به‌ڵێ .. ئێوه براوه‌ن!
پۆڵا زیندانیی
جاران شیوعییه‌کان به ڕاستگۆیی به‌ناوبانگ بوون و سه‌ری خۆیان له‌پێناوی ڕاستییدا ، هه‌رچه‌ند بچوکیش بووایه ، دائه‌نا ، به‌ڵام له دوای سه‌ره‌تای شه‌سته‌کانی سه‌ده‌ی ڕابوردووه‌وه ، ئه‌و ڕاستییه کاڵ بووه‌ته‌وه و ڕاگه‌یاندنه‌کانی شیوعییه‌کانیش له ئه‌نجامی ده‌ستتێکه‌ڵکردنی ساڵانێکی زۆریان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتداراندا و خۆژیاندن له سێبه‌ریاندا ، بووه به هاوشێوه‌ی ڕاگه‌یاندنه‌کانی ده‌سه‌ڵاتداران.
له‌م ڕۆژانه‌دا که‌سێک که که‌م و زۆر به‌رپرسی ڕاگه‌یاندنه‌کانی حیزبی شیوعی کوردستان – عێراقه و ئه‌ندامی لیجنه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی سه‌ندیکای ڕۆژنامه‌نوسانه و ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی حشکه ، بێ سڵه‌مینه‌وه له ویژدانی خۆی و له‌و جه‌ماوه‌ره‌ی که ده‌نگیان به لیسته حه‌وت حیزبییه‌که‌یان نه‌داوه ، له هه‌ندێک له سایته‌کاندا نوسینێکی بێتامی بڵاوکردووه‌ته‌وه و ئه‌ڵێت به‌ڵێ ئێمه براوه‌ین!
به ڕاستیی سه‌یره .. نازانم چۆن مرۆڤ ئه‌توانێت ئه‌وه‌نده چاو و ڕوو قایم بێت!
له‌و بڕوایه‌دام که ئه‌گه‌ر ئه‌وانیش توانای داراییان هه‌بووایه ، ئه‌وا وه‌ک دوو حیزبه گه‌نده‌ڵه دۆڕاوه‌که ئه‌ڕژانه ناو شه‌قامه‌کانه‌وه و که‌رنه‌ڤاڵی دۆڕاندنیان ئه‌گێڕا ، به‌ڵام دیاره ڕێژه‌یه‌کی ئه‌ووتۆیان له سامانی دزراوی گه‌ل ، له‌م هه‌ژده ساڵه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی هاوخهباتیاندا به‌رنه‌که‌وتووه ، تا وه‌ک ئه‌وان ئاهه‌نگ و به‌زم و سه‌مای دۆڕاندنیان بکه‌ن!
کاکه‌ی براوه ، باسی مێژوویه‌کی دوری حیزبی شیوعی ئه‌کات و لای وایه که ئه‌بێت جه‌ماوه‌ر له‌به‌ر خاتری ئه‌و مێژووه ، به براوه‌یان دابنێن و ڕێزیان لێ‌بگرن و ده‌نگیان پێبده‌ن!
سه‌یره .. نازانم چۆنه که کۆمه‌ڵێک جنێوی مزریش ئاڕاسته‌ی ئه‌و جه‌ماوه‌ره ناکات که له‌م هه‌ڵبژاردنانه‌دا ئاوڕێکیان له مێژوویان نه‌داوه‌ته‌وه و ده‌نگیان به حیزبه‌که‌ی نه‌داوه!
سه‌یره .. یه‌کێک له هۆکاره‌کانی سه‌رنه‌که‌وتنی لیسته حه‌وت حیزبییه‌که‌یان که به زۆر خۆیان ناوناوه چه‌پ ، ئه‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ "هۆشیاریی کۆمه‌ڵگا"! واته ئه‌گه‌ر ده‌نگیان پێنه‌درێت ، ئه‌وا کۆمه‌ڵگا ناهۆشیاره!
مێژووی خه‌بات و قوربانییه‌کانی شیوعییه‌کان شتێکه و سه‌رکردایه‌تییه‌کانی حیزبی شیوعییش شتێکی ترن ، ته‌نانه‌ت دوژمنانیشیان نکۆڵیی له به‌شێکی زۆری ئه‌و خه‌بات و قوربانییدانانهیان ناکه‌ن ، به‌ڵام ئه‌وه سه‌رده‌مێک بوو ، ئه‌مڕۆش سه‌رده‌مێکه!
