٤\٤\٢٠٢٢
بەڵگە فیلمێک
سەبارەت بە
شاخەوانی بلیمەتی
کورد "محەمەد ئەوراز" سازدەکرێ.
مەنسوور جیهانی
بەڵگە
فیلمی "دوایین هەنگاو بەرەو ئاسمان" سەبارەت بە کەسایەتی و
شانازییەکانی شاخەوانی کورد ڕەوانشاد "محەمەد ئەوراز" کە بەسەر لووتکەی
بەرزیی شاخی ئێڤێرێستدا سەرکەوت، لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد "ئیبڕاهیم
سەعیدی" لە ڕێکخراوەی فیلمسازی "لاوان فیلم" ساز دەکرێ.
"ئیبڕاهیم سەعیدی" کە بە بەرهەمە بەڵگە فیلم و چیرۆکییەکانی خۆی لەوانە:
فیلمی سینەمایی "ماندوو" و بەڵگە فیلمی "دایکانی من" سەبارەت بە
کۆمەڵکوژی ئەنفال لە فێستیڤاڵە گرینگە نێودەوڵەتییەکان لە ئاستی
جیهاندا بەشدارییەکی سەرکەوتوانەی کردووە و هەروەها چەندین خەڵاتی
گرینگیشی بەدەستهێناوە؛ لە نوێترین بەڵگە فیلمی خۆیدا، تەرکیزی خستۆتە
سەر ڕەوانشاد "محەمەد ئەوراز" ئەفسانەی شاخەوانی کوردستان و ئێران و
ئەو کەسەی کە بەسەر لووتکەی "ئێڤێرێست" وهک بەرزترین شاخی جیهان و
هەروەها شاخە بەرزەکانی دیکەی دنیادا بە بێ کەڵک وەرگرتن لە گازی
ئۆکسیژێن سەرکەوت و ناوی خۆی بۆ هەتا هەتایە لە مێژوودا تۆمار کرد.
سەعیدی لە بەڵگە فیلمی "دوایین هەنگاو بەرەو ئاسمان"دا بە تایبەت باسی
ژیان، کەسایەتی و شانازییە وەرزشییەکانی ئەم پاڵەوانە نەتەوەییەی
شاخەوانی کوردستان و ئێران دەکا.
لەم بەرهەمە هونەرییەدا هەوڵدەدرێت تا لایەنە جۆراوجۆرەکانی ئەم ڕەمزەی
شاخەوانی جیهان و هەروەها قۆناغەکان و تایبەتمەندییە بێوێنە و
پیشەییەکانی ئەم شاخەوانە بەرجەستە بکرێ و شیکاریی لەسەر بکرێ و بە
جوانی و بە وردیی بۆ بینەر بخرێتەڕوو.
ئەم بەڵگە فیلمە، ئێستا لە قۆناغی توێژینەوە و لێکۆڵینەوە دایە، هەر
بەم بۆنەیەوە دوا لەو کەسانە دەکرێت کە دەتوانن بە باشتر کردنی ئەم
بەرهەمە لە لایەنە جۆراجۆرەکاندا، لەوانە؛ بە ناردنی فیلم، وێنە،
بیرەوەریی یا خود هەر بابەتێکی دیکە لەم بارەیەوە یارمەتیمان بدەن و
ئێمە بە گەرمی دەستیی ئەو کەسانە دەگوشین کە یارمەتیمان دەدەن و سپاسی
تایبەتیان دەکەین. هیوادارین کە بە هاوکاریی ئێوە بتوانین فیلمێکی
شایستە و شیاو لەسەر ڕەوانشاد "محەمەد ئەوراز" و پێگەی شانازییەکانی
پاڵەوانانەی ئەم شاخەوانە بیرمەندە لە ئاستی نەتەوەیی و نێونەتەوەییدا
ساز بکەین.
داوا لە هەموو ئەو کەسانە دەکرێت کە فیلم، وێنە و یا هەر
بیرەوەرییەکیان لە شادڕەوان "محەمەد ئەوراز" هەیە؛ لە ڕێگای ئیمەیلی
Lavanfilm1344@gmail.com و ژمارە تەلەفوونی مۆبایلی ٠٠٩٨٩١٤٣٤٢١١٤٠
پەیوەندیی بە گرووپی دەرھێنان و ستافی بەڵگە فیلمی "دوایین ھەنگاو
بەرەو ئاسمان" بکەن.
ڕەوانشاد "محەمەد ئەوراز" لە ڕۆژی ٢٦ی خەرمانانی ساڵی ١٣٤٨ی ھەتاوی
ڕێکەوتی ١٧ی سێپتەمبەری ساڵی ١٩٦٩ لە شاری نەغەدە لە رۆژھەڵاتی
کوردستان لە دایک بووە و لە ڕۆژی ٢٦ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٨٢ی ھەتاوی
ڕێکەوتی ١٧ی ئۆگۆستی ساڵی ٢٠٠٣ لە کاتی سەرکەوتن بەسەر لووتکەی "گاشێربرۆمی
١" لە وڵاتی پاکیستان بە ھاوڕێیەتی لەگەڵ شاخەوانی ھەرمانی کورد
ڕەوانشاد "موقبیل ھونەرپەژووە" لە نزیکەکانی لووتکە و بە ھۆی داڕمانی
بەھمەن، بە توندی بریندار بوو و بە ھەوڵی ھەڤاڵانی شاخەوانی خۆی
گەیێندرایە نەخۆشخانەی "شیفا" لە شاری ئیسلام ئاباد و دوای ٢٠ ڕۆژ
ململانێ لەگەڵ مەرگ، بەداخەوە ڕۆژی ١٦ی خەرمانانی ساڵی ١٣٨٢ی ھەتاوی
ڕێکەوتی ٧ی سێپتەمبەری ساڵی ٢٠٠٣ ماڵئاوایی لە ژیان و ھەوادارانی کرد.
