٢٨\٨\٢٠١٠
بەڵێ بۆ فلتەرێکی
زمانەوانی.

فەرەیدوون سامان
خۆشبەختانە ئەمڕۆ لە کوردستاندا پەراوێزێکی باشی ئازادی نووسین و
دەڕبرین و چاپەمەنی هەیە، وێڕای لەچاپدانی کتێبی جۆراوجۆر لە چەندان
وەشانخانەی وەک دەزگای سەردەم و ئاراس و موکریانی و وزارەتی رۆشنبیریی
و هتد...زیاتریش لە 360 رۆژنامە و گۆڤار و بلاڤۆک بڵاو دەبنەوە. چ
لۆکاڵییەکان و چ ئەوانەی کە لە ئاستێکی بەربڵاوتردا دەردەچن، ئەم
دیاردە رۆشنبیرییە بێ هاوتایە لە مێژووی نوێی چاپەمەنی و رۆژنامەگەریی
لەکوردستاندا لە ناوچەکەش نمونەی نییە، وەلێ لەپاڵ ئەوەشدا رۆژانە بە
سەدان نووسینی کرچ و کاڵ بەناو بەرهەمی فیکری و ئەدەبی بێ سەرەوبەر،
بازار و کتێبخانەی شارەکانی کوردستانیان داگیرکردووە، هەیانە لەسەر
ئاستە فیکرییەکە ژەهر پژێنە و لە تیرۆر ترسناکتره، بۆ شرۆڤەکارانی
سیاسی جێدەهێڵم.
لەسەر ئاستی زمانەوانیش کە (لەم گۆشەیەدا مەبەستمە) مخابن بە کوردییەک
دەنووسرێ مەگەر تەنها خوا هەر بۆخۆی بزانێ زمانی کوردی کام سەردەمە و
مەگەر خوێنەرانی قۆناغەکانی بەر لەدۆزینەوەی مێژووی نووسین لێی حاڵ بن
، وەک لە رووی زمانەوانی و رێزمان و خاڵبەندیشەوە هەر وێرانە،
نووسەرەکانیشیان وێرانتر، خوێنەرانی ئەمڕۆ ناهەقیان نییە لەم جۆرە
بەرهەمانە بڕەوێنەوە و گاڵتەیان بە شیعرو چیرۆک و رۆمان بێت، نەبوونی
کەسانی پسپۆر و شارەزا لە بوارەکانی زمانەوانی لەو رۆژنامە و گۆڤارانە
دەرەنجام ئەم وێرانەیەی لێ کەوتۆتەوە، چونکە رەچاونەکردنی پڕەنسیپی
رۆشنبیری و ستانداردی زمانەوانی و ئیتیکی نووسین، دواجار دەبێَتە هۆی
بەرهەمهاتنی دەقی خراپ و لاواز.
خوێنەری راستەقینە بە دەگمەن دەقی ئەفرێنراو
و باشی دێتە بەرچاو. دیارە لەرابردووشدا لە سەردەمی شاعیرانی وەک جزیری
و نالی و مەحوی و ئەوانیتریشدا بە دڵنیایی شاعیر و دەقی شیعری خراپ
هەبوون، راستە نەمریی و گەورەیی شاعیرانی کلاسیکی کورد دەگەڕێتەوە بۆ
ئەو پاشخانە مەعریفی و زانیارییەی کە سەرچاوەکەی چووەتەوە سەر ئەزموونی
دەیان و بگرە سەدان شاعیری بەر لە خۆیان. نالی شاعیرێَکی رۆشنبیر بووە.
جگە لە ئاگایی لە ئەدەبی کلاسیکی فارس و تورک و عەرەب بووە. شارەزای
تەواویشی لەو چوار زمانە هەبووە، کە شیعری پێ نووسیوە. دڵنیاشم هەر خۆی
سانسۆر و فلتەر بووە بە سەر رێزمانی نووسینەکانی و لەو بوارەشدا سودێکی
زۆری لە وشە و زاراوەی ناوچە جیاوازەکانی کوردستان وەرگرتووە ئەوە نییە
هەتا ئەوڕۆکەش هەر شانازی بەو شاعیرە مەزنە دەکەین، لێ ئەو خۆ بە شاعیر
زانانەی کە لەدیوەخانە و دەربارەکان هاتوهاواریان بووە، بەڵام دواجار
هێڵەگی مێژوو ترۆی کردوون و تەنیا رەسەنەکانی هێشتووەتەوە.
باشە دەی کاتی ئەوە نەهاتووە ئیدی بە جدی
خەمێک لە زمانە شیرینەکەمان بخۆین و لێنەگەڕێین لەوە زێتر بە نەوەکانی
ئێستا و داهاتوومان نامۆ بێت.؟
ماڵپهڕی فهرهیدون سامان
|