په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٣\١٢\٢٠١٣

بەڵگەنامەکان خۆیان دەدوێن.*

وەرگێڕانی: فەتاح حەسەن

- بەشی یەکەم -

 

بەڵگەنامەی ژمارە (١):


بەناوی خوای بەخشندەو میھرەبان
ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕش
ژمارەی بڕیار ٥٢٩ رۆژی بڕیار ٢٣/ محەرەم/ ١٤١٠ ز , ٢٤/٨/١٩٨٩ ک

بەگوێرەی بڕگەی (ڕ) ی ماددەی ٤٢ لە دەستور، ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕس بڕیاریدا:
یەکەم : ھەمو عێراقییەکی دانیشتوی پارێزگاکانی دەرەوەی ناوچەی ئۆتۆنۆمی، دەتوانێت پارچەزەوی لە پارێزگاکانی ناوچەی ئۆتۆنۆمیدا ھەبێت ، سەرباری ئەوەی کە لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆێدا ھەیەتی، وەدەتوانێت قەرزیش لە بانکی خانوبەرە وەربگرێت.
دووەم : ھەمو عێراقییەکی دانیشتوی ناوچەی ئۆتۆنۆمی، دەتوانێت پارچەزەوی لە شاری بەغداو پارێزگاکانی تر بێجگە لە ( نەینەوا { موسڵ } ، تەئمیم { کەرکوک } ، دیالە ) دا ھەبێت ، سەرباری ئەوەی کە لە شوێنی نیشتەجێبونی خۆیدا ھەیەتی، وە دەتوانێت قەرزیش لە بانقی خانوبەرە وەربگرێت.
سێیەم : ئەم بڕیارە لە رۆژنامەی رەسمی { حکومی } دا بڵاودەکرێتەوە، وە بە ھیچ دەقێک کارناکرێت کە دژ بەئەم بریارەبێت.


سەدام حسێن
سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕش

 

*     *     *     *     *

 

بەڵگەنامەی ژمارە (٢):


بەناوی خوای بەخشندەو میھرەبان
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی / پارێزگای ھەولێر / ئەوپەڕی نھێنی و تایبەت / ژمارە/ ٣٢٢ / رۆژ ٦/٥/١٩٨٧


بۆ/ ھەمو بەڕێوەبەرو ئەفسەرانی ئاسایشی قەزاو ناحیەکان
ب/ نەپرسینەوە لە سکاڵا


بەگوێرەی نوسراوی ژمارە / خ / ١٠٤٨ ی ٢٨/٤/١٩٨٧ ی پارێزگای ھەولێر، پاڵپشت بەو دەسەڵاتەی بەپێی بڕیاری ژمارە ( ١٦٠ ) ی ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕش، کە بەخشراوە بە ھەڤاڵی تێکۆشەر ( عەلی حسن المجید )، ئەندامی سەرکردایەتی ھەرێمی / ئەمینداری گشتی بیرۆی رێکخستنی باکور، بەڕێزی ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە گوێ ڕانەگیرێت لە سکاڵای خەڵکی ئەو گوندانەی کە لە ڕوی ئەمنییەوە قەدەغەکراون، وە ھەروەھا لە سکاڵای تایبەت بە گێرەشێوێنەکان نەپرسرێتەوە، ئەو شکاتانەش ھەڵپەسێرن کە پێشتر بەرزکراونەتەوە.
تکایە لێی ئاگاداربن وە کاریپێبکەن
لەگەڵ رێزوپێزانیندا


بەڕێوەبەری ئاسایشی پارێزگای ھەولێر
١٠/٥/١٩٨٧

ژمارەی رۆیشتوو ١٨٢١ لە ٩/٥/١٩٨٧
بۆ گشت مەڵبەندەکان

 

*     *     *     *     *


بەڵگەنامەی ژمارە (٣):


