په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

بەڵێنەکانى پێش هەڵبژاردن.


شاخەوان برایم عەبدوڵا


ئەگەر ئەرشیفى دوو مانگ بەر لە هەڵبژاردنەکانى ئەم دواییەى پەرلەمان و سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان هەڵدەینەوە، دەبینین لیست و حیزبە سیاسییە ڕکابەرەکانى پرۆسەى هەڵبژاردن، لە ڕێگەى دەزگە جۆراو جۆرەکانى میدیاوە، پڕیەتى لە بەڵێن و قسەى زۆر گەورە گەورەى وا کە مرۆڤى هوشیار بە ئاسانى هەستدەکات بە هیچ شێوەیەک لە ماوەى چوار ساڵى دەسەڵاتدا ناتوانن لە سەدا بیستى بەڵێنەکان جێبەجێ بکەن، بەڵکو بە پێچەوانەوە ماوەى زیاتر لە بیست ساڵى دەوێت تاکو بتوانن نیوەى ئەو بەڵێنە دروشم ئامێزانە بهێننەدى، ئەویش ئەگەر بیانەوێت کاریان لەسەر بکەن و بەجیدى هەوڵ بۆ جێبەجێکردنیان بدرێت.
پەرلەمانتارانى کوردستان، ئەمجارەش بە کۆمەڵێک هەڵەى زمانەوانییەوە، سوێندى یاساییان خواردو گوایە ئۆپۆزسیۆنیش دروستبووەو بە قسەى خۆیان بێت بەوپەڕى بوێرییەوە کار دەکەن، ئۆپۆزسیۆن لە وڵاتانى پێشکەوتووى دونیا ئەو فشارە کاریگەرەیە بۆ سەر حکومەت و لە پێناوى ماف و بەرژەوەندییەکانى هاوڵاتیاندا تێدەکۆشێت و هەوڵى ئەوە دەدات کە بەردەوام چاودێرێکى وردبینبێت بەسەر کارەکانى پەرلەمان و دەسەڵاتى جێبەجێکردنەوە.


لەم هەرێمەى ئێمەدا، ئەوانەى بە ناوى ئۆپۆزسیۆنەوە دەیانەوێت لە کایە سیاسییەکاندا بەشداربن، جێگەى گومانن و دەبێ بە وردییەوە تێیانبڕواندرێت، چونکە دەبینین هەر ئەوانەى کە دوێنێ خۆیان بەشێکبوون لە دەسەڵات و هیچ گۆڕانێکى ئەوتۆ لەسەر دەستى ئەواندا رووینەدا، من نازانم تازە چۆن بەو ماوە کەمەى کە لە پێشیاندایە دەتوانن بە کارى خۆیان وەک ئۆپۆزسیۆنێکى تەندروست هەڵسن و رۆڵى کاریگەر بگێڕن؟ ئەوە پرسیارێکە و پێویستە هەڵوەستەى لەسەر بکرێت.
زۆرێک لەوانەى کە سەرەتا هەوڵى گرتنەدەستى دەسەڵات دەدەن، بە دەیان بەڵێن بە هاوڵاتیان دەدەن و دواییش خۆیان لە بەڵێنەکانیان نەباندەکەن، یاخوا ئەوانەى لەم هەڵبژاردنە دەنگیان بۆ درا لە ئاست بەڵێن و قسە گەورەکانیانبن و هێندە لە خەمى گیرفان و سەیارەى دوا مۆدێل و .... نەبن و خولە چوار ساڵییەکەی پەرلەمانیان بە خەیاڵى خۆ دەوڵەمەندکردن بەسەردا تێپەڕنەبێت.


لە کابینەى رابردوودا، حکومەت بەوپەڕى تواناى خۆیەوە هەوڵیداوە قەزاو ناحیە و گوندەکان لە رووى خزمەتگوزارییەوە فەرامۆش بکات و لە بەرانبەریشدا هەرچى توانایەکى کە هەیبووە لە خزمەتگەیاندن بە شارەکان لەسەر حیسابى قەزاو ناحیەکان خستۆتیەگەر و لە بڕى ئەوەى حکومەتى تەواوى خەڵکى بێت، بە پێچەوانەوە حکومەتى چینى مووچەخۆر بووەو خەڵکانى هەژار لەو داهاتە زۆرەى کە لە حکومەتى عێراقى وەردەگیرێت پشکى یاسایی خۆى بەرنەکەوتووە، لەم کابینەیەى رابردوودا بستێک زەوى تەنانەت لە دوورترین شوێنەکانیشدا نەماوە دابەش نەکرێت، دیسانەوە دەبێت بپرسین ئەو زەویانەى دابەشکراون، کێن ئەوانەى تێیدا سوودمەندبوونە؟ بە دڵنیاییەوە چینى دەوڵەمەند و کارمەندان و بەرپرسانى حکومەت بوونە، لەم وڵاتەدا خەڵکانى وا هەیە چەندین پارچە زەوى بە نایاسایی و بە پێى واسیتە وەرگرتووە و کەچى بە پێچەوانەوە خەڵکانى تریش هەن، خاوەنى بستێک زەوى نین و زۆر دڵسۆزتریشن بۆ نیشتمانەکەیان لە چاو ئەو خەڵکە سوودمەند و بەرپرسانەى کە تەنیا لە خەمى گیرفانى خۆیان و کەس و کارەکانیاندان ، چ بە بڕینەوەى مووچەى بێ دەوام و دامەزراندنى کوڕ و کچى خۆیان، بە پێچەوانەوە کوڕ و کچى هەژارانیش خۆ ئەگەر واسیتەى نەبێت، بە بڕوانامەى بەرزیش دانامەزرێن و ڕێگەى کارکردنیان لێدەگیرێت و لەلایەکى تریشەوە رۆژانە سەدان کەس بە ناعەداڵەتى دادەمەزرێن و پلەوپایەى خەیاڵیان پێدەدرێت.


ئەگەرچى خەڵکى ئێستاکە بە گومانن لەوەى کە ئەم کابینەیەش بتوانێت لە ئاست ویستى هاوڵاتیاندا بێت و پێیانوایە کە هەمان مۆدێلى کابینەکەى پێشووتر دووبارە دەکرێتەوە لە ئەداى کارکردنیدا، بێگومان ئەو گومانەش لە خۆیەوە دروست نەبووە، بەڵکو ڕەگوڕیشەکەى دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمانێکى زوو کە لە شاخەوە بە گیرفانى بە تاڵەوە گەڕانەوە، کەچى ئێستاکە جگە لە کوردستان، تەنانەت لە دەرەوەى وڵاتیش خاوەنى خانوو و کۆمپانیان، پێویستە بەرپرسان لەوە زیاتر میللەتەکەى خۆیان فەرامۆش نەکەن، ئەگینا ئایندەى ئەو هەرێمە دەکەوێتە نێو زەڵکاوى گەندەڵى و دواکەوتوویی کۆمەڵایەتى و سیاسى و ئابوورى و شڵەژانى دەروونییەوە کە ئەمەش کارەساتێکى مرۆییە و دەبێ ڕێگەى لێبگیرێت.