٢\١٢\٢٠١٦
بەڵگەنامەکان
لەسەر ھاوکارییکردنی داعش!

نوری بەشیر
جەنگی موسڵ لە شەشەمین ھەفتەی خۆیدا بەپێی
بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا دەڕواتە پێشەوە. رۆژانە ھەواڵەکان کەمنین لە
تراژیدیای مرۆیی جۆراوجۆر لەم جەنگەدا
روودەدەن، لەوەی کەداعش بەرامبەر خەڵکی مەدەنی لەژن و منداڵ و پیر
ئەنجامی دەدات، لەبەکارھێنانی خەڵکی موسڵ وە قەڵغانی بەشەری،
بەکارھێنانی مناڵان بۆ خۆتەقاندەنەوە، بەردەوامی لەئازاردان و ئەشکەنجە
خەڵکی شارەکە، گولەبارانکردن، ترساندن و کۆیلایەتی جنسی ژنان. ھەروەھا
گیرخواردنی خەڵکی مەدەنی لەنێوان ھەردوو بەرەی جەنگەکەداو لەژێر
رەحمەتی شەڕی زەمینی و ئاسمانیدا. بینینی ئەو ڤیدۆ و وێنە دزەپێکراوە
کەمانەی ناو جەنگەکە کە ویژدانی ھەموو مرۆڤێکی مرۆڤدۆست دەھەژێنێت،
لەوەحشیگەریەک ھەردوو لایەنی جەنگەکە لەو جەھەنمەی کەبۆ خەڵکی مەدەنی
موسڵیان دروستکردوە بێوێنەیە لەرۆژانەی جەنگی کۆنەپەرستانەی بەرەی
تیرۆرو دژە تیرۆردا. بەرەی دژی تیرۆر لەژێرناوی ئازادی موسڵ و رزگاری
خەڵکی موسڵدا و تیرۆریستانیش لەژێر ناوی بەرگری و پیادەکردنی
سەوابتەکانی ئیسلامدا، ھەموو شتێکی مرۆڤیان ژێر پێناوەو ھەروەھا سیمای
شارستانیەتیان بەو کۆمەڵگاو شارەکەوە نەھێشتۆتەوە. ئەگەر ھەر
لەماسمیدیای بۆرژوازیەوە بڕوانین و بەشێک لەھەوڵەکان ببیستین و ببینین
کەھێشتا ئاماری تەواو لەکوشتار و
پێشێلکاریەکان نادەنە دەست، تەنھا لەمانگی ئۆکتۆبەردا بەپێی قسەی
نەتەوە یەکگرتووەکان لەکۆی ١٧٩٢ کوژراو لەعێراقدا ١١٢٠ ی مەدەنیە،
تەنیا لەو جەنگەی موسڵداو لەوماوەیەدا ٥٦٦ مەدەنی کوژراوە. ھەروەھا ھەر
بەپێی بەشی پەنابەری نەتەوە یەکگرتووەکان کەلەم جەنگدا چاوڕێی یەک
ملیۆن ئاوارەن، لە کۆی ئەو یەک ملیۆن و نیوە کە لەنێو بەرداشی رەحمەتی
ئاگری ھەردوو بەرەی جەنگەکەدان لەموسڵ، سەد ھەزاری تێپەڕاندوە. ئەم
گۆشەیە لەھەواڵەکان ئەوە دەردەخەن کە رۆژانە خەڵکی مەدەنی بەدەست ئەو
ھێزانەوە چیان بەسەر دێت و چی کارەساتێکی مرۆیی
دەخولقێت. جەنگی موسڵ و جەنگی سوریا و لیبیا
و یەمەن لەژێر ناوی دژی تیرۆردا، ھەمووی پەڵەی شەرمەزارین
بەنێوچەوانی سیستەمی سەرمایەداری و دەوڵەت و دەسەڵاتە
بۆرژوازیەکانیانەوە.