ئه‌و سه‌رده‌مه پێویستییه‌کی مێژوویی خه‌باتی شیوعییه‌کانی دروستکرد ، دژی ئیمپیریالیزم و ده‌سه‌ڵاتداران و چه‌وسێنه‌ران ، به‌ڵام ده‌یان ساڵه سه‌رکردایه‌تییه‌کانی حیزبی شیوعی تا پێیانکرابێت پاڵیانداوه به پاڵ ده‌سه‌ڵاته‌وه و له سێبه‌ری ده‌سه‌ڵاتداراندا خۆیان ژیاندووه ، ته‌نانه‌ت کوشتن و بڕینیش له ده‌سه‌ڵات نهیتۆراندوون ، تا ئه‌و کاته‌ی مه‌ترسیی له‌سه‌ر سه‌رکرده‌کان دروست نه‌بووبێت و به ناچاریی نه‌بووبێت ، له ده‌سه‌ڵات دورنهکهوتوونهتهوه. نمونه‌ی چه‌پڵه‌لێدان بۆ عه‌بدولکه‌ریم قاسم له ساڵی 1958 به دواوه و به‌شدارییکردن به وه‌زیر له حکومه‌ته‌که‌یدا و دواتر له ساڵی 1973 دا تا 1979 له‌گه‌ڵ به‌عسدا و ئێستاش نزیکه‌ی 19 ساڵ له‌گه‌ڵ پارتی و یه‌کیه‌تیدا ، ئه‌وه له فه‌رهه‌نگی چینایه‌تیدا پێی ناوترێت "پێویستیی مێژوویی" ، ئه‌وه پێی ئه‌وترێت دورکه‌وتنه‌وه له به‌رژه‌وه‌ندی گه‌ل و چینه چه‌وساوه و به‌شمه‌ینه‌ته‌کان و خۆپه‌رستیی و هه‌لپه‌رستیی و خۆهه‌ڵواسین به داوێنی ده‌سه‌ڵاتدا!
جاران سه‌رکرده‌کانی حیزبی شیوعی ژیانی خۆیان ئه‌به‌خشی له‌پێناوی مانه‌وه‌ی ڕێکخراوه‌کان و ئهندامانیاندا ، له‌و ڕوانگه‌یه‌وه که ئه‌گه‌ر سه‌رکردایه‌تی نه‌مێنێت ئه‌وا له جه‌ماوه‌ره‌که‌وه دروستئه‌بێته‌وه ، مێژووش ئه‌و ڕاستییه‌ی سه‌لماند ، هه‌ر وه‌ک ساڵانی 1949 و 1963 که نزیکه‌ی ته‌واوی قه‌واره‌ی سه‌رکردایه‌تی حیزبی شیوعی ، ئه‌و دوو جاره ، به سکرتێریشهوه له سێداره‌دران ، به‌ڵام سه‌رکردایه‌تی له ماوه‌یه‌کی هێجگار که‌مدا له جه‌ماوه‌ری حیزبه‌که‌وه دروستبووه‌وه.
جاران سه‌رکرده‌یه‌کی وه‌ک فه‌هدی دامه‌زرێنه‌ری حیزبی شیوعی ، که‌سانی ساکار و جوتیار و کارگه‌ری هه‌ڵئه‌بژارد بۆ سه‌رکردایه‌تی حیزبه‌که ، وه‌ک (عبد تمر) ی نه‌خوێنه‌وار و چه‌وساوه و کارگه‌ر ، به‌ڵام ساڵانێکه سه‌رکرده‌کان ته‌نیا که‌سانێک هه‌ڵئه‌بژێرن بۆ سه‌رکردایه‌تییه‌کان که (حاشیه) ی خۆیان بن و بۆ ئه‌وه‌ی که تا ئه‌مرن هه‌ر کاریگه‌ریی خۆیان له‌سه‌ر سیاسه‌تی حیزبه‌که دابینبکه‌ن و مه‌رجه‌ع بن!
جاران حیزبی شیوعی یاخیی بوو له ده‌سه‌ڵات ، به‌ڵام ئه‌وا ساڵه‌های ساڵه بووه به ده‌سته‌مۆی ده‌سه‌ڵاتدارانی خێڵ و بنه‌ماڵه و هه‌میشه چاوی له ده‌ست و ده‌رگای ده‌سه‌ڵاته.
جاران حیزبی شیوعی گوێی له جه‌ماوه‌ره‌که‌ی ئه‌گرت ، به‌ڵام ساڵانێکه ئه‌وه‌ی گوێی لێ نه‌گرێت جه‌ماوه‌ره‌که‌یه‌تی.
تێبینی: له‌م پاراگرافانهی خواره‌وه‌دا هه‌موو وشه‌یه‌کی حیزب ، مه‌به‌ست له حیزبی شیوعییه.
... ئايا كاتی ئه‌وه نه‌هاتووه كه حيزب تۆزێك ژه‌نگی حه‌فتا ساڵه‌ی هه‌ڵبوه‌رێنێت و به شێوه‌ی سه‌رده‌م خۆی له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ری گه‌له‌كه‌يدا بگونجێنێت؟ له كاتێكدا كه جه‌ماوه‌ره‌كه بێزاره له (ده‌سه‌ڵاتداران) و ئه‌و بارودۆخه نائاساييهی كه ساڵانێكه باڵی به‌سه‌ر كوردستاندا كێشاوه! ئايا ئهتوانين به عه‌قڵييه‌تی حه‌فتا ساڵ له‌مه‌وبه‌ره‌وه و سه‌رده‌می ئيمپيرياليزمه كلاسيكييهكه ، له‌گه‌ڵ ئه‌م سه‌رده‌مه و ئيمپيرياليزمه نوێيه(ڕزگاركه‌ره‌كه!) دا خۆمان بگونجێنين؟
به‌ڵێ .. ئه‌مڕۆ هه‌زاران پرسيار له‌به‌رده‌می حيزبمان و هێزه چه‌په‌كاندا قوتبوونه‌ته‌وه و چاوه‌ڕێی وه‌ڵامن. بێگومان كۆنگره‌ی سێيه‌می حيزبمان كه ئه‌بێت پێش هه‌ڵبژاردنه گشتييهكانی كوردستان بگيرێت! ئه‌بێت به شێوه‌يه‌كی زانستييانه و سهردهمييانه وه‌ڵامی زۆربه‌ی ئه‌و پرسيارانه بداته‌وه.
... ئه‌گه‌ر حيزبمان ده‌رسێك له مێژوو وه‌رنه‌گرێت و
چاونهخشێنێتهوه به
زۆربه‌ی هه‌ره زۆری بنه‌ما فيكريی و سياسی و ڕێكخراوهييهكانيدا ،
ئه‌وا گومانی تيادا نيه كه له هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئاييندهدا
سه‌ركه‌وتن دۆستمان نابێت!
... ((ئه‌وه (نوقڵانه) نه‌بوو كه هاوارمان ئه‌كرد ئه‌بێت كادێرانی حيزب به خۆيان و سياسه‌ت و دروشم و به‌رنامه‌ی حيزب‌دا بچنه‌وه .. ئه‌وه پێشبينیی و خه‌مڵاندنی زانستييانه و داياليكتيكييانه بوو.
دوای سه‌لماندنی ئه‌و (نوقڵانانه)! حيزب چی كرد؟ ئايا هه‌مان ده‌موچاو
و هه‌مان سياسه‌ت وه‌ك خۆيان نه‌ماونه‌ته‌وه؟ ئايا ئه‌بێت حيزبمان ببێت به مۆزه‌خانه‌ی سياسه‌ت و ته‌مه‌ندرێژانی حيزبايه‌تی! يان قوتابخانه‌ی نه‌وه‌كان و پێشكه‌وتن و خۆگونجاندن له‌گه‌ڵ گۆڕانكارييه نوێيه‌كانی ژيانی مرۆڤايه‌تی؟)).
له کاتێکدا که له دوو کۆنگره‌ی حیزبی شیوعیدا بڕیاردرا که وه‌زیره‌که‌یان له حکومه‌ته‌که‌ی پارتی و ففتی ففتییهکه بکێشننه‌وه ، به‌تایبه‌تیی له دوای 31 ی ئابی 1996ـه‌وه ، به‌ڵام ئه‌و سه‌رکرده عه‌بقه‌رییانه به پێچه‌وانه‌ی داوای جه‌ماوه‌ری حیزبه‌که‌یانه‌وه ، زیادتر دڵسۆزییان بۆ ده‌سه‌ڵات ده‌رئه‌بڕی و بڕیاری کۆنگره‌کانیان پێشێل ئه‌کرد!
له کاتێکدا که کۆنگره داوای لێکۆڵینه‌وه له فایڵدارێک بکات و له‌بری ئه‌وه‌ی که ئه‌و فایڵداره له مه‌ڵبه‌ندی بڕیار دوربخه‌نه‌وه ، به‌ڵام به پێچه‌وانه‌وه ، فایڵدارهکه به‌رزئه‌که‌نه‌وه بۆ لوتکه‌ی سه‌رکردایه‌تییه‌که‌یان که مه‌کته‌بی سیاسییه‌که‌یانه!
داوایان لێئه‌که‌م چاوێک بخشێننه‌وه به نوسراوه‌کانی ئه‌و کادێر و ئه‌ندامه بهتوانایانهیاندا که ساڵانێکی زۆر داوای گۆڕانکاریی و چاکسازیی ئه‌و حیزبه‌یان ئه‌کرد.
ئه‌مڕۆ ئه‌و ڕۆژه‌یه که ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی ئه‌و حیزبه بڕیاری خۆیان بده‌ن و ڕازیی نه‌بن که ئه‌و سه‌رکردانه‌یان به‌ره‌و هه‌ڵدێری تریان ببه‌ن. ڕۆژی ئه‌وه‌یه که ئه‌و سه‌رکردانه بگۆڕن و به‌رپرسه‌کانی شکسته‌کان و نه‌هامه‌تییه‌کان دادگایی بکه‌ن و حیزبه‌که‌یان بخه‌نه‌وه سه‌ر ڕێی چینایه‌تی ڕاستینه‌ی خۆی.
منیش ئه‌وه ئه‌ڵێمه‌وه ، ئه‌گه‌ر ئه‌و حیزبه خۆی نه‌گۆڕێت و پیاداچوونه‌وه‌یه‌ک به سه‌رجه‌می بنه‌ما سیاسی و ئایدیۆلۆجیی و ڕێکخراوه‌ییه‌کانیدا نه‌کات ، ئه‌وا له هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئایینده‌دا ، ئه‌گه‌ر خراپتر نه‌بێت ، ئه‌وا حاڵی له‌مه‌ی ئێستای باشتر نابێت!
09-08-2009 pollaziz@yahoo.com
|