ئەوراز لە ماوەی ژیانی کورتی شاخەوانی خۆیدا شانازییەکی زۆریی بۆ
کۆمەڵگای وەرزشی و لقی شاخەوانی کوردستان و ئێران بەدەستھێنا، کە
بریتین لە: سەرکەوتن بەسەر لووتکەی "راکاپۆشی" بە بەرزایی ٧٧٨٨ مەتر لە
وڵاتی پاکیستان لە ساڵی ١٩٩٨، سەرکەوتن بەسەر لووتکەی "ئێڤێرێست" بە
بەرزایی ٨٨٤٩ مەتر، بەرزترین شاخی جیھان، ھیمالیا لە وڵاتی نیپال لە
ساڵی ١٩٩٨، سەرکەوتن بەسەر لووتکەی "چو وایۆ" بە بەرزایی ٨٢٠١ مەتر،
شەشەمین لووتکەی بەرزیی جیھان، ھیمالیای تەبەت، بە بێ کەڵک وەرگرتن لە
گازی ئۆکسیژێن لە ساڵی ٢٠٠٠، سەرکەوتن بەسەر لووتکەی "شیشاپانگما" بە
بەرزایی ٨٠٣٦ مەتر، سێزدەیەمین شاخی بڵیندیی دنیا، ھیمالیای تەبەت، بە
بێ کەڵک وەرگرتن لە گازی ئۆکسیژێن لە ساڵی ٢٠٠٠، سەرکەوتن بەسەر
لووتکەی "ماکالۆ" بە بەرزایی ٨٤٦٣ مەتر، پێنجەمین شاخی بەرزیی جیھان،
ھیمالیای تەبەت، بە بێ کەڵک وەرگرتن لە گازی ئۆکسیژێن لە ساڵی ٢٠٠١،
سەرکەوتن بەسەر لووتکەی "ئاڕاڕت" بە بەرزایی ٥١٦٥ مەتر لە تورکیا لە
ساڵی ٢٠٠١، سەرکەوتن بەسەر لووتکەی "لوتسێ" بە بەرزایی ٨٥١١ مەتر،
چوارەمین شاخی بەرزیی جیھان، ھیمالیای تەبەت، بە بێ کەڵک وەرگرتن لە
گازی ئۆکسیژێن لە ساڵی ٢٠٠١، چوونە سەرەوە تاکوو بەرزایی ٧٩٠٠ مەتر بۆ
لووتکەی "گاشێربرۆمی ١" بە بەرزایی ٨٠٦٤ مەتر، یازدەیەمین شاخی بەرزیی
جیھان، ھیمالیای پاکیستان لە ساڵی ٢٠٠٣ و ...
شانازییەکانی دیکەی ئەم شاخەوانە کوردە بریتین لە: یەکەمین کەسی
موسوڵمان کە توانی بچێتە سەر لووتکەی "ئێڤێرێست" لە ساڵی ١٩٨٨،
وەرگرتنی بڕوانامەی ڕاھێنانی پلە یەک لە فیدڕاسیۆنی شاخەوانی ئێران لە
ساڵی ١٩٩٩، بەشداریی لە خولی نێودەوڵەتی سەرکەوتن بەسەر ڕێگا
دژوارەکاندا لە وڵاتی فەڕەنسا لە ساڵی ١٩٩٩، بەشداریی لە خولی
نێودەوڵەتی ڕێبەرایەتی گرووپی شاخەوانی، لە وڵاتی فەڕەنسا لە ساڵی
١٩٩٩، پیاویی ساڵی شاخەوانی ئێران لە ٢٠٠١ و ھەروەھا پیاویی ساڵی
شاخەوانی ئێران لە ٢٠٠٢.
سینەماکاری مەھابادی "ئیبڕاھیم سەعیدی" بەڕێوەبەریی ڕێکخراوەی فیلمسازی
"لاوان فیلمی موکریان"، دەرچووی کارناسی سینەما لە لقی مۆنتاژە لە
کۆلێژی سینەما تەئاتری زانکۆی ھونەری تاران کە زیاتر لە ٣٥ ساڵە لە
بوارە جۆراوجۆرەکانی سینەمادا سەرقاڵی چالاکییە و لە درێژایی ئەم
ساڵانەدا مۆنتاژ و وێنەگرتنی زیاتر لە ١٥٠ کورتە فیلم و فیلمی بڵیند،
بەڵگە فیلم و ھەروەھا فیلمی چیرۆکی لە ئەستۆدا بووە.
بۆ زانیاریی پتر:
لاپەڕەی فەرمی ڕێکخراوەی فیلمسازی "لاوان فیلمی موکریان" لە ئینستاگڕام:
@lavanfilm_institute
لاپەڕەی فەرمی "ئیبڕاهیم سەعیدی" لە ئینستاگڕام:
@ebrahimsaeedi_official
بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندنی گشتیی بەڵگە فیلمی "دوایین
هەنگاو بەرەو ئاسمان"
ماڵپهڕی مهنسوور جیهانی
|