لەلایەکی ترەوە دەردەکەوێت کەروخساری مەدەنیەتی کۆمەڵگا و ژێرخانی
کۆمەڵگا چی بەسەر ھاتووە، داعش لەدوو ساڵی رابردوودا بەتێکدانی روخساری
مەدەنیەتی کۆمەڵگا و پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لەژێر ناوی ئەوانە
روخساری کوفرن و لەگەڵ ئاینی ئیسلامدا نایەنەوە، مۆری خۆی داوە لەو
کۆمەڵگایە. ئەوەی کەماوە بەلێدانەکانی ئەمریکاو ھاوپەیماننانی ئەوەندەی
تر وێران دەکرێن. ھەواڵی تەقاندنەوەی ئاخرین پردی سەر روباری دیجلە
بەناوی پردی فەیسەڵیە لەلایەن ھاوپەیمانانەوە، ئەمە ئاخرین پردە لەکۆی
پێنج پرد کە چوارەکەی تر پێشتر تەقێنراوەتەوە، ئەم پردانە بەسەر روباری
دیجلەوەن کەشاری موسڵ دەکات بەدوو بەشەوەو پردەکان ئەمبەرو ئەوبەری
شارەکەی بەیەکیەوە بەستبووەوە، پردەکان رێگای ھاتووچۆی ئەمبەرو ئەو بەر
بوو، تەقاندنەوەی پردەکە لەژێر ناوی دابڕانی داعش لەیەکتر لەبەری
رۆژئاواو رۆژھەڵاتی موسڵدا، کێشەیەکی گەورە بۆ خەڵکی موسڵ دروستدەکات.
ھەروەھا وێرانکردنی ناو شارەکەیش لەخانووبەرەو بیناکانی دەوڵەتی
لەقوتابخانەو نەخۆشخانە... بەھۆی ئەم جەنگەوە دەردەکەوێت کەروخساری
مەدەنیەتی ئەو کۆمەڵگایە بەپێوە نەماوە. بەجیا لەوەی کەھەر ھێزە کەداعش
لەناوچەیەک دەردەکەن و خۆیان جێگرەوەی دەبن، بەپێی مەرام وسیاسەتی
خۆیان ھەوڵدەدەن لەوناوچەیەدا کاربکەن و سیاسەتی خۆیان پیادە بکەن و
خۆیان دەرخەن؛ لایەنێک کەنیسەکان دەکاتەوەو ئەوی کەمزگەوت و ئەوی کەیان
ئاڵای تایفی و قەومی لەسەربانەکان بەرزدەکاتەوە.
لەگەڵ ھەموو ئەو کارەساتانەدا، لەخودی دانپیانانی میدیاو ماسمیدیای
رۆژانە ھەواڵی بۆرژوازیدا، بەڵگەنامەی نوێ لەسەر ھاوکاری داعش لەلایەن
بەرەی دژی تیرۆرو دژی داعش کەلەم جەنگەدا بەشدارن ئاشکرا دەبێت.
کەھەموو ئەمانە بۆ ھەر مرۆڤێکی مرۆڤدۆست و لایەنێک کەمەسەلەی مرۆڤی بۆ
بنچینە بێت دەبێت خۆشباوەڕی بەو ھیزانەی
ھەردوو بەرەی جەنگەکە نەمێنێت، بەھەموو ھێزەکانی بەشداربووانی و و
ھەموو جۆرە رەنگە دینی و قەومی و تایفیەکانەوە، زەرورە کە ریسوا بکرێن.
ئاخرین بەڵگەنامەکان لەھەواڵەکانی کۆمەک و ھاوکاریکردنی داعش و رێکەوتنەکان
لەسەر بەشداری لەم جەنگەدا دەردەکەون. لەلێکۆڵینەوەی تازەدا کەلە ٢٢ی
نۆڤەمبەردا و لەلایەن بی بی سی یەوە بڵاوکراوەتەوە، واتە چەند رۆژێک لە
مەوبەر بەناونیشانێکی گەورە پرسیار کراوە، ئایا داعش چۆن یارمەتی و
کۆمەکی و تەقەمەنی پێدەگات، لەرونکردنەوەکەدا دەڵێ لەرێگای ئەمەریکاو
سعودیەو وڵاتانی ئەوروپاو تورکیاوە ھاوکاری دەکرێت. لەسەر ئەمە
رونکردنەوەی زیاتر دەدەن و دەڵێ لەوکاتەی کەچەک و تەقەمەنی لەوڵاتانێکی
ئەورپاوە دەکڕرێت لەماوەی دوو مانگدا دەگاتە دەست داعش. جەیمس بافیان و
دەستە پشکنەرەکەی و وەک دەستەیەکی رۆژنامەنوس، کەدەچنە شارۆچکەی
قەرەقوش لەنزیک موسڵ لەپاش دەرکردنی ھێزەکانی داعش لەو ناوچەیەو
بەجێمانی کەلوپەل و تەقەمەنی ھەموو شتەکان دەبینن. ئەم دەستەیە کە سەر
بەرێکخراوێکی سەربەخۆن و بنکەیان لەبەریتانیایە، لێکۆڵینەوە لە چەک و
تەقەمەنی دەکەن لەئاستی دنیادا، ئاشکرایان کردوە کەئەم چەک و
تەقەمەنیانە بەرەسمی ئەمریکاو سعودیە لەوڵاتانێکی ئەوروپا کڕیویانە
بەحساب بۆ ئۆپۆزسیۆنی پرۆ ئەمریکایی لەسوریا کەدژی رژێمی بەشار ئەسەدن
نێرراوەتە تورکیا، بەڵام دیارە لەرێگای دەوڵەتی تورکیاوە و بەپێی
رێکەوتنی ژێربەژێر، بەزویی گەیەنراوەتە ھێزەکانی داعش لەسوریا و
عێراق. بەتایبەت بەشێکی ئەو ھاوکاریانەی داعش لەتەقەمەنی کەنیوە
ئامادەن بۆ بەکارھێنان، مارکەکانی سەری تورکین.