نھێنی و بە پەلە
ژمارە / ٧٦٧٨ / رۆژ / ٢٧ / ١١ ١٩٨٩
بۆ / فەرمانگەی ئاسایشی قەزاکان, بۆ / بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی شەقڵاوە / ق ش م


بەگوێرەی ئەوەی لە نوسراوی ژمارە / ێ / ٥ / ٣ / ٤٠٥٤٥ ی ٦ / ١١ / ١٩٨٩ ی دیوانی سەرۆکایەتی بەڕێزدا ھاتووە:
دەبێت دەزگاکانی پۆلیس و ئاسایش جەخت بکەن لە وەرگرتن و کارکردن بۆ سکاڵای ( میسرییەکان و عەرەبەکان )، ئەوانیش وەک عێراقی حسابیان بۆ بکرێت، لەگەڵ جەختکردن لەسەر بنەمای دادوەری لە جێبەجێکردنی یاسادا.
بۆ لێبەئاگابوون و کارپێکردن، وە ھەرچی پێویستە بکرێت بۆ ئەوەی سەرەوە.
تکایە دڵنیابن لە وەرگرتنی .... ھەواڵمان لێبگێڕنەوە.


رائدی ئاسیش
بەڕێوەبەری ئاسایشی شەقڵاوە

ژمارەی رۆیشتو : ١٦٥٤ لە ٢٩/١١/١٩٨٩
گشت خاوەن پلەکان
بۆ جێبەجێکردن
٣٠/١١/١٩٨٩
 

*     *     *     *     *


بەڵگەنامەی ژمارە (١٠):


A, B
بەناوی خوای بەخشندە و میھرەبان
لیژنەی ئاسایشی / پارێزگای سلێمانی
نھێنی و تایبەت
خودی نامە بۆ ھاتوو نامەکە دەکاتەوە


بۆ بیرۆی رێکخستنی باکور - لیژنەی ھەمئاھەنگی ئاسایشی ناوەندی
بابەت / کۆنووسی کۆبوونەوەی گشتی فراوانی لقەکانی لیژنەکانی ئاسایش
لە پارێزگای سلێمانی
١٦/٢/١٩٨٥


لەسەرەتای کۆبوونەوەکەدا پارێزگاری بەڕێز، سەرۆکی لیژنەی ئاسایش، بەخێرھاتنی سەرۆک و ئەندامانی لقەکانی لیژنەکانی ئاسایشی کرد، ئەو ئەرکەی بەرزنرخاند کە ھەریەک لە رێکخراوەکان کێشاویانە، بۆ بەجێھێنانی ئەرکەکانی سەرشانیان بە شیوەیەکی رێکوپێک ، بۆ راگرتنی بارودۆخی ئاسایش و جێبەجێکردنی بنەماکانی حیزب وشۆڕش لە ناوچەکەدا. جەختی لەسەر ئەوە کرد کە لە کۆبوونەوەکەیاندا دوو خاڵی سەرەکی باس دەکەن کە بریتین لە :- یەکەم :- دیالۆگی نێوان سەرکردایەتی حیزب و شۆڕش لەگەڵ جەماعەتی یەکێتی نیشتیمانی. دوەم :- ئەو بڕیاری لێبوردنەی کە سەرکردایەتی شۆڕش دەریکردووە بۆ :- ( راکردو و دواکەوتوەکان لە سەربازی، گێرە شێوێنەکان، گشت بزوتنەوە سیاسییە گێرەشێوێنەکان، ئەندامانی حیزبی دەعوا ) ی ناوەوەو دەرەوەی ھەرێم. یەک :- دیالۆگ لەگەڵ جەماعەتی یەکێتی :- پارێزگاری بەڕێز سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی، جەختی کردەوەو وتی ھەروەک دەزانن جەماعەتی یەکێتی نیشتیمانی دەستیان درێژکردوە بۆ دیالۆگ، دەڵێن دەمانەوێت نیشتمانپەروەر بین وە خزمەتی گەل و نیشتیمان بکەین ھەروەھا دەیانەوێت ئۆتۆنۆمی پتەوبکەین و پەرەی پێبدەین.


