په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

بەڵێنى بنەماڵە... لەگۆڕنانى ئازادى تاک ... هەنگاونان بەرەو دواوە.

  
گەرمیانى حەمەىپوور


هەر لەسەرەتاى دەستپێکردنى پڕو پاگەندەى هەڵبژاردنەکانەوە چەند حاڵەتێکى پشتیوانى خێڵ و عەشیرەت و تیرە و هۆز بوو بە دیاردەو ئێستا ڕۆژ بە ڕۆژ لەگەڵ گەرمتربوونى پرۆسەکەدا لە تی ڤى کەناڵەکانى و ڕاگەیاندنى سەر بە لیستە جیاوازەکان دەبیستین یان دەبینین یان دەخوێنینەوە کە خێڵی کوێ و تیرەى ئەوێ و ئەوێ پشتیوان خۆیان بۆ لیستى گۆڕان، پێشکەوتن ، کوردستانى، چوار حزبەکەو ..هتد دەربڕى! هەر بەوەشەوە نەوەستاون دانانى لافیتە لە شوێنە گشتییەکاندا بەناوى بنەماڵەى فڵان و فڵان و پشتیوانى خۆمان بۆلیستى ...... دەردەبڕین!


ئاخر هاندانى خەڵک بۆ ئەم کارانە جگە لەوەى کە هەنگاوێکە بۆ گەڕانەوە بۆ ئەو زەمەنە دواکەوتووە کە تەنها ریش سپی یان سەرۆک خێڵێک هەموو شتێک بوو و ئەندامانى بنەماڵەش لەبەردەمیدا هیچ. کەواتە دڵخۆش کردن لەو دیارەدەیە دڵخۆش بوونە بە گەڕانەوە بەرەو دواکەوتووى و کەچى هەر لیستەش باس له‌ پێشکەوتن و ئازادى و دیموکراسى بەکردار دەکات، بەڵا بوونى ئازادى و دیموکراسى لە کوێدا دەمێنێت کاتێک سەرۆک خێلێک بە ناوى خێڵەکەیەوە پشتیوانى بۆ لیستێ دەردەبڕێت و ئازادى و دەنگى ئازادى تاکەکانى خێڵەکەى یان هۆز و تیرەو بنه‌ماڵەکەى لە ژێر پێی دابنێ؟


لێرەدا تێدەگەین کە لە ڕاستیدا بەڵێنى هەرلیستە بەخەڵک تەنها چەواشەکارییەو بەدەست هێنانى دەنگى زیاترە، هەرچەندە ڕەنگە زۆربەمان ئەو ڕڕستییە بزانیین بەڵام لەگەڵ خەڵکى سادە چی بڵێین کە بەو بابەتانە هەڵبخەڵتێن؟


ئایا حیزب و لایەن و قه‌واره‌ سیاسییەکان لەو ڕاستییە ناگەن کە لەم سەردەمەدا هیچ کەس ناتوانێت بڕیار لە چارەنووسى کەسێکى تر بدات یاخود دەیزانن و نایانەوێت دانى پێدا بنێن؟


بێگومان هەموویان دەزانن کە ئەمڕۆ نەوەیەک پێگەشتووە هەرگیز ئامادەى پابەند بوون بە بڕیارى گەروەکانەوە نییەو بۆ خۆى دەزانێت چۆن بڕیار لەسەر دەنگى خۆى دەدات و دەنگ بە کام لیست و قەوارى سیاسی دەدات.


ئەگەر هەرشتێکى تر بۆ گەرمکردنى بازاڕى پڕوپاگەندەى هەڵبژاردن ئاسایی بێت، ئەوە ئاسایی نییە کە ئەو قەوارە سیاسیانە بە ئاراستەى پێچەوانەى بەندەکانى مافى مرۆڤ کار بکەن کە ئازادى تاک و ئازادى ڕادەربڕینە. چونکە تۆ بە هاندانى سەرۆک خێڵێک بە پشتیوانى کردنى لە لیستەکەت ئەو بەندانە پێشێل دەکەیت واتە دژ بە بنەماکانى مافى مرۆڤ کار دەکەیت.

 


garmyan86@gmail.com