ھەر لەلایەکی ترەوە ھێزەکانی بەشداربوونی جەنگەکە ھەریەکە لەئەمریکا،
تورکیا، ئێران، ھێزە چەکدارەکانی بارزانی، حەشدی شەعبی و ھێزی سەربازی
و پۆلیسی عێراقی بەبەرنامەو بەرژەوەندی خۆیانەوە چونەتە ناو جەنگەکەو
بەشداری دەکەن و ئامادەکاری بەشی خۆیان لەموسڵی دوای داعش دەکەن.
بەدانپیانانەکانی ئەمریکاو حکومەتی عێراقی، لەوەی بارزانی و پێشمەرگە
پارەیان وەرگرتوە بۆ بەشداری لەم جەنگەدا، بەتایبەتی ئەمە بەدوای
قسەکانی مەسعود بارزانیدا لەبەعشیقەدا دێت، کەوتی دوای دەکردنی
ھێزەکانی داعش لەموسڵ ئێمە ھێزی پێشمەرگە ناکشێنیەوە، ئەوەبوو یەکسەر
وەڵامدانەوەی عەبادی و تاکیداتی ئەمەریکای لێکەوتەوە کەپێشتر رێکەوتوون
لەسەری ئەوەی کەھێزی پێشمەرگە بەشداری ئەم جەنگە پێدەکەن بەدوای
دەرکردنی داعش لەموسڵ دەبێ بکێشێننەوەو لەبەرامبەردا بڕی ٤١٥ ملیۆن
دۆلاریان داوەتە بارزانی. ھەر بۆیە بارزانی زوو لەقسەکانی پاشگەزبۆوە.
ھەروەھا بەجیا لەوەی کەھەرزوو ھێزەکانی ھاوپەیمان تاکیدیان لەھێشتەوەی
رێگا بۆ دەرچوونی ھێزەکانی داعش کردوەو ھەواڵەکان ئەمە پشت
راستدەکەنەوە کە ٢٠٠ داعش بەرەو سوریا دەرچون پەیوەندیان بەداعشەکانی
سوریاوە کردەوەو لەوی دەجەنگن، ئەمە بەجیا لەو داعشانەی کەدەوترێ لە
رێگای ھێزەکانی حکومەتی تورکیاوە کەلەدەوری موسڵن بەڕێکراون و
نەجاتدراون.
ھەموو ئەمانە کەگۆشەیەکی بچوکن لەتێپەڕاندنی ئەم ماوەیەی جەنگدا
کەئاشکرابوون، بەڵام زۆری تر ماوەکە لەدریژماوەی جەنگەکەو دوای
جەنگەکەدا لەھاوکاری داعش و بەڵگەنامەو پێشێلکاریەکان دەردەکەون.
بەڵام ئەوەی دەبێ سەرنجی بدرێ ئەوەیە بەپێی سیاسەت و بەرنامەیەکی
پێشوەختی و بەڵگەنامەکان لەھاوکاری لایەنەکانی دژە تیرۆر لەئەمریکاو
ھاوپەیمانانی لەم جەنگەدا نەک دژە ئیسلامی سیاسی، سەرەتاکانی دیارە
کەدوای دەرکردنی ھێزەکانی داعش لەموسڵ، دەبێ خەڵکی موسڵ چی بەڵایەکی
خراپتری بەسەربێت لەوەی کەئێستا ھەیانە، بەدەست دەستەجاتی ئیسلامی
سیاسی ترو ھێزی قەومی و تایفیەوە لەجەنگ و کوشتارو ھەژاری و بیخانەو
لانەیی و چەندبەرەکی کەبەسەریاندا دەسەپێت. کە کاریگەری ئەوانە ھەموو
خەڵکی موسڵ و کوردستان وعێراق و ناوچەکەش دەگرێتەوە. ئەمە ترسێکەو
واقعیەو دەبێ بەجدی وربگیرێت، کە تەنیا بەھێزی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش،
کۆمۆنیستەکان و بەرەی ئازایخواز دەتوانرێت بەری پێبگیرێت.
٢٧\١١\٢٠١٦
ماڵپهڕی نوری بهشیر
|