١- ئێوە دەزانن کە بنەماکانی حیزبی سەرکردە، وە دەستکەوتەکانی لە بوارە جۆربەجۆرەکاندا بۆ سەرجەم نەتەوەکانی عێراقە بێ جێاوازی، وە خزمەتکردنی ھەر نەتەوەیەک خۆی لەخۆیدا دەستکەوتێکە بۆ ھەمو عێراقی مەزن، نەخاسمە سەرکردایەتی سیاسی و سەرۆکی فەرماندە، خوا بیپارێزێت، بایەخێکی تایبەتی دەدەن بە ناوچەی ئۆتۆنۆمی. ٢- لەسەر ھەمو ئەو بەندانە رێککەوتین کەخزمەتی بارودۆخی ئاسایش و ناوچەکەدەکەن. کەئەم کارەش لەوانەیە ببێتە مایەی ئەوەی ببن بە ھاوڵاتی باش، وەک ھەر ھاوڵاتییەکی دیکە ئامادەبن بۆ خزمەتکردن و قورابانیدان. ٣- بەڵام لەکاتی بڕیاردان ورێککەوتن لەسەر ھەر بڕیارێک، سەرکردایەتیمان تێبینی ئەوەیان کردووە کە ئەو جەماعەتە دودڵی نیشان دەدەن، بۆ ئەوەی دەرفەتێک بدۆزنەوە، تا ئەوەی کە بەنیازن لەسەری رێکبکەوین بخەنە بەردەستی کادرەکانیان. ٤- جەخت لەسەر ئەوە دەکەین کە پەیوەندیمان لەگەڵ ھیچ ھاوڵاتیەکدا نەپچڕین، سەر بە ھەر لایەنێک بن و مەرامی سەرکردایەتییان بۆ رونبکرێتەوە. بەمەبەستی دابڕینیان لەو واقعەی کە تیایدا دەژین و تا بگەڕێنەوە سەر رێگەی راست، پێویستە بەکردەوە لەنێو ھاوڵاتیاندا گوزەران بکەین و بچین بەدەنگ داواکان و کێشە رەواکانیانەوە. ٥- جەخت بکرێت لەسەر سەردان و پشتگیری و گرتنەباوەشی ئەو کەسانەی کە سەر بە ( فەوجی خەفیفە، مەفرەزەی تایبەت، جەیش شەعبی ) ین و رێنماییان بکەین لەکارەکانیاندا، دەرفەت نەدەین بە خراپەکارییەکانیان چونکە ھەڵسوکەوتیان لەسەر ئێمە حسابە لە ناوچەکەدا. ٦- پێویستە ھاوکارییەکی توندوتۆڵ ھەبێت لەگەڵ یەکەسەربازیەکاندا، کارئاسانییان بۆ بکرێت و داواکارییەکانیان بھێنرێتەدی، چونکە ھەر ئەوانن لەبەرەکانی پێشەوەی جەنگەوە سەرکەوتنمان بۆ بەدەست دەھێنن. ٧- لەناوی ئەو کەسانە ئاگادارمان بکەن کەسەر بە حکومەتن و لە روی راگەیاندنەوە رۆڵی کاریگەر دەگێڕن لە وشیارکردنەوەی ھاوڵاتیاندا بۆ ھێنانەوەی کوڕوکەسوکاریان لەڕیزی گێرەشێوێنەکانەوە بۆ سایەی خۆمان، بۆ ئەوەی ئەو کەسانە پاداشت بکەین تا خەڵکانی دیکەش چاو لەوان بکەن.


دوو :- جەخت لەسەر راسپاردەکانمان دەکەینەوە، جەردێکی تەواوی راکردو وە دواکەوتوەکان لەسەربازی و لە یاسالادەرەکانمان بۆ بنێرن، بەگوێرەی ئەو ئیستیمارانەی دابەشکراوە بەسەر لیژنەکانتاندا، ئەوانە چیان ھەیە لەخانوی حکومی و تەلەفون و بریکارنامە و ھەر دەستکەوتێکی دیکە کە دەوڵەت پێیبەخشیون، بۆ ئەوەی پاش کۆتایھاتنی ماوەی لێبوردنەکە بیدەین بەو خەڵکانەی گوێڕایەڵن و چەکیان بۆ حکومەت ھەڵگرتووە دژی دوژمنەکانمان، جونکە ئەوان شایستەترن بەو دەستکەوتانە. لەکۆتاییدا سەرۆکی پارێزگار سوپاسی ئەرک و ماندووبوونی ھەموانی کرد کە کێشاویانە بۆ خزمەتکردنی ئامانجەکانی پارتی سەرکردە و شۆڕشە مەزنەکەمان، بەسەرۆکایەتی سوارچاکی سەرکەوتن، ھەڤالی تێکۆشەر سەدام حسێن (خوابیپارێزێت).


ئیمزا
جعفر عبدالکریم البرزنچی / پارێزگاری سلێمانی / سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی


وێنە بۆ:
بەڕێزان ئەندامانی لیژنەی ئاسایشی پارێزگا
گشت لقەکانی لیژنەکانی ئاسایش
ئاماژە بەکۆبونەوەی
١٦/ ٢ / ١٩٨٥ ی خۆمان
بۆ زانیاریتان لەگەڵ پێزانیندا تکایە
 

*     *     *     *     *


بەڵگەنامەی ژمارە (١١):


A,B
حیزبی بەعسی عەرەبی ئیشتراکی عەرەب یەک نەتەوەیە / ھەرێمی عێراق و بیرۆی رێکخستنی باکور خاوەنی پەیامیکی نەمرە
ژمارە: ٢٨ / ٤٦٨٤ / رۆژ: ٢٩ / ٦ / ١٩٨٥


بۆ / ھەڤاڵانی بەڕێز سەرۆکی لیژنە ئەمنییەکان, ھەڤاڵی بەڕێز فەرماندەیی فەیلەقی یەک, ھەڤاڵانی بەرێز ئەندامانی بیرۆ


بابەت / گرتنەبەری رێوشوێن
سڵاوێکی ھەڤاڵانە:


لەپێناو جێبەچێکردنی ئەو سیاسەتەی کە دەبیتەھۆی تەنگپێھەڵچنینی گێرەشێوێن و ناپاکان، ئەم رێوشوێنانە دەگیرێنەبەر: ١- خۆراکەماددە بنچینەییەکان ( ئارد - شەکر - چا - رۆن ) بە کۆپۆن ( بیتاقە ) بەسەر ئەندامانی خێزاندا دابەشبکریت، وەدەتوانن ھانا بۆ سوپا ببەن بۆ ئەوەی ھاوکاریتان بکات لە دروستکردنی کۆپۆنەکاندا. ٢- تەنھا لە رێگای لایەنی رەسمی تایبەتەوە نەبێت گواستنەوەی خۆراکە ماددە لە پاریزگایەکەوە بۆ پارێزگایەکی دیکە قەدەغەیە. ٣- رێوشوێنی توند بگیرێتەبەر بۆ نەگەیشتنی خۆراکەماددەو کەلوپەلی دیکە بۆ ئەو گوندانەی گێرەشێون و ناپاکەکان کردویانەتە بنکە و بارەگا. ٤- رێوشوێنی پێویست بگیرێتەبەر بۆ رێگەگرتن لە گەیاندنی خۆراکەماددەو کەلوپەل بەدزییەوە بە گێرەشێوێنەکان یا بەدەرەوەی عێراق. ھەروەھا نەھێڵن لە وڵاتە دراوسێکانەوە ھیچ شتێک بێتە عێراقەوە. ٥- ھەمو جۆرە خزمەتگوزارییەکی ( ئاو - کارەبا - تەندروستی - پەروەردە ) لەو گوندانە ببڕن کە بونەتە بنکەی گێرەشێوێنەکان. ٦- ئەو گوندانەی گێرەشێوێنیان تێدایە رێگەیان پێنەدرێت بەروبومەکانیان بەرن بۆ بازاڕەکانی ناوخۆ، ھەروەھا بەھەموشێوەیەک ھاتوچۆ لەنێوان ئەو گوندانە و شار و شارۆچکەکاندا قەدەغەبکرێت. ٧- لێسەندنەوەی بریکارنامە لە خزموکەسوکاری گێرەشێوێنەکان. ٨- لەپێناوی پرۆسەی بەوردی دابەشکردنی خۆراکەماددەدا بە کۆپۆن، لە یەکە ئیداری و ئۆردوگاکان { ئۆردوگازۆرەملێکان} دا لیژنە پێکبھێنرێت ، بەسەرۆکایەتی سەرۆکی یەکە ئیدارییەکان و ئەندامەتی نوێنەرێکی حیزب و نوێنەرێکی ئاسایش و نوێنەرێکی ( ئیستیخبارات ) . ٩- بڕینی تەلەفونی ئەو خێزانانەی کە ئەندامێکیان پەیوەندی بە گێرەشێوێنەکانەوە ھەیە ، بێجگە لەو خێزانانەی خاوەنی شەھید یا دیلن لەپێناوی حکومەتدا. ١٠- بڕینی ئاوکارەبای ئەو خێزانانەی کە پەیوەندییان بە گێرەشێوێنەکانەوە ھەیە. ١١- کۆپۆنی خۆراک نەدرێت بەخێزانی گێرەشێوێنەکان. ١٢- دەست بەسەر ماڵوموڵکی گێرەشیوێنەکاندا بگیرێت و بخریتە مەزاتی ئاشکراوە. ١٣- دەرکردنی خێزانی گێرەشێوێنەکان لە خانوەحکومییەکان، چ لە شار، یا خانوەکانی کارگێڕی خۆجێیی یا ئۆردوگاکان بێت. ١٤- پوچەڵکردنەوەی بەڵێننامەی زەویوزارە کشتوکاڵییەکانی کەسوکاری گێرەشێوینەکان. ١٥- لیژنە ئەمنییەکان راپۆرتی مانگانە دەربارەی چۆنیەتی راپەڕاندنی ئەو ئەرکانە بۆ سەروی خۆیان بەرزبکەنەوە. ١٦- رێکخراوە حیزبی و جەماوەری و دەزگارەسمییەکان، ھۆی گرتنەبەری ئەو رێوشوێنانە شرۆڤە بکەن بۆ خەڵک، ھەروەھا لەسەریان پێویستە لە ھەڵمەتێکی بەرفراواندا بەشێوەیەک جەماوەر وشیاربکەنەوە کەببێتە مایەی پرۆتۆستۆکردن و رەتکردنەوەی تاوانکاری و ھاریکاریکردنی دوژمنان و گێرەشێوێنان.


ھەڤاڵ
سعدی مھدی ێالح
ئەمینداری گشتی بیرۆی رێکخستنی باکور
سەرۆکی لیژنەی ھەمئاھەنگی ئاسایشی ناوەند

بۆ لێبەئاگابون و گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست تکایە.

 

*     *     *     *     *


بەڵگەنامەی ژمارە (١٢):


A, B
حیزبی بەعسی عەرەبی ئیشتراکی عەرەب یەک نەتەوەیە / فەرماندەیی ناوچەی سەلاحەدین و / فەرماندەیی فرقەی سدیق خاوەنی پەیامێکی نەمرە
ژمارە: ١٦/٢٧٣٢ / رۆژ: ٢٧/٩/١٩٨٥


