٢٥\١٢\٢٠١٣
بەڵگەنامەکان
خۆیان دەدوێن.*

وەرگێڕانی: فەتاح حەسەن
- بەشی
دووەم (کۆتایی) -

بەڵگەنامەی ژمارە
(١٤):
A، B
بەناوی خوای بەخسندەومیهرەبان / بەناوی گەلەوە
ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕش
ژمارەی بڕیار/ ١٦٠ / رۆژی بڕیار/ ٢٩/٣ / ١٩٨٧
بڕیار:
بەگوێرەی بڕگەی ( ٣ ) لەمادەی ( ٤٢ )، وەبڕگەی ( ڕ ) لەمادەی ( ٤٣ ) ی
دەستور، بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری کۆبونەوەی هاوبەشی ئەنجونەنی
سەرکردایەتی شۆڕش و سەرکردایەتی هەرێمیی حیزبی بەعسی عەرەبی ئیشتیراکی
رۆژی ( ١٨/ ٣/ ١٩٨٧ ) ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕش لەدانیشتنی رۆژی (
٢٩/ ٣/ ١٩٨٧ ) بڕیاریدا کە:
یەکەم :- هەڤاڵ علی حسن المجید، ئەندامی سەرکردایەتی هەرێمی حیزبی
بەعسی عەرەبی ئیشتیراکی، نوێنەرایەتی سەرکردایەتی هەرێمیی حیزب و
ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕش دەکات، لە جێبەجێکردنی سیاسەتی ئەو دوو
دەزگایەدا لەناوچه ی باکور بە کوردستانی ئۆتۆنۆمیشەوە. ئامانج لەم کارە
پاراستنی یاسا و ئاسایش و هێورکردنەوەی ناوچەکە و جێبەجێکردنی
ئۆتۆنۆمییە لەدەڤەرەکەدا. دوەم :- هەڤاڵ علی حسن المجید، ئەندامی
سەرکردایەتی هەرێمی، دەستبەکاردەبێت بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی ئەم
بڕیارە، دەبێت گشت دەزگا دەوڵەتییە مەدەنی و سەربازی و ئەمنییەکان
پابەندی ئەم بڕیارەبن، بەتایبەتی ئەو دەسەڵاتانەی پەیوەندییان بە
ئاسیشی نەتەوەیی ( ئەمنی قەومی ) و لیژنەی کاروباری باکورەوە هەیە.
سێیەم :- بەگوێرەی ئەم بڕیارە لە گشت ناوچەکانی باکوردا ئەم لایەنانەی
خوارەوە هەمویان دەبێت پابەندی بڕیار و راسپاردەکانی ئەندامی
سەرکردایەتی ( علی حسن المجید ) بن و جێبەجێی بکەن :- ١- ئەنجومەنی
ڕاپەڕاندن و یاسادانانی ئۆتۆنۆمی ناوچەی کوردستان. ٢- پارێزگاری
پارێزگاکان و سەرۆکی یەکەئیدارییەکانی وەزارەتی حوکمی خۆجێیی. ٣-
دەزگاکانی مخابەرات، هێزی ئاسایشی ناوخۆ، ئیستیخباراتی سەربازی. ٤-
فەرماندەییەکانی جەیشی شەعبی.
چوارەم :- سەبارەت بە هەرشتیک کە پەیوەندی بەخاڵی یەکەمی ئەم بڕیارەوە
بێت، دەبێت گشت فەرماندە سەربازییەکانی ناوچەکە پابەندی فرمانەکانی
ئەندامی سەرکردایەتی هەرێمی ( علی حسن المجید ) بن.
پێنجەم :- لە رۆژی دەرکردنی ئەم بڕیارەوە کاری پێدەکرێت، وە کار بەهیچ
بەندێکی یاسایی ناکرێت کە دژ بەم بڕیارەبێت، کار بەم بڕیارە دەکرێت،
تاوەکو خۆمان ئاگادارتان دەکەینەوە.
سەدام
حسێن
سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕش
*
* * *
*
بەڵگەنامەی ژمارە (١٦):
بەناوی خوای بەخشندەومیهرەبان
بەڕێوەبەرایەتی ئەمنی / پارێزگای ڕربیل
ژمارە/ ٤٧٥٤ / رۆژ / ٨/٦ / ١٩٨٧
بۆ / فەرمانگەی ئاسایشی قەزاوناحیەکان / ئەفسەرانی سیاسی ناوچەکان
پاڵپشت بەنوسراوی بیرۆی رێکخستنی باکور، ژمارە/ ٢٨/٣٦٥٠ ی ٣/٦/١٩٨٧ ئەم
بڕیارانەی خوارەوە دراوە:
١- چونی خۆراکەمادەو خەڵک و ئامێر بۆ گوندەکانی ناوچە قەدەغەکراوەکان،
کە قۆناغی دوەمی کۆکردنەوە لە ئۆردوگاکاندا دەیانگرێتەوە بەهەموشێوەیەک
قەدەغەیە، رێگەبدرێت بە هەر گێرەشێوێنێک، کە بەخواستی خۆی بگەڕێتەوە
ریزی نیشتیمانی، خزم وکەسوکاریان بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت لە
دەزگائەمنییەکانەوە بەهیچ شێوەیەک بۆیان نییە سەردانی گێرەشێوێنەکان
بکەن.
٢- بەهیچ شێوەیەک رێگەنەدرێت بەمانەوەی خەڵکی لەو گوندانەدا کە لە
قۆناغی یەکەمی راگوێزاندا راگوێزراون و ناوچەکەیان بوە بە ناوچه ی
قەدەغەکراو. ئەو گوندانەی قۆناغی دوەمی راگواستن دەیانگرێتەوە تا رۆژی
٢١/٦ /١٩٨٧ دەتوانن بمێننەوە، پاش ئەو بەروارە گوندەکانیان دەبێت بە
ناوچەی قەدەغەکراو.
٣- پاش تەواوبونی وەرزی زستانە، کە دەبێت پێش پانزەی تەموز ( سەبارەت
بە دروێنە ) کۆتایی پێهاتبێت، نابێت کاری کشتوکاڵی لەو ناوچانەدا
بەردەوام بێت.
٤- لەوەڕاندنی ئاژەڵ لەو ناوچانەدا قەدەغەیە.
٥- ئەو ناوچانە بەهەموشێوەیەک لە خەڵک و ئاژەڵ قەدەغەکراون، هێزە
سەربازییەکان، هەریەکەو لەسنوری ناوچەکەی خۆیدا، دەتوانن ئەو خەڵک و
ئاژەڵانە بکوژن کە دەچنە ئەو ناوچانەوە.
٦- ئەم بڕیارە بە خەڵکی راگوێزراو بۆ ئۆردوکان رادەگەیەنرێت، وە خۆیان
لەسەرپێچیکردن بەرپرسیاردەبن.
بۆ لێبەئاگابون و کارپێکردن
بەرێوەبەری ئاسایشی
پارێزگای هەولێر
ئاگادارکرام ١٤/٦
*
* * *
*
بەڵگەنامەی ژمارە (١٨):
A، B
سەرۆکایەتی بیرۆی رێکخسینی باکور / نوسینگەی سکرتاریەت
رۆژ ٢٠/٦/١٩٨٧ / ژمارە/ ٤٠٠٨
لە/ سەرۆکایەتی نوسینگەی رێکخستنی باکورەوە
بۆ/ فەرماندەییەکانی فەیلەقی یەک و دوو پێنج
بابەت/ مامەڵەکردن لەگەڵ گوندەکانی ناوچە قەدەغەکراوەکان
بەکۆتاییهاتنی ماوەی رەسمی دیاریکراو بۆ کۆکردنەوەی گوندنشینەکان لە
ئۆردوگاکاندا، کە رێکەوتی ٢١/٦/١٩٨٧ دەکات، بڕیارماندا:
لە رۆژی ٢٢/٦/١٩٨٧ بەدواوە کار بەم خاڵانەی خوارەوە بکەین :- ١- هەمو
گوندەکان بە ناوچەی قەدەغەکراو دەژمێردرێن، ئەو گوندانەی تا ئێستا
رانەگوێزراون، گێرەشێوین و ناپاک و خۆفرۆش و نۆکەری ئێرانیان تیادایە،
خەڵکەکەی بە ناپاک دەژمێردرێن. ٢- بونی خەڵک و ئاژەڵ بەتەواوەتی لەو
گوندانەدا قەدەغەیە، ئەو ناوچانە بە ناوچەی شەڕ دادەنرێن و تەقەکردن
تیایاندا ئازادە. ٣- هاتوچۆکردن، کشتوکاڵکردن و ئاژەڵداری بەتەواوەتی
لەو ناوچانەدا قەدەغەیە. هەریەکە لە دەزگا پەیوەندیدارەکان پێویستە لە
جێگەی خۆیەوە کار بۆ ئەم بابەتە بکات. ٤- فەرماندەیی فەیلەقەکان لە
رێگەی هێزی سوپاوە دەبێت بە شەو و بە رۆژ بە چەکی تایبەتی { مەبەست لە
چەکی کیمیاوی و .. تد } و تۆپ و فڕۆکە لەو ناوچانە بدەن بۆ کوشتنی
زۆرترین خەڵک لەو ناوچە قەدەغەکراوانەدا. ٥- هەرکەسێک لەو ناوچە
قەدەغەکراوانەدا بێت ، دەبێت دەستگیربکرێت و دەزگا ئەمنییەکان
لێکۆلینەوەیان لەگەڵدا بکەن، پاش وەرگرتنی زانیاری لێیان ئەوانەی
تەمەنیان لەنێوان ١٥-٧٠ ساڵدا بێت دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا یەکسەر
گوللەباران بکرێن. لەروداوەکانی ناوچەکە ئاگادارمان بکەن. ٦- ئەو
کەسانەی خۆیان دەدەن بەدەست دەزگا حکومی و حیزبییەکانەوە، دەزگا
ئەمنییەکان لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا بکەن وە لەماوەی سێ رۆژدا بیرۆی
رێکخستنی باکوری لێ بە ئاگابکەنەوە.
ئەگەر پێویستتان بەهەر رێنماییەک بو بە تەلەفون یان بە بروسکە پەیوەندی
بکەن بە هەڤاڵ ( تاهیر العانی ) یەوە. ٧- مستەشارەکانی فەوجی دیفاع
مەدەنی { سەرۆک جاشەکان } و جاشەکان هەرچییەکیان دەست بکەوێت بۆخۆیانە،
بیجگە لە چەکی قورس و مامناوەندی، چەکە سوکەکان لای خۆیان دەمینێتەوە،
تەنها لە ژمارەیان ئاگادارمان بکەنەوە، پێویستە لەسەر فەرماندەییەکان
ئاگاداری گشت موستەشارو ئامرسریەو ئامر مەفرەزەکان بکەنەوە کە دەبێت
فەوجە دیفاع وەتەنیەکان چالاکانەتر دەست بەکاربن بۆ ئەو کارانەی پێیان
دەسپێردرێت.
ئەم ئاگادارکردنەوەیە ئەم دەزگایانەش دەگرێتەوە:-
سەرۆکایەتی ئەنجومەنی یاسادانان و راپەڕاندن{ هەردو ئەنجومەنی ناوچەی
ئۆتۆنۆمی، یاسادانان و راپەڕاندن} - دەزگای مخابەرات- سەرۆکایەتی
ئەرکانی سوپا - پارێزگارەکانی{ سەرۆکی لیژنە ئەمنیەکان } ی کەرکوک و
سلێمانی و هەولێرو دهۆک و سەلاحەدین - بەڕێوەبەرایەتی گشتی
ئیستیخباراتی سەربازی - بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەمن - بەڕێوەبەرایەتی
ئەمنی ناوچەی ئۆتۆنۆمی - ریکخراوی ئیستیخباراتی ناوچەی باکور و
رۆژهەڵات- مدیری ئەمنی پارێزگاکانی ( کەرکوک و سلێمانی و هەولێر و دهۆک
و سەلاحەدین ).
ڵیی بە ئاگا بن و هەریەکە و لە بواری خۆیدا جێبەجێی بکات وە لە
کارەکانتان ئاگادارمان بکەنەوە تکایە.
هەڤاڵ / عەلی حەسەن
ئەلمەجید
ئەندامی سەرکردایەتی هەرێمی- ئەمینداری گشتی / بیرۆی ریکخستنی باکور
*
* * *
*
بەڵگەنامەی ژمارە (٢٠):
لە ٢٩/٥/١٩٨٨ دا لە سەروبەندی دەرچونی هێزێکی یەکەکەماندا بۆ پشکنینی
دارستانی ( کوڵەجۆ ) کە ناوچەیەکی قەدەغەکراوە و نابیت خەڵک هاتوچۆی
ئەو ناوچەیە بکات (حەمید حەمودی داود) دەستگیرکرا و ئەم لیکۆڵینەوەی
لەگەڵدا کرا:
پ١: ناو و پیشەت چییە، تەمەنت چەندە، دانیشتوی کوێی؟
ناوم (حەمید حەمودی داود) ە ، جوتیارم، تەمەنم ٥٣ ساڵە خەڵکی گوندی (
القلعە العربیە) م.
پ٢: بۆچی چویتە ئەو ناوچە قەدەغەکراوە؟
بەمەبەستی لەوەڕاندنی رانەمەڕەکەم چومە ئەو ناوچەیە، چونکە دەمزانی
سەرچاوەیەکی ئاو لەو ناوچەیەدا هەیە، دەمزانی ئەم ناوچەیە قەدەغەیە،
لەو باوەڕەدابوم هاتوچوۆکردن لەم ناوەدا تەنها لە کورد قەدەغەکراوە و
عەرەب سەربەستە لە چون بۆ ئەم ناوچانە.
پ٣: کە گیرایت، کڵاشینکۆفت پێبو، بۆمان رون بکەرەوە بۆچی ئەو چەکەت
هەڵگرتوە و لە کوێت بو؟
ئەو چەکەی کە پێتان گرتوم، لە رێکخراوی حیزبیی جەلەولا وەرم گرتوە، ئەو
رێکخراوە پیاوانی گوندەکەمانیانیان چەکدارکردوە، تا لە ریگەیەوە
گوندەکەمان بپارێزین لە هێرشی بەکرێگیراوە ئێرانییەکان، لەکاتی
دەرچونمدا بۆ لەوەڕاندنی رانە مەڕەکەم، چەکەکەم هەڵدەگرم بۆ ئەوەی
لەکاتی رودانی هەر روداوێکی کتوپڕدا پارێزگاری خۆمی پێبکەم.
پ٤: ئایا پەیوەندیت هەیە بە بەکرێگیراوە ئێرانییەکانەوە یا بە هەر
رێکخراوێکی دژ بە رژیمەوە؟
نەخێر، پەیوەندیم بە بەکرێگیراوە ئێرانییەکان و هیچ رێکخراوێکی دژ بە
رژێمەوە نییە، لەلایەن حیزبەوە چەکدارکراوم بۆ پارێزگاریکردن لە
گوندەکەمان و بەرەنگاربونەوەی روداوە کتوپڕییەکان.
پ٥: ئایا هیچ قسەیەکی ترت هەیە؟
نەخێر، رایدەگەیەنم کە ئەمە راست و دروستی دانپیانانی منە.
ناوبراو / حەمید حەمودی داود
دانیشتوی کوکس/ گوندی (القلعە العربیە)
*
* * *
*
بەڵگەنامەی ژمارە (٢١):
A، B
حیزبی بەعسی عەرەبی ئیشتراکی/ عەرەب نەتەوەیەکە و خاوەنی پەیامێکی
نەمرە
هەرێمی عێراق / فەرماندەیی رێکخستنی باکور / نووسینگەی سکرتاریەت
ژمارە/ ٤٣٥ / ٧/٩/١٩٨٧
بروسکەی نهێنی و بەپەلە
بۆ/ گشت لیژنە ئەمنییەکانی پارێزگاکانی ناوچەی باکور و دیالە و
سەلاحەدین
سڵاوێکی هەڤاڵانە
بابەت/ ناونوسکردن و راگوێزانی خێزانی گێرەشێوێنەکان.
لەبەر رۆشنایی کۆبونەوەکەی ( ٦/٩/١٩٨٧ ) دا، کە بەسەرپەرشتی ( علی حسن
المجید ) ئەمینداری گشتی رێکخستنی باکور بەڕێوەچو، کە تیایدا پارێزگار
و لێپرسراوی لقەکانی حیزب لە ناوچەی باکوردا ئامادەی بوون. بڕیاردرا:
١- لیژنە ئەمنییەکانی پارێزگاکانی باکور لە ( ٦-١٥/٩/١٩٨٧ ) ەوە
دەستبکەن بە ناونوسکردنی خێزانی گێرەشێوێنەکان، دوای تەواوکردنی
ناونوسکردنیان یەکسەر ئەو خێزانانە دەربکرێن بۆ لای کوڕ و کەسوکارە
گێرەشێوێنەکانیان ( بێجگە لە نێرینەکانیان کە تەمەنیان لەنێوان ١٢- ٥٠
ساڵدایە، پێویستە گلبدرێنەوە- حیجزبکرێن- ). لەم پرۆسەیدا ئەو
خێزانانەی کە ( خاوەنی شەهیدن، خاوەنی بێ سەروشوێنن - دیلن، سەربازن،
جەنگاوەرن { جاشن } لە فەوجی دیفاع وەتەنیدا )، تەنها دایکی
گێرەشێوێنەکە دەربکرێت بۆ لای کوڕەکەی. ٢- کۆڕی جەماوەری و ئیداری
سازبدرێت، تیایدا باس لە بایەخی سەرژمێری بکرێت، کە بڕیارە ئەم پرۆسەیە
لە ( ١٧/١٠/١٩٨٧ ) دا بە ئەنجام دەگەیەندرێت، بۆ خەڵک رونبکرێتەوە کە
هەرکەسێک بەبێ بیانویەکی رەوا ناونوس نەکرێت مافی عێراقیبون لەدەست
دەدات، بەڕاکردو لە سوپا دەژمێردرێت و بڕیاری ژمارە ( ٦٧٧ی ٢٦/٨/١٩٨٧ )
ی بەسەردا دەسەپێنرێت { بەپێی ئەم بڕیارە نابەجێیە، وەک کەسێکی بیانی
مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، کە بەبێ رەزامەندی حکومەتی عێراقی هاتبێتە ناو
خاکی عێراقەوە }. ٣- لە رۆژی ( ٦/٩ تاوەکو ١٧/١٠/١٩٨٧ ) ەوە
پەشیمانبونەوەو گەڕانەوەی گێرەشێوێنەکان بەبێ چەک قبوڵ ناکرێت، دوای
رۆژی ١٧/١٠/١٩٨٧ ئەگەر بەچەکیشەوە بگەڕێنەوە لێبوردن نایانگرێتەوە.
تکایە لێی بەئاگابن، کاری پێویستی بۆ بکەن و ئاگادارمان بکەنەوە
تاهیر تۆفیق
سکرتێری لیژنەی کاروباری باکور
وێنە بۆ/
گشت فەرماندەییەکانی لقەکانی حیزب لەناوچەکانی باکور و دیالە و
سەلاحەدین
فەرماندەیی فەیلەقی یەک
فەرماندەیی فەیلەقی پێنج
بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئیستیخباراتی سەربازی
بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەمن
فەرماندەیی فەیلەقی دوو
*
* * *
*
بەڵگەنامەی ژمارە
(٢٢):
حیزبی بەعسی عەرەبی ئیشتراکی / عەرەب یەک نەتەوەیە و خاونی پەیامێکی
نەمرە
هەرێمی عێراق / سەرکردایەتی هەرێمیی/ بیرۆی ئەمیندارێتی هەرێمیی
ژمارە ٥٢/١٥٣٣٤ / رۆژ ٢٩/٣/١٩٨٨
بۆ/ سەرۆکایەتی کۆمار/ بیرۆی ئەمیندارێتی فەرماندەیی گشتی سوپا
بابەت/ پێشنیار
بیرۆی رێکخستنی باکور لە نوسراوی ژمارە ٢٨/٢٩٣٢ ی٢٤/٥/١٩٨٨ دا
ئاگاداریکردین، کە لە بەیاننامەیەکی فەرماندەیی گشتی سوپادا ژمارە ٣٠٨٧
ی ٩/٣/١٩٨٨ ئاماژە بەوەکراوە کە :- ( دەست بەسەر بارەگایەکی
یاخیبووەکاندا گیراوە، هەروەها پاسەوانانی بارەگاکە و سەرلێشێواو و
ناپاکەکانی ناو بارەگاکەشیان بەدیل گرتووە ).
وشەی دیل تایبەتە بە سەربازی ئەو وڵاتانەی لە جەنگدان و دەستگیردەکرێن،
بەڵام ئەندامانی تاقمە گێرەشێوێنەکان کە بەکرێگیراوی بێگانەن و سپڵەن
بەرامبەر ئەم نیشتمانە بە دیل ناوزەد ناکرێن.
بیرۆی رێکخستنی باکور پێشنیازدەکات، کاتێک ئەوانە لەلایەن پاڵەوانانی
سوپا مەزنەکەمانەوە دەستگیردەکرێن بە ناپاک و بەکرێگیراوی خومەینی و
سەهیۆنیزم ناوزەد بکرێن.
بۆ ئاگاداریتان تکایە، و چی بەگونجاودەزانن، لەگەڵ پێزانیندا
رائید / هەڤاڵ / فوزی خەلەف ئەرزین
بەڕێوەبەری بیرۆی ئەمینداری گشتی
وێنە ب:
بیرۆی رێکخستنی باکور/ نوسراوی سەرەوەتان، بۆ زانیاریتان تکایە
مەلەفی گشتی
*
* * *
*
بەڵگەنامەی ژمارە (٢٣):
لە ئەمنی سلێمانییەوە
ژمارە/ ٢٨٢٧ / رۆژ/ ٤/٥/١٩٨٨
بۆ/ گشت بەڕێوەبەرایەتییەکان/ دایرەی ئەمنی چەمچەماڵ / بارەگای
ناوچەکان/ { گواری}
بریاردرا:
ئەوانەی لەدەڤەری شەڕی پرۆسەی ئەنفالی یەک و دو و سێدا خۆیان
بەدەستەوەدەدەن، بنێردرێن بۆ دایرەکانی ئەمن، لەگەڵ رونکردنەوەی
هەڵوێستی هەریەکەیان// هەرچییەک پێویست دەکات بیگرنەبەر بۆ جێبەجێکردنی
دەقاودەقی ئەم بڕیارە.
جێگری بەڕێوەبەری ئەمنی پارێزگای سلێمانی
*
* * *
*
بەڵگەنامەی ژمارە (٢٦):
بەناوی خوای بەخشندەو میهرەبان
ئەمنی گشتی / بەڕێوەبەرایەتی ئەمنی پارێزگای هەولێر
ژمارە / ش٣ /٦١٢٨ / رۆژ / ٢٩/٤ /١٩٨٨
نهێنی و تایبەت
بۆ/ گشت بەش و هۆبە سیاسییەکانی دایرەکانی ئەمن
بابەت / زانیاری
وەک پاشکۆیەک بۆ بروسکەی ٥٦٢٨ ی ١٥/٤/١٩٨٨
ناوەڕۆکی بروسکەی سەرکردایەتی بیرۆی رێکخستنی باکور - بیرۆی سکرتاریەت
ژمارە ٤٣٤ ی ١٣/ ٤/ ١٩٨٨ تان بۆ دەنێرین:
١- گلدانەوەی ئەو گێرەشێوێنانەی لەدەرەوەی ناوچەکانی ئەنفالی یەک و دوو
و سێ بەخۆیان و چەکەکانیانەوە خۆیان بەدەستەوە دەدەن( تەسلیم دەبنەوە)
، و دەستبەسەرکردنیان لە سەربازگەی تایبەتیدا لای ئەو لایەنانەی خۆیان
داوە بەدەستەوە بێجگە لەوانەی خۆیان داوە بەدەست فەوجەکانی دیفاع
وەتەنییەوە، دەبێت ئەوانە بەتایبەتی لای لایەنە سەربازییەکان
دەستبەسەربکرێن. ٢- ئەم رێنماییە ئەو گێرەشێوێنانە ناگرێتەوە کە لەو
ناوچانەدا خۆیان بەدەستەوە دەدەن کە شەڕی تیادایە لەگەڵ جەماعەتی
گێرەشێوێنەکاندا، بۆ نمونە ئەو گێرەشێوێنانەی لە ناوچەی پرۆسەی ئەنفالی
یەک لە ( سەرگەڵو ، بەرگەڵو ) خۆیان بەدەستەوە دەدەن ئەو رێنماییەی
سەرەوە نایانگرێتەوە، بەڵکو رێنمایی بروسکەی ٤٢٩ ی ١٢/ ٤/ ١٩٨٨
دەیانگرێتەوە، کە تیایدا هاتووە بیاننێرن بۆ دایرەکانی ئەمن.
بەگوێرەی بروسکەی ٥٠٣ ی ٢٦/ ٤/١٩٨٨ ی سەرکردایەتی بیرۆی رێکخستن
پێێڕاگەیاندین کە ناوەڕۆکی بروسکەی ٤٣٤ ی١٣/٤/١٩٨٨ پوچەڵ کراوەتەوە ..
بۆ ئاگاداری و گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست.
واژۆی / رائیدی ئەمن
ج/ بەڕێوەبەری ئەمنی پارێزگای هەولێر
____________________________
*
ئەم بەڵگەنامانە بەشێکی گرنگن لە بەڵگەنامەکانی پاشکۆی کتێبی ئەنفال -
کورد و دەوڵەتی عێراق کە برای نووسەر (شۆڕش حاجی رسوڵ) لە ساڵی
(٢٠٠٣)دا لە لەندەن بە چاپی گەیاندووە، بە رێز و سوپاسەوە ڕێگەی پێدام
کە بەرچڤەی بکەم لە عەرەبییەوە بۆ کوردی، لەم کارەمدا سودێکی زۆرم لە
کتێبەکەی و سی دی (دۆکۆمێنتەکانی ئەنفال) بینییوە کە بەڕیزیان لە
لەندەنەوە بۆی ناردم، لەگەڵ سوپاس و پێزانیندا، بۆ بەراورد لەگەڵ دەقە
عەرەبییەکەیدا ھەمان ژمارەیان گرتۆتەخۆ. لەگەڵ پۆزشێکی بێسنوردا بۆ (شەھید،
پێشمەرگە، ھاوڵاتی، سەرکردەی لایەنەکان) زاراوە دزێوەکانی ئەم
بەڵگەنامانە زمان حاڵی حکومەتی بەعسە، کە لە فەرھەنگیاندا سووکایەتییان
بە بەھا پیرۆزەکان دەکرد، بۆ نموونە:
-
شەھید، سەرکردەی نەمر:
گۆڕ بە گۆڕ. -
شۆڕش:
پیلانگێڕی دژی وڵات، گێرەشێوێنی.
- شۆڕشگێڕ:
تاونبار، ئاژاوەگێڕ.
- پێشمەرگە،
خەباتگێڕ: گێرەشێوێن، تێکدەر، ئاژاوەچی.
- جاش:
جەنگاوەر.
- گەڕانەوە
بۆ سەر رێگای راست: ملکەچبوون بۆ رژێمی
بەعس. -
ھاتنەوە ریزی نیشتمان:
پەشیمان بوونەوە،
پاکانەکردن لە کاری شۆڕشگێڕی.
- سەرکردەی
زیندوو: نۆکەری بێگانە، خۆفرۆش.
{ }:
رونکردنەوەی وەرگێڕ.
تەواری،(طواری):
دەزگایەکی بەدناوی تری داپڵۆسینەری رێمی بەعس بوو،
کە شەو و رٶژ لە
ئامادەباشییدا بوو
بۆ هەڵکوتانە سەر خەڵك و شوێنە گشتییەکان. وەرگێڕ.
____________________________
بەشی
یەکەم:
www.emrro.com/belgenamekanxoyan1.htm
دانیمارک / ڤالبی
ماڵپەڕی فەتاح حەسەن
|