٧\٨\٢٠١١
بەڵێ
بۆ کەمپینی (نا بۆ کڕینی شمەک و کاڵای
ئێرانی).
- بانگەوازی سەنتەری رۆشنبیریی پردێ بۆ
دانیشتوانی پردێ و دەوروبەری -
خەڵکی ستەمدیدەی پردێء گوندە ئاوارەکانی دەوروبەری..
رۆشنبیران.. دڵسۆزان.. خەمخۆرانی ئاییندەی گەلی کوردستان..
وەکو دەزانن ماوەیەکە رژێمی داگیرکەرء کۆنەپەرستی کۆماری ئیسلامیی
ئێران دەستی داوەتەوە هێرش بۆ سەر باشووری کورستان و تۆپبارانکردنی
گوندە ئاسوودەکان و نانەوەی ئاژاوە پەشێوی لە دەڤەرەکەداو وشککردنی
ئاوی رووباری ئەڵوەن، بۆیە ئێمەش لە سەنتەری رۆشنبیریی پردێوە
بانگەوازی سەرجەم دانیشتوانی شارۆچکەی پردێ و
دەوروبەری دەکەین کە وەکو دژایەتیکردنێک بۆ ئەو هێرشە دوژمنکارانانەی
ئێران، ئەگەر بۆ ماوەیەکیش بێت، خۆتان لە کڕینی شمەک و کاڵای ئێرانی
بەدوور بگرن، بەمەش هەڵوێستێکی کوردانە لە مێژووی کەسێتی و نەتەوایەتیی
خۆتاندا تۆمار دەکەن و دەنگێکی ناڕازیش دەبن بەرامبەر سیاسەتی دژە
مرۆییانەی ئێران.
لە هەولێری پایتەختیش کۆمەڵێک لە رۆشنبیران و دڵسۆزانی گەکەمان،
کەمپینێکیان بەناوی (نا بۆ کڕینی شمەک و کاڵای ئێرانی) راگەیاندووە،
ئێمەش لێرەوە داواتان لێ دەکەین، ویژدانی مرۆڤدۆستانەو هەڵوێستی
نەتەوەییانەی خۆتان بکەنە سەنگی مەحەک و لە بەرامبەر هەوڵە
دوژمناکارییەکانی رژێمی ئێران بێنە دەنگ و ئێوەش وەکو خەڵکی شارو
شارۆچکەکانی دیکە بە نەکڕینی کاڵاو شتومەکی ئێرانی هەڵوێستی مرۆییانەو
کوردانەی خۆتان بنوێنن و ببنە خاوەنی ئەو هەڵوێستەو بۆ مێژوو خاڵێکی
گەش بۆ خۆتان تۆمار بکەن.
نەفرەت لە داگیرکاریی.. نەفرەت لە تۆپباران
و مرۆڤکوژیی..
سەربەخۆیی بۆ کوردستان و ئازادیی و نانیش بۆ
مرۆڤەکان..
سەنتەری رۆشنبیریی پردێ
٥\٨\٢٠١١
|