بۆ / سەرجەم رێکخراوە حیزبییەکان
بابەت / رێنمایی


ئەمەی خوارەوە دەقی راگەیەنراوی رێنماییەکانی ھەڤاڵ، ئەندامی سەرکردایەتی ھەرێمی / ئەمینداری گشتی بیرۆی باکورە، کە لە رۆژی ٩ / ٩ /١٩٨٥ دا رایگەیاند، بۆ لێبەئاگابون و گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست، تکایە بەند بە بەند جێبەجێی بکەن، بەپێی ئەم رێنماییانە کۆڕ ببەستن و لە دەرەنجامەکانی ئاگادارمان بکەنەوە، لەگەڵ پێزانیندا.
ھەر بژین بۆ خەبات
خۆیی:
لە کۆبونەوەکاندا دەخرێتە بەردەست ھەڤاڵ
عیسام محمەد عەبدە / ئەمینداری گشتی سەرکردایەتی فرقەی سدیق


١- ئابڵوقەی ئابوری تەواو بخرێتەسەر گوندەکانی ناوچەقەدەغەکراوەکان. ٢- نەگرتنەبەری چارەسەری مامناوەندی لەگەڵ گێرەشێوێنەکاندا، وەدەبێت راددەیەک بۆ خۆیان و تاوانەکانیان دابنرێت. ٣- ئەو گوندانەی ھاوکاری گێرەشێوێنەکان دەکەن، بەگێرەشیوێن لەقەلەم بدرێن. ٤- رێگە بە ئۆتۆمبێل نەدرێت سەردانی گوندەکانی ناوچەقەدەغەکراوەکان بکات، دەستبگیرێت بەسەر ئەو ئۆتۆمبیلەی سەرپێچی دەکات، یان بەنزین دەدات بە ئۆتۆمبێلی گێرەشێوێنەکان. ٥- زەوتکردنی ھەمو بەروبومەکشتوکالییەکانی گێرەشێوێنەکان و گوندەکانی ناوچەقەدەغەکراوەکان. ئەو بەروبومانە بەشێکی دابەشبکرێت بەسەر ھێزەسەربازییەکان و جەیش شەعبیدا، ئەوەشی دەمێنێتەوە بفرۆشرێت. ٦- ھەمو دەزگاکان ھاوکاری یەکتر بکەن و بێ پسانەوە بەھەمو ھێزێک لە گێرەشێوێنەکان بدەن. ٧- ئەوانەی ھاوکاری گێرەشێوێنەکان دەکەن، خۆیان وخێزانەکانیان مامەڵەی گێرەشێوێنیان لەگەڵدا بکرێت. ٨- فەرمانی گلدانەوەو راگواستنی خێزانی گێرەشێوێنەکان بەخێرایی جێبەجێبکرێت. ٩- ھەمو خزمەتگوزارییەکان لەو گوندانە ببڕن کە گێرەشێوێنەکان سەردانیان دەکەن، بە خوێندنگاشەوە. ١٠- ئەو خێزانانەی کە دۆستی حکومەتن لە گوندە قەغەکراوەکانەوە بیانگوێزنەوە بۆ شوێنی ئارام. ١١- دەستەبەرکردنی دڵنیایی و ئاسودەیی بۆ کەسانی دڵسۆزی سەربەخۆمان. ١٢- بەبێ رەزامەندی ئێمە گلدراوەکان بەرمەدەن و خزمەتگوزاری مەگێڕنەوە بۆ گوندەکان. ١٣- دڵنیابوون لەوەی کە سەرۆکی یەکە ئیدارییەکان و فەرمانبەرانی فەرمانگە ئیدارییەکان سەربەخۆمانن. ١٤- لەناوچەکانی خۆتان ھێزێکی ئامادەباشی لە ھەمو دەزگا ئەمنییەکان و سەربازییەکان و جەیش شەعبییەکان پێکبھێنن و مەشقی تەواویان پێبکەن، بۆ لێدان و بەرەنگاربونەوەی گێرەشێوێنەکان. ١٥- جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە کە یەکە ئیدارییەکانتان، دابەش بکەن بەسەر چەند کەرتێکدا بۆ راپەڕاندنی پلانە ئەمنییەکان. ١٦- راکردوو دواکەوتووکان لە سەربازی پشتگوێ مەخەن، بیانگرن، ئەو کەسانەی خۆیان بەدەستەوە دەدەن و پەشیمانی دەردەبڕن لایەنە حیزبییەکانیان لێئاگاداربکەنەوە. ١٧- پێویستە دڵنیابن لەو زانیارییانەی بەرزیدەکەنەوە.


