په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٨\٣\٢٠١٥

بێ مافیی ژنی کورد، بەرهەمى واقعێکی تاڵ.

د. سالار باسیرە    

 

(هیچ مرۆڤێک، هیچ چین و توێژێکی کۆمەلایەتی هەتا سەر کۆت و زنجیری چەوساندنەوەو کۆیلایەتی قبوڵ نییە و زوو یان درەنگ لە دژی ڕادەپەرێت).


ئاستى جیاکارییە رەگەزییەکان لە چ ئاستێک دایە.


جیاکاریی ڕەگەزیی لە کوردستاندا لە هەموو ئاستەکاندا هەستى پێدەکرێت، لەسەر ئاستى سیاسى ، کۆمەڵایەتى، ئابورى، یاسایی بوونى هەیە و بە ڕوونی دەبینرێن. بوارێک نەماوەتەوە کە هەست بەو جیاکاریانە نەکرێت. هۆکارەکانیشی هەر لەنێو کۆمەَلگاکە خۆیدا دەدۆزینەوە ئەگەر بۆی بگەڕێین. کۆمەَلگای کوردی کۆمەڵگایەکى هێشتا تەقلیدی و دواکەوتوە هەربۆیە ئاینیش بەربلاوە تێیدا، ئەمەش کۆمەڵێک موعانات دروست دەکات کە ژن و پیاویش دەگرێتەوە ، بەتایبەت ژن لەبەر کۆمەڵێک فاکتەر. ئەقڵى کۆمەَلگاکە بە دواکەوتویی ئاینی ئیسلامیشەوە هۆکاری زیاتری چەوساندنەوەی ئافرەتە. بۆنمونە کچ زۆرجار لە منداڵیدا ناخرێتە قوتابخانە، چونکە وابیردەکرێتەوە کە گەورەبێت هەر شوو ئەکات ئیتر خوێندنى بۆچیە، یان ئەو ئەقلیەتەى ئەڵێت ژن هەر بۆ مەتبەخەو پیاویش بۆ سیاسەت و کاسپی و بازرگانییە ، ژن لەم هەرێمەدا مەکانەیەکى خراپى پێدراوە وەک لەوەى دراوە بە پیاو. لەو وڵاتانەى زەمانی کۆمەلایەتی نییە ، ئەوا تائێستاش خوازیارن کوڕیان ببێت بۆ زەمانى دواڕۆژو ئەبێت بەگەورەى خێزانو بنەماڵەکە بەتایبەتى لە ناوچە کشتوکاڵى و لادێ نشینەکاندا ئەم فکرەیە زاَلە، بەڵام ئەگەر سەیربکەین ئەو دەوڵەتانەى کە زەمانى کۆمەلایەتی تێدایە ئەو دیاردەیە بوونی نییە یان زۆر کەمترە ، بۆیە ئەم جیاکارییانە نەک هەر لەکۆمەَلگاى کوردیدا هەیە، بەڵکو لە کۆمەَلگاکانى تری هاوشێوەشدا بوونى هەیە، بۆنمونە لە سەردەمى تاڵیباندا لە ئەفغانستان ئافرەت بۆى نەبوو پیادەی پیشەکەشى بکات و گەڕێندرابۆوە ناو ئەو ڕۆڵە تەقلیدیەی پیاوانی دواکەوتوو وە ئاینی ئیسلام مەبەستیەتی، تەنانەت شانۆگەرى و سینەماو هونەریش نەمابوو ، هەمان ئەوەش داعش دەیکات و زۆرێک لە ئیسلامیەکانی کوردستانیش داوای دەکەن.

خوازیارن پیاو نان پەیدا بکات و ژن لە ڕووی داراییەوە پابەند دەبێت بە پیاوەوەو هەروەها لە ماَلەوە منداڵی زۆر بخاتەوە. هەندێک لە خێزانى کورد کە ئەچنە ئەوروپا جیادەبنەوە لەیەکتر. چونکە لە ولاتەکەی خۆی لەژێر ڕەحمى پیاوەکەیدا بووە لە ناو کۆمەَلگایەکی پیاو سالاریداو بەناچاری گەلێک چەوساندنەوەى قبوڵکردوە لەبەر نەریتی ئابرۆ و شەرەفى خێزان و بنەماڵەکەى یان ئەو دابونەریتەى باڵیکێشاوە بەسەر کۆمەڵگادا، کە شەرەف بەژنەوە بەستراوە نەک بە پیاوەوە ، پیاو هەڵەش بکات پشت گوێ دەخرێت، بەڵام ئەگەر ژنێک هەڵە بکات ئیتر پاپۆڕەکە غەرق بووەو دونیا هەمووى خراپبووە ، کەواتە پەیوەست بوون بە پرەنسیپە ئەخلاقیەکان دەبێت بۆ هەردوو ڕەگەزەکە بێت. زۆرێک لەخێزانە کوردەکان لە ئەوروپا جیادەبنەوە چونکە دڵنیایە لەوەى کە یاسا پشتى دەگرێ و شەرم ناکات لەوەى جیابێتەوە، بەتایبەت کە دەوڵەت ژیانی داراییەکەیان زەمان دەکات. هۆکارێکى ترى ئەو جیابوونەوانە لە ئەوروپا ئەو ئازادیەیە کە بوونى هەیەو وادەکات ژنان بەجۆرێک ڕەفتار بکەن لەگەڵ دابونەریتى پیاوەکەیداو کۆمەَلگاکەی نەگونجێت، بەلام زۆرجاریش ئازادی خراپ بەکار دەهێنرێت لە لایەن ئافرەتانەوە چونکە بە هەَلە لە مەسەلەی ئازادی تێگەیشتوون. من دەپرسم چەندن ڕێژەى ئەو ژنانەى لە ولاتە دواکەوتوەکان و کۆمەَلگا ئیسلامیەکان لە پیشەدان ، چەندن ڕێژەى ئەو ژنانەى لە ناوەندى بڕیاردان لە حکومەت و لە سیاسەت و حیزبدا ، تەنانەت لەبوارى چالاکى ژنان خۆشیاندا ، چەندن ڕێژەى ئەو ژنانەی ، تەنانەت ئەو پیاوانەى چالاکن لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگا مەدەنییەکاندا.


مرۆڤ بەرهەمى واقیعى کۆمەڵگای خۆیەتی.


ئێمە بەپیاو و ژنەوە بەرهەمى واقیعى کۆمەڵگای خۆمانین. ئەو ئەقڵیەتەی کە دواتر بۆمان ماوەتەوەو زاڵە لەدایک بوونەوە لەگەڵماندا ، هەروەها بەرهەمی سیستەمی پەروەردەشین ، ئەوەی دەوڵەت و ئەوەی لە خێزانیشەوە هەیە. بڕوانە زۆرجار لەناو خێڵێک یان عەشیرەتێک ، یان ... ئەقڵیەتەکە وایە پیاوان لەژورێک و ژنان لە ژورێکی تردا نان دەخون. من تەقدیرى ئەو ئەرکە گەورەیەم نەدەزانى کە دایکم یان خوشکەکانم لەماڵەوە ئەیانکرد بۆیە بەڕاى من پێویستە لەڕووى قانونییەوە پاداشتى ژن بدرێتەوە لەبەرامبەر ئەو ئەرکەى لەماڵەوە دەیکەن ، هەروەها بۆ ئازاری دووگیان بوونیان و شەو نخونی کێشانیان کە ئەوەش ئەرکێکى زۆر قورسە کە پێویستە پیاو پاداشتى بداتەوە.


لە مێژودا ، لە سەردەمى ڕاویشەوە لەناو خێڵەکاندا لەبەرئەوەى پیاو لە ڕووی جەستەییەوە بەهێزتر بووە ئەڕۆیشتن بۆ ڕاو کردن. دیارە هەر لەسەرەتاى ژیانەوە ئەم جیاکارییە بوونى هەبووە، ژن دوو گیان دەبێت نەک پیاو، ژن سۆزو بەزەیی زۆرترە. ژن توانای جەستەیی کەمترە وەک لە پیاو ، هەربۆیە ژن ناچار بووە بەسەبر تر بێت و نەفەسى درێژترەو بەپلان کار دەکات. ڕەنگە زۆرجار ئەوە ژن بێت حوکمى پیاو دەکات لە پشتەوەو بە ئاڕاستەی تری بەرێت. کاتێک دەڕوانمە شەڕڤانانی یەپەژەو گەریلا ژنەکان تیۆری لاوازیی جەستەیی و کەم ژیریی و ئیرادەی ژن زۆرێک لە بۆچوونی پیاوانی ئاینیی و دواکەوتوو بەرامبەر بە ژن بە درۆ دەخاتەوە.. بەهۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیاو زانستەوە زۆرێک لە کاری جەستەیی ژن و پیاو کەمتر بۆتەوە.

ڕاستە بکەرەکە مرۆڤە بەلام بەرپرسی یەکەم سیستەمە سیاسیەکەیە کە ئەمیش هەر بەرهەمی مرۆڤ و کۆمەَلگا خۆیەتی. سیستەمی تەندروست کۆمەَلگای تەندروست بەرهەم دەهێنێت، هەروەها بە پێچەوانەشەوە. بڕوانە پەڕلەمانی هەرێم دەنگی بۆ فرەژنى دا ، ئەوە تراژیدیایە ، سروشتی بیرکردنەوەی ئەو کەسانەى لە دەسەڵاتدان نیشان ئەدات ، ئایدۆلۆژیای حیزبە سیاسیەکان دەخاتە ڕوو. لە پێناو پێشکەوتنیشدا بیگومان ناکرێت سیستەمى سیاسی و کۆمەلایەتی وڵاتێکى پێش کەوتوو کۆپی بکرێت و بەسەر کۆمەڵگایەکی تردا جێبەجێیبکرێت بەَلکو ئەوە گۆڕانکاری و پڕۆسەیەکى هێواش و لەسەرخۆیە بەپێی سروشتی ئەو کۆمەَلگایە ، بەلام بێ کار و خەبات کردن بۆی ئەوا پڕۆسەکە هەروەک خۆی دەمێنێتەوە.

خەبات بۆ ئازادی ژنان بە پلەی سەرەکی ، ژن خۆیەتی.


کارو خەباتی سەرەکی بۆ ئازادی ژنان بە پلەی سەرەکی ژن خۆیەتی. ژن خۆی زیاتر هەست بەئازارەکانی خۆی و بە پێویستیەکانی خۆی ئەکات وەک لەوەی پیاو هەستیان پێبکات. بەلام ژنان هێڵێکى فێمینیستى وا وەرنەگرن کە هەموو چەوساندنەوەکەیان تەنیا لە پیاودا ببینن ، ئاسایی نابێت هیچ ڕەگەزێک ڕەگەزێکى تر بچەوسێنێتەوە. منى پیاویش لەزۆر ڕووەوە بێ مافم. ژن پێویستە لە خەباتیدا پشت بە پیاوە ئازادخوازو رۆشنبیرەکانیش ببەستێت ، بەلام فاکتەری سەرەکی ڕزگاری ژن ، خودی خۆیەتی. هەروەها خەباتى ژنانیش بۆ مافە سروشتیەکانی جیاوازییان هەیە. ژنێکى چەوساوەو هەژار خەباتەکەى دژى چەوساندنەوەى ئابوریشە، خەباتێکی چینایەتیشە ، بەڵام ژنێکى دەوڵەمەند پێویستیەکانى کەمترەو داواکاریەکانی ئابوری نین بەَلکو ڕێفۆرم کردنە بۆ هەندێک لە مافە تایبەتیەکانی خۆی، بەلام کۆمەَلە پێویستی و داواکاریەک هەن هاوبەشەو پێویستە هەردوو ئەو چینە کۆمەلایەتیەی ژنان یەک بگرن لەسەری و خەباتى هاوبەشیان هەبێت بۆی کە بەداخەوە ژنان خۆشیان ناتەب و نایەکگرتوون لەناو یەکدا بۆ خاَلە هاوبەشەکانیشیان. ژنیش قوربانیی خۆڕێک نەخستن و کاردانەوەیە بەرامبەر چەوسێنەرەکانی ، قوربانیی داب و نەریتە تەقلیدیەکانە ، قوربانیی ئاینە ، قوربانیی یاسا کۆنەپەرستیەکانە ، هەربۆیە ژنیش تەنیا لە ناو کۆمەَلگایەکی عەلمانی و دیموکرات و ئازاد و یەکساندا بە مافەکانی خۆی دەگات ، پێویست بوون بە شۆڕشێکی فکری و کەلتوریی هەیە. پێویستە ژنانیش بە جدی کار لەسەر جوداکردنەوەی ئاین و شەریعە بکەن لە دەوڵەت و شەریعە نەکرێتە بنەمای یاساو دەستوور چونکە ناعەدالەتیەکی زۆری تێدایە بە تایبەت بەرامبەر بە ئافرەتان. بروانە باری کەسێتی و مافەکانی ژنان لە شەریعەو قورئاندا: لە سورەتی النساء 34 هاتوە: ... "پیاوان سەرپەرشتیارن بەسەر هاوسەرەکانیانەوە ، ئافرەتانی ژیرو دیندارو گونجاو هەمیشە گوێڕایەلی مێردەکانیان دەبن ... ئەو ئافرەتانەش سەرکەشی و سەرپێچی بکەن ... لە ناو جێگادا پشتیان تێبکەن ئەگەر سوودی نەبوو (لێیان بدەن)...


لە سورەتێکی تری النساء ٢٤ هاتوە: "پیاوان بەهۆی مال و داراییانەوە بۆیان هەیە هەتا چوار ژن بهێنن و گوناهیش نییە لە کەمکردنەوەی ئەو مارەییەی لەسەری رێکەوتبوون ...". لێرەدا بە ڕوونی دەردەکەوێت کە پیاوان بە حوکمی پارە دەتوانن بە ناوی شەرع و ئاینی ئیسلامەوە لەگەل چوار ئافرەتدا کاری سێکسی بکەن و بە ئارەزوی خۆیان بەسەریانەوە بنیشنەوە ، کەچی لە سورەتی النساء ٤٠ نوسراوە "بەڕاستی خوا بەقەدەر تۆزقالێک ستەم لە ئادەمیزاد ناکات". ٧٢ حۆریەکەی ئەو دونیاش هەر بۆ پیاوەو گوایە ژنانی خاوێنیشیان ئەدەنێ و لەوێش هەر پیاو دەمڕاستی ئافرەت دەبێت... لێرەدا ماف تەنها بۆ پیاوەو وەک دەبینین سەرجەم پێغەمبەرانیش هەر پیاو بوون. زۆرێک لە ئافرەتان بەهۆی خراپی باری داراییانەوەو بۆ بژێوی ژیانیان یان خۆیان و مندالەکانیان و باری چەوتی کۆمەلایەتییان بەناچاری خۆیان دەدەنە دەست ئەو جۆرە پیاوانە کە ببنە ژنی دووەم یان سێیەم و چوارەم. ئەم دیاردە قێزەونەی لە شەریعەی ئیسلامدا هەیە لە ولاتە دیموکرات و پێشکەوتوەکان بە هۆی دەولەتی سۆشیەل چارەسەر کراوە سیستەمی سۆشیەل و زەمانی کۆمەلایەتی هەیە بۆ دایکان و بۆ بێکاران بە گشتی بە ئافرەتانیشەوە بۆ ئەوەی هیچ مرۆڤێک ، هیچ ئافرەتێک ناچاری برسیەتی و لەش فرۆشی نەبێت ، دیاردەی دەولەتی سۆشیەل کە لە دەولەتە ئیسلامیەکاندا نییە. چ ئافرەتێک بەختەوەرە بەوەی دوچاری ئەو جۆرە چارەنوسە بێتەوەو بە ئارەزووی خۆی ڕەزامەند بێت ببێتە ژنی دوەم ، یان سێیەم ، یان چوارەمی پیاوێک ئەگەر لە ئەنجامی ناعەدالەتی کۆمەلایەتیەوە نەبوبێت. ئایا بۆچوونی پیاوان چۆن دەبێت ئەگەر ئافرەتێک هاوسەرگیری لەگەل چەند پیاوێکدا بکات؟ فرە ژنی لە پایەو کەسایەتی ئەو ئافرەتانەش دێنێتە خوارێ. لە ئایەتی 51 ی سورەتی ئەحزاب هاتوە "... پێویست ناکات بۆ چوونە لای ژنەکانت نۆبە بگریت. هەر کامیانت ویست بچۆ لای و هەر کامیانت نەویست گوێی مەدەرێ. ڕەخنەت لەسەر نییەو ئازادیت و دەسەلاتی تەواوت هەیە لە جێهێشتنیانداو بۆ ئەوانیش هەر بەم شێوەیە باشە. خودا ئاگای لە ئارەزوە ڕەواو ڕاستەقینەکانت هەیە".

بێ مافییەکانى پیاو لە کوێ دایە؟


پیاویش لە زۆر لایەنەوە بێمافە. بیمافیی دەستی دەسەلاتدارە ، دەڕوتێنرێتەوە. بە هۆی بارودۆخە کۆمەلایەتیەکەوە زۆربەى کات ئەو نان پەیداکەرەو کۆمەلێک بەرپرسیاریتی بەتایبەتی دەرەوەی ماڵیشی لەسەر شانە ، من ئەکرێم بەسەرباز ژن ناکرێت ، لەگەل ئەوەشدا چەندین خالی هاوبەش هەن لە نێوان ژن و پیاودا، وەک چەوساندنەوەی نەتەوەیی و ئابوری و کۆمەلایەتی و کەلتوریی ، هەربۆیە خەباتی چینە بێمافەکان دەبێت خەباتێکی هاوبەش بێت. لێرەدا دیارە چەندین دیاردە هەن بێ هۆکارو بێئەنجام نییە ، بەلام تیگەیشتن لێیان ڕێگای چارەسەرەکان ڕوون دەکاتەوە. پێویستە بۆ ئەم مەبەستە پەنا ببرێتە بەر یاساناسان ، کۆمەڵناسان و ئابوریناسان و ڕۆشنیران... بۆئەوەى بەرگێکى ئاکادیمیش بکرێتە بەر لێکۆڵینەوەکان.

 


dr.salarbasira@hotmail.com

 



 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک