڵاتەدا رۆژانە
داوودەرمانی ماوە بەسەرچو و خۆراک و خواردنی ماوە بەسەر چو دیتە ئەم
ووڵاتەوەو دەرخواردی خەڵکی دەردیت؟؟!
یاخود نەبوونی سەرەتاترین خزمەتگوزاریی لە نەخۆشخانە و ویرانی
دەرمانخانە و دەیان مەیدانی تری دامودەزگای سەر بەم وەزارتە و....
هەموویان مایەی سەرهەڵدان و بلاوبوونەوەی خیرای ئەم نەخۆشییانە نین!!!
دیارە هاوکات هەموو خەڵکی ئەوە دەزانی کە هەرگیز مەیسەر نابیت کە
کەسانیکی ئاسایی و بی دەسەڵاتی ناو کۆمەڵگا دەستی گەورەی لەم هەموو بی
خزمەتگوزاری و دزی و گەندەڵی و داتەپینی خزمەتگوزاری لە مەیدانی
تەندروستی و هەموو مەیدانەکانی تردا هەبیت گەر دەستی رەشی گەورەی خۆیان
نەبیت لەسەرەوە.
تا ئیستا چەندین جار لە دەزگاکانی راگەیاندن، ئەوانەی کەمیک
سەربەخۆییان هەبیت لەم دەسەڵاتە ،هەواڵی ئەوەیان بڵاو کردۆتەوە کە چەند
تەن لە خۆراک و داوودەرمانی ماوە بەسەرچوو ئاشکرا کراوەو دەستی گەورە
بەرپرسان و بازرگانانی سەر بە دەسەڵاتی تیادا بوە بەڵام کەسمان نەمان
بیست تاکە یەک بەرپرس لەوانە بدریت بە دادگا.
هەر وەک نموونەیەکی بچوک کە لەم ماوەیەدا ئاشکرا کرا مەسەلەی
دابەشکردنی ئاردی ژەهراویی و ماوە بەسەرچوو و دانی بە خەڵک بوو کە
دەبیتە هۆکاری چەندین نەخۆشیی، مەگەر ئەم تاوانە دەستی کریکاری
ستەمدیدەی تێدا بوو؟؟!!
لە کاتیکدا ئەوە ئاشکرا بوو کە ئەمە گەندەڵی و تاوانەو دەەستی گەورە
بەرپرس و بازرگانانی سەر بە دەسەڵاتی تێدا بوو و بی ئەوەی بدرین بە
دادگاش.
بۆیە ئیستا ئەم بریارەی وەزیر، بە پشکنینی پیسایی ئەو کریکارانەی کە لە
دەرەوە دەهینریت، جگە لە بەهانە هینانەوەو دامرکانەوەی رەخنە و
نارەزایەتی خەڵک و لابردنی چاوی خەڵک و رق و تووڕەیی خەڵک لە جەنابی
وەزیر و وەزارەتەکەی و سەرجەم دەسەڵاتەکەی شتیکی تر نییە.
هەڵبەت وەڵامی ئیمەو سەرجەم خەڵکی نارازیی کوردستان بەرامبەر بەو قسە
پوچانەی جەنابی وەزیر بە پشکنینی پیسایی کریکارانی هاتوو ئەوەیە گەر
راست دەکەن ریگە بدەن با کریکاران و هەموو خەڵکی نارازی کوردستان
لیژنەیەکی پشکنینی سەربەخۆ پیک بینن بۆ پشنکین دەسەڵاتو گیرفانی پیسی
ئیوە با بزانین واقیعەن هۆکاری ئەم نەخۆشییە و دەیان نەخۆشیی و دیاردەی
تر دەسەڵات و گیرفانی پیسی ئیوەن یان پیسایی چەند کریکاری هاتون بۆ
کوردستان کە بەم پروپاگەندەیەتان دەتانەویت تۆوی ناکۆکی و دوژمنایەتی
بخەنە ناو خەڵک و چەند هەزار کریکاریکی چەوساوەو بی بەش کە ناچار بوونە
لە دەسەڵاتی سەرکوتو گەندەڵی ئەو ووڵاتەی کە لیوەی هاتون رابکەن و بینە
کوردستان و هیزی کاری هەرزانی خۆیان بفرۆشن لە سایەی دەسەڵاتی بی
یاسایی ئیوەدا؟؟!!
بۆیە گەر بە راستی وەزیریکی دڵسۆزی دەسەلاتیکی یەک تۆز مرۆییانە و
هەڵبژێردراوی خەلکی بوویتایە ئەوە دەبوو یەکسەر دەستت لە کارەکات
بکیشیایەتەوە نەک ناکۆکی و دوژمنایەتی بکەیتە ناو کریکارانەوە.
١٤\١٠\٢٠١٢
ماڵپهڕی موزهفهر عهبدوڵا
|