بەڵگەنامەی ژمارە (١٣):

وتاری کۆبونەوە فراوانەکەی ( ١٢/٨ /١٩٨٥ ) ی ھەڤاڵ ( محمد حمزە الزبیدی ) ئەمینداری گشتی رێکخستنی باکور لە ھۆڵی لقی دھۆک:


مایەی شانازییەکی گەورەیە بۆمن ، کە لەم کاتەدا دەبمە لێپرسراوی رێکخستنی باکور، پێمخۆشە سڵاوی سەرۆکی خەباتگێر سەدام حسیێن ( خوابیپارێزێت) تان پێڕابگەیەنم. لەم یەکەم بەیەکگەیشتنەدا کە بەڕێزان پیاوانی ئاینی، ئەنجومەنەکانی گەل، فەرمانگەحکومییەکان، رێکخراوە جەماوەرییەکان تیایدا بەشدارن، باسی ھەرێمی عێراق و ناوچەکەتان بۆ دەکەم، باسی ئەو بڕیارانەتان بۆ دەکەم کە دەرچون وە چۆنێتی جێبەجێکردنیان. بۆ ئەوەی باشتر لاتان رونبێت، ئەم کۆبونەوەیە لەپێناو پاراستنی خاکی عێراقە. برایان :- ھەمومان لەوباوەڕەداین لێکتێنەگەیشتن لەنێوان ئەندامانی خێزانێکدا یان دراوسێکانیدا رودەدات، بەڵام ھەموان سورن لەسەر پاراستنی خێزان لە گشت دەستدرێژییەک. - ساڵانێکی دورودرێژە ئێمە لەھەوڵی ئەوەداین کە زیان بەھیچ ھاوڵاتییەکی گەلەکەمان نەگەیەنین. - ھەمو عێراقییەکی بەشەرەف و دڵسۆز بەم نیشتمانە زۆر گرانبەھایەو نانرخێندرێت، لەبەر ئەوە ھەروەک دەبینین ھەردەم رێنماییەکانی سەرۆک ( خوابیپارێزیت)، داوامان لێدەکات رۆڵەکانی گەلەکەمان بپاریزین، وەنابێت ھەرگیز جیاوازی لەنێوان دینەکان و مەزھەبەکان و نەتەوەکاندا بکەین. - ئێمە لەگەڵ ئیمانداریداین، دینی رەسمی دەوڵەت ئیسلامە، لە عێراقدا سەربەستی ئاینی ھەیە ، نابێت جیاوازی بکەین لەنێوان کوردو عەرەبدا، ئەوی جیاوازی دەکات لەنێوان کوردو عەرەبدا بەمسۆگەری لەدڵەوە نەخۆشە. - ئەوی جیاوازی دەخاتە نێوان عێراقییەکانەوە ناشێت عێراقی بێت. - سەرکردایەتی ھەوڵێکی زۆری داوە بۆ گەڕاندنەوەی لەخشتەبراوەکان بۆ ریزی نیشتیمانی، چونکە نامانەوێت تەنانەت یەک عێراقیش لەدەستبدەین. - گفتوگۆمان لەگەڵ جەماعەتی یەکێتی ھەبو، بەڵام بەر لەتەواوبونی لەپڕ کەوتنە قەڵاچۆکردنی پیر و ژن و منداڵی گوندە عەرەبنشینەکان، مەبەست لەم تاوانەیان وروژاندنی رەگەزپەرستی بو، کەگوایە لەنێوان عەرەب و کورددا کێشە ھەیە. - بەڵام ئێمە دەڵێین ھیچ ھێزێک ناتوانێت عەرەب و کورد لەیەک جیابکاتەوە لەبەرئەوەی لەم نیشتیمانە مەزنەدا خاوەن بەشن. - بەڕێز سەرۆکی فەرماندە ( خوابیپارێزێت )، رێنمایمان دەکات کە ( ئاگامان لەھەڵخلیسکان بێت )، بەڵام روداوەکانی ئێرە لەبەرژەوەندی گەلی عێراق نەبون، کارگەیشتۆتە ئەوەی نۆکەرو خۆفرۆشەکان بونەتە داردەستی ئێرانییەکان بۆ داگیرکردنی خاکی عێراق ( نۆکەرێتی خەسڵەتی ئەو جەماعەتەیە ) ئەم پرۆسەیەش ئەوپەڕی سوکێتی و ناپاکییە، ئەوان بەم کارە نامۆنین، چونکە ناپاکێتییان لەباووباپیرانیانەوە بۆماوەتەوە، ئینجا جەماعەتی جەلال بێت یا جەماعەتی مەلا یا شیوعییەکان. - سوپاس بۆخوا ئێمە سەرکەوتوین، تکا لەھەمو توێژەکان ( پیاوانی ئاینی، ئەنجومەنەکانی گەل .. ھتد) دەکەم بەھاوڵاتییان رابگەیەنن کە ئێمە بەپشتیوانی عێراقییە دڵسۆزەکان سەرکەوتوین. - دەبێت رینمایی خەڵک بکەین کەلەبەرژەوەندی نیشتیماندا کاربکەن، لەخشتەبراوەکان بگێڕنەوە ریزی نیشتیمان.
____________________________
* ئەم بەڵگەنامانە بەشێکی گرنگن لە بەڵگەنامەکانی پاشکۆی کتێبی ئەنفال - کورد و دەوڵەتی عێراق کە برای نووسەر (شۆڕش حاجی رسوڵ) لە ساڵی (٢٠٠٣)دا لە لەندەن بە چاپی گەیاندووە، بە رێز و سوپاسەوە ڕێگەی پێدام کە بەرچڤەی بکەم لە عەرەبییەوە بۆ کوردی، لەم کارەمدا سودێکی زۆرم لە کتێبەکەی و سی دی (دۆکۆمێنتەکانی ئەنفال) بینییوە کە بەڕیزیان لە لەندەنەوە بۆی ناردم، لەگەڵ سوپاس و پێزانیندا، بۆ بەراورد لەگەڵ دەقە عەرەبییەکەیدا ھەمان ژمارەیان گرتۆتەخۆ. لەگەڵ پۆزشێکی بێسنوردا بۆ (شەھید، پێشمەرگە، ھاوڵاتی، سەرکردەی لایەنەکان) زاراوە دزێوەکانی ئەم بەڵگەنامانە زمان حاڵی حکومەتی بەعسە، کە لە فەرھەنگیاندا سووکایەتییان بە بەھا پیرۆزەکان دەکرد، بۆ نموونە:
- شەھید، سەرکردەی نەمر: گۆڕ بە گۆڕ. - شۆڕش: پیلانگێڕی دژی وڵات، گێرەشێوێنی. - شۆڕشگێڕ: تاونبار، ئاژاوەگێڕ. - پێشمەرگە، خەباتگێڕ: گێرەشێوێن، تێکدەر، ئاژاوەچی. - جاش: جەنگاوەر. - گەڕانەوە بۆ سەر رێگای راست: ملکەچبوون بۆ رژێمی بەعس. - ھاتنەوە ریزی نیشتمان: پەشیمان بوونەوە، پاکانەکردن لە کاری شۆڕشگێڕی. - سەرکردەی زیندوو: نۆکەری بێگانە، خۆفرۆش.


دانیمارک / ڤالبی
ماڵپەڕی فەتاح حەسەن

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک