٢٩\٨\٢٠١٩
''بەڵگەسازیی'' بۆ نووسینە فەلسەفییەکانی
خانمێکی کورد ئەنجامدرا.
بۆ
یەکەم جارە بەڵگەسازیی بۆ نووسین و بیرکردنەوەی فەلسەفەی فەرمیی و
ئەکادیمیی ژنێکی کورد (د. ساماڵ مانیی) بە زمانی کوردی لە دوو پەرتووکی
''هەگبەی زانین''ی یەکەم و ''هەگبەی زانین''ی دووەمدا لە بازنەی
فەلسەفەدا ئەنجام بدرێ، بەوەش بەرهەمەکانی ژنێکی کورد بە زمانی کوردی
وەک فەلسەفەی فەرمیی ئەکادیمیی ناسێندرا. هەردوو پەرتووکی هەگبەی زانین
کە پارساڵ لە باشووری کوردستان و ئەمساڵ لە رۆژەڵاتی کوردستان
بڵاوکرانەوە بە شێوەی (ژمارەیی) خراونەتە بەرچاوی بازنەی فەلسەفەی
جیهانیی تا لە نێو زانکۆیەکانی جیهاندا لە کەنەدا و ئەمەریکا و
ئوسترالیا و ئەوروپا و بەریتانیادا ببیندرێن و بەرچاو بن.
بەڵگەسازیی و بەژمارەییکردنی پەرتووک و نووسینە فەلسەفییە فەرمییە
ئەکادیمییەکان واتە تۆمارکردنیان لە نێو مێژووی بیرکردنەوە
فەلسەفییەکاندا و لە نێو فەیلەسوفەکاندا، ماوەی بیست ساڵە لە لایەن
دەزگە و نێوەندە فەلسەفییە جیهانیەکانەوە کۆششی بۆ دەکرێ و ئێستا بە
تەواویی لە نێو بازنەی فەلسەفییدا سەقامگیر بووەا. نووسین و بیرکردنەوە
فەلسەفییەکانی د. ساماڵ مانیی بە زمانی ئینگلیزیش هەر بە هەمان شێوە
بەڵگەسازییان بۆ کراوە و بەژمارەیی کراون.
ئەو نێوەندانەی بۆ ئەم کارە دروستبوون و ئەوانەشی کە دەزگەی پاڵپشتن
بریتین لە: نێوەندی بەژمارەییکردنی بیرکردنەوە فەلسەفییەکان (جیهانیی)،
نێوەندی بەڵگەسازیی بیرکردنەوە فەلسەفییەکان (جیهانی)، نێوەندی
کۆگەکردنی بیرکردنەوە فەلسەفییەکان (جیهانیی)، کۆکردنەوەی نووسینە
فەلسەفییەکان (لە ئوسترالیا کە پاشان بوو بە جیهانیی)، دامەزراوەی
بیرکردنەوە فەلسەفییەکان (ئەمەریکا)، پەیمانگەی خوێندنی باڵای فەلسەفە
(بەریتانیا)، زانکۆی رۆژاوای کەنەدا (وڵاتی کەنەدا).
هەموو ئەو دەزگەیانە پێکەوە کاردەکەن بۆ ئەوەی بیرکردنەوە ئەکادیمییە
فەلسەفییەکان بەڵگەسازییان بۆ بکرێ و بەژمارەیی بکرێن، بۆ ئەوەی
فەیلەسوفە ئینگلیزی زمانەکان لە سەرتاسەری جیهان بەئاگابن لە
بیرکردنەوە فەلسەفییەکانی یەکدی و کارە فەلسەفییەکانی یەکدی ببینن و
راگۆڕینەوە و وتووێژ و توێژینەوە لە نێو خۆیاندا بکەن لە لایەک و لە
لایەکیدیکەش بۆ ئەوەی خوێندکارانی فەلسەفە لە زانکۆیە ئینگلیزی
زمانەکان سوود لەو نووسین و بیرکردنەوە فەلسەفییانە وەربگرن بۆ خوێندن
و لە لێکۆلینەوەکانیاندا بەهەند وەربگیردرێن و کاریان لەسەر بکەن.
ئەم دەزگەیانە پێکەوە تا ئێستا: (دوو سەد و سی هەزار) فەیلەسوفیان لە
رێی بیرکردنەوە فەلسەفیەکانیانەوە کۆکردۆتەوە، هەروا (دوو ملیۆن و سێ
سەد و هەشتا و هەشت هەزار) بیرکردنەوەی فەلسەفەی ئەکادیمییان بە زمانی
ئینگلیزی کۆگە و ریزبەندیی کردوە، لە نێو نزیکەی (شەش سەد) دەستەبەندی
جودا جودای نێو بواری فەلسەفەدا. هەموو ئەوانە، وەکو بەڵگە بەژمارەیی
کراون و دەپارێزرێن و دەخرێنە بەردەستی فەیلەسوفەکان و خوێندکارانی
فەلسەفە لە زانکۆیەکاندا و دەبنە مێژووی بیرکردنەوە فەلسەفیەکان.
د. ساماڵ مانیی لە دایکێکی رامیارکاری شەستەکانی نێو شاری سلێمانی و
باوکێکی نیشتیمانپەروەر لە باشووری کوردستان لەدایکبووە و گەورە بووە،
هەر لەوێ خۆی بووە بە رامیارکار و وەکو ژنێک لە شاخ پێشمەرگەی پێش
راپەڕین بووە (کە ژنان زۆر کەم بوون)، لە نیوەی دووەمی هەشتایەکاندا
بووە بە پەنابەر لە بەریتانیا و لە هەمان کاتدا چەند ساڵێک کارمەندی
هاوکارییکردنی پەنابەران بووە لەوێ، پاشان وەرگێڕ بووە و لە هەمان
کاتدا مێژووی نوێی هونەر و نووسینی دەقی شانۆیی و رۆژنامەگەریی و
بەڕێوەبردنی خوێندوە. لە ١٩٩٣وە بووە بە خوێندکاری فەلسەفە لە زانکۆی
لەندەن و بە تەواویی ژیان و کاتی خۆی تەرخان کردوە بۆ فەلسەفە و هەر
لەوێ بڕوانامەی زانکۆ و ماستەری بەدەستهێناوە، دواتر بۆ فراوانکردنی
زەمینەی تێگەیشتن و بیرکردنەوە فەلسەفییەکانی روویکردۆتە ئەوروپا و
لەوێ دکتۆرای لە فەلسەفە بەدەستهێناوە.
د. مانیی نووسەر و مامۆستا و لێکۆلەری فەلسەفەیە، ئەندامی هەمیشەیی
کۆمەڵەی فەیلەسوفەکانی بەریتانیایە، ئەندامی کۆمەڵەی ژنە فەیلەسوفەکانی
بەریتانیایە، ئەندامی پەیمانگەی خوێندنی باڵای فەلسەفەیە لە بەریتانیا،
ئەندامی کۆمەڵی ژمارەیی فەیلەسوفەکانە.
|