په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٨\٤\٢٠١٦

بەڵگەنامەکانی پەنەما و چەند راستییەک!


نوری بەشیر      


بە دوای دزەکردنی بەڵگەنامەکانی ویکیلیکسدا، دزەکردنی یانزە ملیۆن و نیو بەڵگەنامەی تر کەبە بەڵگەنامەکانی پەنەما ناسێنراوە، بەگەورەترین ئاشکراکردنی بەڵگەنامەی نھێنی دادەنرێت، کەدزەکردنی بەڵگەکانی ویکیلیکس ھیچ نیە لەچاویدا. ئەم بەڵگەنامانەی پەنەما لەسەر دزی و بەتاڵانبردن و پێشێلکردنی یاسا گەلێکن، کە دەوڵەت و دەسەڵات و سەرۆکەکانی وڵاتە سەرمایەداریەکانی ئەمڕۆ و کاربەدەستە ‌باڵاکانی نوێنەرانی چوارساڵ جارێک ‌ھەڵبژێراو یان خۆسەپێنی دیکتاتۆر، لەئاستی دنیادا، کەچۆن سەرماییەی خەیاڵیان پێکەوە ناوەو دەزگای وەھمیان بۆ دامەزراندوەو پارەی رەشیان سپی کردۆتەوە و مامەڵەی بازرگانی نایاساییان کردوە، بەپێی یاسای دروستکراو لەپشت پاسای کۆمەڵگاوەو نەدانی ھێچ باج و گومرگ بۆ کۆمپانیاو سەرمایەکانیان و بەرەسمی ناسینی دەزگاو کۆمپانیای خەیاڵی و ساختە، بۆ سەرۆک و دەسەڵاتدارانی حکومەت و دەوڵەتەکان بەشێوەی داتاشینی یاسا بۆ کارەکانیان بە نھێنی و سازدانی دەسستەوگروپ لەدەوری. لەلایەکی ترەوە بەپێی ھەندێ بەڵگە کەھاتوەو لەکۆتایدا ئیشارەتیان بۆ دەکەین دەوڵەتانێک و بەتایبەتی ئەمەریکا دەستی ھەبووە لەگەڵ ئەو کۆمپانیەدا.


لەچەند رۆژی رابردوە واتە لەرۆژی یەکشەمەوە، کەئەم بەڵگانە ئاشکرا کرا، وەک دەورەی دزەکردنی بەڵگەنامەکان لەرێگای پێگەی ویکیلیکسەوەو ئاشکراکردنی، نەک تەنیا میدیاکان، بەڵکو وەکە بابەتێکی زیندو و کارا، کۆمەڵگای لەئاستی دنیادا بەخۆیەوە سەرقاڵ و دەرگیر کردوە لەبەرامبەر ئەم بەڵگەنامانەی پەنەمادا. زۆرێک لەسەرۆک کۆمارو سەرۆک وەزیران و کەسوکاری دەوریان کەسایەتی سیاسی و ھونەری و کۆمپانیای لەچەشنی فیفای گرتۆتەوە. ناڕەزایەتی لەھەندێک وڵاتدا لەبەرامبەر سەرۆک و دەسەلاتدارانی وڵاتەکەی ھێناوەتە لەرزین و وەڵامدانەوە، حکومەتانێکی خستۆتە بەردەم لێکۆلێنەوە، زۆرێکیانی خستۆتە بەردەم پاکانەو زۆرێکی تری خستۆتە بەردەم خۆئامادەکردن، بۆ دروستکردنی کەیس و بەدادگا گەیاندنی دزە بچکۆلەکان بۆ دەربازکردنی دزە گەورەکان.


ئاشکرابوونی بەڵگەنامەکانی پەنەما، بەجۆرێک کاردانەوەی ھەبووە؛ لەگەلێک لەوڵاتەکانی، بەریتانیا، فەرنسا، ھۆڵەندا، نەمسا، پەنەما، ئایسلەندا و ئوسترالیا کەوتونەتە لێکۆڵینەوە، ئەگەرچی ئەوەی باسکراوە، ناو‌ی سەرۆکی ١٢ وڵات و ١٢٨ لێپرسراوانی تری گەوریە، بەڵام ئوسترالیا خەریکە لێکۆڵینەوە لەکەیسی ٨٠٠ کەس دەکات. بەپێی ھەواڵەکان خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی شانزە ھەزار کەس لە ئایسلەندا دژ بە سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە سیگموندور گونلاگسون، کەلەرێگای ھاوسەرەکەیەوە ئەم بازرگانیە نایاساییەی کردوە بەپێی ھەواڵەکان بەو ناڕەزایەتیانە ناچار بەدەستلەکارکێشانەوە لەپۆستەکەی کراوە. سەرۆکی پەنەما خوان کارلوس بەناچارو لەژێر ئەو فشارانەدا، رایگەیاندوە کەحکومەتەکەی رێگا بەچالاکی سەرمایەی ناقانونی نادات و ئامادەیە ھاوکاری لیژنەی لێکۆڵینەوە بکات و کۆمپانیایەک لەوڵاتەکەیدا کەکاری لەگەڵ کۆمپانیای موساک فونسیکا کردوە دەبێ لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا بکرێت.


بەڵگەنامەکانی پەنەما دەیان سەرۆکی وڵاتەکان و کەسایەتی سیاسی و ئەکتەرو ھونەرمەندی جیھانی لەخۆی گرتوە، لەسەرۆکی وڵاتەکان وەک؛ موعەمەر قەزافی، حوسنی موبارەک، بەشار ئەسەد، تا دەگاتە دەیڤی دکامیرۆنی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، کوڕەکانی نواز شەریف، سەرۆکی چین، پۆتین و ژمارەیەک کەسی دەوروبەری، کوڕەکانی سەرۆکی ئازەربایجان و ھەروەھا ئەمانەش ناویان ھاتوە لەرێگای کەسە نزیکەکانیانەوە ئەم بازاگانیە قاچاخە کراوە، کەکۆمپانیاو ناوی خەیاڵیان بۆ دروستکردون بۆ نەدانی باچ و گومرگ سودیان لەشوێن و پۆستەکانیان وەرگرتوەو رێگایان دۆزیوەتەوە بۆ ‌نەدانی پارەی باج و گومرگ بۆ سەرمایەکانیان و بۆ شاردنەوەی سەروەتەکانیان کەسوکاریان بەکار‌ھێناوە؛ نەواز شەریف لەرێگای سێان یان چوار لەکوڕەکانیەوە، سەرۆکی چین لەرێگای ھاوسەری خوشکەکەیەوە، ھەروەھا سەرۆک کۆماری ئۆکرانیا، سەرۆک کۆماری ئەرژەنتین، باوکی دەیڤید کامیرۆن کە لەژیاندا نەماوە، سەرۆکی ئایسلەندا لەرێگای ھاوسەرەکەیەوە.


ھەروەھا ناوی لێپرسراوانێک لە فیدراسیۆنی جیھانی فوتبۆڵدا لە "فیفا" ھاتوە، لەکاتێکدا ماوەیەک پێش ئێستا بەتۆمەتی گەندەڵی لێپرسینەوەیان لەگەڵ کرابوو وە تاوانبار کرابوون و شەش ھەفتە پێش ئێستا لیپرسراوی تازەی بۆ دانراوەو ئەم ئاشکربونەی گەندەڵی بەدوا دێت .


ھەروەھا لەو بەڵگانەدا تاکید لە وڵاتەکانی؛ سوریا، کۆریای باکور و زیمبابۆی کراوەتەوە کەدووری کۆمپانیای موساک فونسکا لێیانەوە بەھۆی ئەو گەمارۆ نێو دەوڵەتیەوەیە کە لەلایەن ئەمەریکاوە خراوەتە سەریان. ھەروەھا ناوی جمھوری ئیسلامی ئێرانیش ھاتووە، کەئەم کۆمپانیەی موساک فونسکا کاری یاسایی لەرێگای کۆمپانیای پترۆپارسەوە براوەتە پێشەوە، کەکۆمپانیای پترۆپارس دوای ٨ مانگ کەلە ١٩٨٨ دا دادەمەزرێت بۆ کاروباری نەو‌ت، نوسینگەی خۆی لەبەریتانیاو دوبەی دەکاتەوە و لەرێگای باڵی ئیسلاحیەکانی ئێرانە کاروباری دەچێتە پێشەوەو پەیوەندی وەک کۆمپانیای نەوتی ئێران بەکۆمپانیا دەرکیەکانەوە رێکدەخات. تا ساڵی ٢٠١٠ بەردەوام دەبێت، تا ئەمەریکا گەمارۆ لەسەر ئێران دادەنێت، بەپێی راپۆرتی کۆمەڵەی جیھانی رۆژنامەنوسان بۆ لێکۆڵینەوە، دەستپێکردنی پەیوەندی ئێران بەکۆمپانیای موساک فونسکا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٨٨ لە بەریتانیاوە ئەو پەیوەندیە براوەتە پێشەوە. بەلام لە ٢٠١٠ دا پەیوەندی لەگەڵ دەبڕن. یورگن موساک یەکێک لەدامەزرینەرانی کۆمپانیای موساک فونسکایە تاکید لەوە دەکاتەوە، کە کۆمپانیای پتروپارسی ئێرانی لەلیستی گەمارۆدایە.


دزەکردنی ئەم بەڵگەنامانەی پەنەما کە بە (Panama Papers) ناسراوە، و زیاتر لە یانزە ملیۆن بەڵگەن لەسەر کۆمپانیایەک بەناوی " موساک فونسیکا ". کەئەم کۆمپانیای موساک فونسیکا لە ٤٠ ساڵ بەرلەئێستاوە دامەزراوە، لەیەکگرتنی دوو کۆمپانیا یەکێکیان ‌لەژیر سەپەرشتی رامون فونسیکا و ئەو‌ی تریان لەژێر سەرپەشتی یورغن موساک، کەکاری یارمەتیدانی بازگانە سەرمایەدارە خاوەن کۆمپانیان بووە لەکردنەوەی کۆمپانیا لەدەرەوەی وڵاتەکانیان و شاردنەوەی پارەکانیان بووە، واتە مامەڵەی نایاسایی بازرگانی کراوە لەئاستی جیھاندا.


کۆمپانیای موساک فونسیکا لە چل وڵاتی دنیا ئۆفیسی ھەیە و ھەروەھا ٥٠٠ کارمەنی ھەیە. کەکاری جۆراوجۆری ئەنجامداوە، لەدانی ئیجازەی بازرگانی و وگومرگی، کاری ناردنی سەروەت و سامان و ھیجرە و بونی فرۆکەی تایبەت بۆ ئەم کارانەو ھەروەھا لەناو ئەو بەڵگەنامانەدا قەراردادو پاسپۆرت ھەیە ‌. زۆرێک لەکۆمپانیاکان بەروکەش پایەگای ئابوریان ھەبووە و ھەن، بەڵام لەواقیعدا خەیاڵی و بۆشن و تەنیا بۆ ساغکردنەوەی پارە دروستکراوون، وە خاوەن سەرمایەکان نادیارن و ناوی وەھمی یان کەسی کەیان بۆ داناون. تاکید لەوە کراوەتەوە کەلە دەکانی ١٩٧٠ وە پێنسەد بانک و کۆمانیای ماڵی لەخزمەتگوزاری ئەم کۆمپانیایە بەھرەمەند بووە. بەشێک لەو کۆمپانیایە یاسایی بوون بەڵام بەھرەبەرداری بێمۆڵەتیان لەکۆمپانیای موساک فونسکا کردوە.


ئەگەرچی پەنەما وڵاتێکی بچوکە لەناوەڕاستی ئەمەریکادائەو دەکەوێتە نێوان ئەمرێکای باکور و باشورەوە، کە ژمارەی دانیشتوان نزیکەی ٤ ملیۆن کەسە، کەسنوری لەرۆژئاواوە کۆستاریکایەو لەباشورەوە کۆڵۆمبیایە. بەڵام ئۆفیسی سەرەکی کۆمپانیای موساک فونسکای لێیە، پەنەما وەک وڵاتێک بەوێنەی ناوەندی ئەم کارە بازرگانیە شاراوەیە ناو دەبرێ و دەوڵەتی پەنەمای خستۆتە ژێر فشارەوە، وە بەڵگەکانیش بەمھۆیەوە نانراوە " بەڵگەنامەی پەنەما".


رامون فونسکا لەدامەزرێنەرانی ئەم کۆمپانیایە، دەڵێ بڵاوکردنەوەی ئەم بەڵگانە پێشێلکاریە بەمافی کۆمپانیاکەو ھێرشە بۆسەر دەوڵەتی پەنەماو ناوزڕاندنی و وتویەتی ئامادەیە کەدیفاع لەپاکی دەوڵەتی پەنەما بکات لەئاستی جیھاندا. وە دەڵی کۆمپانیای موساک فونسکا، لەماوەی ٤٠ ساڵ کارکردنیاندا کۆمپانیاکەیان بەھیچ تۆمەتێکی و چالاکیەکی نایاسایی تۆمەتبار نەکراون، ئاشکراکردنی ئەو بەڵگانە شتێکی تر بەیان دەکەن، وە راستیەکان ھەر لەئیستاوە لە ئایسلەنداو چین و روسیا و ئوسترالیا و بەریتانیا زۆرێکی تر لەوڵاتانی ئەوروپا کەبەشوێندا چونی بۆ دەکرێت، سەرەتای راستیەکانی مامەڵەی نایاسایی ئەم کۆمپانیەو ھەروەھا لەئایندەدا ‌دەرخستنی سەدان کۆمپانی تر کەکاریان لەگەڵ کۆمپانیای موساک فونسیکا کردوە ئاشکرا دەبێت.


دزەکردنی ئەم یانزە ملیۆنو نیوە لە بەڵگەنامانە لەرێگای رۆژنامەی سودویتشی تسایتونغ ئەڵمانیەوە دەرکەوتوە، کە سەرەتا دەست ئەنجومەنی رۆژنامەنوسانی لیکۆڵینەوە کەوتوەو پاشام خراوەتە بەردەست ئەنجومەنی رۆژنامەنوسانی نێونەتەوەی لێکۆڵینەوە و بەشوێنداچونی بۆ کراوە. ‌ئەم بەڵگەنامانە لەساڵی ١٩٧٧ تا دیسمبەری ساڵی ٢٠١٥ لەخۆی دەگرێت. لەرێگای کۆمەڵەی رۆژنامەنوسانی لێکۆڵینەوەوە ئەم بەڵگەنامانەیان خستۆتە بەردەم ژمارەیەکی تر لەرۆژنامەنوسان کە ١٠٩ دەزگای راگەیاندن لە ٧٦ وڵاتدایە، لەوانە بی بی سی و گاردیانی بەریتانی، بەڵام تا ئێستا سەرچاوەی دزەکردنەکە ئاشکرا نەکراوە، بەڵام دەوترێ کەبەشێکی لەرێگای پۆستی ئەلەکترۆنیەوە وەرگیراوە.


ئەوەی تا ئێستا خراوەتە روو لەبەڵگەنامەکان لە سێ رۆژی رابردودا، بەوە دەچێت گۆشەیەکی بچوکی نھێنیەکانی ئەو بەڵگەنامانە بێت و لەداھاتودا زیاتر ئاشکرا دەبێت، ئەوەی جێگای سەرنجە لەبەڵگەنامەکاندا، ئەم بازرگانیە نا یاساییە، یان ‌دەتوانین بڵێین کاری مافیایی و تاڵانکاری لەرێگای سەرانی ئەو وڵاتە سەرمایەداریانەوە بەڕێوەبراوە، کەخۆیان رۆژانە دەیانەوێت باج لەسەرشانی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشی کۆمەڵگا زیاتر بکەن، بەڵام خۆیان نەک باج نادەن بەڵکو دزی و گەندەڵی ئاشکراو بەقانوونی دەکەن. خاڵێکی تر ئەوەیە ئەو وڵاتانەی کە گەمارۆیان خراوەتە سەر لەلایەن ئەمەریکاوە، کۆمپانیای موساک فونسکا پەیوەندی لەگەڵ بڕیون، وەک سوریا، کۆریای باکورو ئێران، ئەمەش دەلیلی پەیوەندی ئەم کۆمپانیایەیە لەگەڵ ئەمەریکا.


لەکۆتاییدا لەمجۆرە بازرگانی و مامەڵە نایاسییە، لەچەند ساڵی رابردودا لەکوردستان و عێراق زۆر بینراوەو ھەیە، ئاشکرا بوونی چەند کەس لەسەرانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و عێراق، کە ملیاردێرو ملیۆنێرن، بوونی چەندین کۆمپانیای خەیاڵی کەملیۆن دۆلاری بۆ سەرفکراوە، دیارنەمانی ملیار دۆلار لەخەرجی وڵات، ناساندنی حزبەکەی بارزانی بەدەوڵەمەدترین حزب لەجیھاندا، ناردنی ئەو سەرمایانە بۆ دەرەوەی وڵات شتێک نیە وەک بەشێک لەو شەبەکە جیھانیەی بازرگانی نایاسایی و ناردنە دەرەوەی داھاتی خەڵکی کوردستان و عێراقە، کەئەو بازرگانیەشیان لەرێگای کەسوکارو چواردەوری خۆیانەوە ئەنجامداوە. تاڵانکاری و مامەڵەی نایاسایی لەسەرانی حزبە کوردیەکاندا لەدەمی خۆیانەوە کەتاڵانکاری و دزی ھەیەو ئیتر پێویست بەبەڵگە ناکات.


بۆ خەڵکی کوردستان پرسیارە کە دەسەڵاتی کوردی نەوتی فرۆشتوە قەرزارە ئەی ئەگەر نەوتی بکڕیایە لەدەرەوە چی رویدەدا. ئاشکرا کردنی بەڵگەکانی پەنەما، ئەوەی خستەبەردەم خەڵکی لەدنیا کەدەبێ وەک ئایسلەندا دەسەڵات ناچار بەوازھێنان بکەن و خەڵک لەجیاتی ئەو تاڵانکارو مافیانە خۆیان کۆمەڵگا بچەرخێنن.


٥\٤\٢٠١٦
ماڵپه‌ڕی نوری به‌شیر

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک