بەڵێنەکانیان بیستوچوار
کاتژمێر بڕى نەکرد.

بەشدار عهلی
(دابین کردنى ئارامى و ئاسایش بۆ خەڵک و دوورخستەوەى مناڵان و لاوان و
پیر و پەکەوتەکان لە هەر جۆرە ترس و تۆقاندن و دڵەراوکێیەکى دەروونى و
جەسەدى و هێناناکایەیەى سیستەمێکى مەدەنى و دامەزراوەیى..،)ئەم رستانە
و چەندانى تر دورشمى سەرجەم لیستەکان بوو لە پێش هەڵبژاردان زیاتر لە
مانگێک چاو و گوێچکەى ئێمەیان پێ ماندوو کرد،بەڵام بەداخەوە هەر لەگەڵ
دەرکەوتنى ئەنجامە بەراییەکان و تێپەڕبوونى تەنها (24)کاتژمێر بەسەر
وەرگرتنى پەنجە مۆرى خەڵک ،لە نیوە شەودا لە زۆرێک لە گەرەکەکانى شار
کەوتنە تەقە باران و خەویان لە مناڵان و لاوان و پەکەوتوان زڕاند و لە
جێگاى شیرینى و دیارى، ترس و تۆقاندنیان دەرخوارد دان،بەداخەوە لەشەوى
یەکەمدا کەسێک لە گەرەکى تەیراوەى شارى هەولێر گیانى لەدەستدا و 16
کەسى تریش بریندار بوون.
پەندێکى کوردى هەیە دەڵێ (دەم دەخوا چاو شەرم دەکا ) حەقە بۆ ئەوانەى
هەمیشە دەیانەێت درۆ لەگەڵ خەڵک بکەن پەندێکیان لە رابردووى وەرگرتایە
و شەرمێکیشیان لە چاوى خەڵک بکردایە و ئاوا بە زووى رەفتارى
پێچەوانەیان نیشان نەدایەو یاریان بە هەست و نەستى خەڵک نەکردایە .بەڵام
ئەوانە بە دەم دەڵێن و چاویشیان شەرم ناکات !
دەربرینى خۆشى و شادى مافى هەر کەسێک و لایەنێکە ،بەڵام نەک لەسەر
حیسابى ژیان و چارەنوسى کەسانى ترەوە،ئەگەر قسە لەسەر( کۆنترۆڵ نەکردنە)
ئەوە بەهانەیەکى پوچە ،چونکە لەکاتى دووبارەکردنەوەى چەند جارێکى (تۆنتریقەى)
مناڵانى گەرەک، پۆلیس و ئاسایش بە زووترین کات دەست دەگرن بەسەریدا ،بەڵام
شار گوللە بارانە و کەسێکیش نیە لێیان بپرسێتەوە!
سیستەمى بەرێوەبردنى ئەو مەملەکەتە، تاکەکانى راهێنا لەسەر درۆ و
خیانەت و ئازاردانى بەرامبەرەکانیان و قبوڵ نەکردنیان ،بەم هۆیەشەوە
چەندین نەوە بونە قوربانى ،بەداخەوە لەسەدەى بیست و یەک ئەو نەوەیە
نەدەبوایە ئەم بیرکردنەوانە وەربگرێت ، نەوەیەک هاتۆتە بوون خاڵى لە
زانست و هۆشیارى و رۆشنبیرى بیرکردنەوە و مەنتق و مەعریفە، دەسەڵاتى
سیاسیش ئەمەى گەرەک بوو .
ناسیاوێکم پێیڕاگەیاندم (46) کەڕەت دەنگم داوە و هەموو جارێکیش زیاتر
هەستم بە ئاسودەیى کردوە،کارەساتەکە لێرەوەیە ،کەسێک خیانەت دەکات و
کڵاو لەسەر سەرى بەرامبەرەکەى دەنێت کەچى نەک هەست بە ئازاردانى
دەروونى و ویژدانى ناکات ،بەڵکو ئاسودەش دەبێت بە دووبارەرکردنەوەى
خیانەتەکەى ..! ئەمە هیچ گومان ناهێڵێتەوە کە بەرنامە و پرۆگرام و
سیستەمێکى فاشى و دواکەوتوو لە پشتەوەى ئەو کەسەوە خۆى حەشارداوە .
بە بڕواى من ئەمە گەورەترین مەترسیە لەسەر هەستى نەتەوایەتى و ئەزمونى
حوکمڕانى کوردستان و دەسکەوتەکانى، نەک ئەو رەخنانەى کە ئێمە و خەڵکى
کوردستان لە دڵسۆزیمانەوە دەریدەبڕین.
هەموو ئاماژەکان و بانگەشە و بەرنامە و پرۆگرام و ستراتیژ ى لیست و
کیانە سیاسیەکان و مامەڵەکردنیان لەگەڵ خەڵک و بەرامبەرەکانیان ،
نیشانى دەدات کە دەیانەوێت لەسەر هە مان ریتم و بەرنامەى پێشتر
بەردەوام بن و درێژە بە وەزعیەتێک بدەن کە قەتڵ و عامى شێنەیى خەڵکى
لەگەڵدایە و خەڵک بۆ هەتا هەتایە بەدەست کێشە و گرفتە رۆژانەییەکانى
بتلێتەوە و هەر رۆژە و چاوەروانى کارەساتى جەرگبڕتر بکات، بێگومان
ئەمەش وەکو ئاگرى ژێر خۆڵەمێش دەمێنێتەوە و دوور نیە لەکاتێکى تردا
کڵپە بسێنێت !بۆیە پێویستە کۆتاى بەم عەقڵ و بیرکردنەوە بهێندرێت و
ژیان و چارەنوسى خەڵکى کوردستان بخرێتە پێشەوەى هەموو بەرژەوەندیەکى تر.
bashdar_net@yahoo.com
|